هادی حەمەڕەشید: بەڵێ بۆ هاوپەیمانیی.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەمڕۆ، سەرەتا”جڤاتی_گشتیی” کۆبوونەوە و دواتر “جڤاتی_نیشتیمانیی” لە کۆبوونەوەدان، مەبەستی سەرەکیی کۆبوونەوەکە بۆ تاوتوێکردنی بابەتی”چۆنێتی بەشدارییکردنی بزووتنەوەی گۆڕانە، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا”
بە جیاوازی قوڵی هێزەکانی دەرەوی پارتی و یەکێتی(تەنانەت بە نەوەی نوێیشەوە)، لە زۆربەی بوارەکاندا، بەتایبەت پەیوەست بە ئاستی پەیوەندییان لەگەڵ پارتی و یەکێتی و (بەداخەوە) تائێستاش وەک مەرجەع لێڕوانینیان، بەڵام هێشتا گرنگە کە بیانخەینە بەردەم تاقیکردنەوەی ئەو ئەزموونە، بۆ ئەم مەبەستەش دەنگدەر و لایەنگرانیان باشترین فشارن، چونکە پێویستە بە نیگەرانییەوە دان بەو ڕاستییە تاڵەدا بنێین، ئێستا گیانی بەرپرسیارێتی لەلای بنکەی جەماوەریی ئەم هێزانە زیاترە، بە بەراورد بە سەرکردە و بەرپرسەکانیان!
بەیت و بالۆرەی ئەوەی کە هێزەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی، بە “هاوپەیمانیی” بچنە هەڵبژاردنەوە یان بەجیا؟
هەستئەکەم پرسیارێکە زیاد لە پێویست ساویلکانەیە، مەترەحە بۆ کۆمەڵگایەکی گەمژە و خەڵەفێنراو، ئاخر بەڕاستی لە دۆخی “زەواجی کاسۆلیکیی” نێوان پارتی و یەکێتیدا، کێ لە ئێوە بە تەنیا بەردێکتان پێ ئەخرێتە سەر بەردێک؟!
هەر لە بنەڕەتدا، بە ئەوپەڕی لەخۆبوردوویی و فڕێدانی بیری تەسکی حیزبیی و دوورکەوتنەوە لە بەکەسییکردنی کەیسەکان و ئەنجامدانی هاوپەیمانیی، هێشتا ئەگەرێکی لاواز و تروسکەیەکی کزە کە بتوانن دەستکارییەکی هاوکێشەکە بکەن، چ بگات بە تاک و تەرە و پەرتەوازەییتان؟!
گرفتی هاوپەیمانیی و تا ئێستا دروست نەبوونی، نەبوونی کەسێتییەکی نیشتیمانیی گەورەیە کە وەک چەتر لایەنەکان کۆبکاتەوە، لەعێراقدا چەندین هاوپەیمانیی رەنگاوڕەنگ لە گۆڕەپانی سیاسییدا هەیە، شتێک نەماوە ناوی حیزب بێت”لە هەڵبژاردنەکاندا لیستی تاک حیزب” بەوەشەوە ناوەستن هێشتا کۆمەڵێک هاوپەیمانیی بەرەی گەورەتر و کاریگەرتر دروست ئەکەن، کۆکتێلی عەجایەبی شیعیی و شیوعی و سوننی و پێشکەوتنخواز…هتد دروست ئەکەن، کەچی تێناگەم کە پێنج شەش لایەن سەری زمان و بنی زمانیان دژایەتی ئەم سیستمە فاشیل و وابەستەی داگیرکارانەی کوردستان بێت، بۆچی دوودڵ و ڕاڕابن لەسەر وەها پرۆسەیەک؟!
دڵنیام کاک نەوشیروان مستەفا”یادی پڕ خێر بێت” تەمەن مەودای تەواوکردنی پڕۆژەکانی بدابایە، ئێستا ئەو چەترە گونجاوە ئەبوو.
بڕۆن ئاوڕێک لە ئەدەبیات و ئەرشیفی ئەو پیاوە بدەنەوە، ساڵی 1979 کاتێک کە حیزبی شیوعی عێراق بەرەی”تەقەدوم”ـەکەی بەعس بەناچاری جێئەهێڵن و دێنەوە بۆ شاخ، بە ئەوپەڕی سەخاوەتەوە باوەشیان بۆ ئەکاتەوە و لەناوزەنگ ماڵی بەشێکی زۆر لە سەرکردە و فەرماندەکانی کۆمەڵە و یەکێتی چۆڵ ئەکات بۆیان.
پارتی و کۆی لایەنەکان لەسەرەتای هەشتاکاندا بەرەی جودی لەدژ پێکئەهێنن، بەڵام لە ناوەڕاستی هەشتاکانەوە کە دەست بۆ پێکهێنانی بەرەی کوردستانی کرا، لایەنی سەرەکیی و کاریگەر و سەرخەری پڕۆژەکە بوو، لە ڕاپەڕین و رێکخستنەوەی شارەکاندا بارەگا بە بارەگا ئەگەڕا و بانگخوازی ڕێگای یاسا و عەدالەت بوو.
لەقۆناغی دروستبوونی گۆڕاندا، جگە لە هەڵبژاردنی 25ی تەمووزی 2009، هەوڵی فەرهادئاسای ئەدا بۆ دروستکردنی بەرەی کاریگەر، بۆ چەسپاندنی عەدالەت و دامەزراوەییکردنی کوردستان، تەنانەت چوونە ناو حکومەت و سەردانەکانی بۆ “سەری ڕەش”ـیش، هەر لە تاقیکردنەوەی “ئەگەری پێکەوە کارکردن لەگەڵ پارتی و بەدامەزراوەییکردنی کۆی پرۆسەی حوکمەتداریی، وەک حیزبی یەکەم و دووەم”
یان ڕێککەوتن لەگەڵ یەکێتی و بڵاوکردنەوەی خاڵەکانی، کە لەخزمەت چاکەی گشتیدا بوو، بۆچی ئێستا گۆڕان نەیەوێت کەدەستپێشخەریی بۆ پێکهێنانی وەها بەرەیەک بکات؟!
یەکێتی و پارتی هاوپەیمانێتییەکی ڕاگەیەنراو و سەدان هاوپەیمانیی ڕانەگەیەنراویان هەیە، هیچ حیزبێک خۆی لێ نەبێت بە شتێکی عەنتیکە و فریادڕەس، وەرن کۆببنەوە و ببنە هاوپەیمان.
یەکێتی هەزاران سوکایەتیی لە دێگەڵە بەولاوە قەبووڵە، چونکە ئەزانێت باچی مانەوە و بەردەوامییە ئەیدات، پارتی نزیکەی ۷۵ساڵە حیزبە لە دێگەڵە بەملاوە تەنیا یەک کورسی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ماوە، کوڕی شێخ جەنگی لە میدیاوە جوێنی سووکی بە مەلامستەفا و مەسعودی کوڕیشی دا و بە درۆزن ناوی بردن، بەڵام هێشتا پارتی هەزار و یەک پاساوی هەیە بۆ درێژەدان بە مانەوە لە بازنەی هاوپەیمانێتی یەکێتیدا، تێناگەم ئێوە بۆچی تۆزێك فراوانتر بیر ناکەنەوە؟!
دەست لەدەست و قووە لەخوا، تا کات ماوە بڕۆن ناوی هاوپەیمانییەکەتان تۆمار بکەن، دواتر کۆببنەوە لەسەر وردینەی کارەکە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت