کادیرێکى پێشکەوتوى یەکێتى: کۆبونەوەو ماچوومووچى پارتى و یەکێتى.

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەوەتەى غیابی رەوانشاد مامى گەورەمان و، دەرکەوتنى باڵە زەردەکەى ناو سەرکردایەتی یەکێتى و تەسلیمبونیان بە ئیرادەى سەرانى پارتی و بنەماڵەى بارزانی، لەهەفتەیەکدا چەندین کۆبونەوەى هاوبەش لەنێوان دوو وەفدی سەرکردایەتی پارتی و یەکێتیدا ساز ئەکرێ. بەدەگمەن هەفتەیەک تێئەپەڕێ بەبێ ئەوەى وەفدەکانى پارتی و یەکێتى کۆنەبنەوە، وایلێهاتوە کۆبونەوەکانیان ئەوەندەیتر دەموچاوی ئەندامانی ئەم دوو وەفدەی قێزەونتر کردوە لەبەرچاوی خەلک، چونکە سەرباری ئەو موسەلسەلە تورکییە دوورو درێژەش هێشتا هیچ بەرهەمێکی لێ نەچێنراوە، رەنگە لەم کۆبونەوە هاوبەشانە باسی هەمو شتێک بکەن، هەر لە نەوعی بۆیە رەشەکانی قژو سمێڵیانەوە، تا بازرگانیە هاوبەشەکانیان و، کاری پێکەوییان بۆ لاوازکردنی پێگەى حزبە نەیارەکانیان، بەڵام بۆ پرسە سیاسیە چارەنوسسازەکان تا ئێستا بڕیارێکی هاوبەشی ئەمدوو حزبەمان نەبینی.
چەند مانگێکە ئەم دوو وەفدە نەگۆڕە خەریکی کۆبونەواتن بەمەبەستی خۆ ئامادەکردن بۆ پاکێجێکی هاوبەش بۆ پرسی بەشداریکردنی کورد لە حکومەتى داهاتووى عیراقدا، بەڵام ئەوەى جێی سەرنجو پرسیارێکی گەورەشە، ئایا ئەم سمێل رەشانە توانیوانە بچووکترین هەڵوێستی هاوبەش بنوێنن لەسەر پرسە ناوخۆییەکانی کوردستان پێش ئەوەى بچنە بەغدا بە پاکێجێکی هاوبەشەوە بۆ پتەوکردنی پێگەى کورد ؟!.
سەدان نمونەمان هەیە کە ئەوەندەى ئەم دوو حزبە ریزەکانیان پەرتەوازەیە، ئەوەندە شیعەو سوننەکانی بەغدا پەرتەوازە نین کە سەرباری تێپەڕینی چەند مانگێک بەسەر دوا هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق هێشتا نەیانتوانیوە گەورەترین کوتلە دامەزرێنن بۆ راگەیاندنی حکومەتی داهاتووى عیراق.
باسی جیاوازى هەڵوێستەکانی سەرکردایەتی ئەمدوو حزبە ناکەم لەسەر پرۆسەى ریفراندۆم، دواتریش لەسەر هاتنی هێزەکانی عیراق بۆ کەرکوک، باسی روداوەکانی شەنگال و هەڵوێست لەئیدارەی رۆژئاواو پەکەکەو پەژاکیش ناکەم، تەنها باسی یەک خاڵ ئەکەم کە تا ئێستا ئەم وەفدانەی پارتی و یەکێتی نەیانتوانیوە هەر بۆ داپۆشینی شکستەکانیان چارەسەری بکەن، ئەویش پرسی کەرکوک و پێگەى کوردە لەم شارەی کوردستاندا، سەرباری یەکتربینینی رۆژانەو دەیان کۆبونەوەیان نەیانتوانیوە لەسەر دانانی پارێزگارێکی کورد بۆ ئەم شارە رێکبکەون، تەنانەت ململانێ و ئیبتزازی یەکتریش ئەکەن لەسەر ئەم پۆستە سەرباری ئەوەى هەردوولا مەترسی ئەوەشیان هەیە کەرکوک لەدەست کورد دەربچێ کە ئێستا بەحوکمى ئەوەى پارێزگارەکەى عەرەبە بە فیعلی لەدەست کورد دەرچوەو بەسیاسەتێکی شۆفینیانەی هاوشێوەی سەردەمی رژێمی سەدام بەڕێوە ئەبرێ، بەڵام وەفدەکانی پارتی و یەکێتی پەکیان کەوتوە لەسەر رێکەوتن سەبارەت بەدانانی پارێزگارێکی کورد بۆ ئەم شارە !.
لەپرسی سەرۆکایەتی کۆماری داهاتووی عیراقیشدا وەفدەکان ناتوانن بڕیارێکی کۆتایی بدەن، هەر رۆژەو بە لێدوانیکی دژ بەیەکتر سەرودڵی خەڵکی ئەگرن! لەپرسی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستانیش ناتوانن بگەنە رێکەوتن، بەدەقەو سەعات مێشکی خەڵکیان مژوول کردوەو بەوەى ( ئەکرێ یان ناکرێ ) !. لەپرسی چوونە ناو گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی عیراقیشەوە تا ئێستا خۆیان یەکلایی نەکردۆتەوە !. ئەم پرسانە هەمویان داوەتە دەست قەدەر، کۆبونەوەکانیشان رۆژ بەرۆژ زیاتر ئەکا، بەڵام بەبێ ئەوەى ئەنجامێکی دیاریکراو بدات بەدەستەوە . ئەمەش ئاماژەیەکی روونە لەسەر لاوازی وەفدەکانی هەردوولا کە ناتوانن بڕیاری یەکلاکەرەوە بدەن.
بۆیە زۆر پێویستە ئەو وەفدانەی پارتی و یەکێتی گۆڕانگاریان بەسەرا بێت، با کەسانیتر ببنە ئەندامی وەفدەکان و هەر ئەم دەموچاوانە هاموشۆی هەولێرو سلێمانى نەکەن، چونکە ئەم وەفدانەی ئێستا شکستی تەواویان هێناوە لەچارەسەری کێشەکان و پلاندانان بۆ پرسە چارەنوسسازەکان. عیبرەت لەوەدا نیە رۆژانە لەسەر مێزى یەکتر نانبخۆن و لەبەر چاوی کامیراکان یەکتر ماچبکەن و دەستی یەکتر بگرن بۆ ناو هۆلی کۆبونەوات، بەڵکو عیبرەت لەوەدایە چۆن ئەتوانن یەکڕیزی کورد بپارێزن و بەهاوبەشی حزبەکانی تریش بتوانن هەرێمەکەمان لەم هەموو قەیرانى سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیانە رزگار بکەن ئەمانەش بە بەڵگەوە سەلمێنرا کە بەم دوو وەفدەی ئێستای پارتی و یەکێتی نایەتە دى.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت