لوقمان مصطفی: بنەبڕکردنی تۆڵە سەندنەوە لە نێوان ئاشتەوایی و یاسادا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەڵبەتە دیاردەی تۆڵە سەندنەوە بەگشتی و كێشەی خوێن داری بەتایبەتی و حاڵەتەكانی دوژمنداری، لە زۆربەی وڵاتانی دواكەوتووی جێهان رەگ و ریشەی قووڵی داکوتاوەو بونی هەیە و تا ئێستاشی لەگەڵ بێت کەم تا زۆر بەردەوامی هەیە، كۆمەڵگەی ئێمەش بەدەر نی یە لەو کارەساتە قێزە وونە،ئەگەرچی دیاردەكە تاڕادەیەک ڕووی لە كەمی كردووە و ئێستا بووەتە حاڵەت، بەڵام كەم و زۆر هێشتا هەیە و بنەبڕ نەكراوە. زۆرێك لە خاوەنەكانی ئەو جۆرە كێشانە بە ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و عەشایریش واز ناهێنن و دوای سوڵحیش هەوڵی تۆڵەسەندنەوە دەدەن، ئەمەش بەهۆی ئەنجامی ڕۆتیناتی دادگاكانە خەڵك پەنا بۆ سوڵحی عەشایری و مەكتەبی كۆمەڵاتی لایەنە سیاسیەکان دەبەن.
یۆنانییەکان باوەڕیان وا بوو کە ئەرک و کاریگەریی سەروەریی یاسا، تەنیا ڕێگری لە گەندەڵیی حوکمڕانان نییە، بەڵکوو لە کونتڕۆڵی مەیلی مەترسیداری تۆڵەسەندنەوە لە لایەن خودی مرۆڤەکان خۆیانەوە سوودمەندە. بابەتی تۆڵەسەندنەوە، بە نیسبەت کۆمەڵگه‌ی ئێمە و کۆمەڵگە هاوشێوەکانییەوە، نامۆ نییە. کاتێک دەزگه‌ی دادوەری، توانای پاراستنی بێلایەنیی خۆی لەدەست دەدات، هاووڵاتیان باوەریان بەم دەزگه‌یه‌ نامێنێت و، لە ئامڕازی نایاساییی تۆڵەسەندنەوە بۆ مەبەستی گەییشتن بە مافی خۆیان کەڵک وەردەگرن، چونکە یاسا هێزی لێپرسینەوەی لە تاوانبار نییە، یان تاوانلێکراو باوەری بە دەزگه‌ی دادوەری نەماوە.
تۆڵەسەندنەوە لە سیستەمی نادادپەروەرانەدا گەشە دەکات و شیرازەی کۆمەڵگه‌ تێک دەدات. بۆیە تاكه‌ ڕێگە لە بەرگریکردن و نەهێشتنی زنجیرەی تۆڵەسەندنەوە، سەروەریی یاسایە و، لەم ڕێگەوە تاوان و سزا و بەرپرسیارێتیی شارستانی دیاری دەکرێت، دادگا‌ بەبێ ڕەچاوکردنی پێگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی، تاوانبار سزا دەدات و دەبێتە هۆی گەڕانەوەی باوەری هاووڵاتیان بۆ دەزگا‌ی دادوەری و گەڕانەوەی ئاسایشی کۆمەڵایەتی بۆ کۆمەڵگه‌ و جێگیرکردنی سەروەریی یاسا. مه‌به‌ست له‌سه‌ربه‌خۆیی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری به‌ومانایه‌یه‌ كه‌ هیچ لایه‌نێكی‌ سیاسی یان كارگێڕی به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وحۆ بۆی نیه‌ ده‌ستوه‌ربداته‌ نێو كاروباری ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری یا به‌ هه‌رشێوه‌یه‌ك كاریگه‌ری هه‌بێت و هیچ كه‌سێك یا ده‌زگایه‌ك له ‌ده‌زگاكانی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن، هه‌تا ئه‌گه‌ر وه‌زیری داد بێت یان سه‌رۆكی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن (حكومه‌ت) بێت نابێت ده‌ستوه‌ربداته‌ كاروباری دادگاكان یان فشار بخاته‌سه‌ر دادوه‌ره‌كان له‌كاتی حوكم و بڕیارداندا.
ئەوەی لەمڕۆدا سەروەریی دەزگای دادوەری دەخاتە مەترسییەوە، دەستێوەردانی دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکارە، بەتایبەت کاتێک یەکێک لە لایەنەکانی “کێشەکە”، لە بەرپرسانی سیاسی، یان پەیوەندار بەوانەوە بێت. لەم کاتەدا، ئەگەر دەزگا‌ی دادوەری و خودی دادوەر سەربەخۆ نەبێت، لە جیاتی کارکردن بە دەقی مادە یاسایەکان، داواکاریی لایەنی سیاسی، دەکاتە بنەمای دەرکردنی بڕیاری خۆی، دەرەنجام سەروەریی یاسا. پێشێل دەکرێت. هەر لەبەرئەم هۆکارانە و بوونی ڕۆتینیاتی کاری دادگاکانە خاوەن کێشەکان متمانەیان بەدادگاکان نامێنێت و بە ناچاری پەنا بۆ تۆڵە سەندنەوە و یان سوڵحی عەشایەری دەبەن.
چونکە خاوەن کێشەکان باش دەزانن یاسا هەڵدەستێ بەچارەسەركردنی ئەو كێشە و گرفتانە ئەگەر ڕۆتینیان بهێڵێ، کورد گوتەنی هەتا مەقاش وەستابێ دەستی خۆیان ناسوتێنن، ئەوەشیان لەپێش چاوە هەر كەسێك هەڵبستێ بە كاری تۆڵەسەندنەوە لە بەرامبەر كێشەی خوێنداری، بەپێی یاسا بە تاوانبار دادەندرێ، چونكە لە هەر كۆمەڵگەیەك، تەنیا كاری تۆڵەسەندنەوە هەبوو، دەبێتە كۆمەڵگەیەكی جەنگەڵی و یاسای دارستانی تیا جێبەجێ دەکرێت و یەكتر كوشتن دەبێتە کارێکی ئاسایی، لەم حاڵەتەشدا خەڵك ناتوانێ ژیانی ڕۆژانە بە ئارامی بەرێتە سەر، لە هەمان کاتیشدا یاسا توندە بەرانبەر بەو كەسانەی كە هەڵدەستن بە كاری تۆڵەسەندنەوە و دوژمنداری، پێویستە كێشەكە لەدادگا چارەسەربكرێت، حكومەت خۆی مافی ئەو كەسە دەستێنێ و ئەوكات دوژمنداری دروست نابێ كە بەپێی یاسای سزادانی ژمارە (111)ـی ساڵی 1968 لە ماددەی 406 دەڵێت كاری تۆڵەسەندنەوە بە تاوان دادەندرێ و سزاكەشی قورسە، بۆیە پێویستە خەڵك بۆ سەندنەوەی مافەكەی پەنا بۆ یاسا بەرێ، نەوەك تۆڵەسەندنەوە، هەروەها ئەوە ڕاستە کەسوڵحی عەشایری بەشێكە لەچارەسەری كێشەكە، چونکە لە مێژا ووتراوە (الصلح سید الاحکام ) بەڵام یاسا دانی پێدانانێت ئەگەرپێچەوانەی یاسابێت ودژبێت لەگەڵ دەقەیاساییەکاندا، بۆیە دەبێت دادگا ئاگاداری ئەو ئاشتەواییەبێت، پاش تاووتۆی ووردی ئاشتەواییەکە، ئینجا ڕەزامەندی لەسەر ئەدات. بەڵام لە ئەنجام دا هەردادگایە بەبڕیار کۆتایی بە کێشەکە دەهێنێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت