لاوک کونجرینی: بزوتنەوەی گۆران بگۆڕە تا بیگۆڕیت!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

وا دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆڕان خۆی دەدات لە 10 ساڵ، ستراتیژی ئەم بزوتنەوەیە، گۆڕینی کۆی سیستەم و دەسەڵاتی کوردییەو، کارکردنیشە لەسەر گۆڕینی ئەدا و تێگەیشتنی خەڵک بۆ سیاسەت و دەسەڵات.

ژیری سەرانی حیزب خۆدانە لە دەرەچەی گۆرینی سیستەمی کارکردن لەسەر ستراتیژ و، داڕشتنی پلانی نوێی ڕۆژانەو، گۆرینی دەموچاوەکان و، ئاڵوگۆڕ لە دیزاینی ستراکتۆری خودی حیزب و. ئیتر هەنگاوی دواتار دەستپێدەکات ئەویش نمایشی ئەرک و بەیانی ویست و خۆخزاندنە بۆ ناو جەماوەر.

تا نەوشیروان مستەفا لەژیاندا بوو، بە حوکمی ئەوەی ئەم بزوتنەوەیە نوێ بوو، پێویستی بەکاریی زۆر هەبوو تا پایەکانی دامەزرێنێت ئەرکی خۆی بەجێهێنا. ئێستا وا ساڵێک زیاتر تێدەپەڕێت ئەم بزوتنەوەیە لەسەر کڵیشە کۆنەکە ڕێ دەکات، ئەم مەنگییە لەکاریی سیاسی، زیانی زۆر دەگەیەنێت بە بزوتنەوەکەو، بەرەو پێشچوون بەخۆوە نابینێت.

لە دوای هەڵبژاردنی 12- 05- 2018 ، بزوتنەوەی گۆران لە ڕێی فراکسیۆنەکەیەوە لە پەڕلەمانی بەغداد هاتە سەر هێڵ و، وەک هەموو هێزەکانی تری ناڕازیی بە هەڵبژرادنەکان، تانەی لە هەڵبژاردنەکان دا. بەڵام ئەم هەنگاوە بۆ بزوتنەوەی گۆڕان تەنها ئامانجێکی کاتییەو چارەسەریی بنەڕەتی نییە، چوونکە:

1-  خاوەن تەزویرەکان بیریان لە تانەکان کردۆتەوەو، بە هەمان شێوەش بیریان لە ژماردنەوەی دەنگەکانیش کردۆتەوە.

2- وادامان نا بزوتنەوەی گۆڕان لەم ئەرکەی خاڵی یەکەمیدا سەرکەوتوو بوو، بەڵام بە سارێژی برینێک ئازاری برینەکانی تر کۆتایی نایەت. کەواتە دەبێت دەستبخەینە سەر ئازارە گەورەکە ئەویش گۆڕانکاریی بنەڕەتییە. چوونکە لەم هەڵبژاردنەدا ڕێژەی بەشداریی بەجۆڕێک کەمی کرد بوو، کە ئەوەمان پێدەڵێت: ئۆپۆزیسوێن نەیتوانیووە لەئەرکەکانیدا سەرکەوتوبێت. ئەمەش لە کاتێکدا ڕوودەدات، کە جەماوەر باوەڕیان لەق ببێت.

با قسە لەسەر مێژووی گۆڕانکارییە گەورەکانی زۆر حیزب و دەسەڵاتی ئەم جیهانە نەکەین، تەنها چاوێک لە گۆڕانکاریی دوو حیزبی کۆماری و دیموکرات بکەینەوە لە ئەمریکا، لەدوای هەر کەوتن و سەرکەوتنێک چ گۆڕانکارییەک بەسەر ستراکتۆری ئۆرگانەکانی حیزب و شێوەی کارەکتەر و سیاسەتیاندا دەکەن، خۆیان نوێ دەکەنەوەو خۆیشیان دەخەنە بەردەم هیواو ئاواتی خەڵکی بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو، ئەمە ژیرانەییە لە سیاسەتدا.

دەبێت گۆڕان چی بکات؟

بزوتنەوەی گۆران لەبەردەمیدایە داهاتوو ڕۆشنبکاتەوە، چوونکە ئەم هێزە نە لە پاشەکشێدایەو، نە هێندەش کەنفتە توانای چارەسەریی نەبێت. بەڵام لە نێوان کەنفتی و پاشکشێیدا، دوو خاڵ هەیە:

1- باوەڕ بوون بەخۆ.

2-  دانەبران لە خۆ.

 کەواتە باوەڕبوون بەخۆ و دانەبڕان لە جەماوەر، بزوتنەوەی گۆران هەنگاو بەهەنگاو بەرەو پێشەوە دەبات. ئەم بیرکردنەوەیە پێویستی بە گۆرانکاریی و، هەروەها لە کاتە هەستیارەکاندا بە پیلانی نوێ و  خۆنەویستی لێپرسراوەکانی هەیە. چونکە کاتێک ئۆپۆزیسیۆن دەتوانێت گەشە بکات، پلان و ستراکتوری حیزبی و کارەکتەری کەسایەتییەکانی لە دەسەڵات جیاواز بێت.

دەبێت ئۆپۆزیسیۆن بزانێت، گەر سەرکەوتو نەبن لە هەنگاوەکانیاندا و کات بدەن بە فیڕۆ، ئەوا زەمەنێکی تر هەڵدەکەوێت و ئۆپۆزیسیۆنێکی نوێ دێتە کایەوەو ئەمان وەک داشی شەترنج ڕووبەڕووی کش دەبنەوە. کەواتە ئەرکی ڕووبەڕووبوونەوەی ئۆپۆزیسیۆن وابەستەیە بە کاتەوە، کوشتنی کات هیچ کات لەبەرژەوەندی ئۆپۆزیسیۆن نییە، بۆیە هەمیشە سیاسەتی ژیرانەی پارتی و یەکێتی لەم خاڵەدا لەوەدایە، لەهەوڵی کوشتنی کاتدان، تا ئۆپۆزیسیۆنێکی لاواز بەرامبەریان بوونی هەبێت.

بۆ ئەوەی بزوتنەوەی گۆڕان جیاوازییەکانی بەردەوام بێت لە چاو حیزبەکانی تر، بۆ ئەوەی بتوانێت جەماوەرە ناڕازییەکەی هەرێم، هەمیشە هەنگاوێک لە بەرنامەو کاریی سیاسی خۆی دوور نەخاتەوە، بۆ ئەوەی بزوتنەوەی گۆڕان داهاتوویەکی گەشتری هەبێت و هیوای سەرکەوتنی زیاتر بەیان بکات. پێویستە سوودمەند بێت لەم کڵێشەیەی لای خوارەوە، کەمن سوود مەند بووم لە پلانی هێزە ئەورووپایی و ڕۆژئاواییەکانی لێی.

چی بکرێت و چۆن ڕووەو سەرکەوتن دەڕۆین؟

دەبێت لە سێ خاڵدا بەرنامەڕێژ بین:

1- مەرحەلەی یەکەم هەڵبژاردنە بۆ بە ئەندام بوونی کۆنگرە. دەبێت لە ڕووی ڕاگەیاندنەوە، زۆرترین دەنگمان بە خەڵک بگات، بۆ ئەوەی زۆرتین خەڵک لە بەرنامەکەمان بە ئاگا بێنین، تا زۆرترین خەڵک بەشدار بکەین لە سەرەتاییترین مافی خۆیان. ئەویش: بانگێشتیان بکەین و، بێن بەشدار بن لە کۆنفراس یان کۆنگرەی بزوتنەوەی گۆڕان، با خەڵک راستەوخۆ بەشدار بێت لە کۆنگرەی بزوتنەوەی گۆڕان. ئەم کارە دەبێت بەیاسا ڕێکبخرێت و بزوتنەوەی گۆڕانیش خۆی ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی بکات و دادوەری بێلایەن و کەسایەتی بیلایەن دیزاینی کۆنگرەکە جوان بکات. دەکرێت خەڵکی لە ٪50و بەشدار بووی کۆنگەرەکە بن و بزوتنەوەی گۆڕانیش وەک ئەندامان و لایەنگرە ڕێکخراوەییەکانی ٪50 مەرحەلەی یەکەمی ئامادەکاریی لە کۆنگرەدا بەشدار بن. هەوڵ بدرێت هەنگاویی یەکەم هێندە جوانکاریی تیا بکرێت، تا کەمترین ڕەخنە ڕووبەڕووی بزوتنەوەکە ببێتەوە.

2- کۆنگرە لە شاری هەولێر ببەسترێت لە کەشێکی ئارام و، بتوانرێت پێشوەخت کۆمەڵێک کەسایەتی ڕۆشنبیر و یاسایی و سیاسی و کۆمەڵایەتی بێلایەن کڵێشەی کاریی کۆنگرەکە ئامادە بکەن، بە ئامادە بوونی بزوتنەوەی گۆڕان. لەم کۆنگرەیەدا ژوورەکانی بزوتنەوەی گۆڕان هەڵبژێردرێت. بەم کارە هەیکەلەی بزوتنەوەی گۆڕان ئامادە دەبێت بۆ چوارساڵی داهاتوو.

3-  کاتێک مەرحەلەی دووەم کۆتایی دێت، کڵیشەی ستراکتۆر و ئامادەباشی بۆخۆ ئامادەکردن بۆ دامەزراندنی ئۆرگانەکانی ئەم بزوتنەوەیە پێک دەهێنرێت، کە بە ژورەکانی بزوتنەوەی گۆڕان و مەکۆکان ناسراوە. دیارە دەبێت ئاماژە بەوە بدەین بەپێی سیستەمی کاری بزوتنەوەی گۆڕان، لێپرسراویی ژورەکان ڕاستەوخۆ بەشێک لەچڤاتی نیشتمانی پێک دێنن. ئەوسا لەوەو دوا بۆ چوار ساڵ هەم ڕێکخەرو هەم ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن هەڵدەبژێردرێت.

ئەم شێوە سیستەمە سوودێکی زۆر و ناو و ناودارێکی تر و بروایەکی نوێی نێوان جەماوەر و بزوتنەوەکە بۆ چوار ساڵی تر دەهێنێتە ئاراوە.

 ئەوسا بزوتنەوەی گۆڕان شەقامێک بۆ ماوەیەک ڕاپێجی ئەرکی سیاسی خۆی دەکات. دواتر لە هێزێکی سیاسی سنوردارەوە دەگوێزێتەوە بۆ هێزێکی جەماوەریی بەرفراوان. خەڵکی راستەوخۆ بزوتنەوەکە بە هی خۆیان دەزانن و گەرموگوڕییەکی زۆر باش بە خۆیەوە دەبینێت. دەتوانرێت دەستنیشانی پانتایی ئەم هێزە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو بکرێت. پانتایی خۆی لەسەر ئاستی هەرێم و دەرەوە دەنەخشێنیت تا دۆست و دوژمن هەژماری بۆ بکات.

ئەم شێوە لەکارکردنە پێویستە پێش وەخت بە بەرنامە بکرێت و بەپێی یاسا و ڕێسایەک لە شێوەی مانیفێستی کارکردن، بە هاوڵاتیان بگەیەنرێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت