دکتۆر کەمال میراودەلی: گەڕانەوە بۆ خاڵی سفر لە چوارگۆشەی یەکەمدا. بەشی شەشەم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دەستوور یەک عەقڵ و سەد دەستت دەداتێ

( 1 )
دەستوور یەک عەقڵ و سەد دەستت دەداتێ بۆ بنیاتنان، بۆ بە دەوڵەتبوون، بۆ نیشتیمانسازیی و هاونیشتیمانبوون
پێشتر لە کتێىێکدا بە ناوی دەستوور، دەسەلات، دەولەت، روونم کردەوە کە دەستوور وشەیەکی کوردییە لە دەست – و دەستەوەرەوە هاتووە؛
دەست + وەر وەک بەهرەوەر، هونەروەر]
هەروەها زەردەشتییەکان لە کۆنەوە بە هەندێ ڕێوڕەسمی ئایینی خۆیان دەلین دەستوور
واتە لە ناو و سیمانتیک و مێژووی بەکارهێنانیدا دەستوور لە فەرهەنگ و بیری کوردییدا، نامۆ نییە.

(2 )
دەستەوەر: مانای بوون بە خاوەن دەست.
بوون بە خاوەن دەست بە مانا عەقڵییەکەی، ئەندامییەکەی، قانوونییەکەی، ئەخلاقییەکەی، ئامرازییەکەی، بنیاتییەکەی، دامەزراوەییەکەی
بە مانا عەقڵییەکەی دەدستوور دەربڕی ئیرادەی عەقڵیی و خواستی عەقلانیی نەتەوەیە بۆ خۆناسین، ئازادیی مرۆڤەکانی، ناساندنی نێشتیمانەکەی و دەستنیشانکردنی سنوور و سیستم و سیماکانی
بە مانا ئەندامییەکەی وەک چۆن سەر بۆ جەستە پێویستە، دەستوور ئاوا بۆ نیشتیمان پێویستە. دەستێکی دەسەلاتدار کە بە بنسازییەکی ئەندامیی بە سەرێکی عاقڵ و خاوەن وخواستی ئازاد ەوە بەسترابێت.
بە مانا قانوونییەکەی وەک چۆن هەموو بیرەکان لە سەرەوە. لە عەقلەوە دێن، رێکخستنی بیرەکان و سیستماتیککردنیان لە کۆبەندێکی قانوونیدا لە دەستەبەرکردنی تیئۆریی و پراکتیسی دەستوورەوە دێت، دەستوور دایک و سەرچاوە و مەرجەعی یاساکانە، سیستمی قانوونی وەک جۆگاکانی ئاوەدانکردنەوە و زەمینەسازیی، لە سەرچاوە دەستوورییەکەوە هەڵدەڕژێن.
بە مانا ئەخلاقییەکەی، عەقڵ و ئەخلاق وەک کانت ڕوونی کردۆتەوە، هاو بەندن. کەسیكی عەقل سفر و ناعەقلانیی ناتوانێت کەسێكی خاوەن ئەخلاق بێت. هەمان شت دەربارەی سیستمی دەولەت و حوکمرانی، نەبوونی دەستوور سڕینەوەی عەقل و ئەخلاق و سەروەرییکردنی گەوادی یە.
بە مانا ئەمرازییکەی دەستوور هەم سەرچاوەیەکی تێۆریی یە، هەم ئامرازی بنیاتسازی قانوونەکان و چارەسەری کێشە و تەنگژەکان بە ئامراز و میکانیزمی قانوونی گونجاوە بۆ هەموو لایەن و گۆشەیەکی ژیانی میللەت لە رووی مافی ئازادیی و یەکسانییەوە، گواستنەوەی دیمۆکراسیی وپاراستن و کاراکردنی پرینسیپە دیمۆکراسییەکان، دادپەروەریی و دروستکردنی ژینگەی ئازاد و ئامان بۆ گەشەسەندنی ئابووریی، نەشونمای مرۆیی و پێشکەوتنی ڕۆشنبیریی و زانستیی و تەکنۆلۆجی
بە مانا بنیاتییەکەی، دەستوور بە حوکمی ئامادەکردن و سەروەرییکردن و کاراکردنی عەقڵ و ئیرادە و قانوون، سسیتمی دەولەتبوون دامەزراوەیی دەکا و ئەو پایە و بنەمایانە دەچەسپێنێت کە دەمێنن و لەگەڵ گۆڕانەکانی ڕٶژگار هارمۆنیی و هاوساز دەبن و پەڕەدەسێنن
مانای دامەزراوەیی و دامەزرێنەریی دەستوور لە هەموو ئەوانەی سەرەوە دێت.
هەموو بەش و ماددەیەکی دەستوور، حوکمی عەقڵ و هیزی قانوون و خواستی نەتەوەیە بۆ بنیاتنان، سازان، دامەزران،
بۆ کۆمەلسازیی، نیشتیمانسازیی، مرۆڤسازیی، دەوڵەتسازیی.
بۆ بەرپاکردنی ئەزموونی بژاردەی دیمۆکراسیی، ئازادی تاکەکەس، ئاشتی کۆمەلایەتی و پرۆسەی نەشونمای ئابووریی و مرۆیی.
بۆ چوونە ناو جیهانی سەردەمەوە، بە بیر و خواستی خەڵکی خۆت و خەونی نەوەکانیەوە.

( 3 )
بۆچی دەستوور بۆ دەوڵەتسازیی گرنگییەکی جەوهەرییە؟
چونکە پرۆسەی دەستوور و دەستووراندن و بزاڤی دەستووریزم لە ئەوروپادا لەگەڵ پرۆسەی دروستکردنی دەوڵەتی نەتەوەیی نوێ یەک پرۆسەن.
بەبێ دەستوور مەحاڵ بوو دەولەتە نەتەوەییە نوێکان دروستبن، مەحڵ بوو دامەزراوە دەوڵەتییەکان دامەزرێن، مەحال بوو پرینسیپە گرنگەکانی لیبرالیزم و سنووردانان بۆ دەسەلات و سوڵتەویەت و سوڵتانییەتی دەسەلاتی تیۆکراتی دینیی و حوکمی ئەرستۆکراتی ئۆتۆکراتی ببنە بنەمای یاسایی دامەزراندنی دەولەتی نوێ، دەولەتێک کە بۆرژوا شوێنێکی یاساییی بۆ خۆی تێدا بکاتەوە، پرۆسەیەک دابمەزرێنێ کە بواری گەشەپێدانی خەون و ئاواتەکانی بۆ دنیایەکی نوێ بدات دوور لە ستەمگەریی دینیی، چەوساندنەوەی چینایەتیی و کۆیلایەتی کۆمەلایەتیی و مۆنۆپۆلی سیاسیی و ئابووریی..
بەڵی دەستوور بەم مانایە لەگەڵ سیاسەت و گەشەکردنی هێزە سیاسیەکانی کۆمەڵ بەتایبەتی چینی نێوەند، هاوبەند و هاوڕێن.
دەستوور ئەنجامی خەباتی سیاسیی و دیمۆکراتیی یە، ئەنجامی بەربەرەکانی چینایەتی سەختە، ئەنجامی گەشەسەندنی بۆرژوا وسەربژێری [نوخبەی] ڕۆشنبیرە . ئەنجامی گەشەسەندنی عەقڵی سیاسیی و عەقڵانییەتی کۆمەلایەتیی و حوکمی عەقڵە بەرامبەر حوکمی ستەمگەری تیۆکراتی یان دیندەسەڵاتیی. ئەنجامی بلاوبوونەوەی فەلسەفە و بیری فەلسەفییە.
دەستوور دابەزاندن و دابەشکردنەوەی دەسەلاتە لە شەخسی ئۆتۆکراتی، بنەماڵەی ستەمگەر و تاوانکارەوە ، بوهێزە سیاسییە گەشەسەندووە هاوسەنگەکان.
لە گەوادی موقەددەسەوە، بۆ عەقڵی موسەییەس [سیاسییکراو].

( 4 )
بیرۆکەی دانانی چوارچێوەیەکی قانوونی بۆ دەسەلاتی سایسیی لەگەل دروستبوونی دەولەتی نەتەوەیی لە سەدەی شازدەدا هاتە کایەوە: کە نیشانەی کۆتاییهێنان بە هەژموونی دین و حوکمی تاکەکەسیی و بە دامەزراوەییکردنی دەسەلات بوو .
دەستوورەوانە سەرەتاییەکان لە فەرەنسادا خۆیان بەو ئەرکەوە سەرقال کردبوو: جۆن سنوور بۆ دەسەلاتی ئیستیبداددی سیاسسی ئۆتۆکراتی دابنێن، چۆن دەسەلات لە [شەخس] ەوە بگوازنەوە بۆ ادمەزراوەکان/موئەسسەسات، چۆن دەسەلاتەکان جیا بکرێنەوە، دامەزراوەیی بکرێن، چاودێری بکرێن. چۆن ئەوە زامن بکرێت کە سنوورەکان نابەزێندرێن و ستەمگەریی دینیی و سیاسیی سەرهەڵنادەنەوە و بەهێز نابنەوە؟
بۆ زامنکردنی ئەمانە دەستوورە سەرەتاییەکان بە پلەی یەکەم گرنگ بە جیاکردنەوە و سنووردارکردنی دەسەلاتەکان دەدەن. واتە زیاتر دەستوورێکی شکلێن بۆ بە سیستمکردنی دەولەت و سنووردارکردنی دەوری کەسان [پاپا، پادشا، بنەمالە، چین]
لە بەرئەوە بە[ دەستووری کلاسیکی فۆرمالی ڕەق] وەسف دەکرێن چونکە جەخت لە سەر ئەوە دەکەن دەستوور سەروەریی هەیە، یاسای یاساکانە و ماددەکانی جیاکردنەوەی دەسەلاتەکان شایانی پێداچوونەوە و گۆڕین نییە.
لە بەر ئەوەی دەستووراندن تەنیا لەگەڵ دەوڵەتی نوێی مۆدێرن دەرکەوت، بزوتنەوەی دەستووریزم لە سەدەی نۆزدەیەمدا وەک ئامرازیک و هۆکارێک بۆ سنووردارکردنی دەسەلاتی سوڵتەی سیاسیی بەکاری دێنا، بەو پێیەی کە دەسەلاتی سوڵتەویی دژ بە ئازادیی یە، لە بەرئەوە تاقە چارە و ڕیگایەک ئەوەیە دەسەلات بە دەستوورێکەوە ببەسترێتەوە کە دەسەلاتەکانی سنووردار بکات.
واتە دەستوور هەم یاسای دەوڵەتە، هەم یاسای سنووردارکردنی دەسەلاتەکانی سوڵتەی سیاسیی یە.
لە بەر ئەوە گرنگترین بنەماکان کە دەستووریزمی ئەورووپیی لە سەدەی نۆزدەیەمدا بە توندی دیفاعی لێدەکرد بریتیبوون لە: پیرۆزیی ئازادییەکانی مرۆڤ کە ئەمە بە لیبرالیزم ناسرابوو، جیاکردنەوەی دەسەلاتەکان، دامەزراندنی دەسەلاتی نیشتیمانیی، نوێنەرایەتیی پەرلەمانیی، یاسانامەی مافەکان و ئازادییەکانی تاکەکەس، و بەستنەوە و سنووردارکردنی دەسەلاتی حکومەت بە قانوون.
ئەمانە ئەو بنەمایانە بوون کە لە دەستوورە سەرەتاییەکانی رۆژاوادا هاتنە ئەنجامدان: دەستووری ویلایەتە یەکگرتۆکانی ئەمریکا 1787، دەستووری پۆلۆنیا 1791، دەستووری فەرەنسا 1791، دەستووری سوێد 1809، نەرویج 1814 ، هۆڵەندا 1815، سوێسرا 1815، بەلچیکا 1831 و دانیمارک 1849.

( 5 )
ئەم دەدستووراندنە و بزووتنەوە و بیری دەستووریزم و لیبرالیزم، خۆیان لە خۆیاندا بوونە سەرچاوەیەکی بەهێزی کەلتووری دەستووریزم و پەروەردەکردنی دیمۆکراتی چین و توێژەکانی خەڵک و بلاوکردنەوەی ڕۆشنبیریی دەستووریی و بیرەکانی لیبرالیزم.
ئەم بنەما دەستوورییانە چوونە ناو پرۆگرامەکانی خوێندنی ئەکادیمییەوە . زانکۆکانی ئەوروپا کەوتنە بەرخوێندنکردنی بابەتی [یاسای دەستووریی] و نموونەی دەستوورنامەکانی ولاتە ئەوروپاییەکان.
گرنگیدان بە بابەتی دەستووریزم لەگەڵ بەهێزبوونی بزاڤی لیبرالیزم بەهێز دەبوو.
یەکەمجار زانکۆکانی ئیتالیا لە ئەوروپادا [ لە سێ زانکۆ دا ] لە سالی 1797 دەستیان بە وتنەوەی وانەی دەستوور کرد، ئەوسا لە فەرەنسا لە زانکۆی پاریس لە 1834 دا، بەلام یەکەم کورسی بۆ وتنەوەی وانەی دەستوور لە فەرەناس لە سەردەمی پاشا لویس فیلیپ بوو لە سالی 1791 دا. بەلام بە هۆی هەلومەرجی سیاسییەوە، لە سالی 1851 ەوە وتنەوەی بابەتی دەستوور لە زانکۆکانی فەڕەنسادا ڕاگیرا هەتا سالی 1878 کە بە شێوەی کۆتایی وەک ماددەی خوێندنی دکتۆرا و ئەوسا پرۆگرامەکانی تری خوێندن بڕیار درا.
خوێندنی دەستووریزم خۆی بوو بە مەیدانی جەنگی نێوان هیزەکانی ستەمگەریی سایسیی و لیبرالیزم.
هیزەکانی ستەمگەری سیاسیی لە زانکۆکانی فەرەنسادا قەدەغەیان دەکرد، لیبرالەکان کە بەهێز دەبوونەوە دەیانگێرایەوە.

( 6 )
ئەم کورتە ئاورادنەوەیە بۆ ئەوەیە جەخت لە سەر ئەوە بکەین کە دەستوور و دەولەتسازیی و ئازادیی یەک پرۆسەی سیاسیین کە لە بەربەرەکانی مێژوویی نیوان هێزەکانی ستەمگەریی و چەوساندنەوە و کۆیلایەتیی و هێزەکانی ئازادیی وبە قانوونکردنی ماف و ئازادییەکانی خەلكدا، خۆی دەردەخات.
واتە خەبات بۆ دەستووری دیمۆکراتی بەشێکە لە خەباتی سیاسیی هیزە کۆمەڵیی و سیاسییەکانی نەتەوە بۆ ئازادیی و سەروەریی یاسا و سنووردانان بۆ دەسەلاتی ستەمگەریی و خۆشکردنی بوارەکانی ژیان و دەرفەتی یەکسان بۆ پێشکەوتنی ئابووریی و نەشونمای مرۆڤیی و دروستکردنی دەوڵەتی نیشتمانیی دیمۆکراتی دەستووریی خاوەن سەروەریی و حکومەتی نوێنەرایەتی پەرلەمانیی بەرپرس و لێپرسراوە بە ماددە و مەرجەعییەتی دەستووریی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت