دکتۆر کەمال میراودەلی: گەڕانەوە بۆ خاڵی سفر لە چوارگۆشەی یەکەمدا. بەشی چوارەم.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

عەقڵی سفر [1]

( 1 )
خانی نەمر لە سەدەی حەڤدەهەم و حاجی نەمر لە سەدەی نۆزدەیەمدا لەگەڵ زۆر حەقیقەتی هۆکاری دواکەوتوویی و بێدەوڵەتی کورد، هۆکاری [بێدەفتەریی] واتە نەنووسینەوەی مێژوو، نەپاراستنی میراتی نەتەوەیی بە تۆمارکردن و بە کتێبکردنی و هێشتنەوەی بۆ نەوەکان، فێربوونی [دەفتەرییانە] لە ئەزموونەکانی ڕابردوو، نەپاراستن و پیرۆزکردنی بەرهەمی شاعیرانی گەورەی کورد، بە گەورەترین هۆکاری کوێربوونەوەی بەرهەمی بیریی و ئەدەبیی و شارستانیی کورد و ونبوونی بناس و ناسنامەی نەتەوەیی و دروستنەبوونی تەوژم و تاوی کەڵەکەبوونی ئەزموونی عەقڵیی و فێربوون لە مێژوو و دروستنەبوونی دەوڵەت و دەسەڵاتی نەتەوەیی دەزانن.

( 2 )
کورد نەگەیوەتە ئەو ئاستە تا ئێستاش کە بڵێین عەقڵی سیاسیی هەیە، عەقڵیکی سیاسیی کە لەگەڵ مێژوو گەورە دەبێت، بەردەوام هاوڕێیەتی قۆناغەکانی مێژوویی و رووداوەکان و گۆڕانەکانی دەکا و لە هەموو ئەزموونێک وانەیەکی عەقڵیی گرنگ فێر دەبێت و لە هەموو خەسارێک و دۆڕانیک عەقڵێکی کامڵتر کەڵەکە دەکات و لە هەموو سەرکەوتنێک تەکانێک بۆ پێشەوە دەدات.
عەقڵی کوردیی تا ئێستاش [عەقڵی خێڵەکی بیدائی ئێستایی] یە، عەقڵی ژێر کاری غەریزە و عاتیفەی راگوزەر لە لایەکەوە و، عەقلی چاوی کورتبین و خۆشباوەڕ لە لایەکی ترەوە. عەقڵی نان ئەو نانە ئەمڕۆ لە خوانە، ئەوەی ڕۆی ڕۆی، عەقڵێکی بەفیڕۆدەری بیرسڕی لە بیربەرەوەی گەمژە و ساوێلکەیە.
بۆیە لە مێژووی کورد و کەلتووری کورد و فەرهەنگی کوردا، عەقڵی کەڵەکەبوو، [ تراکمی]، و گەنجینە و زەخیرەی عەقڵیی بوونی نییە. عەقڵێکی خڕبۆوەی فرەلایەنیی چەندیی دەوڵەمەند بە ئەزموونمان نییە، کە ناو بە ناو یان قۆناغ بە قۆناغ بازدانێک و گۆڕانێکی چەشنیی [نەوعیی] بەرەو باشتر و کامڵتر تۆمار بکات. لە بەر ئەوە هەر بزوتنەوەیەکی کورد، گەر بشێ ئەم ناوە هەLبگرێت، سەر لە نوێ لە سفرەوە دەستپیدەکاتەوە هەر وەک بڵێی بزوتنەوەکانی پێشوو هەر نەبووبن یان کورد مێژووی هەر نەبووبێت. گەر پێوەندییەک هەبیت دووبارەکردنەوەی هەڵە و تاوانەکانە بە شێوەیەکی کوشندەتر.
هەر لە بەر ئەمەش [عەقڵێکی بۆشە و جەوهەریی نییە] لە ڕوانگەی ناسنامەی نەتەوەییەوە، هیچ جەوهەر و ڕەگەزو خەسڵەتێکی نەتەوەیی هەڵنەگرتووە. ئامادەیی زۆر و خێرای هەیە [بۆشایی] خۆی بە هەرهات و هوت و هەڵڕژاوێکی [بیری بێگانە] بە تایبەتی هی [ئەوی دی]، هی ئەوانەی کە گوایە بە دوژمن و ناکۆکیی سەرەکیی خۆی دەزانیت پڕ بکاتەوە و بۆ زیان و زیاتر بۆشکردنی بناس و کەسێتی نەتەوەیی خۆی پڕ بکاتەوە.
بیری مارکسی [یان فشەمارکسی] ،کە حیزبی شیوعیی و هەندێ گوایە نوخبەی کورد لە سەدەی رابردوودا هەڵی گرتبوو، مافی دەوڵەت و کۆلۆنیالکردنی بە داگیرکەرارنی خاکەکەی خۆی [ تورک و عەرەب و فارس] دەدا، بەڵام بە زۆری دەزانی خۆی بە نەتەوە بزانێت و داوای مافی دەوڵەت بکات. لەم سەدەیەشدا بلاوبوونەوەی بیری ئیسلامی سیاسیی لەلایەن هەندێ گرۆی وابەستە بەداگیرکەرانەوە، کەمترین سیمای نەتەوایەتی نەبوو. بەڵکو لە سەر بنەمای خۆ بۆشکردن، ڕۆحفرۆشتن، خۆفرۆشتن، خۆڕووتکردنەوەو خۆدامالێن و خۆبەخشیی بە کەلتووری داگیرکەر و وەرگرتنی ناو و ناسنامە و پرۆژەی خۆسڕینەوەی داگیرکەر بە ناوی دینەوە، دامەزرابوو، بە کورتی گۆڕینی دین بوو بە گەوادیی دینیی بۆ سڕینەوەی خود و سەپاندنی سەلەفیەتی کۆیلایەتی کۆنەپەرستیی ژەهراوی داگیرکەر بە سەر نەوەی نوێی سەدەی بیست و یەکدا، کە ئەمەش کارەساتی گەورەی لێکەوتەوە و لێدەکەوێتەوە.
ئەو چەمک و بیرە گوایە مۆدێرنیستانەی کە هەندێ سادە نووسەر و رۆژنامەکاری کوردیش لە سەرەتای سالەکانی ئەم سەدەوە هەڵیان گرتووە، هەم شیواندنێکی جاهیلانەی ڕاستیی و بناسی ئەو بیرە رۆژاواییانەیە، هەم بەکارهێنانێکی ڕووکەشیی زڕ و بێبەرهەم و لاوەکیی و بێ ئامانجە کە هیچ پرۆژەیەکی هزریی لێ دروست نەبووە و نابێت.
ئەمەش وەک وتم لە بەر ئەوەیە کە عەقڵێکی خڕ بۆوە، گەنجینەیەكی عەقڵیی بە دەفتەرکراومان نییە کە هەم ئەزموونی مێژوویی خۆیی هەڵگرتبێت هەم لە پەرەسەندنەکان و پێشکەوتنەکانی جیهانیی فێر بوو بێت و بتوانێ زانینی هەمیشە پێشکەوتووی سەردەم، بە مێشک و زار و زمان و گەدەی خۆی هەرس بکات و بە عەقل و بیرکرنەوەی خۆی سسیتماتیکی بکات و لە ڕوانگەیەکی فەلسەفیی شیکاریی ڕەخنەیی یەوە، بۆ بەرژەوەندی سەربەخۆیی و پێشکەوتنی شارستانیی نەتەوەیی خۆی بەرکاریی بکات.
نەبوونی تەنانەت فەرهەنگی زمان، ئینسکلۆپیدیا، مێژووی نەتەوە، نووسینەوە و پاراستن و شیکاری فەلسەفیی و ڕەخنەیی میراتی دەوڵەمەندی پەندی پێشینان، فۆلکلۆر، واری نەتەوەیی، ئەدەب و بەرهەمی شاعیرانی مەزنی کلاسیکی و ڕۆمانسیی و نوێ، پشتگوێخستنی بەهرەی هونەریی و شانۆیی و سینەمایی بەهرەدارانی کورد، شارەزانەکردنی نەوەکان بە مێژوو و شارستانی و میراتی کەلتووریی و بیریی خۆیان، هەمووی نیشانەی ئەو تەنگژەی نەبوونی عەقڵی سیاسیی نەتەوەیی و پرۆژەیەکی نەتەوەیی یە کە بنەماکانی عەقڵ و بیر و بەرنامەی زانستیی بن.
عەقڵی سیاسیی سفری ئەوەی بە ناهەق پێی دەوترێ بزوتنەوەی کوردیی، هۆکاری سەرەکیی ئەم بۆشایی یە عەقڵیی و تەنگژە کەلتووریی و دارزانە سیاسیی یەیە.