دکتۆر کەمال میراودەلی: گەڕانەوە بۆ خاڵی سفر لە چوارگۆشەی یەکەمدا. بەشی سێیەم.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

دەستوور و نیشتمانسازیی، بەرپرسیی و لێپرسینەوە

( 18 )
ئەوکاتە دەبینە هاونیشتیمان کە هاونیشتتیمانیی دەستووریی بکرێت
ئەو کاتە دەبێنە هاونیشتیمان کە هاونیشتیمانیی دامەزراوەیی/ موئەسسەساتی بکرێت
ئەو کاتە دەبینە هاونیشتیمان کە هاونیشتیمانی یاسایی بکرێت
ناوەرۆکی یاسا داد و یەکسانیی بێت، ئاشتیخوازیی و ئازادیی- یاریی بێت، سەروەریی حوکمی یاسا و دامەزراندنی دادوەریی سەربەخۆ و دادپەروەریی بێت، کردنەوەی دەرگاکانی یەکسانیی دەرفەت و مڵکداریی و کاسبکاریی و پرۆژەسازیی بێت.
بە بێ دەستوور و دامەزراوەکانی هاونیشتمانیبوون دروست نابێ- کەسەکان نابنە هاونیشتمان و بۆ دروستکردنی نیشتیمان و پێشکەوتنی نیشتیمان تێناکۆشن و مونافەسە ناکەن.
بەبێ دەستوور و دامەزراوەکردنی پەرلەمان، ئەوەی پێی دەوترێ پەرلەمان نابێتە دامەزراوەیەکی شەرعیی و لە قۆندەرەخانەی بنەماڵەکانەوە نابێتە نوێنەرگای خەڵک
بە بێ دەستوور دەوڵەتی قانوون و کۆمەڵگای یاساڕەوا و تاکی یاساخواز و کۆمەڵخواز دروست نابێت.

( 19 )
بەڵام هەرچەند جیاوازی نێوان نیشتیمان و هاونیشتیمانییم کرد، دیارە بە بێ نیشتیمانیش نابینە هاونیشتیمان.
دیارە بوونی نیشتیمان بە مانا سیاسییەکەی پێش هاونیشتیمانبوون دێت.
دەبێ یەکەمجار نیشتیمانمان هەبێت، سنوور و دەستووری دیاریکراو و گەلبڕیاردراوی هەبێت.
بناس و ناسنامەی هەبێت، فەلسەفەی نەتەوەیی و ئەخلاقیی هەبێت، دیرۆک و داستانی هەبێت، زمان و زانستی هەبێت، ڕێز و ڕێبازی هەبێت، کەلتوور و کەرامەتی هەبێت، سەدان سەرکردەی جوامێر و بە شەرەف و ڕێبەر و ڕووناکبیر و نووسەر و زانای داهێنەری هەبێت، میدیا و میدیاکاری نەتەوەیی ئازاد و شەرەفمەندی هەبێت، ژێرخانی ئابووریی و تەکنۆلۆجی هەبێت، لەشکرێکی هەبێت کە کەرامەت و ژیان و ئەمان و ئاسایشی یەک بە یەکی هاووڵاتان دەپارێزێت، نەوەیەکی نوێی زانیار و هۆشیاری هەبێت، شوێنێکی یاسایی ناسراوی لە سیستمی جیهانیی و یاساکانی نەتەوە یەکگرتۆکاندا هەبێت، دیپلۆماسییەت و پێوەندیی جیهانیی کارا و کاریگەریی هەبێت.
دەستوور سنوور بۆ نیشتیمان دروست دەکات
دەستوور ناسنامە بۆ نیشتیمان دروست دەکات
دەستوور دەرفەتی یەکسانیی، ئازادیی، داهێنان و ژیانی شەرافەتمەند بۆ ڕۆڵەکانی نیشتیمان دروست دەکات
دەستوور نیشتیمان دروست دەکات
دەستوور نیشتیمان بۆ هاونیشتیمانبوون دروست دەکات،
بە دروستکردنی هاونیشتیمان نیشتیمان دروست دەکات- بە وەی نیشتیمان دەکاتە مڵکی هاونیشتیمان و هاونیشتیمان دەکاتە خاوەنی نیشتیمان.
ئەوسا تەنیا ئەوسا بوونی نیشتیمان شەرعییەتی دەستووریی و حەقیقەتی یاسایی نێونەتەوەیی وەردەگرێت.
واتە دەستوور وەک چۆن زەمینە و هەلومەرج و ئامرازی دروستکردنی هاونیشتیمانە، ئاواش زەمینەو ئامرازی بەهێزی دروستکردنی نیشتیمانە- کە بەبێ نیشتیمان و هاونیشتیمان یش مەحاڵە مەحاڵە قەت قەت دەوڵەت دروست نابێت تەنانەت دەوڵەتۆکەیەکی گەوادستانی بنەماڵەییش.

( 20 )
کەواتە بۆچی دژە دەستوورن، بۆ دەستووریان ناوێت، بۆ 27 ساڵە ڕێگایان لە دەستووری دروستکردنی نیشتیمان و هاونیشتیمان و دامەزراندنی دەوڵەت گرتووە؟
بۆ بێدەستوور و بێ دەرپێ بنحوکم دەکەن؟
ئەمە لەو پرسیارانەیە کە وەڵامەکەیان لە خۆیان دایە
بۆیە دژە دەستوورن:
تا یاسا نەبێت، هیچ دامەزراوەیەک لە ناوی بێ ناوەرۆک زیاتر نەبێت. هیچ ماددە و مەرجەعییەتێکی موحاسەبەکردن نەبێت. هیچ بەهایەک و جوانییەک نەمێنێت. کەرامەتی کەسیی و کۆمەڵیی ژێر پێ بدرێت.
بە کورتی مەیدان بۆ گەواد و گەوادیی حیزبیی چۆل بێت، گەواد بنحوکمیی بکات و گەوادیی تاقە دەستووری وێرانە-ولات بێت: وێران لە عەقلدا، لە ئەخلاقدا، لە قانووندا لە پەروەردە و پێگەیاندندا، لە کار و کاسبییدا، لە ئابووریی کشتوکاڵ و پیشەسازییدا، لە داد و دادوەرییدا، لە سیاسەت و دیپلۆماسییەتدا.
بە تایبەتی بتوانن تا دەتوانن نەوتفرۆشیی و خاکفرۆشیی وخەڵکفرۆشیی و وبازاڕفرۆشیی و خۆفرۆشیی و لەشفرۆشی بە داگیرکەرانی بێگانە بکەن بە بێ ئەوەی هەر فشەباس و هێمایەکی لێپرسینەوە و موحاسەبە هەبێت.
ئەم حەقیقەتەی دەستووری نەنووسراوی گەوادیی: چەندەها جار لە کارەساتەکانی ئاشبەتالاندن و دڕندەگەریی شەڕی ناوخۆیی و هێنانی سوپای داگیرکەران و گەوادیی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بۆ دەزگا ساواکیی و ئیتتیلاعاتی و میتیی و ئەمنیی وئیستیخباراتییەکانی داگیرکەراندا بە شێوەیەکی تراژیدیی خەست خۆی دەرخستووە.
بە ڕووت و قووتی ، لە دیمەنی خوێن و لاشە و قوربانییانی ئەنفالی بەردەوام و برسییکردن و وێرانیی ودەربەدەرکردن و مڵک و مەزرا داگیرکردن و کٶچڕەویی و ژنکوژیی و کچسووتاندن و خۆکوشتن و قەسابخانەی سەر جاددەکان و کوشتن و کوێرکردن لە خەستەخانەکان و بە قۆندەرەکردن و تڕۆکردنی پەرلەماندا، خۆی نواندووە.
جگە لە داڕزاندنی کۆمەلایەتیی و نەتەوەیی بە شێوەیەکی گشتیی.
لە 3 ی ئابدا ئەم گەوادییە مێژوویی یە کەڵەکەبووە بێ موحاسەبە و لێپرسینەوەیە، بوو بە رووداوێکی جیهانیی، بە بازرگانییەکی جیهانی، بە گەوادییەکی جیهانیی: چواریەکی خاکی کوردستان و خەڵکەکەی تەسلیمی دوژمنە مێژوویی و ئەخلاقی و کەلتووریی و عەقایدییەکانی نەتەوەکەمان کرا:
لە ئەنفالێكی تری خۆکرد و گەوادکردا: هەزاران باوک و برای کورد قڕان و زیندەبەچالکران
هەزاران کچ و مناڵی کورد کران بە بازاڕی جیهانی سەبایا و کۆیلەی سێکس لە سەدەی بیست و یەکدا.
هەزاران مناڵ هەتیو و بێ باوک کران.
کۆمەڵگایەکی کوردیی هەرە کۆن ، هەرە ڕەسەن، هەرە پاکترین و پێڕۆزترین، هەرە خۆراگڕ و دوژمنبەزێن و بەشەرەف بە درێژایی مێژووی بەربەرەکانی کورد و کوردستان و بێگانەی داگیرکەری رۆح و خاک و شەرەف –
کەمینی خیانەتی بۆ داندرا و ئەنفال کرا..
گەوادێک نقەی لی نەهات.
گەوادێک موحاسەبە نەکرا.
ئەمەیە کار و ئاکار و ئەنجامی سەرەکی دەسەڵاتی بێ دەستوور و بێ سنوور، بەرپرسیی بێ لێپرسینەوە، خیانەت گەوادیی بێ موحاسەبەکردن.

( 21 )
لە سیستمی دیمۆکراسییدا، بەرپرسیی و لێپرسینەوە دەبێ شانبەشانی یەک بڕۆن
ئەمە جەوهەری سروشتی مرۆڤ و ژیانی مرۆڤە.
مرۆڤ هەر کە لە دایک دەبێت پێویستی بە چاودێریی هەیە:
هەموو چاودێریكیش پێویستی بە چاودێر هەیە بۆ زامنکردنی پاراستن، پێگەیاندن، بەچێگەیاندن و خراپبەکارنەهێنانی دەسەڵات و سوودیخراپ لێوەرنەگرتن و کەتننەکردن لە نەزانییەوە یان بە مەبەست.
هەموو دەسەڵاتێک پێویستی بە دەسەلاتیک هەیە چاودێری بکات بە تایبەتی کە ئەم دەسەلاتە پێوەندی بە ژیان وکەرامەت و پاشەڕۆژی هاوولاتانەوە یان بە سیاسەت و سامان و دارایی و هەموو لایەنێکی بەرژەوەندیی گشتیی و نەتەوەیی یەوە هەبێت.
جیاکردنەوەی دەستووریی دەسەڵاتەکانی یاسادانان و ڕاییکردن و دادوەریی و هاوسەنگکردنیان لەم پرینسیپە فەلسەفییەوە دێت.
بۆ ئەوەی دەسەلات بەرەو ستەمگەریی و کۆمەڵ بەرەو داوەشان نەڕوات.
یاسای ژیان و کۆمەل و ئیدارە و فەرمانڕەوایی ئەوەیە:
بەرپرسیی و لێپرسینەوە دەبێ شانبەشان پێکەوە بڕۆن
بەرپرسیی و لێپرسینەوە / مەسئولیەت و موحاسەبە
Responsibility and Accountability
دەسەلات و موحاسەبەی دەسەڵات
لە هەر شوێنێکدا، دەزگایەکدا، بەرێوەبەرییەکدا، کارێکدا، مەودایەکی دەسەلات وفەرماندارییدا، بەرپرسیی بێ لێپرسینەوە هەبوو، خراپبەکارهێنانی دەسەڵات و گەندەڵیی دروست دەبیت.

( 22 )
یەکێک لە پێوەر و ستانداردە هەرە گرنگەکانی داپەروەریی و دەستپاکیی ئەوەیە کە نابێت
تێکبەندیی یا ناکۆکیی بەرژەوەندیی هەبێت/ تعارض المصالح / کە بە ئینگلیزیی پێی دەوترێت
Conflict of Interest
ئەم پرینسیپە سەلبییە دژی پرینسیپێکی ئیجابیی تری گرنگ دەوەستێ کە بریتییە لە یەکسانیی دەرفەت/
Equality of Opportunity
بۆ نموونە کە وەزیرێک ، بەڕیوەبەرێکی گشتی، کۆمپانیایەک، دائیرەیەک، دە پۆست یان وەزیفە یان کاریان هەبێت بۆ دامەزراندن و بەرپرسیاربن لە دامەزراندنی دە کەس بۆ ئەو پۆست و وەزیفە و کارانە ، گەر هات و کەسوکار یان خزم یان دۆست یان ناسراو یان سەر بە حیزبی خۆیان ، یان هەر جۆرە پێوەندییەکی بەرژەوەندییداریان راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەگەل کەسەکاندا هەبێت، دامەزراند ئەوە بەربەرەکانی و تێکبەندیی بەرژەوەندیی یە و گەندەڵیی و فەسادە و فرامٶشکردن و ژێرپێدانی پرینسیپی دیمۆکراتیی و دادپەروەریی یەکسانیی دەرفەتە.
لە ولاتی دیمۆکراتیی و یاساداردا ئەمە گوناحێکی قورسە و لێپرسینەوەی بۆ دەکرێت.
ئەی بە پێچەوانەوە دەبێ چی بکات؟
گەر ئەو بەرپرسە گەواد و گەندەڵ نەبێت
گەر دڵپاک و دەستپاک بێت
گەر لێهاتوویی بۆ بەرپرسییەکەی هەبێت
گەر هەستی مرۆڤایەتیی و ویژدانی زیندووی هەبیت
گەر ئەو ڕۆشنبیریی و عەقلانییەتەی هەبێت کە گەندەڵیی زیان بە هەموو کۆمەڵ دەگەیەنێت
گەر خوێندەوار بێت و ڕٶشنبیرییەکی دیمۆکراتی هەبێت
گەر خاوەن ئەخلاق و کەرامەت بێت و مانای داد و داپەروەریی بزانێت
گەر خۆشی بە لێهاتوویی و بەهرە و توانا و هەقی خۆی ئەو پۆست و پلەی وەرگرتبێت
گەر نەبووبێت بە گەوادی حیزب
دەبێت ڕێکاری [یەکسانی دەرفەت] دابەزێنێ و جێبەجێی بکات.
ئەمە یانی چی؟
1- لەپێشەوە ئەو پۆست و وەزیفە و کارانە دەبێ بەشێک بن لە نەخشەی گەشەسەندنی ئابووریی و کۆمەڵیی و مرۆیی یان پێویستی بوونیان لە ئەنجامی دیراساتی بابەتیی یان فاکتەری بازاڕ و پێویستی کڕیار و بەکاربەرەوە هاتبێت
2- واتە بە پێچەوانەی گەوادیی حیزبیی نابێت کار بۆ شەخس [ بۆ مەبەستی خزمخزمێنە و مەحسوبییەت و موحاصەصە و سەربەسەرەی حیزبیی] بدۆزرێتەوە، بەلکو پرینسیپی کەسی قنج و پێویست بۆ کاری قنج و پێویست بەکار بیت [نان بۆ نانەوا و گۆشت بۆ قەساب].
3- ئەوسا ئەو پۆستە بە وردیی وەسف دەکرێت: کار و ئەرکەکان چین، دەبی چۆن ئەنجامبدرێن، ئاکام و ئەنجام و بەرهەمەکان چ بن. کار و ئەرکەکان پێوسیتییان بە چ لێهاتوویی یەک، بەهرە و توانایەک، ئەزموون و فێربوونێک، کەسێتیی و ئەخلاقێک، شەهادە و پلەی خوێندنیک، زمانزانیی و تەکنۆلۆجیزانیی و میکانیزمێک هەیە.
4- ئەمانە دەکرێن بە مەرج بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت یان بە خۆیاندا ڕادەپەرموون ئەو وەزیفە و کارانە بە گرێبەست وەرگرن.
5- ئەوسا کارەکان لە میدیاکانی دەزگاکە و لە میدیای نێشتیمانییدا رادەگەیەندرێن و داوا لە داواکاران دەکرێت فۆرمی تایبەتی بۆ ئەو مەبەستە پڕ بکەنەوە. ئەوسا لێژنەیەکی پسپۆری بێلایەن بۆ چاوپێکەوتن و شۆرتلیستکردن و هەڵبژاردنی کەسی گونجاو بۆ کاری گونجاو دروست دەکرێت.
6- ئەو لیژنەیە دەبێ هیچ کەسیان هیج گومانێکی تێکبەندیی و ناکۆکی بەرژەوەندییان لە سەر نەبێت و دەبیت بە نووسراو ئیمزای بکەن کە هیچ بەرژەوەندییەکی خێزانیی یان ناسیاویی یان بازرگانیی یان سیاسیی لەگەل داواکارەکان کۆیان ناکاتەوە. تەنیا و تەنیا لە سەر بنەمای مەرجەکانی لێهاتوویی و توانست و زانایی پۆستەکان پڕ دەکەنەوە.
ئەمە پرۆسە و میکانیزمێکی قورس نییە، بەڵام بنەمایەکی گرنگی داد و یەکسانیی و شەفافییەت و بەرتواناکردنی پێشکەوتنی مرۆیی و گەشەسەندنی ئابووریی وڵاتە. هۆکارێکی گرنگی تەشەنەکردنی گەندەڵیی لە جومگەکانی دەوڵەتدا ژێرپێدانی پرینسیپی یەکسانی دەرفەت و کەسی قنج بۆم کاری قنجە.

( 23 )
بەرپرسیی و لێپرسینەوە، مەسئولیەت و موحاسەبە – دووانەی میکانیزمی ئیدارەی دیمۆکراسین.
بەرپرسێک، مەسئولێک. حیزبیی یان هی تر، گەر بزانێ هیچ لێپرسینەوەیەک لە ئەرک و ئەدای بەرپرسیارییەتەکەی نییە، گەر لە ماوەی 24 سەعاتدا نەبیتە گەندەڵ، ئەوا حەتمەن لە ماوەی 24 ڕۆژدا دەبێتە گەندەل.
ئەوسا کە زانی هەر هیچ لێپرسینەوەیەک لە دزیی وگەندەڵیی و خراپبەکارهینانی دەسەڵاتەکانییدا نییە، ئەوا ئەگەر لە ماوەی 24 ڕۆژی تردا نەبێتە گەواد ئەوا بە دلنیایی یەوە لە ماوەی 24 مانگدا دەبێتە گەواد.
تەشەنەکردنی کوشندەی گەندەڵیی لە باشووردا و پەڕەسەندنی بۆ ئاستی گەوادیی لە هەموو بوارەکاندا: گەوادیی حیزبیی، گەوادیی ئیداریی، گەوادیی میدیایی، گەوادیی ڕٶشنبیریی، گەوادیی دینیی، گەوادیی خیانەتی نەتەوەیی..، هۆکاری یەکەم و دووەم و دەیەم نەبوونی لێپرسینەوە یە.
بەرپرسیی و لێپرسینەوە پێکەوە ناڕۆن.
گەورە ئاو دەڕێژێ و گچکە پێی تێدەخات.