نەبەز گۆران: ئێمە لە ساڵی شەستەكانداین!

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پێناچێت هیچ دونیابینییەكی نوێ‌، لە حیزبی كوردییدا لەم باشووری كوردستانە رویدابێت. هەمیشە كێشەكان، ململانێكان لەناو یەك بازنە و یەك دونیابینیدا دەخولێنەوە. نە پرۆژەیەكی نوێ‌، نە جۆرێك لە بنەمای تێگەیشتنی نوێ‌ بۆ سیستەم و خۆ بەرێوەبردن نابینن، ئەوەی هەیە كێشەیە لەسەر دوو كۆڵەكە: سەرمایە، دەسەڵات.
ئەم دوو كۆڵەكەیە یەكێكن لەو رووبەرانەی تەواوی تێگەیشتن و دونیابینی حیزبی كوردی داگیركردوە. لە ناوەراستی ساڵانی شەستەكانەوە، كاتێك ناكۆكی دەكەوێتە ناو دوو گروپی حیزبەوە، بنەوانی ناكۆكییەكە لەسەر ئەو دوو كۆڵەكەیە خۆی بونیاد دەنێت، تا ئەم چركەساتەش هەموو ناكۆكییەكانی ناو حیزبی كوردیی، چ ئەوانەی لەناو خۆیدان، چ ئەوانەی لە دەرەوەی خۆیدان، لەسەر هەمان فۆرمە كۆنەكەی ناكۆكییە. ئەشێت فۆرمی نوێی حیزب هاتبێت بە كۆمەڵێك پرۆژەوە، بەڵام ئەم فۆرمە نوێیەش دواجار وردە وردە گەراوەتەوە سەر بنەما كۆنەكانی رابردوو. تەواوی ئەو گوتارانەی بەرزدەكرێنەوە رەگوریشەكەیان لەسەر دوو كۆڵەكەكە خۆی تەحقیق دەكات، یانی هێشتا فۆرمێك لەحیزب دروستنەبووە كێشە گەورەكانی لەگەڵ _كلتوور_فەرهەنگ_ پەروەردە. دا هەبێت! هەموو كێشەكانی دونیای حیزبی كوردی لەسەر سەرمایە و دەسەڵاتە.
حیزب هەقی خۆیەتی خەون بەوە ببینێت ببێتە دەسەڵات، بۆ ئەوەی پرۆژەكانی خۆی جێبەجێبكات. هەر حیزبێك گەر خەونی گەیشتن بە دەسەڵاتی نەبێت، بێگومان حیزبی بێ‌ پرۆژەیە و توانای دەسكاریكردنی هیچ پنتێكی ژیانی سیاسیی و ئابووری و نییە، لێ‌ كێشە گەورەكانی ئەم كۆمەڵگەیە تەنها بریتینین لە سەرمایە و دەسەڵات، بەڵكو بەشێكی زۆری كێشەكان پەیوەستن بە _كلتوور و فەرهەنگ و پەروەردە_وە. پێناچێت حیزبی كوردی لەم كێشانەدا خەمێكی هەبێت و، پێشناچێت بیەوێت بەشێوەیەكی رژد دەست بۆ ئەم سێ‌ بنەمایە ببات، بەڵكو هەموو دەسبردنەكانی بریتییە لە بەرزكردنەوەی كۆمەڵێك دروشمی كاتیی، كە تەواوی دروشمەكانیش پێویستیان بە چاككردن و سەرلەنوێ‌ پەروەردە كردنەوە هەیە.
ئەو گوتارەی حیزب بۆ دەرەوەی پەخشیدەكات، گوتارێكە لەسەر فۆرم قسە دەكات، گوتارێك نییە خەمی جەوهەری هەبێت و بیەوێت دەست بۆ جەوهەری كێشەكان ببات. هەمان مۆدێلی روكەش گەرایی بۆ دەرەوە، بۆ ناوخۆی حیزبیش دووبارە دەبێتەوە. حیزبێكی باشوور نییە لەناوەوە توشی ئەو كێشانە نەبووبێت، كە لەدەرەوە بانگەشەی چاككردنیان دەكات. ئەوەی زۆر جێگەی نیگەرانییە، ساڵی شەستەكان تێگەیشتنەكان بۆ كێشەكانی ناوخۆ و دەرەوەی حیزب چۆن بوون، ئێستاش هەمان تێگەیشتن هەیە! هەمان زمان هەیە، هەمان مامەڵەكردن هەیە. هێزێك نایەت ئەو تێگەیشتن و مامەڵەیە بگۆرێت و زمان و فەرهەنگێكی نوێ‌ بخاتە ناو رووبەری حیزبی كوردییەوە. ناكۆكییەكانی دوو تاقمەكەی ساڵی شەستەكان چۆن بووە، ئەم ناكۆكیانە بە جیاوازی زەمەنەوە گواستراونەتەوە و هەرجارە و لە حیزبێك و لەشوێنێكدا خۆیان دەردەخەنەوە.
گەر لە هەریەك لەم حیزبانەی باشوور ناكۆكییەك هەبێت، یان هەر حزبێك ‌ دروستدەبێت، راستەوخۆ بە سەیركردنێكی ناكۆكییەكان، بەسەیركردنێكی گوتارە رووكەشەكان، دەگەینە ئەو بروایەی ئەمە دووبارە كردنەوەی مۆدێلەكەی ساڵانی شەستەكان لەژێر روخساری دیكە و زەمەنێكی دێكەدا. گوتارەكان هەمان گوتارن، ناكۆكییەكانیش هەمان ناكۆكین! هەتا حیزبی كوردی لەم پارچەیەی كوردستان خەمەكانی و گوتارەكانی، نەگۆڕێت بۆ خەمی كلتووری و پەروەردە و فەرهەنگ، تا گوتارەكانی لە روكەشگەراییەوە نەگۆڕێت بۆ دەستبردن بۆ جەوهەری كێشەكان، ئەو شێواوی و فەزایەی لە ساتە جیاوازەكاندا بەرگوێماندەكەون، دووبارە و چەند بارە دەبنەوە.
گەر خەمی كلتووری هەبێت، ئەو كلتوورە سیاسییە كۆنە، نەوە دوای نەوە دەگوازرێتەوە و ئەم دۆخە دروستبكات كە ئەمرۆ حیزبی كوردی تێیدایە؟ گەر خەمی فەرهەنگی هەبێت، ئەو زمانە ئاست نزمە باڵادەست دەبێت، كاتێك ناكۆكییەك دروستدەبێت هێزە ناكۆكەكان لەبری دەرخستنی دونیابینی جیاواز بۆ یەكتری، سەرقاڵدەبن بە شكاندن و سرینەوەی یەكترییەوە؟ گە رخەمی پەروەردە هەبێت، ئەو دونیا ناتەندروستە دورست دەبێت، حیزبی كوردی بەرهەمی دەهێنێت و جۆرێك لە پەروەردەی نادروست پەخشدەكات، ئەم پەروەردەیە نەك باكی بە دەرەوەی خۆی نییە، بەڵكو باكی بەناوەوەی خۆشی نییە و سەرقاڵی وێرانكردنە؟
كاتێك دەبینین دونیابینی حیزبی كوردی لەم فەزایەدا گیرۆدەبووە، بێگومان دەبێت بڵێین: هێشتا لە ساڵانی شەستەكاندا ماوینەتەوە و نەمانتوانییوە مۆدێلێك لە حیزب بەرهەم بهێنین، ئەومۆدێلە تەجاوزی ئەو قۆناغە بكات بۆ ئەوەی گوتارەكانی، كێشەكانی لەگەڵ دەرەوە، كێشەكانی لەگەڵ ناوەوەی خۆی جیاواز بن. هەتا ئەو دونیا بینە لە روكەشگەرایەوە نەبێتە خەمی دەسكاریكردنی جەوهەری كێشەكان، هەتا خەونەكانی حیزب نەگۆڕێن بۆ خەونی دەسكاریكردنی _كلتووری و فەرهەنگی و پەروەردە_ ئێمە هەر لە سەر مۆدێلەكۆنەكەی تێگەیشتنی ساڵانی شەستەكان دەمێنینەوە و ئەوەی دەگۆڕێت زەمەنە نەك تێگەیشتنەكان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت