ئیسماعیل شاکر: کەمینە و زورینە.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ڕێژەی کەمینەکانی عێراق بەکەمینە هەمیشەییەکان مەحکومن و، نە سونەو نەکورد مەحاڵە ببن بەزورینە لەعێراق. ئەگەر هەڵبژاردن لە ڕووی کردارییەوە هەنگاوێکی دیموکراسی بێت، ئەوا لەوڵاتێکی وەک عێراق و هاوشێوەکانی، ئەوا شیعە بە حوکمی زۆرینە هەمیشە چەمکی دەسەڵات دەگرێت بەدەستەوەو زۆر ئەگەریش هەیە لەهەر گۆڕانکارییەکی سیاسی دا مافەکانی کەمینە بکەوێتە ژێر پرسیارەوەو، لەبەر ئەوەی پێکهاتەی عێراق پێکهاتەیەکی بنەمایەی و دامەزراوەیی نییەو ئاستی هۆشیاری لە دەڵەمەیی دایەو، نە گەیشتۆتە ئەو ئاستەی لەئەگەرەکاندا ڕووبەرووی لاڕێی سیاسی نەبێتەوە، هەر ئەمەشە ترسی شەپۆلی زوڵم و زۆر و چەوسانەوە جێگای ئارامی و پێکەوە ژیان دەگرێتەوە.
هەر چەندە لەدوای ساڵی 2003 وە لە عێراق دا هەڵبژاردن و دەستاودەستکردنی دەسەڵات لەکاتی خوی دا دەکرێت، بەڵام گەڕانەوە بۆ شێوازی سازان یان تەوافقی زورینە لەگەڵ کەمینەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت زور گرنگە و، پەراوێزکردنی کەمینەکان ڕێگا خوشکەر دەبێت بو گەڕانەوەی عراق بو سیستمی دیکتاتوری و قبول نەکردنی پلوڕالیزم (فرەدەنگی).
لێرەدا ڕوڵی فەتوای دینی و مەرجەعی شیعی دێتە ئاراوە وەک چون لە پێکهێنانی حکومەتە ڕابردوەکان ڕوڵی سەرەکی یان هەبو، ڕێککەوتنی لایەنە سیاسیەکانی عراق لەسەر پێکهێنانی حکومەت یان هەر بڕیارەکی چارەنوسساز پەیوەندی بە دووری و نزیکی لایەنەکانەوە هەیە لە ئەمریکاو ئیران.

تموحە ناوچەییەکانی ئێران، کە ئێستا داوای ماڵی شیعی دەکات لە بەحڕەینەوە تا لوبنان لەسەر شێوەی مانگی شیعی بەردەوامەو.  تورکیاش لەولاوە، کە خاوەنی مەدی سونی یە و بەشێک لە عەرەبی سونی و تورکمانی خستۆتە ناو ئەم هاوکێشەیەوەو، هەردوولا هۆکارن بۆ ململانییەکی نادیار، بەو هۆیەوە عێراق لەبەردەم ئارامیەکی ناجێگیردایەو، وەک چون دوو سێ ڕوژ پێش ئێستا سەرکونسولی تورکیا لە کەرکوک ڕایگەیاند: ئێرە خاکی بابو باپیرانمانە و، ئەوە جگە لەوەی ئەو وڵاتە سوورە لەسەر ئەوەی ویلایەتی موسڵ بە نەخشە جوگرافییەکەی بە بەشێک لە وڵاتی تورکیا دەزانێت و جارجارە بۆ مزایەدەی سیاسی ئەم باسە دێنێتە پێسەوە.

ئێستا کورد دەبێت چی بکات بەتایبەتی دوای ئەوەی لایەنە هەرێمایەتی و نێو دەوڵەتیەکان دژی ئەنجامدانی ڕیفڕاندوم بون و، پشتگیری یەکپارچەیی خاکی عراقیان دەکرد و دەرئەنجامەکانی 16 ئوکتوبری لێکەوتەوە، کە بەزیانی گەورەی کورد بوو. دەبێت کورد لە کۆمەڵێک هەنگاودا کە لەوەو پێش ناویەتی پاشەکشێ بکات و بیر لە پڕۆژەیەکی نوێ بکاتەوە تا  لەگەڵ لایەنە شیعیەکاندا کە ئێستا لە دەسەڵاتن، بۆ ئەوەی مافەکانی کورد لە چێوەی عێراقدا بە ناجێگیری نەمێنێتەوە.
دوستایەتی کورد و شیعە لەسەر خاڵی مافی چارەی خۆنوسین کوتایی هات و، پێویستە کورد بەهەمو لایەنەکانەوە بە یەکگرتویی بچێتە بەغداو،  ئەگەر دەسکەوتیش زیاتریش بەدەست نەیەت، ئەوا دەتوانرێت سنورێک بو زیاتر لاوازکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان دابنێت، چونکە ناو ماڵی شیعە لە ئێستادا پەرتەوازەترە لە ناو ماڵی کورد.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت