بەهرۆز جەعفەر: ئێ بە دکتۆر بەرهەم بڵێن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەقایەتەکان هەقە وەک خۆی بێلایەنانە بگێڕدرێنەوە، لێرەدا وەک ئاگاداری چەند ڕووداوێک ئەوەتان بۆ ئەگێڕمەوە کە ئایا دکتۆر بەرهەم داوای کردووە بگەرێتەوە ناو یەکێتی نیشتیمانی کوردستان یان ئەوە یەکێتیە هەوڵ ئەدات دکتۆر بەرهەم بگەڕێتەوە، ئەوە پارتی و لایەنە عێراقیەکانن بۆ تێپەڕاندنی گرفتەکانی هەردوولا خوازیارن بەرهەم ساڵح لە شانۆی سیاسیی عێراق دا ڕۆڵ بگێڕێت یان بە تەنها خودی خۆیەتی ئەو حەزەی هەیە، هەڵبەت هیچ سیاسیەک نییە حەز بەدەستەڵات نەکات، ئایا ئەوە ئەمریکیەکانن ئەیانەوێ وەک بەشێک لە پاراستنی باڵانسی هێز ئەو کاراکتەرە ڕۆڵ بگێڕێت یان خۆیەتی، ئەوە ناوەندە ئەکادیمیەکانن لەو ئەپرسن یان ئەوە ختوکەیان ئەدات؟!.
یەکەم: لە پرسی ڕیفراندۆمدا، چونکە ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم لە ئاستی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی و عێراق دا لەو هەموو ساڵەدا و بەو هەموو ئیمکانیاتەوە هیچی وایان نەکردبو، کە بۆ ڕۆژی ڕەش بە کەڵکیان بێت، بەچەندین شێوە لە ئانی پرس و ڕاوێژەکاندا ئێمەومانانیان ڕائەسپارد بە دکتۆر بەرهەم بڵێین ڕۆڵێکیان لەگەڵ بگێڕێت.
دووەم: دوور لەچاوی کامێراکان یەکێتی ڕوونتریش (ماڵی تاڵەبانی) پانزە ڕۆژ بەر لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری 2018 داوایان کرد کە بەرهەم ساڵح ببێتە سکرتێری گشتی و سەرۆک کۆمارو بگەڕێتەوە ناو یەکێتی، لە بەرخاتری ئەو دروشمانەی بەرهەم ساڵح هەڵی گرتبو، وە هاودیدو هاوکارەکانی، ئەمەی ڕەتکردەوە. جگە لەوەی بەئاشکرا پێشتریش چەندین وەفد سەردانی ماڵی بەرهەم ساڵەح ئەکەن بگەڕێتەوە بۆ ناو یەکێتی، پرسیاری ئەوەی بۆچی پێویستە بەرهەم ساڵح بگەڕێتەوە ناو یەکێتی بەوێدا تێپەڕ ئەبێت ئاخۆ بۆچی بەرهەم ساڵح ناگەڕێتەوە ناو یەکێتی؟!.
سێهەم: تازە دوو مانگێکە یەکێک لە مرۆڤە بەکەڵکەکانی کورد لە سەفەرێکدا بە تۆمەتێکی هەڵەو سادە گیرابو ، هیچ شتێکی ئەوتۆشی لەسەر نەبوو، بەمەرجێ لە حەفتاو هەشتاکاندا ئەو مرۆڤە بە کەڵکەی کورد بە کەڵکی زۆربەی ئەم تێکۆشەرانە هاتووە، هەموو هاوڕێ و عەشیرەتەکەی و بە خۆشمەوە، لەسەر هێڵ بوین، لە دەرگای دەیان بەرپرسی باڵایان دابو، وەڵامەکەی «ئێ بە دکتۆر بەرهەم بڵێن…». پەرلەمانتار هەشت ساڵ لەبەغدا یە ئەڵێ «ئێ بە دکتۆر بەرهەم بڵێن»…کە بە دەستبەسەری ئەیهێننەوە لەگەڵ یەکێک لە کارمەندە کوردەکانی فڕۆکەخانەی بەغدا قسە ئەکەن پێیان ئەڵێ «بەس مەڵێن ئەو وتویەتی ئەم ئیشە چەن قورسیش بێت بە تەلەفۆنێکی دکتۆر بەرهەم حەل ئەبێت»…دیارە جێی خۆشیەتی «سوپاسی دکتۆر دەرباز موحەمەد وەزیری کۆچ وکۆچبەران بکرێت لای خۆیەوە خەمی ئەوەی خوارد» … عەشیرەتێک ئەچن بۆ مەکتەبی سیاسی (ی، ن، ک) پێیان ئەڵێن «ئیستە کاک بەرهەم لە یەکێتی بمایایە باشبو»… ئاخەر وەڵڵا گرفتەکە وا نە بو دەڵاڵێک لە فڕۆکەخانە ئەیتوانی چارەسەری بکات…! تا بو بە نوکتەو دواجار تەکلیفەکەیان هەر بە دکتۆر بەرهەم کرد.
چوارەم: لە کەتنە گەورەکانی وەک 16 ی ئۆکتۆبەریشدا کە ئەزانن ئیشەکە لەدەست دەرچووەو نازانن لە کوێدا بن ئەناتەوە ڕائەکەن بۆ ماڵەکەی دکتۆر بەرهەم.
پێنجەم: وەختێک پێنج لایەنەکە دژی تەزویر یەک ئەگرن، دکتۆر بەرهەم ئەڵێ «پێشمەرگە پێشمەرگەی خۆمانە با دەنگەکانیان نەسوتێنرێ، کەچی بێ شەرمانە دێن پێشمەرگە ئەخەنە سەر جادەوبان هوتاف دژی بەرهەم ساڵەح بکێشێ!؟».
یانی ئەوەندە تیمی دەستەڵات و حیزبەکانی تر لە هەرێم و بەغداو دونیادا کەمزان و لاوازن، تارمایی بەهێزی پەیوەندییە جیهانی و عێراقیەکانی بەرهەم ساڵەح هەمیشە بەسەرسەریانەوەیە.
شەشەم: بەبەراورد بەو گرفتە گەورانەی ئێستا بزوتنەوەی گۆڕان هەیەتی، میدیا هیچی پێ نەوتون و هەرکەس بە هۆکارێ دەمی خۆی نوقاندووە، چەندین جار لەو فیگەرە دیارانە داوایان ئەکرد بە «دکتۆر بەرهەم بڵێین» تا چاوێکی باوکانەی لە بزوتنەوەی گۆڕان بێت، کەچی کاتێ لەبەر مەسەلەی کورد و هەستیاری دۆخی کەرکوک جوڵانەوەکەی بەرهەم ساڵح دەست لەسەر شەکواکان هەڵ ئەگرێ، بۆ یەک خولەک گۆڕان لێ نەگەڕان و لەسەر تەلەفزیۆنەکەیان هێرشیان بۆسەر بەرهەم ساڵح دەست پێکرد!.
ئەوەشی سەیرە، زۆرجار باسی کاراکتەری وەک بەرهەم ساڵح ئەکرێ، سەیری ئێمە ئەکەن، لە کاتێکدا لە ناو ڕەوتەکەی ئەو زاتەو کەسانی دەوروبەری و دۆستەکانی سەدان کەس لە ئێمە نزیکتر هەن، تەنها قەناعەت و زەرورەتی ئێستای قۆناخەکە وا ئەکات ئەو هەقایەتانە وەک خۆی بەیان بکەین.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت