نەوزادى موهەندیس: عێراق لەبەردەم دەرگاى جەهەنەمدا!

هەڵبژاردنى 12/5 و ئەنجامەکانى عێراقیان خستە بەردەم دووڕیانێکى مەترسیدار و یەکلایکەرەوە، بەوەى کە ئەو هەڵبژاردنە بوە هۆى دووکەرت بوون و دابەشبوونى سەرکردە و پارتە سیاسیەکانى عێراق بەکوردستانیشەوە بۆ دوو بەرەى دژ بەیەک و ناکۆک، بەرەیەک کە خۆیان بە براوەى گەمە سیاسیەکە دەزانن و ئەنجامەکانیان قبوڵە و داوادەکەن کە دادگاى فیدڕاڵى دانى پێدابنێت بۆ ئەوەى دەستبکەن بە گفتوگۆ بۆ پێکهێنانى حکومەتى ئایندەى عێراق. بەرەى دووەمیش بریتین لە دۆڕاوەکان و بەرەى دژ و ئەنجامەکان سەرتاپا ڕەتدەکەنەوە و خۆیان بە مەزڵوم دەزانن و داوا دەکەن یان هەڵبژاردن دووبارەبکرێتەوە یانیش دەنگەکان بەدەست ئەژمار بکرێنەوە بەو هیوایەى کە گۆڕانکارى لە ئەنجامەکاندا ڕووبدات و ئەمانیش بتوانن بەهێزەوە بەشدارى حکومەتى ئایندەى عێراق بکەن.
بەم شێوەیە عێراق لە ئێستادا و دواى نزیکەى 40 ڕۆژ لە ڕاگەیاندنى ئەنجامەکان لەلایەن کۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکانەوە کەوتۆتە دۆخێکى سیاسى ئاڵۆز و ناجێگیر و شڵەژاویەکى قوڵەوە کە ئومێدى زوو پێکهێنانى حکومەتى لێناکرێت، لەلایەک لەبەر دوورى و ناکۆکى سیاسى کۆنى نێوان سەرکردە و پارتە سیاسیەکان و لەلایەکیشى تریشەوە دوورى و فراوانى نێوان بەرنامە و دیدگا و تێڕوانینى ئەو لایەنە سیاسیانەى عێراق لەسەر بەرنامە و کارى حکومەتى ئایندە، بۆیە پێکەوەنانى هاوپەیمانى و کوتلەى گەورەى پەڕلەمانى زۆر ئەستەم بوە تەنانەت لە نێوان لیستە براوە گەورەکانیشدا و لەناو یەک مەزهەبى ئاینیشدا. هەموو ئەمانەش دەگەڕێتەوە بۆ پەرتەوازەیى نێو ماڵى شیعەکان و سونەکان و کوردەکانیش و هەموانیش لە دیدگایەکى تەسکى حیزبایەتى بچوکەوە دەڕواننە مەسەلە گرنگەکان و هێندەى لەخەمى دەسکەوت و پلە و پۆست و ئیمتیازاتدان نیوهێندە لەخەمى نەتەوە و نیشتیماندا نین و هەریەکە گەرەکێتى گەورەترین بەشى بەربکەوێت.
ئاشکرایە لەدواى 30/6/2018وە ماوەى یاسایى ئەم خولەى پەڕلەمانى عێراق کۆتایى دێت و ئیدى گەر تەمەنى خۆى درێژنەکاتەوە ئەوا عێراق دەکەوێتە نێو بۆشاییەکى یاساییەوە و زەحمەتە بە ئاسانى کارەکان ڕێک بکرێنەوە و حکومەتیش دەبێتە حکومەتى کار بەڕێکەر و توانا و دەسەڵاتى بڕیارى گرنگ و چارەنوسسازى نامێنێت. ئەوکاتیش عێراق دەرگاى جەهەنەمێگى پڕ ئاگر و سوتێنەرى بەسەردا دەکرێتەوە و تەڕ و وشک پێکەوە دەسوتێنێت، چونکە دەوڵەت بونێکى مادى نامێنێت و داموزدەزگاکانیش مەرجەعێکى یاسایى و ئیداریان نامێنێت و وڵات دەبێتە پاشاگەردانى و سەرهەڵدانى میلیشیاى چەکدارى و تیرۆر و تۆقاندن و گەندەڵى و تاوان و هەموو دیاردە دزێوەکان سەرهەڵدەدەن و عێراق دەگەڕێتەوە بۆ چوارگۆشەى یەکەمى ساڵانى 2003 تا 2005 و هەڵایسانى شەڕى تایەفى و ئاینى و نەتەوەیى و ناوخۆیى. عێراق بەرەو وێرانبونى زیاتر و لێکترازان و جیابونەوەش هەنگاو دەنێت. ئەمە ئەو مەترسیانەیە کە ڕووبەڕووى عێراقى ئایندە دەبێتەوە، گەر سەرکردە و پارتە سیاسیەکان پەرۆشى و خەمخۆرى خۆیان دەرنەبڕن لە زوو پێکەوەنانى حکومەتى ئایندەدا.چونکە ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست بۆخۆى بۆتە جێگەى ناکۆکى و ململانێ جیهانیەکان و بەتایبەتیش لەنێوان ئەمریکا و ئێراندا کە هەردووکیان خاوەن نفوز و هەژموونى گەورەن لە عێراقدا و تەواوى ململانێکانى خۆیان چڕکردۆتەوە لەناو عێراقدا و خاک و ئاو و گەلانى عێراقیان کردۆتە گۆڕەپانى ململانێکانیان و ئەنجامیش تەنها عێراقیەکان دەبنە سووتەمەنى. کێشەکانى نێوان عەرەب _ئیسڕائیل و کێشەى سوریا و یەمەن و وڵاتانى کەنداو و تورکیا و..هتد.هەموو ئەمانەش دەبنە مەترسى بۆسەر عێراق و وا پێویست دەکات کە بۆ ڕووبەڕووبونەوەى هەموو ئەم مەترسیانە عێراق ببێتە خاوەن حکومەت و دەسەڵات و پەڕلەمانێکى بەهێزى وەها کە بتوانێت بەرەنگارى و وەڵامى هەموو ئەو مەترسیانە بداتەوە، چونکە عێراق وڵاتێگى گەورە و گرنگ و دەوڵەمەندى ناوچەکەیە و هەموو ئەو ئاڵنگاریانە بەباش یان خراپ کاریگەریان دەبێت لەسەرى.
عێراق جگە لەم کێشە و ململانێ ناوخۆییانەى خۆى، ڕووبەڕووى کێشە گەلێگى گەورەتر بۆتەوە لەگەڵ وڵاتانى ناوچەکە و بەتایبەتیش ئێران و تورکیا بەوەى کەدەبێت وەڵامى هاتنە ناوەوەى سوپاى تورکیا بداتەوە و وەڵامى بڕین و گرتنەوەى ئاوى هەردوو ڕووبارى دیجلە و زێى بچوک بداتەوە لەلایەن ئێران و تورکیاوە کەهەموو ئەمانە پێشێلکردنى یاسا و ڕێکەوتنە نێودەوڵەتیەکانن و پێشێلکردنى سیادە و سەروەرى عێراقن و ئەرکى دەوڵەتى ناوەندیشن لە بەغداد نەک هەرێمى کوردستان.
کوردیش لەم نێوەندەدا هەموو پڕیشک و ئازار و ململانێ و ناکۆکیەکانى عێراقى بەردەکەوێت و کاریگەرى زۆر خراپیشى لەسەر دادەنێن، چونکە نێوماڵى کوردیش زۆر پەرتەوازە و ناڕێک و لێکترازاوە، گەرەکە سەرکردە و پارتەسیاسیەکانیش زیاتر لەوانەى عێراق بەخەم و تەنگى کوردستانەوە بێن و هەوڵى ئاشتەوایى و لێکنزیکبونەوە و ڕێکخستنەوەى نێوماڵى کورد بدەن بۆئەوەى نەبنە سووتەمەنى هەموو ئەو ململانێ ناوچەیى و نێودەوڵەتیانە و بەرژەوەندى تەسکى حیزبایەتیش نەخەنە سەروو بەرژەوەندیە باڵاکانى نەتەوە و نیشتیمانەوە، گەرەکە کوردستان و کوردایەتى نەکەنە قوربانى چەند کورسیەکى پەڕلەمان و چەند دەسکەوتێکى کەموکورت لە بەغداد کە هیچ کاریگەرى گەورەیان نابێت بۆ مەسەلەى کوردایەتى، بۆیە گەر ئەو پەرۆشیە نەنوێنن ئەوا بەدڵنیایى دەرگاى جەهەنمێکى سووتێنەر بەسەر عێراق و کوردستاندا دەکرێتەوە و هەموانیش بێ جیاوازى لێى بەرپرسیار دەبن.