کاوسێن بابەکر: ئایندەی دێموکراسی هەدەپە لەبەردەم سوڵتانی نوێدا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەرچەند هەدەپە مەسەلەنەتەوەییەکانی کوردی ئاویتەی مەسەلەی ئازادی ومافی مرۆڤ ودیموکراسی لەتورکیا کردووە کەچی هێشتا بەبیانوی کوردبوون و هاوکاری ئەوانەی بەشیوازی چەکداری خەباتی کوردایەتیان بەدەستەوە گرتووە، لێپرسینەوەیان لەگەل دەکرێ و لەزیندانەکان قایم دەکرێن، ئەگەر دروشمەکانیان تەنها لەمەسەلەی نەتەوەییدا چڕکردبایەوە ئایا بیانوەکانیان زۆرتر و خەڵکیان زیاتر بۆ دژایەتی خەباتی کوردان زیاتر نەدەبوو؟ بەتایبەت سوڵتانی نوێ کەچەند ساڵە شێتانە هەوڵ بۆ بەسوڵتان بوون دەداو لەم هەڵبژاردنەشدا ئاواتەکەی هاتەدی و بەپێی دەستوور سەرکۆمارێکە بەتام و دەستەڵاتی سوڵتانە چەکمەرەقەکانی مێژووی عوسمانیەکان کەتائێستاش خوێن لەجێ برینی شمشێرەکانیان دەتکێ!
بەڕای من کوردایەتی کلاسیک لەئێستادا ئەگەر وەک بەشێک لەمافی نەتەوەو مرۆڤەکان سەیر نەکرێ و ئاوێزانی خەباتی مرۆڤ بەگشتی بۆ ئازادی و دادپەروەری و دیموکراسی نەکرێ ناتوانێ پشتیوانی بۆ پەیدا بکرێ لەناو نەتەوەکاندا، هەدەپە زۆر جوان ئەو کارەی کردووە، ئەوەتا دەبینین لەشارە گەورەکان دەنگێکی زۆری نەتەوەکانی تری بۆ چووە لەتورک و عەلەوی وچەرکەس و… هتد، لەکاتیکدا دەنگی کورد لەشارە کورد نشینەکان بەژمارەی گەورە بۆ پارتەکەی سوڵتان چووە، کەهۆکارەکەشیان خەباتی هەدەپە بۆ دێموکراسی و مافی مرۆڤە وەک باسمان کرد نەک هەر مافی کورد و لەولاشەوە گێلاندنی نەتەوەکانە بەگشتی و بەتایبەتی کورد بەدروشمەکۆنەکانی ئایینی ئیسلام و برایەتی درۆیینەی موسڵمانانەیە لەلایەن ئەردۆگان و پارتەکەی!
بەڵام ئەم خەباتە بێ گرفت و سەرئێشە نییە، مەسەلەی پێ کاکا و هەژموونی ئەم حزبە بەسەر کۆمەڵگای باکووری کوردستانەوەو رەتکردنەوەی خەباتی مەدەنی و سیاسی لەلایەن ئەم حزبەوە هەدەپەی تووشی دوورکەوتنەوە لەتێکەڵ بوون بەئیدارەو دەوڵەتداری کردووە، هەروەک لە پێک‌هێنانی حکومەتی ڕابردوودا بینیمان نەیتوانی بەشداری بکات کەلەوانەبوو بەشداریکردنی لەحکومەتدا زەمینەی کارکردنی باشتری بۆ رەخساندبا و زۆر لەوڕوداوانەی بەسەریهاتن ڕوویان نەدابا، بەشداری نەکردنی زەمینەی حکومەتی ئەکەپەی بۆ بەئامانجگرتنی باشتر ڕەخساند، خاڵێکی تر کەجێگەی سرنجە زیادبوونی کاندیدە چەپەکانە وەک لە کورد و هەژموونی سیاسەت و فکری چەپ و زاڵبوونی بەسەر سیاسەت و دروشمەکانی کوردایەتی و مافوئازادیە نەتەوەییەکان، لەلایەکی تریش ئامادەنەبوو هاوپەیمانی لەگەڵ پارتەکوردیەکان پێکبهێنێ هەرچەند سەرەڕای ئەوەش ئەوان دەنگیان بە هەدەپەدا! بۆیەش یەکێک لەهۆکارەکانی زیادبوونی دەنگی ئاکەپە لەناوچەکورد نشینەکان و کاندیدی کورد بەقەد هەموو کاندیدە دەرچوەکانی هەدەپەیە کەبەپێی ڕاپۆرتێک 68 کاندیدی کورد لەلیستی دەرچوانی ئاکەپەداهەیە کە سەرجەم دەرچوانی هەدەپە 67 ئەندامە بەپێی راگەیەندراوی سەرەتایی هەڵبژاردنەکان! بۆیە من پێموایە هەدەپە دەبێ بەشێوەیەکی شێلگیرانە، بڕیاری دوور کەوتنەوە لە سیاسەتە توندەکانی پێ کاکا بدات و بەچڕیش کارکردن لەناو شارو گوندەکوردیەکان دەست پێبکات و لەگەڵ حزبەکوردیەکانیش کۆڕو کۆمەل و هاوپەیمانی جۆراوجۆر پێکبهێنێ و مەسەلەی ئایینیش پشتگوێ نەخات. لەهەمووشی گرنگتر نابێ هەڵەکەی ڕابردوو دووبارە بکاتەوەو ئەگەر ئاکەپە داوای لێبکات بەمەرج و خواستەکانی خۆیەوە بچێتە پێش و هەوڵی بەشدار بوون بدات ئەمەش کۆمەڵێک دەستکەوتی بۆ دابین دەکات لە ئارامی ناوچەکەو زەمینەڕەخساندنی دێموکراسی و باشتر بوونی دۆزی کورد.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت