دکتۆر کەمال میراودەلی: گەڕانەوە بۆ خالی سفرلە چوارگۆشەی یەکەمدا. بەشی دووەم.

دیمۆکراسیی و هاونیشتیمانییبوون

( 13 )
بژاردەی دیمۆکراسی قبولکردنی ئەو پرینسیپەیە کە مرۆڤ تەنیا بە نان ناژیات. بەلام بێ نانیش ناژیات.،
بۆیە دیمۆکراسی ژینگەی گەشەکردنی ئینسان و نانە. مرۆڤ و ئابووریی، کۆمەڵ و کار.
نەشونمای مرۆیی و نەشونمای ئابووری شانبەشانی یەک بڕۆن، تێکەڵکیش بن، یەکتر بەهێز بکەن و گوڕی زیاتر بدەن بە یەکتر.
بژاردەی دیمۆکراسی بە زامنکردنی ئازادیی و مافی مرۆڤ دەستپێدەکات.
ئەمەش یەکەمین وەبەرهێنانە لە وزەی مرۆڤ خۆیدا چ ژن چ پیاو.
کە مرۆڤ ئازاد نەبێ، وزەو بەهرە و هێزی کار و ڕەنج و داهێنان و بنیاتنانی ئازاد نابێت.
ناىیتە مرۆڤێکی بەرهەمهێنەر، داهێنەر، ڕێبەر.
بۆیە یەکەمجار دەبێ ماف و ئازادییەکانی مرۆڤی تاک، ژن و پیاو، بە یەکسانیی بە دەستوور زامن بکرێت.
مرۆڤی ئازاد: کۆمەلگای ئازاد ، کۆمەلگای وەبەرهێنەر، کۆمەڵگای داهێنەر، کۆمەڵگای بەختەوەر دروست دەکات.
گەوادەکانی سیاسەت زۆر جار باسی نیشتمانپەروەریی دەکەن.
بۆ نموونە ئێستا گەوادەکانی تائیفیەت و فەسادی موحاصەصەی عێراق بەردەوام باسی فەزای وطنی و حکومەتی وطنی دەکەن؟
وطنی یان نیشتمانپەروەریی چەمکێکی ئایدیۆلۆژیی پڕوپاگەندەیی بۆشە کە گەوادەکانی سیاسەت بەکاری دێنن کاتی کێشیەکیان بۆ دروست دەبێت و خەڵکیان بیر دەکەوێتەوە. دەیانەوێ خەڵکی نارازیی و توورە بە ئاوازی نیشتمانیبوون و نیشتیمانپەروەریی و فەزای وطنی زەینسڕ بکەن.
بەڵام دیمۆکراسی و دەستووری دیمۆکراسی باسی ئایدیۆلۆجی نیشتمانیی و نیشتمان ناکات.
باسی هەلومەرج و ڕێگا و ئامرازی دروستکردنی نیشتیمان دەکات: کە مرۆڤی ئازاد و خاوەن مافە.
باسی هاونیشتیمان و هاونیشتیمانبوون دەکات.

( 14 )
جیاوازی هەیە لە نێوان نیشتیمانیی و هاونیشتیمانی.
لە نیوان وطن و مواطنە
وەتەن دەشێ تەنیا مڵکی گەوادەکانی سیاسەت بێت و وەتەنیەت، وەک دین، ئەو ئایدیۆلۆژییە بۆشە بێت بۆ بە مێگەلکردنی خەڵک بەکاری دێنن، روویەکی ترە بۆ تائیفیەت، حیزبیەت. موحاصەصە.
بەلام هاونیشتیمانیی یانی حەقیقەتی هزریی و کردەوەیی بەشداریکردن لە نیشتیماندا، یانی دیمۆکراتیزەکردنی نیشتمان و بە نیشتمانیکردنی دیمۆکراسیی. بەشداریی لە دەسەلاتدا، لە داهاتدا، لە بەرهەمهێنانی بیریی و ماددیی و ئابوورییدا. لە نەخشەدانان و بڕیارداندا. لە سامانی هاوبەش و مرۆڤایەتی هاوبەشدا.
تەنیا دەستوور بیری نیشتیمان دەکات بە بیری هاونیشتمانبوون، بیری دیمۆکراسی دەکاتە پرۆسە و پراکتیسی بەشداری خەڵک لە دەسەلاتدا پراکتیسی دەسەڵات دەکاتە پەیمان و گڕێبەستی کۆمەلایەتی لە نێوان تاک و کۆمەلدا، لە نێوان حکومەت و خەلکدا، لە نیوان حیزبەکان و یاسا دا.
واتە هەموو شوێنێکمان هەیە لەم نێشتیمانەدا بۆ بە ئازادیی هەناسەدان، بۆ پەیداکردنی نان، بۆ ڕەنج و کار و داهێنان، بۆ پەروەردە و خوێندن و بنیاتنانی بەختەوەریی ژیان، بۆ خۆشەویستیی خەڵک و نیشتیمان.
هاو نیشتیمانیبوون: هەموو تاکێکی نەتەوەپەرست، خێڵەکیی، نیشتیمانپەروەر، تایەفی، حیزبی، چەپ، ڕاست دەکا بە هاونیشتمان، بە مواطن.
بەم جۆرە تاکەکان دەبن بە کۆمەڵ. بە کۆمەلگا، بە کۆمەلگای مەدەنی پارێزراوی دەستوور و حوکمی یاسا و هەموو کەس شوێنی خۆی لە پەیمانی کۆمەڵایەتییدا دەزانێت. و ماف و ئەرکی وەک یەکیان وەک هاونیشتمان دەداتێت. کەس لە سەرووی هاونیشتمانەوە نییە. حیزب، حکومەت، دەسەڵات بۆ برەوپێدان و چەسپاندن و پێشخستنی هاونیشتیمانبوون کار دەکەن نەک بە پێچەوانەوە.

( 15 )
ئازادیی پێش نان دێت.
بژاردەی دیمۆکراسی، دەستووری دیمۆکراسی، بەر لەوەی نان زامن بکات ئازادی مرۆڤ زامن دەکات
بێ ئازادیی مرۆڤ ناتوانێ نان بە دەست ىینێت، کۆمەڵ ناتوانێ نان بە دەست ىینێت.
ژێرخانێکی ئابووریی بەهێز بنیات بنێت.
ئازادیی تاکەکەسیی و کۆمەڵیی لە پێش ئامانجی گەشەسەندنی ئابورییەوە دێت
ئازادیی گەوهەری گەشەکردنی مرۆیی یە،
بە بێ ئازادی بینین ڕێگا نادۆزینەوە، بە بێ ئازادی بیرکردنەوە مرۆڤایەتی خۆمان نادۆزینەوە.
بە بێ گەشەکردنی مرۆیی گەشەسەندنی ئابووریی بەردەوام بەدی نایەت.
بە بێ گەشەسەندنی ئابووری گەشەسەندنی کۆمەڵایەتی و دیمۆکراتی بەدی نایەت.
بەبی گەشەکردنی مرۆیی: پەرەسەندنی سیاسی و کۆمەڵیبوونی دیمۆکراسی و جێگیربوونی هوشیاریی دیمۆکراسی لە ئاستی تاکدا بەدی نایەت.
نەبوونی ئازادیی تاکەسیی، نەبوونی هۆشیاریی دیمۆکراسی دەنگدەران گەورەترین کۆسپە لە بەر دەم گەشەسەندنی سیاسیی و ئابووریدا، لە بەردەم دیمۆکراسی خۆیدا. بۆ ئەوەی دیمۆکراسی ببێتە دەنگ، نەک دەنگدان، دەنگی ئازاد و بڵند و بنیاتنەر، دەىێ هەموو مەرجەکانی دروستکردنی مرۆڤی ئازاد، لە رووی یەکسانی ماف لە پەروەردە و خوێندنی باش، لە گەشەپێدانی بەهرە و هێزی داهێنان هەر لە سەرەتاکانی ژیانەوە، لە خاوەنبەشیی لە سامانی داهات و سەرچاوەکانی وڵاتدا، لە دەرفەتەکانی کار و داهێنان، لە چالاکییە سیاسیی و وەرزشیی و کۆمەلایەتیی و هونەریی و کەلتوورییەکاندا و… هتد، بە دەستوور و یاسای کاریگەر و جێبەجێکراو و چاودێرییکراو، زامن بکرێت.
بەبێ دروستکردنی تاکی هۆشیار لە رووی سیاسییەوە، چالاک لە ڕووی کۆمەلایەتیی و کەلتوورییەوە، بەرهەمهێنەر لە بواری کار و ئابووریی و داهێناندا، بەشدار لە ئاخاوتنی ڕٶشنبیریی و هزریی و سیاسییدا – دیمۆکراسی تەنیا پرۆسەیەکی شکلی دەمێنیتەوە، واتە دیمۆکراسییەکی دەنگدانیی، حیزبی، تایەفیی، مێگەلیی. بەمەش ئامانجی ستراتیجی هاوپرۆسەیی گەشەسەندنی مرۆیی و ئابووریی و سەرکەوتنی خودی پرۆسەی دیمۆکراسی خۆی وەک گەورەترین ئەرکی دامەزراوەییکردنی نەتەوە و نیشتیمان، بەدی نایەت. کەواتە دیمۆکراسیی و گەشەسەندنی مرۆیی و ئابووریی یەک پرۆسەن.

( 16 )
لەم چەند دەیەی دواییدا نزیکەی پەنجا دەولەت لە جیهاندا چوونە پرۆسەی دیمۆکراسییەوە. گەشەسەندنی ئابووری ئەوان زۆر زیاترە لەو کۆمەلگایانەی دیکتاتۆریەت یان دیمۆکراسی ناتەواویان هەیە.
رەنگە هەندێ دەولەتی دیکتاتۆری و سوڵتەویی لە ماوەی کورتخایەندا ئیدارەی فەوقی کاریگەر و ئابووری بەهیزیان هەبێت، بەڵام لەمەودای دووردا بە بی دیمۆکراسی و ئازایی کۆمەڵگایی و تاکەکەسیی، بنیاتە گەوهەرییەکانی گەشەسەندن جێگیر و کارا نابن، هێز وزەکانی گەشەسەندن سست و خاو دەبن و دەوەستن ، یان گەندەڵیی و فەساد لە جەستەیان دەدا و دایاندەوەشێنێت
پێشکەوتنی ئابووریی بە حەتمی پرۆسەی کرانەوەی کۆمەلایەتیی و ئازادبوونی تاک و دیمۆکراسی دروست دەکات. چونکە گەشەسەندنی ئابووریی و پرۆژەکاریی ئابووریی و پێشکەوتنی ئابووری کاریگەر و بەرزبوونەوەی ئاستی ژیان چینی نێوەند دروست دەکات. چینی نێوەند تەنیا بە نان ناژیا، چینی نێوەند ئازادییە دیمۆکراسییەکانی دەوێت تا کۆمەڵگا لە وێنەی خۆی دروست بکات. هونەر و زانست و فەلسەفە و ڕۆژنامەگەریی ئازاد و ئازادیی بیر و جەستەی دەوێت.
بوونی میدیای کۆمەلایەتیی ئینتەرنێتیی و تەقینەوەی شۆڕشی زانیاریی و مەعلوماتیی، ئەو دیوارانەی داخستن و داپڵۆساندنی هەڵتەکاندووە کە دیکتاتۆرەکان بە مۆنۆپۆلیکردنی هەواڵ و بەرهەمی بیریی و زانیاریی، مرۆڤی تاکی تێدا گەمارۆ دابوو.
بۆیە لە وڵاتێکی وەک سەعودییەدا کە دەیان ساڵە سسیستمی کۆیلایەتی تیۆکراتی ئۆتۆکراتی بنەماڵەیی هەیە، چیدی ئایدیۆلۆژیەتی فاشیزمی ئیسلامیی و ئیستیبدادی سیاسیی و بەکارهێنانی پیترۆدۆلار بۆ بەرتیلکاریی کۆمەڵایەتیی و کڕینی بێدەنگیی و ئیتاعەتی خەڵک، کار ناکات.
چینی نێوەند و نەوەی نوێی هوشیار بە شۆڕشی زانیاری، لە نان و دۆلار زیاتری دەوێت، سەرمایەی ئازادکردنی هێز و وزە تاکیی و کۆمەڵییەکانی دەوێت، چ ژن چ پیاو. ڕێگەگرتن لەم ئازادییە تاک و کۆمەڵییانە حەتمەن تەنیا دەوڵەتی فاشیستیی دروست دەکات
لەم زەمانەشدا تاکە چەکیکی ئایدیۆلۆژی کە دەوڵەت و دەەوڵەتۆکەی فاشیست بشێ بەکاری بێنیت ئایدیۆلۆژیای تیۆکراتی دینییە. [یان لە ئاستێکی لاوازتردا ئایدیۆلۆژیای شەعبەویی نەتەوەیی یە.]
تەنیا لە ئێران دەوڵەتی فاشیستی دینیی تیۆکراتی بە شێوەیەکی کاریگەر ئەرکی کۆیلەکردن و داڕزاندنی ئینسانییەتی ئینسانی ماوە. دەوڵەتێک کە ژن لە سەر حیجابنەپۆشیی و گەنج لە سەر سەماکردن و گوێگرتن لە مۆسیقا، بە دڕندەترین شیوە سزا دەدات. سیاسەتی ئیحتیکارکردنی سامان و فەقیرکردن و برسیکردنی خەڵک بۆ لاوازکردن و پەراوێزکردنی چینی نێوەند و سەپاندنی ئایدیۆلۆژییەتی دینیی بەکاردێنێت. بزانن ئێران تووشی چ نەهامەتییەک بووە. بەلام وەک دەبینین ئەمە لە سەعودیە و خەلیج و عێراق لە هەڵوەشاندایە.
لە تونس و مەغریب دا هێزە سیاسییە [ئیسلامییەکان] لە هێزە عەلمانییەکان زیاتر خۆیان وەک هێزێکی مەدەنیی و دیمۆکراتیی نیشان دەدەن. وتاری مەدەنیەت و دیمۆکراسیبوون و دەستووریبوون و مافی مرۆڤ بەکاردێنن و شەرمنانە نەبێت مەرجەعییەت و گوتاری دینیی بەکارناهێنن.
لە ڕێگای دەستوورەوە، هەموو هێزە سایسییەکان، چەپ و راست، عەلمانیی و دینیی، چەمکی هاو-ولاتبوون و کۆمەڵگای مەدەنیی و ئازادیی سیاسیی و پێشکەوتنی ئابووریی و کۆمەڵایەتی و دەستاودەستکردنی ئاشتییانە و دیمۆکراتییانەی دەسەڵات لە ڕیگەی دەنگدانەوە قبوڵ دەکەن و، لەو چوارچێوەیەدا خەباتی سیاسیی و مونافەسەی حیزبیی ئەنجام دەدەن.
تەنانەت دەزگای دینی باڵای [الازهر] لە میسر لە کۆنگرەیەکی جیهانییدا لە میسر لە مانگی مارتدا کە نوێنەری 50 دەوڵەت تێێدا بەشداربوون، بە فەرمی بیرۆکەی هاو-نێشتمان [مواطنە] ی لە جیاتی [اقلیە و اکثریە] وەک پرینسیپیکی دەستووریی ئیسلامیی بڕیاریدا. بەم پێیەی ئەوە پرینسیپێکی دەستوورییە کە پێغەمبەر لە مەدینە بەکاری هێناوە و بریاری یەکسانی داوە لە نێوان مسڵماناندا بێ جیاوازی لە نێوان موهاجیرین و ئەنسار و مسڵمان و جوولەکە و تیرە و تایەفەکان. [شرق الاوسط. ل/8  11- 8- 2018 ].
لە ئاستی جیهانیشدا کۆتایی داعش و نیمچەکۆتایی جەبهەی نوسرە، زەبرێکی کوشندەی کۆتایی لە پرۆژەی فاشیزمی دینیی وەشاند و هەرگیز بەم شێوەیە جاریکی تر هیزیکی فاشیستی تیۆلۆجی دروست نابێتەوە.
هەروەها هێزی دیمۆکراسی بە پاڵپشتی هێزی کاریگەری چینی نێوەند، ڕۆژ بە ڕۆژ لە ڕێگای چەکی دەستوور و لێپرسینەوەی دەستووریی و سەربەخۆیی دادوەرییەوە، زەبری بەهێز لە گەندەڵی و گەندەڵکاران دەوەشێنێت.
سەرۆکوەزیران و سەرۆکانی پێشووی دەولەت لە کۆریای باشور، ئەرجەنیتین، مالیزیا، پاکستان، فلیپین، بە هۆی تومەتی فەساد و دزیی و گەندەلێیەوە گیراون و بە حوکمی دە سال یان زیاتر زیندانییکراون.

( 17 )
گەشەسەندنی ئابووریی بەردەوام چینی نێوەند دروست دەکات
چینی نێوەند لە ژن و پیاو، کچ و کور، بەوە رازی نابن لە پەراوێزی کۆمەڵگایەکی ستەمگەرییدا دا بژین
دەبێ پەنجەرە و دەروازەکان فراوانتر بکرێنەوە. ئازادییە کۆمەڵییەکان بەرینتر بن. دەوری ژن باشتر بناسرێ و کاریگەرتر بێت.
لە لایەکی ترەوە چاوی ئینتەرنێت و میدیای کۆمەڵایەتی لە سەر هەموو کەسێکە دەسەلاتدار و بێدەسەڵات
هیچ دەسەڵاتدار و سەرمایەداریكی گەندەل و گەواد ناتوانێ چیتر دزیی و فزیی و سڕ و تڕەکانی بشاریتەوە.
هەموو جووڵە و چرپەیەکیان چاودێریی کراوە..
گرتن و دادگاییکردن و زیندانیکردنی سەرەکوەزیرانی پێشووی پاکستان نەواز شەریف لە ئەنجامی ئاشکرابوونی دزیی و گەندەلییەکانی لە ڕیگای بلاوبونەوەی راپۆرتەکانی پەنەما لەلایەن ویکیلیکسەوە بوو.
تەنانەت لە خەویشدا چاوی کامیرایان لە سەرە.
بەڵام ئەم گۆڕانە بەردەوام و هێمنانە بەرە و میانڕەویی و ڕەوشی مەدەنیی و موحاسەبە و سزادانە لە ولاتیکدا دەبێت، کە دەستوور فەرماندار بێت، کە دەستوور دیمۆکراسیی بپاریزێت و دیمۆکراسیی دەستوور بپارێزێت، کە جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان هەبێت، کە دادگا و دادوەریی تەواو سەربەخۆ بن ، کە مافیی هاو-وڵاتبوون و یەکسانیی دەرفەت رێگە بە تاک و چینی نێوەند بدات گەشە بکات و قورسایی سیاسیی خۆی لە کۆمەڵدا بسەلمێنێت و، دەنگدەران! واتە جەماوەر هوشیاری سیاسیی بەهێزبێت و کە لە دەستوور لادرا و پەکی خرا یان حیزبیی کرا، شەقام بجولێنێ و گەل بخرۆشێنێ.

ببن بە هاوڕێمان لە نوێترین بەشماندا لە فەیسبوک

وتاری کورد، ڕۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی ئەهلی سەربەخۆ و ئازادە


This will close in 60 seconds