عەتا قەرەداخی: نامەیەکی کراوە بۆ بەرپرسی حیزبەکان، پەرلەمان لەمەش سوکتر دەکەن؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەشێکی زۆرى ئێوە لە گەنجیتانەوە خەریکی کارى حیزبی بوون و لە سەنگەرى بەرگریدا بوون و بە باش و بەخراپ ئەگەر لە رووکەشەوە سەیر بکەین لە پێناوى مافەکانی کورددا کۆششتان کردووە. بێگومان کەموکورتی و ناپاکیش هەبووەو شەڕى براکوژیش دیاردەیەکی باو بووە لە ماوەى نزیکەى شەست ساڵی رابردووداو لە ماوەى بیست و حەوت ساڵی رابردووشدا سەربارى دەسەڵاتی خۆماڵی کوردى و فەرمانڕەوایی خۆبەخۆ کە ئەوەش بە هەموو کەموکورتیەکانیەوە هەرگیز بەراورد ناکرێت بە دەسەڵاتی داگیرکەرانی عەرەب و تورک و فارس، بەڵام وڵاتتان بە دەردێکی خراپ بردووەو لە رووى مەعنەویەوە زیاتر کەسێتی کوردیتان بەرەو شکست بردووەو لەبرى رەخساندنی زەمینەى رێنیسانسی نەتەوەى و پرۆژەى سەربەخۆیی و دەوڵەت، مەسەلەى نەتەوایەتیتان تا ئەندازەیەکی زۆر ناشیرین کردووەو ئیرادەى مرۆڤی کوردتان روخاندووە.
دیارە ئەوەش دەزانین کە لە ماوەى ئەم بیست و حەوت ساڵەدا چۆن سامانی کوردستان بە فیڕۆدراوەو چۆن گەندەڵی کەڵبەى لە جەستەى حکومەت گیرکردووەو چۆن حیزب لە پێناوى بەرژەوەندییەکانی خۆیدا دەستی خستووەتە بینەقاقاى حکومەت و وەکو کەلاکێک لە جەستەى حکومەتی روانیووە کە قەلەرەشەکانی حیزب هەریەکەو بەجۆرێک لەو جەستەیە بخۆن کە لە ژیان و خوێنی شەهیدەکان و زەحمەتی جەماوەرى زەحمەتکێش پێکهاتووە. ئاگادارى ئەوەشین کە مەنسوبیەت و مەحسوبیەت چۆن بووە بە هۆى ئەوەى دامودەزگاکانی حکومەت و پەرلەمان بە کادیرى لاوازو نەزان و بێ تواناو نەشارازا و نادڵسۆز و چاوچنۆک و پارەپەرست و تەنانەت کۆنە بەعسی و ئەنفالچی و ناپاک پڕبکرێتەوە. ئاگاداریشین کە چۆن دامەزراوەکانی خێڵ و عەشیرەت و و تیرەو تایەفەو تەریقەت و مەزهەب و تەنانەت ئیسلامی سیاسی توندڕەو لە ئەنجامی سیاسەتی هەڵەو نەبوونی ستراتیژى نەتەوەیی و نیشتیمانی ئێوەدا زیندوبوونەوەو پەرەیان سەند. ئاگاداریشین لە ئەنجامی بەرژەوەندیە حیزبی و کەسی و بنەماڵەییەکانتاندا چۆن هەرلایەکتان بوونەتە پاشکۆى یەکێک لە داگیرکەرەکان و ئەوەش وایکردووە کوردستان ببێتە جێی تەراتێنی دەوڵەتانی دەوروبەر.
من دەزانم کورد بە بێ دەوڵەت ناتوانێت پەیوەندى هاوسەنگ لەگەڵ دراوسێکانیدا درووست بکات، بەڵام ئەگەر ئێوە یەکگرتوو بوونایەو وەکو نوێنەرى نەتەوەیەک و یەک حکومەت مامەڵەتان بکردایە، ئەوا بارودۆخەکە بەوجۆرە نەدەبوو.
بەهەرحاڵ ژماردنی کەموکورتیەکان بێ کۆتاییەو کە سەیرى کارکردنی هەمووتان دەکەین خەریکە وامان لێبێت بڵێین کورد لە مێژوودا هەروەکو ئێوەى کردووە بۆیە وەکو گەوەرەتیرن پێکهاتەى بێ شوناس و بێ دەوڵەت ماوەتەوە. ئەمەوێ تەنیا سەرنجتان بۆ ئەوە رابکێشم ئایا بەراستی ئێوە بڕواتان بە پەرلەمان هەیە؟ ئەگەر بڕواتان پێی هەیە، بۆچی خۆتان بۆ ئەو دامەزراوەیە ناپاڵێون؟ بۆچی وەکو دامەزراوەیەک بۆ کۆکردنەوەى کەس و کارو دڵسۆزەکانتان مامەڵەى لەگەڵ دەکەن. تەنیا سەرنجێک لەو ناوانە بدەن کە لە هەڵبژاردنی پێشووى کوردستان و عێراق و هەڵبژاردنی ئەمجارەى عێراق و کوردستاندا پاڵاوتوتانن و لە پەرلەمانی پێشووى عێراق و کوردستانیشادا بوون بە ئەندام.
لە هەڵبژاردنی یەکەمی کوردستاندا کە لە شاخەوە هاتبوون و بەواتا هەڵگرى تەواوەتی عەقڵ و کەلتوورى شاخ بوون و شارەزایتان تەنیا لە بەرێوەبردنی مەڵبەندو لق و تیپ و لقی پێشمەرگەو کەرت و ناوچەو مەفرەزەو پەلدا هەبوو، زۆرینەى ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتیەکانتان بۆ پەرلەمان پاڵاوت، کە حکومەتیش درووستبوو وەزارەت و پلە باڵاکانی حکومەتتان لە مەکتەبی سیاسی و تاکەتاکەى سەرکردایەتی پێکهێنا. نوخبەیەک لە کەسی دیارو ناسراوى دۆست و لایەنگرانی حیزبەکانتان کرد بە ئەندام پەرلەمان. بۆ هەڵبژاردنی دووەم هێشتا لیستەکانی هەڵبژاردن قورسیەکیان هەبوو. لە هەڵبژاردنی 2009 دا، دەرگا بۆ بێژەرو رۆژنامەنووس و گەنجی بێتواناو کەم ئەزموون کرایەوە تا بگەنە پەرلەمان. لە هەلبژاردنی 2013دا ئەو دەرگایە زیاتر کرایەوەو بینیمان پەرلەمانی کوردستان چەند بێ شەخسیەت و لاواز بوو. بێ ئەزموونی و لاوازى و بەجاشبوونی بەشێک لە ئەندام پەرلەمانە کوردەکانیشمان لەبەغدا بینی. بەڵام گوناهبارى یەکەم ئێوەى بەرپرسای حیزبەکانن کە ئەم نموونانەتان کردووە بە نوێنەر چ لە پەرلەمانی کوردستان و چ لە پەرلەمانی عێراق. ئێستاش لیستی پاڵێوراوەکان بڵاوکراوەتەوە.. کە مرۆڤ سەیرى دەکات بێ ئومێد دەبێت و لەخۆى دەپرسێت ئایا بەراستی کۆمەڵگەى کوردى ئەوەندە وەجاخ کوێرو بێبەرهەمە. من وەکو رووى ئینسانی رێزم بۆ هەموو پاڵێوراوەکان هەیە و رەنگە زۆرینەیان مرۆڤی باش بن، بەڵام مەسەلەى نوێنەرایەتیکردنی خەڵک شتێکی ترەو پەیوەندى بە تواناو پێگەو کەسێتیەوە هەیە.
ئایا ئەم ناوانە دەتوانن بەرپرسیارێتی نوێنەرایەتیکردنی دەزگاى یاسادانان و چاودێریکردنی حکومەت بگرنە ئەستۆ؟ ئایا بۆچی لە ناو هەموو لیستەکانی کوردستاندا تاکە یەک ئەندام مەکتەب سیاسی حیزبێکی تێدا نیە؟ ئایا ئێوە بڕواتان بە پەرلەمان نیە بۆیە کادیرەکانی سەرەوەتانی بۆ ناپاڵێون؟ کەواتە بۆچی ئەم دەزگایە داناخەن و بۆ ئەوەى ئەو هەموو پارەیەش لە داهاتی گشتی بۆ دەزگایەک خەرج نەکرێت کە بەرپرسانی سەرەوەى حیزبەکانتان ئامادە نین کارى تێدا بکەن؟ بەراستی کە سەیرى ناوى پاڵێوراوەکان دەکەیت لە ریزى ناوى ئەو خوێندکارانە دەچێت کە ساڵانە لە ناوەندى تۆمارى وەزارەتی خوێندنی باڵاوە بۆ کولێژو پەیمانگاکان دەردەچێت. دەگەڕێیت بۆ ئەوەى منداڵەکەى خۆت یان برازاو خوشکەزاو منداڵی هاوڕێکەت بدۆزیتەوەو هەر ئەوانەشی لێدەناسیت.. ئەمانیش بەوجۆرە نەناسراون..
ئافەرین بۆ حیزبی کوردى، لە سەردەمی پاشایەتیدا ئەمین زەکی بەگ و مەسعود محەمەد ئەندامی پەرلەمانی عێراق بوون و ئیبراهیم ئەحمەد و شێخ مارف یەرزنجی پاڵوراو بوون.. دواى حەفتا ساڵ سەیرى نوێنەرەکانی کورد بکەن لە پەرلەمانی عێراق و لە پەرلەمانی کوردستان. ئەگەر واقیعی بین بە داخێکی زۆرەوە دەبێ دان بەوەدا بنێین کە مەجلیسە تەشریعیە کارتۆنیەکەى کە بەعس بە ناوى ئەنجومەنی یاسادانانی ئۆتۆنۆمیەوە درووستی کردبوو لەم لیستانەى ئێستاى حیزبە کوردیەکان بۆ پەرلەمان کوردستان بەهێزتر بوو.. عەلادین سەجادى و شاکیر فەتاح و چەندانی تر ئەندامی ئەو ئەنجومەنە بوون.. پێمبڵێن لەم پەرلەمانەى کە هێشتا بەردەوامە و لەم لیستانەى کە ئێستا پاڵێوراون لەگەڵ رێزم بۆ هەموویان لە رووى ئینسانیەوە چەند عەلادین سەجادى و شاکیر فەتاحیان تێدایە؟ دیسان ئەوەش گوناهی نە ئەندام پەرلەمانەکانەو نە گوناهی پاڵێوراوەکانی ئێستایە، بەڵکو گوناهی کەسی یەکەمی حیزبەکان و مەکتەبی سیاسیەکانیانە. مەبەستی من لەم قسانە خوانەخواستە سوکایەتی کردن نیە بە هیچ ئەندام پەرلەمان و پاڵێوراوێک، بەڵکو مەبەستم لە تێڕوانینی هەڵەو ئاواژووى حیزبەکانی کوردستانە بۆ رۆڵی پەرلەمان کە ئەوان ئەم دامەزراوە بە سووک و بێ بەها سەیر دەکەن و تەنیا بۆ ناو دەیانەوێت. ئەمە بێجگە لەوەى لە رێگاى ئەم دامەزراوەوە بەشێک لە کادیرەکانیان دەوڵەمەند دەکەن چ بە ئەندام پەرلەمان و چ بە راوێژکار.
ئێستا پرسیار ئەوەیە ئەگەر ئەم حیزبانەى کوردستان بڕوایان بە سیستێمی پەرلەمانی هەبوایە لە کوردستاندا، ئەوا باشترین کادیرەکانی پێشەوەى خۆیان و نوخبەیەک لە هەڵبژاردەى خاوەن لێهاتوویی بوارە جۆراوجۆرەکانیان دەناردە ناو پەرلەمان و پەرلەمانیان دەکرد بەو دامەزراوەى کە نوێنەرایەتی راستەقینەى گەل بکات، نەک پەرلەمان ببێت بە جێگاى کەسانێکی بێ ئەزموون و نەشارەزا کە بڵندگۆى بەرژەوەندى ئەو کەسانەبن کە پشتگیریانکردوون تا ببنە ئەندام پەرلەمان. بەڵێ ئەندام پەرلەمانی لاواز و ئەڵقەلەگوێی حیزب، پەرلەمان دەکاتە جێگاى ململانێی نامەشروعی حیزبی و رەوایەتی بە کارە نادرووستەکانی حیزب دەدات. هەروەک ئەم شێوە کارکردنەو ئەم جۆرە مامەڵەکردنە لەگەڵ پەرلەمان و هەڵبژاردن ئەوە دەردەخات کە بەرپرسانی سەرەوەى حیزبەکان دەزانن گەندەڵی و کارە نادرووست و ناجۆرەکانیان گەیاندونیەتیە ئاستێک کە متمانەى خەڵکیان دۆڕاندووەو ناوێرن خۆیان بپاڵێون چونکە زۆرینەیان دڵنیان کە بەشی ئەوە دەنگ ناهێنن بچنە پەرلەمان. دیارە هۆکارێکی تریش هەیە زۆرینەى بەرپرسان بە پلەى باڵا خانەنشین بوون هەرچەند زۆریشیان لەو پلەو پێگانەدا کاریان نەکردووە کە پێی خانەنشین بوون، بۆیە ئیتر پێویستیان بەوە نیە بە دواى ئەندام پەرلەمانێتیدا بڕۆن. سەرئەنجام بەم شێوە مامەڵەیەى کە کۆى حیزب و لایەنەکان لەگەڵ هەڵبژاردن و پاڵاوتنی نوێنەرەکانیاندا دەیکەن، دەردەکەوێت کە جار لە دواى جا پێگەى پەرلەمانی کوردستان بچوکترو نزمتر دەکرێتەوەو دەکرێتە دەزگایەک ئەگەر کەسێک شەرمی بەخۆى بێت لە رووى نەیەت خۆى بۆ بپاڵێوێت، یان ببێتە ئەندام پەرلەمان. کەواتە بەرپرسی یەکەم لە سووککردنی پەرلەمان و گاڵتەکردن بە هەڵبژاردن کە بەردى بناغە دیموکراسیە، حیزبەکانی کوردستان و بەرپرسانی یەکەم و مەکتەب سیاسیەکانیانن. بۆیە بۆ ئەوەى ئەم دامەزراوە لەمە سوکتر نەبێت و سوکایەتی بە دەنگدان و بە دەنگی خەڵک نەکرێت، باشتر وایە دەرگاى ئەم دامەزراوە قوفڵ بدرێت و چیتر خەڵک بە کارێکەوە سەرقاڵ نەکرێت کە ناوى هەڵبژاردنە، چونکە پەرلەمانی لەم شێوەیە پێویستی بەوە نیە هەڵبژاردنی بۆ بکرێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت