زەبەنگ بەهادین: كامه‌ هه‌ڵبژاردن؟

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراق گرنكى یه‌كى ئه‌وتۆى نه‌بوو بۆ حیزبه‌كانى كوردوستان، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كێشه‌یه‌كى گه‌وره‌ى له‌ ناو هه‌رێمدا دروست كرد به‌ هۆى ته‌زویر و ساخته‌كاریی. گرفت و ئاڵۆزى یه‌كان به‌ هۆى ئه‌نجامه‌كانى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌وه‌ زیاتر ته‌شه‌نه‌ى كرد و كار گه‌یشته‌ لێكدووركه‌وتنه‌وه‌ى زیاتر نه‌ك ته‌نها له‌ نێوان ده‌سه‌ڵات و حیزبه‌كانى ئۆپۆزسیۆن، به‌ڵكو له‌ نێوان حیزبه‌كانى ئوپۆزسێۆن خۆشیان دا له‌ برى له‌ یه‌ك نزیك بوونه‌وه‌و پێكهێنانى به‌ره‌یه‌كى هاوبه‌ش زیاتر له‌ یه‌ك دوور كه‌وتنه‌وه‌و بێ متمانه‌ى زیاتر كه‌وتو نێوانیانه‌وه‌ , ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ كاریگه‌رى ئه‌وتۆى له‌سه‌ر هه‌رێم نى یه‌ ره‌نگه‌ بۆ ئه‌مساڵیش هیچ ئه‌نجامێكى ئه‌رێنى ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ به‌رجه‌سته‌ نه‌بێت.
ئه‌م ئاكامانه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنى عێراق بوو ئه‌م هه‌موو ئاسته‌نگى و ته‌زویر و ساخته‌كارى یه‌ كرا, ئه‌ى ئاخۆ بۆ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردوستان هه‌روا به‌ بێگه‌ردى و بێ خه‌وش هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ ئه‌روات به‌ رێوه‌ , له‌ كاتێكدا ئه‌م حیزبانه‌ى ده‌سه‌ڵات هه‌رچى تواناو ده‌سه‌ڵات و پێگه‌و پایه‌و پاره‌یان هه‌یه‌ له‌ چاوانى ئه‌م حكومرانى یانه‌یان ئه‌بینین, ئاخۆ به‌ ئاسانى ده‌ست به‌ردارى ده‌سه‌ڵات ده‌بن, له‌ رووى تێۆرى له‌ ناو كوردوستان دیموكراسى و ئازادى و یه‌كسانى هه‌یه‌ به‌ڵام ئه‌ى له‌ رووى پراكتیكى ئه‌مانه‌ بوونیان هه‌یه‌, كاتێك یه‌كێتى و پارتى خۆیان پاشاى سه‌ر ته‌خت بن و هه‌موو ده‌سه‌ڵاتى رامیارى و سیاسى و ئابوورى له‌ ده‌ست خۆیان بێت هه‌ر وا به‌ ئاسانى واز له‌و هه‌موو ده‌سه‌لاته‌ ئه‌هێنن , یان هه‌ڵبژاردن و په‌رله‌مان ته‌نها شه‌رعیه‌ت دانه‌ به‌ به‌رده‌وام بوونى خۆیان له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات, ئه‌م حیزبانه‌ى ئۆپۆزسێن خۆیان له‌ ناۆ گۆماوێكى پر له‌ بێ به‌رنامه‌ى و لاوازى دارایى و سیاسى و عه‌سكه‌رین چییان پێده‌كرێت كه‌ به‌و شێوه‌یه‌ په‌رش و بڵاو بن, گریمان ئه‌وان بوونه‌ زۆرینه‌ و په‌رله‌مان كه‌وته‌ ده‌ست ئۆپۆزسێن ئه‌ى ده‌توانن ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ له‌ چنگى پارتى و یه‌كێتى ده‌ربێنن به‌ تایبه‌ت له‌ هه‌ولێر كه‌ جگه‌ له‌ پارتى یه‌كێتیش هیچ ده‌سه‌ڵاتێكى نى یه‌.
كامه‌ هه‌ڵبژاردن, كاتێك له‌ به‌رنامه‌و پرۆگرامى حیزبه‌كانیش ئه‌روانیت بۆ هه‌ڵبژاردن هه‌مان به‌رنامه‌ سوواوه‌كانه‌ كه‌ هیچیان به‌ریان نه‌بووه‌ تا ئێستا بگره‌ هه‌ندێكیان كاتێك كه‌وتنه‌ ده‌ست حیزبه‌كانى ئۆپۆزسێن بۆ به‌رژه‌وه‌ندى كه‌سى هه‌مووى قۆسترایه‌وه‌و یان كه‌سه‌كان كڕرانه‌وه‌ یان ده‌ركران , ئه‌م په‌رله‌مانه‌ى ئه‌مجاره‌ش له‌ رووى كاندیده‌كانه‌وه‌ بێهیواى و بێئومێدیه‌كى دى پێوه‌ دیاره‌ كاتێك زۆرینه‌ى كاندیده‌كان یان دووباره‌ن یان گومانیان له‌ سه‌ره‌ یان كه‌سانى نه‌شاره‌زان یان بێژه‌ر و پێشكه‌ش كار و راگه‌یه‌ندكارن چى له‌ مانه‌ سه‌وز ئه‌بێت, به‌م ره‌وشه‌ى ئێستاوه‌ حیزبه‌كانى ئۆپۆزسێن ته‌نها سه‌رى خه‌ڵك دێشێنن ده‌نا به‌م ئاراسته‌ سیاسى یه‌ى كارى پێده‌كه‌ن هیچیان لێ چاوه‌روان ناكرێت ئۆمێد به‌خش بێت, بگره‌ ئه‌مجاره‌ رێژه‌ى به‌شدارى خه‌ڵك زۆر كه‌متر ئه‌بێت و سه‌ره‌نجام یه‌كێتى و پارتى ده‌سه‌ڵات ده‌گرنه‌وه‌ ده‌ست، به‌ڵام ده‌سه‌ڵات گرتنه‌ ده‌ستى ئه‌مجاره‌یان جیاوازى زۆره‌ له‌وانه‌ى پێشووتر چونكه‌ ئه‌مجاره‌ شه‌رعیه‌تى ده‌ره‌كى و ناوه‌كیش به‌ به‌هێزى به‌ ده‌ست دێننه‌وه‌. هه‌موو ئه‌مانه‌ش ئه‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ هه‌ڵه‌كانى حیزبه‌كانى ئۆپۆزسێۆن و عینادى سیاسى و دوور كه‌وتنه‌وه‌ له‌ یه‌ك, ئه‌م دۆخه‌ تا ئه‌م ساته‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندى پارتى و یه‌كێتى یه‌ به‌ تایبه‌ت پارتى ره‌نگه‌ گه‌ر حیزبه‌كانى ئۆپۆزسێۆن به‌م ئاراسته‌یه‌ كار بكه‌ن به‌ره‌و كاڵبونه‌وه‌و بچوك بوونه‌وه‌ى زیاتر برۆن, ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ بێ ئه‌زموونى ئه‌م حیزبانه‌ له‌ دروستكردنى په‌یوه‌ندى ئیقلیمى و ده‌ره‌كى له‌ هه‌مان كات دا له‌ بێ ئه‌زمونیان و نه‌شاره‌زاییان له‌ هه‌ڵبژاردن و هۆكاره‌كانى سه‌ركه‌وتن و دۆران.