نەوزادی موهەندیس: خوێندنەوەیەک بۆ ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی پەڕلەمان و سەرۆکایەتی تورکیا.

کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە 24/حوزەیرانی 2018دا هەڵبژاردنێکی چارەنوسساز بۆ پەڕلەمان و سەرۆکى کۆمارى تورکیا سازدرا کە بۆیەکەم جارە بەپێى هەموارکردنەوەى دەستورى ئەو وڵاتە سیستەمی پەڕلەمانی دەگۆڕێت بۆ سەرۆکایەتی و هەڵبژاردنەکە پێشوەختە بوو بەپێی پیلانی ئاکەپە و ئەردۆگان و مەهەپە و ململانێکی زۆر توندیش هەبوو لە نێوان تەواوى پارت و سەرکردە سیاسیەکاندا.
ئەنجامە بەراییەکان بۆ پەڕلەمان و سەرۆکى کۆمار کە تەنها دوای 7 کاتژمێر لەدوای داخستنی بنکەکانی دەنگدان بە دەرکەوتن بەم شێوەیە بوون:
1. ئەردۆگان ڕێژەى 6ر52% دەنگ و حیزبەکەشى ئاکەپە 4ر42%
2. محرم انجە ڕێژەى 6ر30% و حیزبەکەشى جەهەپە 7ر22%
3. ێلاح الدین دەمیرتاش ڕێژەى 4ر8% و حیزبەکەشى هەدەپە 6ر11%
4. میراڵ ئەکشنار ڕێژەى 3ر7% و حیزبەکەشى پارتی باش 10%
5. تەمیل کەرەم الله ڕێژەى 9ر0%
6. دۆغۆ بێرنجیک ڕێژەى 2ر0% و حیزبەکەشى سەعادەت 3ر1%
(مەهەپە) بەڕابەرایەتى دەوڵەت باخچەلى تەنها وەک حیزب بەشدارى هەڵبژاردنى پەڕلەمانى کردوە و ڕێژەى 1ر11% ى دەنگەکانى بەدەستهێناوە، و بۆ سەرۆک کۆمارى کاندیدى نەبوە چونکە هاوپەیمانى ((کۆمارى)) لەگەڵ ئاکەپەدا پێکهێنا و ڕێککەوتن کە دەنگى مەهەپە بۆ ئەردۆگان بێت.
ئەوەى جێگەى سەرنج بوو ئەوەبوو کە ڕێژەی بەشداربوان بریتى بوو لە 2ر86% کە تاڕادەیەک ڕێژەیەکى بەرزە،ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە هەمووان بەهەموو توانایانەوە بەشداریان لەپڕۆسەکەدا کردوە بۆئەوەى زۆرترین دەنگ کۆبکەنەوەو پڕۆسەى هەڵبژاردنەکەیان بەلاوە گرنگ و چارەنووسازبوە. لە ئێستادا کۆى ژمارەى دانشتوانى تورکیا دەگاتە 80 ملیۆن کەس و لەو ژمارەیەش تەنها 59354840 کەس مافى دەنگدانیان هەیە لەناوەوە و دەرەوەى تورکیادا و ئەو کەسانەشى کە بەکردارەکى دەنگیان داوە بریتین لە 51188524 کەس و لەو ژمارەى دەنگدەرانەش تەنها 50059249 دەنگ بێکێشە بوون و حساب کراون.
ئەو پێشبینى و هەڵسەنگاندنەى لەو ئەنجامە بەراییانە دەخوێنرێتەوە بریتین لە:
1. ژمارەی کورسییەکانی ئاکەپە بریتی دەبێت لە 293 کورسی کەمتر لە نیوەی کۆى کورسیەکان کە 600 کورسین
2. جەهەپە 146 کورسی
3.هەدەپە 66 کورسی
4.مەهەپە 49 کورسی
5. پارتی باش 46 کورسی
بەم شێوەیە تەنها 5 حیزبى سیاسى توانیویانە کە بەربەستى 10% تێبپەڕێنن و بچنە ناو پەڕلەمانى تورکیاوە.
ئەگەر هاوپەیمانی(( ئاکەپە و مەهەپە )) بەردەوام بێت لە پەڕلەماندا ئەوا کۆی کورسیەکانیان دەکاتە 342 کورسی کە دەکاتە زیاتر لە نیوەى کۆى کورسیەکانى پەڕلەمان کە 600 کورسیە و دەتوانن حکومەت پێک بێنن،بەبێ پێویست بوون بە دەنگى لایەنەکانى تر.
لەبەرامبەریشدا کۆی کورسیەکانی (( جەهەپە و هەدەپە و پارتی باش)) بریتی دەبێت لە 258 کورسی، کە کەمترە لەنیوەى کورسیەکان کە 300 کورسیە.بەمەش ناتوانن حکومەت پێکبێنن و دەبێت وەکو هێزى ئۆپۆزسیۆن بمێننەوە.
بەڵام خاڵێکی گرنگ ئەوەیە کە گەر هەر بڕیارێک لە پەڕلەمان پێویستی بە 2/3 دەنگ بێت ئەوا ئاکەپە و مەهەپە پێویستیان بەدەنگی یەکێک لەو سێ‌ لایەنەی تر دەبێت. بۆئەوەى دەنگەکان ببێتە 400 ئەوا لەو کاتەدا تەنها حیزبى جەهەپە و هەدەپە دەتوانن ئەو کارە بکەن چونکە حیزبى باش بە 46 کورسیەوە ناتوانێت ئەو داواکاریەى ئاکەپە و مەهەپە بێنێتە دى.بۆیە وەک گریمانەیەک دەکرێت(( هەدەپە )) لەو کاتەدا ڕۆڵی خۆی ببینێت بۆ تەواوکردنی دەنگی ئاکاپە و بتوانێت مەرج و داواکاری کورد جێبەجێبکرێت و تەنانەت بەشداری حکومەتی ئایندەش بکات.(( هەڵەی هەڵبژاردنی 6/2015 دووبارە نەکاتەوە)).
ئەوەی ئاشکرا بوو کە هیچ کام لە سەرکردە و پارتە تورکیەکان کوردیان قبوڵ نەبوە لە هاوپەیمانیەکانیاندا((دەسەڵاتدار(( ئاکاپە و مەهەپە))/ هاوپەیمانى کۆمار و ئۆپۆزسیۆن(( 4 حیزب))/ هاوپەیمانى گەل ))، کە ئەم هەڵوێستەش وا لە هەدەپە دەکات کە هیچ جۆرە لێکنزیکبونەوەیەک لەگەڵ هیچ کامیاندا نەکات و تەنها خاوەنى دەنگ و ڕەنگى کورد بێت لە پەڕلەماندا و بەو 66 کورسیەى کە هەیەتى سیاسەتى خۆى بکات لە پێناو بەرژەوەندى کورد و حیزبەکەیدا و داکۆکیش بکات لەمافە ڕەواکانى گەلانى تورکیا بەبێ جیاوازى.بەڵام خۆ گەر سیاسیانە کاربکات و لە پێناو دەسکەوتى زیاتر و ڕێکەوتن لەسەر بەرنامەیەکى کارى باش بۆ هەموو تورکیا بەگشتى و وکوردیش بەتایبەتى، گەر هەدەپە لەگەڵ ئاکەپەدا جۆرێک لێکتێگەیشتنیان هەبێت کەڵکى هەیە و زیانى کەمترە.
ئەوەی بەدەردەکەوێت هەردوو پارتی هەدەپە /نەتەوەیی کوردی(( هەرچەندە نوێنەرى گەلانى تورکیایە)) و مەهەپە/ نەتەوەیی تورکی ڕێژەی دەنگەکانیان بریتیە لە(( 6ر11% و 1ر11% )) و زۆر نزیکن لەیەکتر.ئەمەش ئەوە دەردەخات دەنگدەری کورد و توکیش دوورکەوتونەتەوە لە گیانی نەتەوەیی و دەمارگیری و هەردووکیان کەمینەن لە کۆمەڵگای تورکیادا.
خاڵێکى تر ئەوەیە کە زۆرینەی دەنگدەر کە خۆی لە ئاکپارتیدا دەبینێتەوە ،تورکیایەکی ئارام و خۆشگوزەران و ئابوریەکی بەهێزیان گەرەکە.دوور لەشەڕ و کاولکارى و و توندوتیژى و دەمارگیرى ئاینى و نەتەوەیى و مەزهەبى،کە ئاکەپەش بۆ ماوەى 15 ساڵە زۆر باش لە زهنیەت و خوێندنەوە و تێفکرینى تاک و کۆمەڵگاى تورکى تێگەیشتوە و کارى لەسەر کردوە و تاڕادەیەکى باشیش سەرکەوتوو بوە و بەهێزترین و یەکگرتووترین حکومەتى لە مێژووى نوێى تورکیادا پێکهێناوە بە زۆرینەى پەڕلەمانى دوور لە حکومەتە لاواز و لەرزۆکە ئیئتیلافیەکان کە دەیەکانى نەوەدەکانى سەدەى ڕابووردوو تورکیایات خستبوە گێژاو و ناجێگیریەکى سیاسى و ئابورى و ئەمنى توندەوە.تا ساڵى 2002 کە ئاکەپە بۆ یەکەم جار سەرکەواتنى بەدەستهێنا و بەتەنهاش حکومەتى پێکهێنا.
لەکۆتایدا ئەوەی هەموان چاوەڕوانیان دەکرد بەدڵی خۆیان نەبوو:
1. ئاکاپە و ئەردۆگان چاوەڕاوانی ئەنجامی زۆر باشتر بوون چونکە بە حسابى خۆیان توانیویانە دژی کورد سەرکەوتوبن و داگیرکاری عفرین بکەن و دژی پەکەکە و گوڵەنیەکان کاربکەن وەکو دەسکەوت. بەڵام لەبەرامبەریشدا بەرتەسککردنەوەی ئازادیەکان و گرتن و ڕاوەدونان و خراپی باری ئابوری هەلی سەرکەوتنی گەورەی لەدەستدان.
2. هەدەپەش چاوەڕوانی زۆر باشتری دەکرد بەوەی کە سەرۆکەکەی لە زینداندایە و لەوانەیە دەنگی باشتر بێنێت بەڵام ئەوەش نەهاتە دی و نیوەی کوردی باکور دەنگیان بە ئاکەپە داوە. و هەدەپە تەنها لە 10 شاری کوردیدا دەنگی زۆرینە یان لەنیوە کەمتری هێناوە.بەڵام بۆ بون و بەردەوامی و مقاوەمەتی کورد و چونە ناو پەڕلەمانەوە سەرکەوتنی باش بوە سەرەڕای دژایەتی زۆری ئاکاپە و ئەردۆگان بۆ هەدەپە و دەمیرتاش.
3. ئەوەی چاوەڕوانی دەکرا کە جەهەپە و پارتی باش و میراڵ ئاکشنەر دژی ئەردۆگان دەنگی زۆر بێنن ئەوەش نەهاتە دی.
بۆیە ئەم ئەنجامانە سەرکەوتنن بەتامی دۆڕاندن و هیچ کامیان دڵخوازی نین.بەڵام لەکۆتایدا ئاکەپە و ئەردۆگان بونە براوەی گەمە سیاسیەکە و لانی کەم تا 5 ساڵی تر لەدەسەڵاتدا دەمێننەوە. و دەتوانن تورکیا بە ئاڕاستەى دیموکراسیەت بەرن یان بە ئاڕاستەى دیکتاتۆریەت بەرن ،ئەمەیە کە دەگوترێت لەڕێگەی((دیموکراسیەوە دیکتاتۆریەت دەسەپێنرێت)).
ئەردۆگانیش لە دوو ڕیانێکى مێژوویدایە گەر بیەوێت سیاسەتێکى ژیرانە و سەردەمیانە بکات و تورکیا بەرەو پێشەوە بەرێت و بیکاتە دەوڵەتێکى یاسایى و دیموکراسى و لەگەڵ چوار دەورە ناوچەیى و جیهانیەکەیدا بیگونجێنێت ئەوا دەبێتە سەرۆک کۆمارێکى بێوینە و ناویشى بە گەشاوەى دەچێتە مێژووى نوێى تورکیاوە و گەر بەپێچەوانەشەوە مامەڵە و سیاسەت بکات و توشى غرورو شێتێتى مەزنبوون ببێت ئەوا بە دڵنیایى دەبێتە دیکتاتۆرێکى قێزەون و تاکە دەستڕۆیشتوی تورکیا لەسەدەی بیست و یەکەمدا.و مێژوە ڕەش و خوێناویەکى سەردەمى عوسمانیاکان دێنێتەوە یادى هەموان کە بۆخۆى خەونى زۆرى پێوە دەبینێت و گەرەکێتى نازناوى خەلیفەى موسوڵمانانیش هەڵبگرێت.ئاشکراشە هەموو ئەم ئەگەرانە کات و زەمان لە ئایندەدا ڕاستى و ناڕاستیان وەدەردەخات.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت