شه‌ریف هه‌ژاری: قاسملوو” ئه‌ی (خۆری کوردایەتیی)، تۆ وێنات نایەتەوە!

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەرکاتێ، ڕێبەرێکی کورد یا بیانیی، زیاتر لە دە زمانی زیندووی جیهانیی زانی، ڕەنگە تۆ وێنا بکرێیتەوە!
هەرکاتێ ، ڕێبەرێکی کورد پەنجا ساڵ خەباتی پڕ هەورازی دی و، بە هیچ خیانەتێکی نەتەوەییەوە نەگلا، پێ دەچێ تۆ وێنا بکرێیتەوە!
هەرکاتێ، ڕێبەرێکی کورد لە نیو سەدە تێکۆشانی پڕ بەریەککەوتن دا، وشەی نەشیاوی کۆمەڵایەتی بەکارنەهێنا، وێنات بەرچاو دەکەوێتەوە!
هەرکاتێ، ڕێبەرێکی کورد تێزی بۆ سیستمی ‘سۆسیالیزمی دیموکراتیک‘ بۆ حوکمڕانی دەوڵەتانی خۆرھەلاتی ناوەڕاست و جیھان، داهێنا، ده‌شێ وێنات بەدی بێتەوە!
هەرکاتێ، ڕێبەرێکی کورد لەوپەڕی دەسەڵاتی تاقانەی دا، هەڵواسینی وێنەکانیی و، دروشمی بژی سەرۆک ‘قاسملوو‘ ی یاساغ کرد، لە وێنای تۆ دەبینینەوە!
هەر کاتێ ڕێبەرێکی کورد لە زانابوونیەوە هاتە نێو کۆڕی خەبات و، توانا مەعریفییەکانی شکۆی بە پۆست و، حیزبەکەی و، بە جیهانیکردنی نەتەوەکەی بەخشی، ڕەنگە تۆ وێنا بکرێیتەوە!
هەرکاتێ ، جوانیی و جوامێریی لە کوردستانی ڕەنگین دا بوونی نەما: تۆش بیر دەچیەوە!
تۆ: بێ- هاوتاترین حەقیقەتی ناو مێژووی کوردیت!
تۆ: کانییەکی پاکژیت، لە بیابانیی کوردە خۆخۆرەکاندا هەڵقووڵاویت، ئەندێشەکانت تا ئەبەد: نەمامی شۆڕشی یەکسانیی، ئاو دەدا.
کردەوەکانی تۆ و سەرکردەکانی کورد: دوو جیھانی زۆر جیاوازن.
دونیای تۆ: هەرگیز خیانەت نەکردن لە نەتەوەکەت، ڕێنه‌دان به‌ جنێوفرۆشی، یاساغ کردنی شاباش هەڵدان بەسەر سەرکردەدا و، خولقاندنی گوتاری بە کۆمەڵ، بە کردەیی کردنی دیموکراسیەت لە شۆڕشی چەکداری دا و، داھێنانی (حیزبی مۆدێرن)ە لە خۆرھەلاتی ناوەڕاست دا!
دونیای ئه‌وانی تر: بە ئاسانیی تێوەگلان بە خیانەتی نەتەوەیی لە پێناو پۆستا، جنێوفرۆشیی، ناوچەخوازی، وه‌ره‌سه‌-سه‌پێنیی، خودپەرستیی و، کەیف و سەفا کردن بە شاباش هەڵدان بەسەریان دا!
تا ژیان بەردەوام بێ، ئەندێشەکانت: شۆڕشێکی یەکسانین. شۆڕشن دژ بە : هزری تەنگەتلیەی بە خێڵەکی کردنی ئۆرگان و حیزب، بە ناوچەییکردنی حیزب، بە خوداکردنی مرۆڤی سەرکردە و ، هێنانەدی: دادوەریی کۆمەڵایەتیی و، گه‌ڕاندنه‌وه‌ی شکۆ بۆ تاکەکانی کۆمەڵگا!
تۆ: کانییەکی پاکژیت، لە دەیمترین بیابانا هەڵقوڵاویت، تێفكرینه‌كانت تا ئەبەد: نەمامی شۆڕشی یەکسانیی، ئاو دەدا.
ئەزانی دایکی نیشتیمان لەگەڵ هەر گەلاوێژێکی خۆرهەڵاتن دا بۆت ئەگری؟ چوون ئێستاش جەستەی پڕ شکۆت بە باوەشی دایکی نیشتیمان، غەریبە!
لە غەریبیش جەستەت هەر سیمبوولی مەزنترینە، کە مەنزڵگای مرۆڤە پڕ-شكۆكانی جیهان، تۆی لە باوەش گرتووە!
دایکی نیشتیمان تا ساتی ئازادیی دەگری و، داخ ئەخوا، تا بە ئامێزی شاد بییه‌وه‌ و، لە باوەشی خۆیدا بتلاوێنێته‌وه‌.
ئەی (خۆری کوردایەتیی):
تا خۆر ڕووناکیی بمێنێ، بیر و ئەندێشە و تێزەکانی تۆش، لە ناو شكۆدارانی نەتەوە خوێناوییەکەت دا، پڕ ڕێبوار دەمێنێ!
ھەرکاتێ ئاسمان لە دابارین کەوت، ئەوکات ڕه‌نگه‌ ئەندێشەکانت بێ ڕێبوار بمێننه‌وه‌!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت