بورهان شێخ ڕەئوف: بەسرە دەروازەى تینووى خوارووى عێراق.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

شارى بەسرە ناوەندى پارێزگاى بەسرە کە دووەم گەورە شارى عێراقە ئەگەر جاران مووسڵ بە دووەم گەورە شارى عێراق دەهاتە ژماردن ئێستا دواى کاول وێرانبوونى بەشێکى زۆرى ئەو شارە لە شەڕى داعشدا لە ئێستادا بەسرە بە دووەم گەورە شارى عێراق دێتە هەژماردن لە دواى بەغدادى پایتەخت.
بەسرە لە ئێستادا نەک هەر تاکە دەروازەى دەریایى عێراقە بۆسەر کەنداوى عەرەبى و هەموو دەریاکانى جیهانیش بەڵکو پایتەختى ئابوورى عێراقە و ژمارەى دانیشتووانەکەى نزیکەى سێ ملیۆن کەسە و دەوڵەمەنترین پارێزگاى عێراقە لە بەرهەمهێنانى نەوت و غازى سروشتى کە زۆرترین سەرچاوەو کێڵگەو بیرى نەوت و غازى لێ یە بە ڕادەیەک 59% لە سەدى یەدەکى نەوتى عێراق پێکدەهێنێت لەکۆى 115 ملیار بەرمیل یەدەکى خەمڵێنراوى عێراق.
هەروەها لە ڕێگەى بەندەرەکانى بەسرەوە بەشى زۆربەى هەرەزۆرى نەوتى عێراق هەناردەى دەرەوە و بازاڕەکانى جیهان دەکرێت کە ڕۆژانە نزیکەى( 3.5) سێ ملیۆن و نیو بەرمیلە کە داهاتەکەى 95% لەسەدى بوودجەى گشتى دەوڵەتى عێراق دابین دەکات.
ئەوەى ئاماژەم پێدا بە کورتیەکى زۆر پێگەى ستراتیجى بەسرەیە بۆ عێراق بەگشتى بەڵام با حاڵى ئەو شارە بەیان کەین بۆ تان کە دەبوو ئێستا یەکێک لە جوانترین و ڕازاوەترین شارەکانى جیهان بووایە دەستە خووشکى پاریس و نیویورک و دوبەى و ئەستەنبووڵ و تۆکیو شارە جوانەکانى ترى جیهان بووایە ، بەڵام بە داخەوە پێچەوانەکەى ڕوویداوە ئێستا ئەو شارەو لە چەند ساڵ پێشووتریشەو دەناڵێنێت بە دەست کەمى و نەبوونى زۆرێک لە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانى وەکو ئاوى خواردنەوە کارەبا تەندروستى پەروەردە هاتوچۆ کێشەى نیشتەجێبوون و ئاوەڕۆ و پێویستەکانى ترى ڕۆژانە. هەروەها دانیشتووانەکەى ئەو شارە بە هەژارترین بەشى گەلى عێراق دێنە هەژماردن هەربۆیە لە ساڵى 2010 ەوە جارجارە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتى گەورەو تووڕەییان دەربڕیووە بەرامبەر بەو ژیانە تاڵەى کە تێیدا دەژین بەڵام هیچ ئاکامێکى نەبووە ئەوەى ئەمجارە درێژترین خۆپیشاندان و مانگرتن و ناڕەزایەتیە کەوا زیاتر لە دوو مانگە درێژەى هەیە،
ئەویش بەهۆى کەمئاوىبەرزبوونەوەى سوێرىو ڕادەى خوێ لە ئاوى شەتولعەرەب هەموو ئەو ڕووبارانەى کە دەڕژێنە ناوى بە جۆرێک کە بۆ خواردنەوەو و ئاودێری و کشتوکاڵیش دەستنادات لە هەمانکاتدا نەبوونى سیستەمى ئاوەڕۆى ڕێکخراو بە شێوەیەکى تەندروست ئاوى بەسرە زۆر پیس بووە و واتە ژەهراوى بووە بە شێوەیەک ئامارەکان باسى زۆر حاڵەتى نەخۆشی تووشبوون بە پەتاى سامناک دەکەن لە ڕێگەى کۆئەندانى هەرسەوە کە تائێستا 18 هەزار حاڵەت تۆمار کراوەلە نەخۆشخانەکانیدا.
قەیرانى گەورەى بەسرەو عێراق بە گشتى خۆى لە لاوازى حکومەت و بڵاوبوونەوەى گەندەڵیدا دەبینێتەوە لە ناو کاربەدەستانى پلە باڵاى وڵاتدا کە نە پلان و نە خەمى وڵاتیان نیە بەڵکو سەرگەرمى ژیانى تایبەتى و پلەو پۆست و ئیمتیازات و پاراستنى بەرژەوندییە تایبەتیەکانى خۆیان و حزبەکانیانن ئەگینا چلۆن ساڵانێکە وڵاتانى دراوسێ خەریکى دروست کردنى بەنداو و گۆڕینى ڕێڕەوى ڕووبارەکانن کە دەڕژێنە خاکى عێراقەوە ئەم کارەبە دەستانەى عێراقیش مێشێک میوانیان نیە و بێ دەربەستن.
ئەگەر قەیرانى سوێرى و کەم ئاوى بەسرە بەنمونە وەربگرین سەرچاوەکەى ئەوەیە کە تورکیاو سوریا بەنداوى زۆریان لە سەر هەردوو ڕووبارى دیجلەو فورات بنیاتناوە و ئاوى پێویستى بەشى عێراقیش بەرنادەنەوە و ئێرانیش بە هەمان شێوە بەنداوى زۆرى لەسەر ئەو ڕووبارانە بنیاتناوە کە دەڕژێنە شەتولعەرەب وڕووبار ى دیجلەوە و بگرە ئاوى پیسیش بەردەداتە ناویانەوە کە دەبێتە هۆکارى ژەهراوى بوون و زیاتر سوێر بوونى.
لە کۆتاییدا بۆ هەر کەس و توێژەرێک کە لەم بابەتە هەستیارە بکۆڵێتەوە ئەوەى بۆ دەردەکەوێت کە هەموو حزب و گرووهە تائیفیەکان شکستیان هێناوە لە بەڕیوەبردنى وڵات وتیوەگلاون بە دۆسییەى زەبەلاح و حەیابەرى گەندەڵى دیارترینیان تێوەگلانى پارێزگارى پێشووى بەسرەو سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگاو ئەندامانى ئەنجوومەن و زۆر ى تریش بە گەندەڵى کارگێڕى و مالى و هەروەها هەڵاتنى ئەو پارێزگارە لە ڕێگەى ئێرانەوە و دەربازبوون لە داداگاو جێبەجێ نەکردنى یاساو سەروەر نەبوونى و دەرکردنى یاساى لێبووردنى گشتى و تایبەت بۆ تاوانباران زیاتر ڕێ خۆشگکەرن بۆ ئەنجامدانى گەندەڵى.
لە ئێستاشدا کە عێراق لە دووڕییانێکى سامناکدایە بۆ پێکهێنانى کابینەى نوێ ئەگەر بە هامان ستایڵى پێشوو کە بەشبەشێنەى تائیفى و حزبیە بەردەوام بێت و دەستوور جێبەجێ نەکرێت و پێکهاتەیەک لە هەوڵى سەپاندنى هەژموونى خۆیدا بێت بەسەر پێکهاتەکانى دى ئەواعێراق ناتوانێت وەکو دەوڵەتێکى یەکگرتوو بمێنێتەوە دەبێت بازنەیەکى داخراودا بخولێتەوە و سامان و داهاتى وڵات لە شەڕو گەندەڵیدا خەرج بکرێت و بەسرەو شارەکانى ترى عێراقیش بە تینووێتى و برسێتى بمێنێتەوە و و بگرە ئاوەرەو دەربەدەری زیاترى وڵاتانیش بن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت