لوقمان مصطفی: لووتکەی ناداد پەروەری.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پێشتر باسی سوودوو زیانەکانی لێبووردنی گشتیمان کرد، بەڵام .. بۆ وەبیر هێنانەوە وئاگا بوون لە وەی کە هەندێک لەو بەندکراوو سزادراوانە تەنانەت پێش بڕیاری لێبووردنە گشتیەکەش و وە پاش بڕیاری لێبووردنەکەش کەسانێکی بێتاوان هەن لە بەندیخانەکاندا ڕاگیراون و تەنانەت هەندێکیان حوکمیش دراون، بەڵام دوای ئەوەی دەردەکەوێت بێتاوانن ئازاد دەکرێن، بەڵام پاش چی.!! دوای چەندین ساڵ ناخۆشی وئازار و دەردو مەینەتیان لە کونجی زیندانەکان چەشتوەو بەسەر بردووە، کە ئەمە ستەمێکی گەورەیە بە هەست و نەستی مرۆڤەکان دەکرێت. بابزانیین ئایا بە راستی کە سانێک هەن لەم چەشنە.!؟
بەڵێ زۆرجارگوێ بیستی دەیان چیرۆکی سەیرووسەمەرە لەسەر بێتاوانی فڵانە کەس و فیسارە کەسی بەندکراوو یاخود سزادراو دەبین، بێگومان ئەم دیاردەیە لە زۆربەی ووڵاتانی جیهان بەکوردستانی خۆیشمانەوە بونی هەیە، کە هەر یەکەیان بە تومەتێک لە کونجی زیندان خزێنراوون، یاخوود سزای چەندین ساڵیان بەسەردا سەپێنراوە، بە ڵام دواتر دەرکەوتوە کەسێکی بێتاوانەو قوربانیەکی دەستی ناداد پەروەری کۆمەڵایەتیە و هیچیتر ،دادگاش بەناچاری لەسەر ئەو بەڵگانەی کەبەردەستن بریاری خۆی داوە.
وەک باسمان کرد نمونەکان زۆر لە هە مو ووڵاتانی جیهاندا بونی هەیە بەڵام دیارترینیان ئەوەی کە سەرنجی بەندەی راکێشاوە ئەو بەندیەی دادگای ویلایه‌تی ڤێرجینیای ئه‌مه‌ریكا، هاووڵاتییه‌كی به‌ بێتاوان له‌قه‌ڵه‌مدا و ئازادی كرد، دوای ئه‌وه‌ی 38 ساڵ، به‌ تۆمه‌تی تاوانێك له‌ زینداندابوو، كه‌ ئه‌و ئه‌نجامی نه‌دابوو.
له‌ رێگه‌ی پشكنینی DNA بێتاوانی كریگ ریچارد، ته‌مه‌ن 70 ساڵ ده‌ركه‌وت، دوای ئه‌وه‌ی زیاتر له‌ نیوه‌ی ته‌مه‌نی خۆی له‌ زیندان به‌سه‌ر بردووه‌.
دادگای ویلایه‌تی كالیفۆڕنیا، له‌ ساڵی 1978، سزای زیندانیكردنی تا هه‌تایی به‌سه‌ر ریچارددا سه‌پاندووه‌، دوای ئه‌وه‌ی به‌ كوشتنی خۆشه‌ویسته‌كه‌ی ته‌مه‌ن 24 ساڵ و كوڕی خۆشه‌ویسته‌كه‌ی ته‌مه‌ن 4 ساڵ تۆمه‌تبار كرا.
دوای به‌سه‌ربردنی ئه‌و هه‌موو ساڵه‌ له‌ زیندان، پشكنینی DNA بێتاوانی ریچاردی سه‌لماند و به‌ بڕیاری جێری براون، دادوه‌ری ویلایه‌تی ڤێرجینیا ئازاد كرا، لای خۆیه‌وه‌ داواكاری گشتی ویلایه‌ته‌كه‌، به‌ فه‌رمی داوای لێبوردنی له‌ ریچار كرد و به‌ڵێنی ئه‌وه‌شیدا، كه‌ بكوژی راسته‌قینه‌ی ئه‌و دوو كه‌سه‌ بدۆزێته‌وه‌.
هۆكاری تۆمه‌تباركردنی ریچارد و زیندانیكردنیشی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ به‌ر له‌ ماوه‌یه‌كی كه‌م له‌ رووداوه‌كه‌، له‌ خۆشه‌ویسته‌كه‌ی جیابووه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ش گومانه‌كانی له‌سه‌ر ریچارد زیاتر كردووه‌ و تۆمه‌تی كوژرانی خۆشه‌ویسته‌كه‌ی و كوڕی خۆشه‌ویسته‌كه‌یان داوه‌ته‌ پاڵی.
لەهەمووی کارەسات بارتر گەنجێكی خەڵکی چین تەمەن 21 ساڵ بە ناوی نی چوتسین، لە رێكەوتی یەكی ئۆكتۆبەر/ تشرینی یەكەمی ساڵی 1994 لەلایەن دادگەوە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرا، ئەوەش دوای ئەوەی كە لێكۆڵەرەوەكانی پۆلیسی ئەو كاتە، دڵنیا بوونەتەوە لەوەی ئەو گەنجە لە رێكەوتی پێنجی ئۆگستس/ ئابی ئەو ساڵەدا، دەستدرێژیی كردووەتە سەر كچێك و دواتر كوشتوویەتی.
دوای دەرچوونی بڕیارەكەی دادگەش لەو كاتەدا، لە رێكەوتی 15ی مای/ ئایاری ساڵی 1995 سزای لە سێدارەدانەكە، بەسەر ئەو گەنجەدا جێبەجێ كرا.
كەچی دوای گرتنی تاوانبارێك بە ناوی شین وانگ، كە پێشتر زنجیرەیەك تاوانی تری لەو شێوەیەی ئەنجام داوە و لە ئێستەدا دانی بەوەدا ناوە، كە ئەو تاوانەی ساڵی 1994یش هەر ئەو ئەنجامی داوە، دەركەوت كە گەنجە لە سێدارە دراوەكە بێتاوان بووە و لەسەر بنەمای كۆمەڵیك زانیاریی هەڵە لە سێدارە دراوە، بۆیە ئێستە دادگە هەستاوە بە تێهەڵچوونەوەی ئەو بڕیاری لە سێدارەدانەی 21 ساڵ پێش ئێستە و پاشگەزبوونەوە لێی و دەركردنی بڕیاری ئەستۆپاكی بۆ نی چوتسین.
لە هەرێمی کوردستانی لەمەر خۆیشمان بە دەیان چیرۆکی زیندوو هەن کە هەریەکەو بە شێوازێک دادگا بریاری بەند کردنی بەسەردا سەپاندون، بۆ نمونە لە ساڵی 2005دا، پۆلیس كەسێك بەناوی غەفوور قادر بە تۆمەتی كوشتنی منداڵێک دەستگیر دەكات و سزای 10 ساڵ بەندكردنی بەسەردا دەسەپێنێت.
دوو ساڵ دوای غەفوور، پۆلیس كەسێكی دیكە بە ناوی (س.ق) لەسەر تاوانێكی دیكە دەستگیر دەكات و سزای 20 ساڵ بەندكردنی بەسەردا دەسەپێنێ. دوای ئەوەی پۆلیس جارێكی دیكە لێكۆڵینەوەی لە دۆسیەی محەممەد سلێمان كرد، دەركەوت كە (س.ق) بكوژی محەممەدە، نەك غەفوور، بۆیە بڕیاری ئازادكردنی غەفووری دا.
هەمان شێوە فەرهاد وەدیع، دوای ئەوەی نزیکەی چوار ساڵ بە هەڵە و بە کوشتنی کوڕەخاڵی تاوانبار کرا، رۆژی دووشەممە 20-3-2017، لە زیندانی دهۆک ئازادکرا.
فەرهاد 15 ساڵ زیندانی بۆ دەرچوو بوو، وەک خۆی دەڵێت، لەژێر گوشاردا بە ناچاری دانی بە کوشتنی زێبار نەزیردا نابوو، بەڵام دوای ساڵێک ئاشکرا بوو کوڕە مامێکی زێبار تاوانبارە بە کوشتن نەک فەرهاد.
وەچەندین کەسیتر بێتاوان هەن کە ساڵ و دو ساڵ و زیاتریش ژیانیان لەبەند یخانە بەسەر بردوە کە تەنها بە شک و گوما ن حوکم دراون یاخود دەست بەسەر کراوان پاشان ئازاد کراوون، ئەگەر بە فایلەکانی دادگاکاندا بچینەوە ئەوە دەیان و سەدان چیرۆکی زۆر خەمناکتر دەبینین و دەبیسین کە پاشان هەر یەکەو بە شێوازێک ئازاد کراوان ، بێگومان ئەم رێکارە دەرهەق بەو کەسە بێتاوانانە نایاساییە ، هەر لەبەر ئەومەبەستەیە کە ياساى قەرەبووکردنەوەى ڕاگيراوان و حوکمدراوان لە کاتى بێ تاوانى و دەرچوونيان لە هەرێمى کوردستان –عيراق کە بە یاسای ژمارە( 15 )سالی 2010 ناسراوە کە لە هەردو مادە (4 و 5 )دا هاتوە ئەوکەسانەی کە بەبێ تاوان دەسگیر کراون و حوکم دراون کە سەلمێندرا بێتاوانن ئەوە دەتوانن بەم رێکارە یاساییانە داوای قەرەبو بکەن:
ماددەى چوار.. داواکردنى قەرەبوو کردنەوە بە پێى ئەم رێکارانەى خوارەوە دەبێ :
يەکەم : داواى قەرەبوو کردنەوە پێشکەش بەو ليژنانە دەکرێت کە لە دادگاکانى تێهەڵچوونەوە پێک هێنراون و حکومەتيش ئاکامى قەرەبووکردنەوەکە لە ئەستۆ دەگرێت پاش ئەوەى بڕيار ى ليژنەکان پلەى کۆتايى وەر دەگرن .
دووەم : بەپێى ئەم ياسايە پاش تێپەڕبوونى ساڵێک بە سەر وەرگرتنى بڕيارى ئازاد کردن يان حوکمدان بەبێ تاوانى پلەى کۆتايى گوێ لە داواکارى قەرەبوو کردنەوە ناگيرێ .
سێيەم : مافى قەرەبوو کردنەوە لە کاتى مردنى خاوەن ماف تەنها بۆ هاوسەر و منداڵ و دايک و باوک دەگوازرێتەوە .
ماددەى پێنج ..يەکەم : قەرەبوو کردنەوەى ئەدەبى لەسەر بنەماى ئەو ئازار و ناخۆشيانە دەخەمڵێنرێ کە زيان پێکەوتوو تووشى هاتووە و ئەوەى کە کارى لە ناوبانگ يان پێگەى کۆمەڵايەتى يان وەزيفى کردووە .
دووەم : قەرەبووى ماددى لە سەر بنەماى ئەوەى لە دەستى چووە و ئەو زيانەى لە ماوەى گلدانەوە يان گرتن يان حوکمدانەکەى دەخە مڵێندرێ .
سێيەم : پێويست لەسەر ئەنجومەنى دادوەرى بڕيارەکانى حوکمدان بە بێ تاوانى (براءة) و ئازادکردنى ئەو کەسەى بێتاوانە دەسەلمێندرێ يان ئازاد دەکرێت لە دوو ڕۆژنامەى ڕۆژانە ى هەرێمدا بڵاو بکاتەوە .
لێرەدا ئەوەمان بۆ رون دەبێتەوە کە دادگا بە شێوەیەکی ناراستەو خۆ دان بەوەدا دەنێت کە بریارێکی داوە هاوسەنگ نیە لەگەڵ مادە یاساییەکاندا، ویژدانی دادوەرەکانێس پێوەرێکی ترە بە ئاراستەی نەبونی بەڵگەی تەواو و سزایەکی جەستەیی ودەرونی کەسی بەند کراودا، هەروەکو چۆن بەبریارێک حوکمی بەسەردا سەپاندون کەدەردەکەوێت کەسێکی بێتاوانە بەهەمان شێوە دادگا بریاری ئازادکردنیان دەدات لەرێی دادگاوە،بەڵام بە شێوەی پێداچونەوە بە برێاڕیک حوکمەکەی هەڵدەوەشێنێتەوە ، هەر بۆیە یاسا ناسان پێوەری قەرەبو کەرەوەیان دارشتوە بۆ کەسی ستەم لێکراو کەرەنگە کەمێک لەو ئازاروو نەهامەتیەی کە بەسەر کەسی زوڵم لێکراوادا هاتوە لانی کەم هەندێک لەئازارەکانی کەم کاتەوە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت