بورهان شێخ ڕەئوف: جارێکى تر قەیرانى ئاو لە عێراقدا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئاو و ئاوەدانى زۆر لە مێژە کورد ئەم دەستەواژەو پەندە دەڵێتەوە بێگومان ئەمە بەڵگەنەویستێکى زۆر دروستە، ساڵانێکى درێژیشە وڵاتانى دراوسێ ى عێراق بە تایبەتى تورکیا و ئێران باس لە کارتى ئاو دەکەن و بە تایبەتى تر تورکیا لە چەند بۆنەى جیاوزدا وتویانە خەڵکى چۆن نەوتەکەیان دەفرۆشن ئێمەش ئاوەکەمان دەفرۆشین.

بەرایی سەرهەڵدانى قەیران
ئەگەر لە ساڵانى پێشوودا هەر لە چوارچێوەى هەڕەشەو گووشارو لێدواندا فاکتەرى ئاو لە لایەن ئەو وڵاتانەوە باس کرابێت ئەو ا ئەمڕۆ بە پراکتیکى و بەکردەوە خەریکە دەبێتە دیفاکتۆیەک کە لە ساڵانى داهاتوودا تورکیاو ئێران بە وردى کۆنترۆڵى هەموو سەرچاوە ئاوییەکانى عێراق دەکەن کە بێگومان بە پلەى یەکەم هەرێمى کوردستان دەگرێتەوە دواتر ناوچەکانى ناوەڕاست و باشوورى عێراق کە ئەمەش بە تەواو بوونى بەنداوى ئەلیسۆ لە تورکیا کە ئێستا دەستیانکردووە بە گلدانەوەى ئاو وتەواو بۆنى زۆرێک لە بەنداوەکانى ئێران لەسەر ئەو ڕووبارانەى کە ئاوەکەیان دەڕژێتە خاکى عێراقەوە.
ئاو ئەو سامانە سروشتیەگرنگ و پڕبەهایە کە کاریگەرى و ڕۆڵەکەى بە هیچ شتێک قەرەبوو ناکرێتەوە بۆ مرۆڤ و ژیان بەگشتى بە تایبەتى بۆ وڵات گەلێک کە کەش و هەواکەى وشک بێت یان خاکەکەى بیابان بێت، بەڵێ ئاو کاریگەرى هەیە لەسەر دابەشبوونى دانیشتوان لە سەرکارو پیشەو چالاکیەکانیان هەروەها فاکتەرێکى گرنگى گەشەکردن و پەرەپێدانى ئابورى وڵاتە.

سەرچاوەکانى ئاو
بەشى زۆر ى سەرچاوە ئاوییەکانى عێراق بە هەرێمى کوردستانیشەوە ئاوى ژێر زەوى یە بە ڕادەیەکى کەم و ئاوى باران و ڕووبارەکانە کە سەرچاوەکانیان لە دەرەوەى عێراق و دراوسێکانى جواگرافیا تورکیا و ئێرانە کە خۆى لە هەردوو ڕووبارى دیجلەو فوراتدا دەبینێتەوە کە ڕووبارى فورات سەرچاوەکانى لە چیاکانى ڕۆژهەڵاتى تورکیاوەیە واتە لە باکورى کوردستانەوە و هەروەها ڕووبارى دیجلەش لە باشوورى ڕۆژهەڵاتى تورکیاوە بە هەمان شێوە سەرچاوەدەگرێت و هەر باکورى کوردستانە بەڵام لە ناوخاکى عێراقدا واتە لە هەرێمى کوردستانیش چەند ڕووبارێکى تر دەڕژێتە ناوى کە لە وڵاتى ئێرانەوە سەرچاوەدەگرن کە ئەویش بێگومان خاکى ڕۆژهەڵاتى کوردستانە ئەو ڕووبارانەش زێ ى گەورەو زێ ى بچووک و ڕووبارى سیراوان کە عێراقى عەرەبى پێدەڵێن ڕووبارى دیالە.

یاساو ڕێساى نێو دەوڵەتى ئاو
هەرچەندە هەردوو ڕووبارى دیجلەو فورات بە دوو ڕووبارى نێو دەوڵەتى دادەنرێن چونکە سنوورى وڵاتان دەبڕن بە تایبەتى فورات کە سنوورى سێ وڵاتى تورکیاو سووریا وعێراق دەبڕێت و دیجلەش سنوورى تورکیاو عێراق دەبڕێت، بۆیە بە گوێرە یاساى نێو دەوڵەتى لە ئاوا بارودۆخێکدا دەبێت ئەو وڵاتەى سەرچاوەى سەرەکى ئاوەکەیە نابێت تاک لایەنە هیچ پڕۆژەیەک ئەنجام بدات بەبێ ڕێکەوتن و هەماهەنگى لە گەڵ وڵاتانى تر کە ڕووبارەکى پێدا دەڕوات کە هاوبەشن تێیدا کە تورکیا ڕەتى دەکاتەوە ئەو ڕوبارانە نێودەوڵەتى بن.

فاکتەرەکانى قەیرانى ئاو لە عێراقدا
سەرەڕاى ئەوەى عێراق خاوەنى چەندین ڕووبارو سەرچاوەى ئاوى گرنگە بەڵام وا ساڵانێکە خەریکە گیرۆدەى قەیرانێکى سەختى ئاو دەبێت سەرەڕاى قەیرانە قورسەکانى ترى حوکمڕانى کە ئەمەش کاردانەوەى نێگەتیفى دەبێت لەسەر هاوڵاتیانى عێراق بەڕادەى جیاواز لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکى تر چ لە بوارەکانى ئابورى و کشتوکاڵ و پیشەسازیش کە پێشبینى دەکرێت لە ساڵانى داهاتوودا کارێگەرى زۆرى هەبێت ئەگەر ئەم دۆسیە بە زانستى و بە ژیرانە مامەڵەى لە گەڵدا نەکرێت، دیارترینى ئەو فاکتەرانەش ئەمانەن:
1. گۆڕانکارى لە کەش و هەواى ناوچەکەو جیهان.
2. دیاردەى ( احتباس الحرارى ) ئەوەش بەرزبوونەوە پلەى گەرماى زەوى کوونبوونى چینى ئۆزون و ئەوە بابەتێک و قەیرانێکى گەورەى جیهانیە.
3. نەبوونى ستراتیجیەتێکى کارا بۆ بەڕێوەبردنى دۆسیەى ئاو لە عێراقدا بە هەرێمیشەوە.
4. هەروەهازۆربەى سەرچاوەکانى ئاوى عێراق لە دەرەوەى سنوورەکانى عێراقن کە وڵاتانى تورکیاو ئێران هەوڵدەدەن وەکو کارتى فشار بۆ ئامانجى سیاسى بەکارى بهێنن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت