بورهان شێخ ڕەئوف: خۆپیشاندانەکانى عێراق، کۆتایى پێبێنن پێش ئەوەى کۆتاییتان پێبێنم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

خۆپیشاندان و ڕێپێوان و گردبوونەوەو ڕێکخستنى کەمپین هەریەکە لەمانە ڕێگەو و ئامرازێکن بە دەستى چین و توێژ و پێکهاتەکانى هەر کۆمەڵگاو گەلێک بۆ دەربڕینى نیگەرانى و ناڕەزایەتى بەرامبەر بە دەستەڵاتى سیاسى حوکمڕان لە هەمان کاتدا بۆ پشتیوانیش ئەگەر دەستەڵات کارى باش بکات یان ڕووبەڕووى هەڕەشەو دەستدرێژى بێتەوە لەلایەن نەیاران دەرەکى و ناوخۆیى.
خۆپیشاندان جۆرێکە لە شێوازەکانى شارستانى ئامانجى بە دیهێنانى دادپەروەرى و ڕیفۆرمە لە ژیانى خەڵکیدا، بە گوێرەى دەستوورى عێراقیش کە لە ساڵى 2005ەوە نووسراوەو ڕاپرسى لە سەرکرا نزیکە ى 80% گەلى عێراقیش بە بەڵێ دەنگى لە سەرداوە لە مادەى 38 دا ئەو مافەى بۆ گەلى عێراق مسۆگەر کردووە کە ئازادى ڕادەربڕین بە هەموو شێوازێک چ گردبوونەوەو خۆپیشاندانى ئاشتیانەو کە بە یاسا ڕێکبخرێت و ئاشتى و ئادابى گشتى نەخاتە مەترسی یەوە ئەمە مافێکى بێ ئەملاو ئەولاى گەلى عێراقە بە هەموو پێکهاتەکانیەوە کەس ناتوانێت نکووڵى لێبکات هەر هێز و لایەنێک بیەوێت سنووردارى بکات باجى قورس دەدات.
عێراق ئەگەرچى لە 35 ساڵى فەرمانڕەوایى بەعسدا هیچ خۆپیشاندان و گردبوونەوەیەکى ئاشتیانەو ناڕەزایەتى ڕێپێدراو نەبوو ئەگەرجارجار ڕوویدابێت ئەوە شەڵاڵى خوێن کراوەو ڕێکخرەکانى بێسەروشوێن کراون جگە لە ڕێپێوان و پشتگیرى بۆ خۆیان و شەڕ بەردەوامەکانى ڕژێم.
ئەوەى گرنگە من دەخوازم باسى بکەم خۆپیشاندانەکانى عێراقە لەدواى پرۆسەى ئازادى عێراقەوە لە دواى ساڵى 2003 تا بە ئێستا.
هەر لەساڵى 2003 ەوە لێرەو لەوێ خەڵکى عێراق خۆپیشاندان وناڕەزایەتى یان پیشانداوە بە رامبەر بە نەبوونى خزمەتگوزارى بێکارى و گەندەڵى و بە فیڕۆدانى ماڵى گشتى لە لایەن کاربەدەستانى حکومەتەوە ، تەنانەت خۆپیشاندان دژ بە هەڵسووکەوتەکانى هێزە کانى ئەمریکاوە لە عێراق کە سوونەکان بە هێزى داگیرکەر ناویان دەبردن لە فەلووجە.
دواتر دواى پاشەکشەى هێزەکانى ئەمریکا لە عێراقیش ساڵى 2011 ناڕەزایەتى و خۆپیشاندان دژ بە حکومەتى عێراق بە جۆرێک لە جۆرەکان لێرەو لەوێ هەر درێژەى هەبوو لە زۆرێک شارەکانى عێراق هەر لە بەسرە و دیوانیەى شیعە نشینەوە بگرە تا موسڵ و رومادى سوونە نیشین بۆ خزمەتگوزارى شایستە بە مرۆڤ.
لە هەمووى گرنگتر خۆپیشاندانەکانى ساڵى 2012 شەش پارێزگاى موسڵ و تکریت و دیالەو ئەنبارو بەشێک لە کەرکوک و بەغداد کە نزیکەى ساڵێکى خایاند دژ بە پەراوێز خستنیان لە لایەن مالیکیەو دواتر سەرهەڵدانى ڕەوتێکى توند ئاژووى وەکو داعشى لێکەوتەوە کە گوێ بە داخوازى و خواستى خۆپیشاندەران نەدرا ، مالیکى سەرۆک وەزیران لە وەڵامى داخوازى خۆپیشاندەراندا فەرمووى ( کۆتایى پێبێنن پێش ئەوەى کۆتاییتان پێبێنم )
لەدواى ئەو بەروارەشەو لە زۆر شوێنى عێراق خۆپیشاندان و ناڕەزایەتى گەورە ڕێکخران لەوانە لە 9 ى حوزەیرانى 2013 لە نەجەف هەروەها لە هاوینى 2015 و 2016 لە شارەکانى باشوورى عێراق هەروەها لە هەمان هاوین و لە هەمان ساڵدا لایەنگرانى ڕەوتى سەدر لە بەغدادى پایتەخت خۆپیشاندانى گەورەیان ڕێکخست دژ بە گەندەڵى نەبوونى خزمەتگوزارى پێویست خوازیارى ڕیفۆرم و چاکسازى بوون و بە پێچەوانەوە هەڕەشەى هەنگاوى تریان کرد ئەگەر وەڵام نەدرێنەوە.
لە ساڵى 2017 ەشدا هەزاران کەس لە لایەنگرانى ڕەوتى سەدر و هێزە مەدەنییەکانى جارێکى تر خۆپیشاندانى ئاشتیانەیان ڕێکخست لە بەغداد گۆڕەپانى تەحریر و پارێزگاکانى تر خوازیارى هەموارى یاساى هەڵبژاردن و گۆڕینى ئەنجومەنى کۆمیسیارانى هەڵبژاردنەکان و دوورکەوتنەوە لە بەش بەشێنەى تائیفى بوون.

خۆپیشاندانەکانى ئێستاى عێراق
لە ماوەى دوو هەفتەى ڕابردوودا پارێزگاکانى باشوورى عێراق کە شیعەنشینن و پشتیوانى حکومەتەکانى عێراق بوون لە دواى ساڵى 2003 ەوە حکومەتەکانیش بە سوود وەرگرتن لە بیرو ئایدیاى مەزهەبى کە لەوەتى عێراق دروست بووە شیعە زۆرلێکرابووە و پەراوێز خراو بووە توانییان لە پازدە ساڵى ڕابردوودا خۆى بسەپێنێت بەسەریاندا و بێ ئەوەى بەو هەموو توانا زۆر زەوەندەى نەوتى عێراقەوە بە تایبەتى بەسرە دووەم گەورەو شارى عێراق کە ڕۆژانە بە ملیۆنان بەرمیل نەوتى لێ دەفرۆشرێت بە شێکى زۆر ى خەڵکەکە ى لە ژێر هێڵى هەژارییەوە بن سەرتایترین خزمەتگوزارییەکان کە خۆى لە ئاوى خواردنەوەو کارەباو ناندا دەبینێتەوە دابین نەکرێت بۆیان ، بۆیە بەسرە بەنموونە دەهێنمەوە ئەگینا دۆخى پارێزگاکانى ترى وەکو نەجەف وکەربەلا ومیسان و ناسریە و دیوانیە و واسیت و موسەناش لەوى باشتر نین.

جیاوازى ئەمجارەى خۆپیشاندانەکان
یەکەمجارە خەڵک پەلامارى بارەگاى حزبە مەزهەبیەکان دەدات و بەم شێوە توند وتووڕەییە وە وێنەى سەرکردەو کاریزما ئاینى و مەزهەبیەکان بسووتێنن تا ئێستا 20 کوژراو 150 بریندار هەیە هەرچەندە لە دواى 2003 ەوە وەڵامى خواستى خۆپیشاندەران نەدراوەتەوە لە عێراقدا بەڵام ئەمجارە ئەگەر بێ وەڵام بێت ئاکامى بۆ فەرمانڕەوایانى عێراق باش نابێت و تەڕو وشک بە یەکەوە دەسووتێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت