دکتۆر کەمال میراودەلی: گەرانەوە بۆ خالی سفر لە چوارگۆشەی یەکەمدا. بەشی هەشتەم.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

عەقڵ و دین (1) دینی ڕێوی و ڕێوییەکانی دین

(1)
گەر ئاستی هەرە سەرەتایی و ژینیاریی عەقل، جووڵە و هەڵسوکەوتی [عەقلانی] بێت تا ئەو ئاستەی هەر زیندەوەریک دەتوانێ هەلومەرجی ژیان و مانەوەی بزانێ و بە جۆری جووڵە و رەفتار بکات، خۆی و نەوەکەی بپارێزێت و ژینگەیەکی ئامان و دوور لە هەڕەشەی ڕاستەوخۆ، بۆ خۆی هەڵبژێرێت- ئەوا هەموو زیندەوەرێک کەم یان زۆر عەقڵدارە، کە دەتوانین پێی بڵیین عەقلی غەریزەیی. یان غەریزەی عەقڵیی، کە ئەمە زۆر لە خاسێتیی زیرەکیی زیاترە کە هەندێ زیندەوەری پێ وەسف دەکرێ.
لە دەوروبەری ماڵەکەم زۆر جار چەند رێوییەک دەبینم. لە زستاناندا نازانم دەچنە چ کونێکەوە یان بۆ کوێ دەچن، لە سەرەتای بەهاردا بەدەردەکەونەوە. بە هێمنیی لە جاددەکان دەپەڕنەوە، بە نێو مال و باخەکاندا دێن و دەچن و بێچووەکانیشیان دەردەکەون. کە بیانەوێ بە خێرایی ون دەبنەوە. هەندێ جار کە تووشت دێن، دەوەستن و ماوەیەکی زۆر کەم بە چاوە پڕ لە سۆزەکانیان لێت دەڕوانن، هەندێ جاریش بە لاتدا تێدەپەڕن بێ ئەوەی تێت بگەیەنن کە دەزانن کە هەیت. زۆر جار یەکجار لەڕ و برسیی و داماو دیارن بەلام نەبەزیون، هەندێ جاریش زۆر گەش وگەمەخوازن.
چۆن و لە کوێ توانستی مانەوەیان وەردەگرن؟ نازانم.
ئەو ڕێوییە چی لە مرۆڤ جیایە؟
وەک مرۆڤ هەمان کۆبەندی ژینۆی [جین] هەیە، لە ئەنجامی نیکاحدا لە سکی مێیینەدا دروست دەبێ، شیردەر و شیرخۆرە، مناڵدارو مناڵبەخێوکەرە، ژیانی کۆمەڵایەتیی جوانیان هەیە،لە دەست و شاردا دەتوانی بژی، لە نەژادی سەگە کە بە دۆستی بە وەفای مرۆڤ ناسراوە. تا بڵێی دڵیان بە ژیان خٶشە و وەک هەر مرۆڤێک یان زیندەیەک لە مردن دەترسن و خۆی لێدەپارێزن.

(2)
دەربارەی چۆنیتیی ژیانی ڕێوی سوور، سایتێکی زانستیی ئەم زانیاریانە دەدات.
ئەم سوورەڕێوییانە لە بەرەبابی سەگن، لە نیوەی باکووری گۆی زەمین دەژین.
لە کەژ و هەوای قوتبی باکوورەوە، تا کەژ و هەوای شیوە ئیستیوایی کەنداوی مەکسیک، لە دەشتایی گژو گیای کورتەبالای چینەوە، تا دەریای رۆژهەلاتی نێوەندی خۆرین- لە عەوداڵی ژینگەی لەبار دان. گەرچی سوورەڕێوی لە هەلومەرجی زۆر سەختدا ناتوانیت بژی، لە هەر شوێنێک گڵی لێ بێت بتوانێ کونە لانەیەک هەلکەنێ و نێچیری دەستبکەوێ، دەبینرێ. کێشی لە نێوان 4 تا 11 کیلۆیە. زیندەوەرێکی جەستە جوانی جووڵە شیرینە، تا بڵیی چوست و چالاکە، ڕەنگە لە شارانیش نزیک مالی هەر کەسێک هەبن و خۆیان حەشار دابێت بەلام نایانبینین، چونکە لە کاتێکدا ئەوان بەخەبەرن. ئێمە خەوتووین، شەو رۆژی ڕەنج و خەباتی ئەوانە.
سوورەڕێوی بێچووەکانی بە یاریکردن و گەمە و وازیی پەروەردە دەکا و ڕادەهێنێ. لە سەرەتای بەهاردا لە بن لقەدارێکی ئەستووری بەربۆوەدا، لە ڕۆخی کەنارێک، یان تەنانەت لە سەر تۆپکی گردۆڵەیەکی گڵنەرم، کولانەیەک هەڵدەکەنێ، دایک و بێچووەکان بە یەکەوە شوێنی کولانە یان خانەکەیان دەپشکنن، هەموویان بە خێرایی دەبنە شارەزای فرەکونهەڵکەن وزۆر چال هەڵدەکەنن ، لە ماوەیەکی کەمدا، ماڵەڕێوی بە زۆر تونێلە کونی نوێ و گڵی نەرم ئاوەدان دەبێتەوە.
لە کاتێکدا دایکیان بۆ ڕاودەچێت، بەچەکان زۆربەی کات لە بن خاک کاتیان بە سەر دەبەن. لە جیهانی زەمینی سەرەوە دەترسن. بەلام کە گەورە دەبن بەرە بەرە باوەڕیان بە خۆیان زیاد دەکات، ئەمجار کاتیان لە سەر زەمین نزیک لە کولانەکانیانەوە بە هەڵتروشکان و راکشان و هەڵپەڕین و داپەڕین بەسەردەبەن، بە تایبەتی کە خۆر و گەرمەتاو بێت.
ئامانجێکی تری یارییکردن لە دەوروبەری کونەکانیان پشکنینی سروشتی رووی خاکەکە و دامەزراندنی دەسەڵاتی خۆیانە لە رێگای زۆرانبازیی و ددانکردنەوە.
کە بێچووەکان گەورە دەبن ، زیاتر و زیاتر یاری خەتەربازیی خۆیان بۆ چیمەنەگیاکان و دارستانەکانی دوورتر و دوورتر دەبەن و لە سەلامەتیی و ئامانی تونێڵە کونەکانیان دوور دەکەونەوە. کونەڕێوییەکانیان دەکەنە دایەنگە کە هەر یەکێک نزیکەی پێنج بەچکەڕێوی بەخۆدەگرێ کە بە یاریی و زۆرانبازیی خۆڵەپەتێ هەموو شتێ بە سەریەکدا دەدەن.
بۆ ئەوەی ددانیان بێت و بەهێز بێت چرۆی دارەکان دەکرۆژن، پاشماوەی لاشەی تەیر و کەروێشکی بە خۆڵداپۆشراو ڕادەکێشن، باز دەدەنە سەر یەکتر، تەکان لە یەکتر دەدەن و سەرمەقولاتە دەکەن، بە شێوەیەکی ئەوەندە شیرین و دڵگر کە بە وشە وەسف ناکرێت.
دایکەڕێوی زۆر پەرۆشدار و پارێزەری بەچکەکانێتی، لە سەر کولانەکە دەوەستێ و هەر چوار لای دەپشکنێ بەر لەوەی بەچکەکانی بانگ بکا بۆ دەرەوە. کاتێ بە دەوری کونەکانیاندا پیاسە دەکەن، بێچووەکان لە بەر پێی هەڵبەز و دابەز دەکەن، بۆ سڵاوکردن لە دایکیان لووتیان لە دەمی هەڵدەسوون. دایکیشیان دەبێتە وێنەی سۆز و خۆشەویستیی. زۆر بە ناسکی و مەحیببەتەوە، بۆنیان دەکات، بە تەحەممولێکی بێ پایانەوە چاوەڕێیان دەکات تا دادەسەکنن و ئارام دەگرن.

(3)
کاتێ بەچکەڕێوییەکان گەورە دەبن، بۆ دۆزینەوەی دەور و بەرەکەیان دوور دەڕۆن، بەڵام هەر وەک بە بە فیکەی جادوویەک بزانن کەی دایکیان بۆ دایەنگەکەیان دێتەوە، گەلە ڕێوی لە هەموو لایەکەوە دەردەکەونەوە، بە خێرایی، بۆ بینینی دایکیان بەرە و مالەوەوە دێنەوە، تەپوتۆز لە بن پێیانەوە بەرز دەبێتەوە.
کە تەمەنیان دەگاتە هەشت نۆ حەفتە، هەندی بەچکەڕیوی زۆر لە ڕێوی گەورە دەچن. دوای ماوەیەک ڕێوییەکان لانەکەیان بە جێدێڵن و ئەمجار بەرینایی ژینگەکەیان وەک گرۆی خێزانی دەپشکنن. بەچکەڕیوییەکان زۆر زیرەکن و بە خێرایی کۆمەلە کارامەیی و شارەزاییەک فێر دەبن کە ئازادی تەواویان دەداتێ. کە پایز دادێ، گروپە خێزانەکان هەڵدەوەشێنەوە و گەنجەکان تا بتوانن دوور دەڕۆن تا ژیانی سەربەخۆی خۆیان دەستپێبکەن. زستانێکی درەنگ، بەچکەکان باڵق دەبن و دەستدەکەن بە پێکەوەنانی ژیانی خێزانیی خۆیان.
رێوی توانستی خۆڕاهێنانی لەگەڵ ژینگەکانی و مانەوە زۆرە. لە هەموو هات و چۆیەکیاندا لە ناوچەی بوونیان فێر دەبن. فێرحەزیی [حب الاستطلاع] یەکی زۆر لەگەڵ بەهرەیەکی بەهێز بۆ فێربوون و بیرکردنەوەی نوێ، هیزێکی تەواوکەر بۆ غەریزەی ناوەوەیی مانەوە، لای ڕیوی زیاد دەکەن. ژیانی ڕێوی لە سەر چارەسەری گرفتەکان و نەخشەدانانی ستراتیجی بەندە. لە شارەزابوونی وەستایانەی لە هونەری مانەوەی ڕۆژانە، ڕیوی ڕۆتینی ڕۆژانە دەکاتە بەشێک لە چالاکی دۆزینەوەی خواردن و مسۆگەرکردنی ئاسوودەیی. زۆربەی کات، ناوچەکانی ڕێوی شیوەی زیگزاگییان هەیە ، ڕێچکەی راویی باش ئەزموونکراویان هەیە لەگەڵ لاگرد بۆ خۆ لەبەر هەتاو ڕاخستن و سەرخەو شکاندن، تونێل بۆ هەڵاتن، نوختەی بەرز بۆ چاودێریی، و زۆر عەمباری نهێنیی بۆ داکردنی خواردن بۆ ئایندە.

(4)
ئایا ڕێوی دینیی هەیە؟
گەر دین کۆمەلێ بەها ی پیرۆز و و کار و کردەوەی چاک بن – بەڵێ ڕێوی دینیی هەیە.
دینی ڕێوی بەهای پیرۆزی پاراستن و بەخێوکردن و فێرکردن و سەربەخۆکردنی بێچووەکانێتیی
واتە دینی ڕێوی بەهای پیرۆزی سۆزی دایکایەتییە.
ئەم ڕیوییانە پیرۆزن.
ئەوە عەقڵی خۆچەقکردنی مرۆڤە کە فێل و تەلەکەبازی داوەتە پاڵ ڕێوی
ئەوە ڕێوی کێویی، ڕێوی ڕێویی نییە، کە تەڵەکەباز و فێڵکار و تاوانکارە
ئەوە ڕێویی مرۆڤییە.
بەلی دایکەڕێوی زیندەیەکی پیرۆزە چونکە دایکێکی عاقل و زیرەک و خەمخوار و میهرەبانە.
پیرۆزیی بۆ دایک و دایکێتیی یە، بۆ بیری چاک و وتاری چاک و کرداری جاکە،
بۆ مونافیقی ڕیشبۆگەن و عەقڵبلۆگەنتر نییە.
ڕێوی دڕندە نییە، گورگ دڕندە نییە، مار دڕندە، نییە، شێر و پڵنگ دڕندە نین، حوت و تیمساح دڕندە نین،
لە مێژوودا هیچ دڕندەیەک لە ملیۆندا یەکی مرۆڤ دڕندە نەبووە.
مرۆڤ زیندەیەکە وەک هەموو زیندەیەکی تری خاوەن [زین/جین-جینات]
جیاوازیی مرۆڤ تەنیا لە بیر و زمانەوە دێت
پیرۆزیی هەرە پیرۆزی مرۆڤ و هەموو زیندەوەریک دایکایەتییە
لە دایکایەتییدا، لە خۆشەویستیی و خەم و ئەرک و ئازاری دایکدا وێنەی پیرۆزیی خودایی دەردەکەوێت
بۆیە لە کاتێکدا دایکێک، لە کۆمەلگایەکی ىێداد و زۆرداردا، ناچار دەبێ بۆ بەخێوکردنی مناڵەکانی لەشی خۆی بفرۆشێ، ئەم لەشفرۆشییە لوتکەی پیرۆزیی یە بە پێچەوانەی وەعز و نیفاقی گەوادەکانی دین.
پیرۆزیی هەستی پیرۆزیی جاکەخوازییە لە هەموو کات و سات و هەلومەرجێکدا
زەردەشت دەڵێ: دەشێ گەورەترین کارەساتت بە سەربێ، گەورەترین خەتەرت تووش بێت، دوژمنانت زۆرترین ئازارت بدەن
بەلا،م وەک مرۆڤی بەهمەن [بیرچاک] تۆ لە سەختترین کاتدا ئیرادەی سەربەخۆت هەیە، ئەو توانست و ئیرادەت هەیە خۆت بە بەهمەنییەوە رٶحبەند بکەی، لە سەختترین کاتدا، ڕق و تاوانکاریی و بیربەدیی دوژمنەکانت وەرنەگری و هەمیشە و بۆ هەمیشە: [بیری چاک، وتاری چاک، رەفتار و کرداری جاک] هەلبژێریی.
کە دوژمنەکانت منالەکانیان سەر بڕی، تۆ بۆ تۆڵە بیر لە سەربڕینی منالەکانیان مەکەوە، وتار بۆ سەربڕینی منالەکانیان مەدە، خۆت بە کرداری سەربڕنی منالەکانیان مەکە بە پیسترین، دزێوترین مڕندەترین وەحشی بەشەریی.
هەمیشە ئەو ئیرادەت هەیە و قەت دەستبەرداری بژاردەی عەقڵیی و ڕۆحیی: بیری چاک، وتاری جاک، ڕەفتار و کرداری چاک مەبە.
ئەوە ئیرادە و و بژاردەی بەهمەنیی خۆتە و کەس ناتوانێ رێگەی ئەوەت لێ بگرێت.
پیرۆزیی تەنیا بیری چاک، وتەی چاک، کرداری چاکە
سەکەوتن و پیرۆزیی ڕۆحیی تەنیا: بیری چاک، وتەی چاک، کرداری چاکە
نەک بیری ڕق، وتاری دوژمنایەتی، کرداری وەحشییەتی ئادەمیی
پیرۆزیی هەموو زیندەوەرێک تەنیا و تەنیا لە یەك شتەوە دێت، لە یەک خاسییەت، لە یەک ئەرکی بوونیاریی پیرۆز: سۆز و میهری دایکایەتی
هەر زیندەوەرێک مانای دایکایەتی بزانێ و ئەرکی دایکایەتیی بزانێ: ئەوە پیرۆزە و هیچ کەمییەکی لە هیچ زیندەیەکی تر نییە.
دایاکایەتی بەرجەستەی ڕۆحیی پیرۆزیی بیرکرنەوەی چاک،. وتەی چاک، ڕەفتار و کردرای چاکە.
هەر زیندەوەرێک لە ناو جەستەی خۆیدا بەچکە و نەوەی خۆی دروستکا تا پێیان دەگەیەنێ و دەیانخاتە سەر پێی سەربەخۆبوون لە ئەرکی خۆی دەستبەردار نابێت: پیرۆزە بە هەمان یاسای سروشتیی بوون و مانەوە.
ئەو دایکەڕێوییەی کە بێچووەکانی بەو هەموو زیرەکیی و موحیببەت و تەحەممول و زەحمەتەوە بەخێو دەکا و دەیانپارێزێ هەزار جار پیرۆزترە لەو گەوادە دینییە گڵاوە دڵڕەش و مێشکزبڵ و عەقڵبەردەی بۆ کوشتنی کافران و ئیسلامکردنی مەسیحیان و سەبایاکردنی ئێزیدییان دەشیڕێنی و دەنەڕێنێ.
ئەو عەقڵە غەریزەییەی ڕێوی هەزار جار لەو عەقڵە عەقیدەیی یەی گەوادی دنیا-دینیی پیرۆزترە،
ئەو بۆ پاراستنی ژیانی بەچکەکانی کار دەکا، ئەم بۆ جێنۆسایدی بەچکە و ماڵ و منالی خۆی کە بە ناوی جیهادی نیکاحەوە بە داماویی و بێدیفاعیی تەسلیمی غەزاچییە وەحشییە داعشییەکانیان دەکات.
ئەوە ئایدیۆلۆجییەتی دڕندایەتی خۆپیرۆزکردن و خۆنێوەندکردنیی مرۆڤە کە زیندەوەر [حەیوان] ی کردۆتە [ئەوی دی] خۆپێناسەر و بەرامبەر و وێنەی دژ و دوژمنی خۆی.
واتە مرۆڤ خۆی کردۆتە نێوەندی ژیان و گەردوون. هۆمۆسێنتریک.
بەلام لە مێژووی گەردووندا هیچ زیندەیەک هێندەی مرۆڤ دڕندە نەبووە.
[ بۆیە من لەمەودوا وشەی دڕندە بۆ دڕندەگەریی و خوێنرێژیی و لەشخٶریی بەکار نایەنم” مڕندە ” بەکاردێنم
مڕۆڤ + دڕندە = مڕندە، واتە مرۆڤی دڕندە
لە مێژووی مرۆڤایەتیشیدا هیچ زیندەیەک ، وەک تاک و گرۆ، لە گەوادی دین مونافیقتر و دڕندەتر و خۆکوژتر نەبووە.
بۆیە وشەی “دینمڕندە” بەکاردێنم
دین + مرۆڤ + دڕندە = مرۆڤی دڕندەی دینیی، یان مڕندەی دینیی]