مەعروف ڕوسافی: کەسایەتی موحەمەد. بەشی شەشەم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

 

وەرگێڕانی/ عیماد عەلی

قوڕەیش کێیه‌؟
پێشتر گوتمان “ئیمامەکان لە قوڕەیشن”، پێویستە بزانین قوڕەیش کێیه. بۆیە دەڵێین: پێكه‌وه‌به‌ستنی شته‌كان کۆیاندەکاتەوە و دەبێتە بناغه‌یەك بۆیان. دەڵێین ئه‌وە بەیه‌كه‌وەبه‌ستنی خراپەکارییه‌كانه‌، واتە کۆکردنەوەی جۆرەکانی خراپه‌كارییه. بنەچە شتی لێدەبێتەوە، بۆیە ئەگەر بڵێین (فهر) بۆ نموونە بنەچەی قوڕەیشە، واتە قوڕەیش لە فەهرن، ئەوانەی لێیانەوە هاتوون، ئەگەر باووباپیرانیان و منداڵەکانیان لە قوڕەیش نەبن.
ئەگەر ئەمە بزانیت، پێتدەڵێین ناکۆکبوون لە سەر بنەچەی قوڕەیش، لەسەرووی ئەوەوەیه‌، بە کەس ناڵێن قورشی، لە سەر ئەوەیش نەوەستاوم کێ پشتگیریی ئەمە دەکات. خاوەنی (السیرە الحلبیه) دەڵێت: ئەم قسەیەی بۆ هەندێک لە شیعەکان گەڕاندوەتەوە، دەڵێت: ئەمەیش قسەیەکی پووچە، لەبەر ئەوەی ئەم قسەیە لەبەر ئەوە کراوە کە وا پیشانی بدەن ئەبووبەکر و عومەر لە قوڕەیش نین، لەبەر ئەوەی ناگەنە پێغەمبەر لە پاش (قصی) نەبێت، لەبەر ئەوەی ئەبووبەکر لە (مورره)وە دەگاتە پێغەمبەر، تەمیم کوڕی موررە لە پێنج پشتەوە دەگاتەوە ئەبووبەکر، بەڵام عومەر لە کەعبەوە دەگاتەوه‌ به‌ پێغەمبەر و عومەر بە حەوت پشت دەگاتە کەعب،دەرئەنجام ده‌بێت (قصی) بنەچەی قوڕەیش بێت، بەوپێیەی ئەبووبەکر و عومەر لە قوڕەیش نین و مافی ئیمامەتیی گەورەیان نییە کە خیلافەتە، لەبەر ئەوە پێغەمبەرگوتوویەتی ئیمامەکان لە قوڕەیشن و بە قوڕەیشی گوتوە ئێوە لە پێشترن لەم بابەتەدا، ئەگەر عەدالەت نەبن لە سەر حەق نابن، بەڵام لای هەموان فەهر بە بنەچەی قوڕەیش دادەنرێت. زوبێر گوتی: (ابن بكار) بنه‌چه‌ و پشتاوپشتزانەکانی قوڕەیش و خەڵکی تریش لە سەر ئەوە کۆکن کە قوڕەیش لە “فەهر”ەوە هاتوە.فەهر نازناوێکی هەبوو. بەناوی قوڕەیش ناسراوە، ڕاستییەکەی پێچەوانەی ئەوەیە، باوکی بە فەهر ناوی ناوە، بەڵام نازناوەکەی قوڕەیشە، لەبەر ئەوە هاتوە کە قورشی کردوە واتە بەدوای پێداویستیی ئەوانەی پێویستیان بە شت بوە گه‌ڕاوه‌ وهه‌وڵیداوه‌، بۆ ئەوەی بەپارە پێویستییه‌كانیان بۆ په‌یدا بكات و بنەماڵەکەی لە وەرزی حەجدا پێداویستییەکانی خەڵکیان دابینکردوە، بۆیە پێیان گوتراوە قوڕەیشییەکان.
فەهر بنەچەی قوڕەیشە، ئەبوومالیکی باوکی و نەزری باپیری لە قوڕەیش نەبوون، به‌ هیچ کامیان وته‌نانه‌ت منداڵەکانیشیان ناڵێن قوڕەیشی.
ئەوەی ڕاستی بێت، بنەچەی قوڕەیش (النضر بن كنانە)یە، بە هیچ پیاوێک لە سەرووی ئەمەوە ناڵێن قوڕەیشی، فەقیهەکان لە بارەی بنەچەی قوڕەیشەوە دەڵێن: (النضر) ئەم نازناوەی پێی بەخشراوه‌، لەبەر ئەوەی سیمای جوان و ڕێک بوە و ناوی قەیس بوە. بەڵگەیش بۆ ئەمە، فەرموودەیەکی محەمەد لەگەڵ شاندێکی کیندەدا بوە‌، کە لە شەست کەس بوون”هەندێک دەڵێن هەشتا کەس” و (الاشعث بن قیس)یان تێدا بوە، محەمەد داپیرەیەکی لە کیندە بوە کە دەکاتە دایکی داپیری کلاب، (الاشعث) پێی گوتوە، ئەیمحەمەد ئێمە لە کوڕی تاڵخۆرەکانین و تۆیش کوڕی ئەوانیت؛ مەبەستی دایکی کلابی داپیرەی بوە.محەمەدیش دەڵێت: نەخێر، ئێمە لە بەنی نەزری کوڕی کینانەین و پشت بە دایکان نابەستین و لە باوکانمان بنه‌چه‌ و پشت وەردەگرین، واتە خۆمان ناگەڕێنینەوە بۆ دایکان و نەسەبمان بۆ باوکانە، هەروەها دەڵێن ئەشعەس بە پەیامبەری گوتوە: تۆ کوڕی تاڵخۆرەکانی. لەبەر ئەوەی عەباسی کوڕی عەبدولموتەلیبی مامی بازرگان بوە، کە بۆ بازرگانی سەفەریدەکرد و دەڕۆیشتە هەر ناوچەیەکی عەرەب، پرسیاریان لێکردوە: تۆ کێیت؟ گوتوویەتی: من کوڕی زراوخۆرەکانم، تا بە گەورە خۆی نیشان بدات، لەبەر ئەوەی کیندەکان پاشا بوون. بەو قسەیەیەی عەباس: کیندەکان وایان زانیوە قوڕەیش لەوانە، بۆیە ئەشعەس ئەو قسەیەی بە پەیامبەر گوتوە. سیرەی بن هشام پشتگیریی ئه‌م بۆچوونه‌ دەکات، کە ئەشعەس ئەو قسەیەی بە محەمەد گوتوە‌، پێغەمبەر بزەیەکی بۆ کردوە‌ وگوتوویه‌تی: ئەم نەسەبە بۆ عەباسی کوڕی عەبدولموتەلیب و ڕەبیعەی کوڕی حارس بگێڕنەوە، هەردووکیان بازرگان بوون. ئەوەی لە نێو عەرەبدا بڵاوبوە و پرسیاریان لێکراوە کێن،گوتوویانە ئێمە لە تاڵخۆرەکانین وەک سەربەرزییەک لەبەر ئەوەی کیندەکان پاشابوون. ئینجا محەمەد پێی گوتوون نەخێر، بەڵکوو ئێمە لە بەنی نەزرەی کوڕی کینانەین و لە دایکانەوە نەسەب وەرناگرین و پشت لە باوان ناکەین. من وایدەبینم قسەکەی محەمەد پشت لە دایکانەوە وەرناگرن، پشتگیری لەگێڕانەوەی یەکەم دەکات کە ئەشعەس دەڵێت، محەمەد گوتی: تۆ کوڕی زراوخۆرەکانی، نەک لە سەر قسەکانی عەباس، بەڵکوو محەمەد داپیرەیەکی لە کیندەکانە، دەنا ئەوە هیچ نابەخشێت کە بڵێت نەسەب لە دایکانەوە وەرناگرین.
ئەوەی پشتگیری لەوە دەکات کە (النضر) بنەچەی قوڕەیش بێت، لە سەر دەسی واسلە کوڕی ئەسقەع هاتوە، دەڵێت: گوێم لە پەیامبەر بوو گوتی: خودا قوڕەیشی لە کینانه‌وە هێناو بەنی هاشمیش لە قوڕەیش و منیش لە بەنی هاشم. ئەم فەرموودەیە و ئەوەی پێشتر بە ڕاشکاوی پیشانیدەدەن کە (النضر) بنەچەی قوڕەیشن، نەزر و منداڵەکانی و ئەوەی تێکەڵ بوە لەگەڵیاندا، پێیان دەڵێن قوڕەیش، ناکرێت کەس لە محەمەد به‌خۆی باشتر بنه‌چه‌ و نەسەبی خۆی بزانێت.

ئایا محەمەد کەسی بۆ خیلافەت دیاریکرد؟
پێشتر باسی ئەوەمان کرد، کە ئیمامەکان لە قوڕەیش دەبن، گوتمان قوڕەیشییەکان کێن، ئێستایش شایانی ئەوەیە وەڵامی ئەم پرسیارە بە نەخێر بدەینەوە، لەبەر دوو هۆکار. یەکەم: محەمەد فەرمانی پێ کراوە، لە هەموو شتێکدا ڕاوێژ بکات، لە قورئاندا هاتوە: {وشاورهم فی الأمر} واته‌: له‌سه‌ر شته‌كه‌ راوێژیان پێ بكه‌. لە فەرموودەیەکدا لە ئەبووهورەیرەوەگوتوویه‌تی: “هیچ کەسێکم نەبینی لە پێغەمبەر زیاتر ڕاوێژ بەهاوەڵانی بکات. هەروەها عایشەگوتوویەتی: “هیچ پیاوێکم نەبینی لە پەیامبەر زیاتر ڕاوێژ بەپیاوەکانی بکات.” لەمەدا بۆمان دەردەکەوێت بە فەرز و خەمڵاندنیش بێت، ئەگەر بیویستایە یەکێک بۆ ئەم ئەرکە گەورەیە دیاری بکات -واتە خیلافەت- بە ئاشکرا ڕاوێژی بە هاوەڵانیدەکرد، کە لە هەموو بوارێکداڕاوێژی پێ کردوون. ناکرێت تاکڕەوانە و بەڕای خۆی و بێ ڕاوێژکردن كه‌سێكی دیاری کردبێت، بەڵام ئەوەی نەگوتوە و ڕاوێژیشی بە کەس نەکردوە، ئەگەر بیکردایە لە لایەن خەڵکەوە باس ده‌كرا ودەیانگێڕایەوە، لەبەر ئەوەی کارێکی وا گەورە دەخوازێت باس بکرێت و بگوێزرێتەوە بۆ دوای خۆی. ئەمە لە لایەک، لە لایەکی ترەوە محەمەد بەو شێوەیە کاری بکردایە، بنەمای ڕاوێژی وەک سوننەتێک بۆ میللەتەکەی نه‌ده‌كرد بۆ ئەوە لە سەرجەم کارەکانیاندا فێری بن و کاری پێ بکەن، لە قورئاندا دەڵێت: {وأمرهم شوری بینهم} [الشوری: 38] واته‌: به‌راویژ له‌ نێو خۆیاندا ده‌بێت. دیاریکردنی خەلیفە، بێ ڕاوێژ، لەگەڵ ئەوبنەمایەدا ناکۆکە و لەگەڵ تێڕوانینی خۆیشیدا ناکۆکە، وەک لە ڕەفتارەکانیدا دەردەکەوێت، له‌ورده‌كاریی شته‌ گرینگه‌كاندا ڕاوێژی بە هاوەڵانی کردوە. ئەگەر خیلافەتی بۆ قوڕەیش داناوە، بەڵام مافی دەنگدان و ڕاوەرگرتن پارێزراوبوە‌، بە تایبەتی لە کارێکی گەورەی ئاوادا، وەک بنەمایەک پێویستییەکی (شوری)ڕاوێژکردنە بۆ هەر تاکێک. دوەم: دامەزراندن نە لە قورئان و نە لە فەرموودە کاریگەرەکانی محەمەدیشدا هاتوە، کە بەڕاشکاوی باس لەوە بکات، کە کەسێکی بۆ خیلافەتی خۆی دیاریکردبێت.
بەڵێ! ئاماژەی پێداوە و ناڕاستەوخۆ قسەی لە سەر کردوە، بە نهێنی لەگەڵ ژنەکانیدا ئه‌وه‌ی دركاندوە‌، لەوانە؛ لە کاتی نەخۆشی و مردنەکەیدا فەرمانی کرد کە ئەبووبەکر نوێژ بە خەڵک بکات، بەڵام ئەمە بەڵگەی تەواوی ئەوە نییە کە بە خەلیفە دایمەزراندبێت، لەبەر ئەوەی خیلافەت کارێکی گرینگە و دەبێت لێدوانی لە سەر بدات و ڕایبگەیەنێت، ئه‌مه‌یش بە بوونی شایەت ده‌كرێت. باسیان لەوە کردوە‌، کە لە بنیاتنانی مزگەوتەکەی مەدینەدا، ڕیزبەندیی بەردەکانی بەناوی خەلیفەکانی دوای خۆیه‌وه‌ داناوە.
لە سیرەی حەلەبیدا دەڵێت: “کاتێک لە بنیاتنانی مزگەوتەکەدا، بەردێکی دانا و بە ئەبووبەکری گوت لە دوای من بەردەکەت دابنێ، دواتر بە عومەری گوت بەردەکەت لە تەنیشت ئەوەی ئەبووبەکرەوە دابنێ، دواتر بە عوسمانی گوت،بەردەکەت لە تەنیشت عومەرەوە دابنێ، ئینجاگوتوویەتی ئەمانە خەلیفەی پاش منن”. لە گێڕانەوەیەکی تردا دەڵێت: ئەمانە وەلی ئەمری پاش منن. ئەبووزەرعە دەڵێت: ئەم فەرموودەیە خراپ نییە پشتی پێببەسترێت، کە دادوەر دەریهێناوه‌ و چاکسازیی تێداکردوە. ئیبن کەسیر دەڵێت: پشتبه‌ستن به‌م فەرموودەیە زۆر نامۆیە، هەندێکیان دەڵێن ئەم فەرموودەیە لە (صحیح)دا نەهاتوە. بوخاری لە مێژوەکەیدا دەڵێت: ئیبن حەیان بە دوای ئەم فەرموودەیەدا نەچوە، لەبەر ئەوەی عومەر و عوسمان و عەلیگوتوویانە پێغەمبەر کەسی بە خەلیفە دانەناوە. هەندێکیان دەڵێن: خیلافەت لێرەدا مەبەستی خیلافەتی زانست و ڕێنوێنییە. ئیبن حەجەر هەیتەمی دەڵێت: لەو کاتەدا کە بەردەکانیان داناوە لە بنیاتنانی مزگەوتەکەدا، پێغەمبەرگوتوویەتی، ئەمانە خەلیفەی پاش منن. مەبەستی خیلافەتی زانست و ڕێنوێنی بوە، ئەمەیش لە کاتێکدا بوە زۆر زوو بوە بۆ باسکردن لە خیلافەت، کە عادەتەن ئه‌م جۆره‌ باسه‌ لە کاتی نزیکبوونه‌وه‌ لە مردندا دەبێت، هیچ دەقێکی بێ ناکۆکی لەم بارەوە نییە، بەڵام من بێ دوودڵی دەڵێم، ئەم فەرموودەیە دانراوە یان دەستکاریی کراوە، بەزیادکردنی (ئەمانە خەلیفەی منن). زۆر دوورە یان مەحاڵە لە کاتێکدا محەمەد تازە کۆچی کردوە بۆ مەدینە، وای زانیبێت بە کۆچکردنی کارەکەی تەواو بوە، تا چه‌ند کەسێكی وه‌ك خەلیفە بۆ خۆی دیاری کردبێت، نەک یەک خەلیفەیش. کە ئەو نەیزانیوە پاش كۆچكردنی بۆ مه‌دینه‌ له ‌لایه‌ن قه‌ومه‌كه‌یه‌وه‌ ڕووبەڕووی چی دەبێتەوە، جارێك به‌ هێز و توندی بانگەشەی نەکردوە و جارێک سەرکەوتوو نەبوە. ئه‌مه‌ پێکەنیناوییە کە بیر لەوە بکاتەوە، کێ دەبێتە خەلیفەی دوای ئەو.
لە وتە نهێنییەکانی ئەوەی لە سورەتی التحریم دا هاتوە: {وإذ أسر النبی إلی بعض أزواجه حدیثا} [التحریم: 3].واته‌: پێغه‌مبه‌ر قسه‌ی نهێنیی لای هه‌ندێك له‌ ژنه‌كانی دركاند. شیکه‌ره‌وان دەڵێن: ئەوەی لە (ازواجه) مەبەستە حەفسەیە، کە لە فەرموودەیەکدا، ماریەی لە خۆی حەرام کرد و خیلافەتی بۆ ئەبووبەکر و عومەر داناوە، لەبەر ئەوەی لە ڕۆژی عایشەدا چوەتە لای ماریەی دایکی منداڵەکەی، لە کاتێکدا کە حەفسە پێی زانی، ئەم فەرموودەیەی بە نهێنی پێ گوتوە و پێی گوتوە نەیدرکێنێت. ئەگەر ئەمە ڕاست بێت، هیچ ئاماژەیەک بەدامەزراندن ناکات، لەوانەیە بۆ ڕازیکردنی عایشە و حەفسەی کچی عومەر ئەم قسەیەی کردبێت. هەروەها فەرمانی خیلافەت زۆر له‌وه‌ گەورەترە کە نهێنییەک بێت لە نێوان خۆی و هەندێک لە ژنەکانی دا باسیبكرێت. لەبەر ئەوەی کارێکی گشتییە و پەیوەستە بە هەموو موسوڵمانانەوە. ئەوە بنەما و پره‌نسیپی بەرژەوەندیی گشتییە، کە بە ئاشکرابێت نەک نهێنی، هیچ حکومێکی نییە بەنهێنی بێت و ئەمە دامەزراندن نییە. ئەمان فەرموودەی غەدیری خوم دەهێننه‌وه‌ کە شیعە پەیوەستن پێوەی و ده‌ڵێن، له‌ دوای محه‌مه‌د خیلافەت بۆ عەلییە. هیچ دامەزراندنێکی تێدا نییە، هیچ لێدوانێکی لەو بارەیەوە تێدا نییە، ئەوەی تێیدایەگوتوویەتی: “ئەوەی من مەولای بم، عەلی مەولایەتی.” با ئەم هەواڵەت بە کورتی بۆ باس بکەم، بۆ ئەوەی لەوێوە بۆچوونمان بینابکەن، دەڵێن: محەمەد پێش ئەوەی بڕوات بۆ حەجی خوداحافیزی لە ساڵی دەیەمی کۆچیدا، خالیدی کوڕی وەلیدی نارد بۆ هەمەدان لە یەمەن (هه‌مه‌دانی یه‌مه‌نه‌ نه‌ك ئێران –و-) بۆ ئه‌وه‌ی داوایان لێ بکات ببن بە موسوڵمان، عەلیی کوڕیئەبووتالیبی بەدوایدا نارد و گوتی: با ئەو لە جێگەی بێت و خالید بگەڕێتەوە، لەو کاتەدا کە محەمەد لە حەجی خواحافیزیدا بوو، عەلی هات بۆ لای، لەو کاتەیشدا هەموان موسوڵمان بوون، ناکۆکییەک و ناخۆشییەک لە نێوان عەلی و هاوەڵانی كه‌ له‌ یه‌مه‌ن له‌گه‌ڵیدا بوون ڕوویدا بوو، یەکێک بەناوی بورەیدەی کوڕی حەسیب بوە‌، لای پێغەمبەر شکاتی لە عەلی کردبوو کە چۆن لالوتییەک لە عەلییەوە هەبوە، لەو کاتەدا سیمای پێغەمبەر گۆڕانی بەسەردا هاتوە‌، پێی گوتوە‌: ئەی بورەیدە لەگەڵ عەلیدا تێک مەچۆ، عەلی لە منە و منیش لە ئەو؛گوتوویه‌تی ئایا من لەوان زیاتر له‌ پێشەوەی ئیمانداران نیم،گوتوویه‌تی: بەڵێ ئەی پەیامبەری خودا،گوتوویه‌تی: بۆیه‌ هەر کەسێک من مەولای بم، عەلی مەولایەتی. واتە فەرمانداریەتی و قسەکانی ڕووبەڕووی بورەیدە کردوە نەک خەڵکی تر، ئینجا کە محەمەدگەییشتوەتە غەدیری خوم، کە سەربە مەککەیە، پێی خۆش بوە ئەمە بە هاوەڵانی بڵێت، بۆ بێتاوانزانینی عەلی، کە قسەیان لە سەر کردوە. هاوەڵانی کۆکردوەتەوە و گوتاری بۆ داون و چاکەی عەلی بۆ باسکردوون و بێتاوانیی دەرخستوە لەو شتانەی کە ئەوانەی لەگەڵیدابوون لە یەمەن باسیان لێوەکردبوو، بەو هۆیەی گوایە لەو شتانەی پێی داون ڕەزیلی و ناعەدالەتیی پێوەكردوە، ڕاستییەکەی لای عەلی بوە نەک ئەوان، لە گوتارەکەیدا دەڵێت: ئەی خەڵکینە منیش وەک ئێوە مرۆڤم کە پەیامی خودام بۆ دێت، وەڵامی دەدەمەوە، من بەرپرسیارم و ئێوەیش بەرپرسیارن لەوەی دەیڵێن، گوتیان: شایەتی دەدەین کە تۆ ئەوەت کردوە و هیلاک بوویت و ڕێنماییت کردووین، خوا چاکەت بداتەوە،گوتوویه‌تی، ئه‌ی ئێوه‌ شایەتمان بە (لا اله الا الله و ان محمد عبده ورسوله) ناهێنن، کە بەهەشت حەقە و دۆزەخیش حەقە، مردن حەقە و زیندووکردنەوەی پاش مردنیش حەقە. ئەو کاتە بێگومان هەردێت، خودا ئەوانەی لە قەبردان دەژێنێتەوە، گوتیان: بەڵێ شەهادەت بەوە دەدەین، گوتی: خودایە شایەت بە، ئینجا هانیدان پابەند بن بە کتێبی خوداوە و وەسیەتی بەخزمانی کرد و گوتی: من هەردوو سەنگەکەتان؛ کتێبی خودا و ئەوەی لە منن ئەهلی بەیت، لە یەک نابن تا دەگەڕێنەوە شوێنی خۆتان، لە ئاست عەلیدا گوتی: لەئێوە لە پێشتر نیم… دووبارەیکردەوە، ئەوانیش بە دانپێدانان و باوەڕکردن وەڵامیان دەدایەوە، له‌وێدا دەستی عەلی بەرزدەکاتەوە و دەڵێت: هەر کەسێک من مەولای بم، عەلی مەولایەتی… خودایە لەگەڵ ئەوەدابە، کە ولایەتی دەداتێ… دژی ئەوەبە، کە دژی دەوەستێت… ڕقت لەوە بێت، کە ڕقی لێیەتی،… ئەوە سەربخە، کە سەریدەخات… یارمەتیی ئەوە بدە، کە یارمەتیی دەدات… ئەوە پەشیمان بکەرەوە، کە ته‌ریقی دەکاتەوە… حەق بۆ لای ئەو بنێرە، بۆ هەر کوێیەک دەڕوات. ئەمە گوتاری محەمەدە لە ڕۆژی غەدیری خوم دا، کە هیچ شتێکی لە ئەمری خیلافەتی تێدا نییە.
ئەگەر نیازی ئه‌وه‌بووببێت عەلی بە خەلیفە دابنێت، لە جێگەی ئەم هەموو دوعا دوورودرێژە، باشتر نەبوو دوای ڕاوێژ بڵێت: عەلی خەلیفەی ئێوەیە لە پاش من، چی دەڵێن؟ هەرچییەک بێت ئەم فەرموودەیە، گێڕانەوەیەکە لە گێڕانەوەکان و هەواڵێکە لە هەواڵەکان و لە هیچ کتێبێکدا نەنووسراوە، جگە لەوەوپاش بە سەر زارەکی هاتوە و ناکۆکی و مەیلی حیزبی لەماوەی سەت ساڵدا، هەندێک گێڕەوە و حیكایه‌تخوانی فەرموودەكان، چاکسازییان تێداکردوە، هەندێکیان تانەیان لە ڕاستیی داوە، وەک ئەبی داود و ئەبی حاتەم ئەلڕازی، هەندێکیان دەڵێن ئەوەی تێدا هاتوە وەک (والی من والاه) پشتگیریی ئەوە بکە کە بە مەولای دەزانێت. لەو ڕستە ئینشائییانەن کە پڕوپاگەندەی زیادەن و بۆ شتی تر دانراون، ئەمەیش ئەوە دەگەیەنێت، مەیلی حیزبایەتی بە زیاد و کەمکردنەوە و تانەلێدان و چاکسازی لەم گوتارەدا هەبوە. تەنانەت شیعە وای دەگێڕنەوە کە گوتبێتی: عەلی برامە و وەسێتی پاش منە و خەلیفەی ئایینی منە،گوتوویەتی ئەمارەتی خەڵک بدەنە دەست عەلی، هییتر لە قسەڵۆک لەم بارەوە زۆره. باشترین ڕێگە بۆ دەرخستنی حەقیقەت لەم پرس و مەسەلەیەدا ئەوەیە، ئەو هەواڵە ساختانە وەلابنرێن، بۆ ئەوە بگەڕێینەوە کە عەقڵ و نەقڵ پشتگیریی دەکه‌ن، ئه‌ویش ئەوەیە؛ بۆ محەمەد ناشێت بەم شێوەیە خەڵک دابمەزرێنێت، کە ناجۆرە لەگەڵ ئەوەی فەرمانی پێ کراوە، ڕاوێژ لەگەڵ هاوەڵەکانیدا بکات لە سەرجەم بابەتە گرینگەکاندا. پرسیاریان لە ئیمام نەوەوی کرد، قازانج لەوە دەکرێت کە پێغەمبەر گوتبێتی ئەوەی من مەولای بم، عەلی مەولایەتی، کە عەلی لە پێشە بۆ ئیمامەت نەک یەکێكی تر؟ لە وەڵامدا دەڵێت: بەڵگەی ئەوە نییە، بەڵکوو واتاکەی لای زانایانی ئەم کاروبارەن و دەبێت بۆ پشتڕاستکردنەوەی جێبەجێکردنی! واپیشانده‌دات كه‌ بەمەولای بزانم و خۆشم بوێت و نیازپاکی لەگەڵ عەلییش ئاوهایە.
بۆ مەولا واتای زۆر هەیە، واتای شیاوی بۆ جێگەی لەم فەرموودە بەڕێزە، کە دەبێت خۆشی بووێن و ڕقیان لێی نەبێت، لەبەرئەوەی کەگوتوویەتی هەر کەسێک من مەولای بم، عەلی مەولایەتی، ئه‌مه‌یش لە ڕەوتی وەڵامدانەوەی بۆ ئەوانەی قسەیان لە سەر عەلی کردوە کە بێتاوان بوە تێیدا، باشیكردوە‌، واتاکەی وا دەگەیەنێت، کە چۆن لەسەرتانە خۆشتان بوێم، دەبێت عەلییشتان خۆش بووێت. لەمەدا چۆن ئاوا تێبگەین کە عەلی لە پێشە بۆ ئیمامەت، دەبێت ئەوە لەوەدا ببینرێت، کە چی بەسەردێت، نەک لە چ حاڵەتێکدایە. ئەوەی لێدەردەکەوێت هیچ کاتی نییە، ئەم فەرموودەیەیش دەقێکی نییە کە پاش مردنی پەیامبەر عەلی خەلیفە بێت. بەڵگەی ئەوەیش کە عەلی ئەم فەرموودەیەی بە بەڵگە نەهێناوەتەوە، تا ئەو ڕۆژەی خیلافەت بۆ ئەو بوە‌، وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ ئەوانەی کێشەیان لەگەڵیدا هەبوو، بێدەنگیی كردوە‌ لە سەر ئەم بەهانەیە بەو شێوەیە تا ڕۆژانی خیلافەتەکەی، بۆ ئەوانەی کە کەمترین عەقڵیان هەبێت، ئەمە دەقی ئەوە نییە، کە پاش مردنی پەیامبەر یەکسەر ئەو ئیمامەت بگرێتەدەست.بەو بەڵگەیەی کە ئەم فەرموودەیە هیچ دەقێکی تێدا نییە،ئیمامەت بۆ عەلی بێت، کە لە نەقڵکردنیدا ناجۆریی تێکەوتوە و عەلی خۆی نەیگوتوە؛ پەیامبەر هیچ دەقێکی باسكردبێت، پاش مردنی هیچ کەسێکی بە خەلیفە دانابێت، نە عەلی و نە کەسێکی تر. گوتراوە عەلیگوتوویەتی تۆ باوەڕپێکراویت وئه‌وه‌ت بینیوه‌، ئەوەی گوێت لێ بوە قسەمان بۆ بکە،گوتوویەتی: نە بەخودا، من یەکەم کەسم کە باوەڕی پێدەکەم و بە درۆی ناخەمەوە، ئەگەر پەیمانێکم لە پەیامبەر لابێت لەوبارەیەوە لە سەر ئەوە لە جەنگ خۆم دوورناخه‌مەوە، ئەگەر هیچم نەدۆزیوه‌تەوە لەم “چاکەت”ه‌ زیاتر. لە گێڕانەوەیەکی تردا: ئەگەر پەیمانێکم لە پەیامبەرەوە لابێت لەوبارەوە براکانی بەنی تەمیم و عودەی “واتا ئەبووبەکر و عومەر”م نەهێشت لە دوای ئەو لە سەر مینبەرەکەی بوەستن و بەدەستی خۆم دەمکوشتن. ئەوەی گێڕاوەتەوە کە کاتێک پەیامبەر نەخۆشییەکەی تونددەبێت وله‌گیانه‌ڵادا ده‌بێت و تینی بۆدەهێنێت، عەباسی مامی بە عەلیی گوتوە،‌ با بڕۆین بۆ لای پێغەمبەری خودا، ئەگەر ئەم کارەی بوێت پێمان دەڵێت: ئەگەر لەم فەرموودەیەدا دەقێک هەبێت بۆ ئیمامەتیی عەلی، لەوێدا عه‌لی بە عەباسی مامی گوتوە‌: پێویست ناکات، پەیامبەر له‌ دوای خۆی خیلافەتی بۆ من دانه‌ناوە.
هەواڵەکان ئەوە دەیگێڕنەوە، لە ڕۆژی سەقیفە (کەپر)ه‌کەی بەنی ساعیدەدا، لایەنگران (أنصار) گوتیان: میرێک لە ئێمە و میرێکیش لە ئێوە، ئەبووبەکر ناڕەزایەتیی دەربڕی و گوتی: “ئیمامەکان لە قوڕەیشن” ئەگەر ئەم فەرموودەیە دەقی ئیمامەتیی عەلیی تێدابوایە، باسیاندەکرد و بەهانەیان بۆ ئەبووبەکر و لایەنگران دەهێنایەوە، کە ئەو دەقە خیلافەتی عەلیی تێدایە. لە نێوان ئه‌مه‌ و قسەکانی غەدیری خوم لەو کاتەدا دوو مانگ بوە‌، ئەگەری لەبیرچوون لە لایەن عەلی و عەباسی مامی و هەموو هاوەڵان زۆر دوورە، سەرەڕای ئەوەی کاتێک بە عەلییان گوت،لایەنگرانگوتوویانە میرێک لە ئێمە و میرێک لەئێوە،گوتوویەتی وتەکەی پێغەمبەرتان بەبیریانداهێنایەوە “لە چاکەخوازانیان قبووڵدەکرێت و بۆ خراپەکارانیان تێپەڕێنن” چۆن بۆ ئەوان دەبێت کە وەسیەتیان لەسەرکراوە.
ئەگەر عەلی بیزانیبایە دەقێک هەیە بۆئیمامەتبوونی، وەک له‌ وەڵامی ئەنسارەکاندا دەیگوتەوە.
ئەوەی لە سیرەتی عەلیی کوڕیئەبووتالیب دەیزانین، کە پیاوێکی ئازا بوە نەک بە شمشێر بە تەنها، بەڵکوو بە زمانیش: ئازایەتیی گوفتار و زمان. هەروەک لە شەڕدا بوێر و توندوتۆڵ بوە‌، ناكرێت لەئاستی حەقدا دەم دابخات و بێده‌نگ بێت، لە ڕاگەیاندنی حه‌قدا، هیچ کەسێک لە سەر حەق لۆمەی ناکات و ترسی لە هێزی ناحەق و بوغرا و لوتبەرزی نه‌بوە. ئەگەر لە سەر گێڕانەوەی خەڵک بوەستین، دەبێت بەلێبڕاوه‌یی عەلی بەو شێوەیە بناسین، ئەم سیفەتە جیاکارییەی وای لێ کرد، ڕێگەی لە هەوڵەکانی بگرێت لە کاتی خیلافەتیدا، بەڵام تەماشای شیعەبکەن بزانن چی دەڵێن؟
دەڵێن عەلی كێشه‌ی خیلافەت لە پێناو تەقوا و پابەندبوون بەوەسیەتی پەیامبەر بەجێیهێشتوە‌، کەگوتوویەتی شمشێر له‌ كه‌لان ده‌رنه‌چێت و فیتنە ڕوونەدات. سوبحانەلڵا ئەمە بوختانێکی گەورەیە. تەقیە جۆرێکە لە دووڕوویی و حاشا له‌وه‌یش باوکی حەسەن کە زەڕڕەیەکی دووفاقیی تێدابێت، چۆن پەیامبەر دەیکاتە خەلیفە و ئیمامی ئومەت و لە شمشێرکێشان مەنعی دەکات بەرانبەر ئەوانەی حەقیان خواردبێت؟ چۆن شمشێری لە دژی ئەبووبەکر و عومەر و عوسمان ڕانەکێشاوە، لەگەڵ کەمیی لایه‌نگر و موریدانیاندا، بەڵام بۆ موعاویەی هەڵکێشابێت کە هەزاران خەڵکی لەگەڵدابوە‌، چۆن وای بۆهاتوە‌ بڵێت؛ ئەگەر له‌و باره‌وه‌ پەیمانێکم لە پەیامبەرەوە هەبێت، برایانی بەنی تەمیم و عودەیم نەهێشت لە سەر ئه‌و مینبه‌ره‌دا بوەستن.
ئەگەر ئەوەی دەگوترێت و لە لایەن ئەوانەی حیزبی عەلیی کوڕیئەبووتالیب بوون دەرچوو بێت، لە خۆشەویستییان بوە‌ بۆ عەلی. ڕاستە خۆشەویستی کەڕکەر و کوێرکەرە،ڕاستیشە دەڵێن هیچ نیشانەیەکی ده‌روونی لە مرۆڤدا لەوە چەواشەتر نییە کە لە خۆشەویستییەوە دەردەکەوێت، ئەوه‌ مەیلداری و خۆشەویستییە، کە خەڵک زۆرتر لەم باره‌وه‌ بەرەو خراپتر دەبات. عەلی لە کێشەی خیلافەت لە سەر بنەمای تەقیە دوور ناکەوێتەوە، وەک دەڵێن، بەڵام خۆی هۆکاری جێهێشتنی خه‌لافه‌تی دەرخست، هۆكاری شەڕكردنیشی لەگەڵ معاویە دەرخست. دەڵێت: پەیامبەر ئەبووبەکری دیاریکردوە‌ و ئێمه‌یش بەیعەتمان پێدا، عومەریش ده‌سه‌ڵاتی گرته‌دەست بەیعەتمان پێدا، پەیمانم بە عوسماندا، کە ئه‌وان نه‌مان، ئەهلی هەردوو حەرەم و خەڵکی هەر دوو ئاوەدانیی بەسرە و کووفە بەیعەتیان پێدام، ئەوەی له‌م كاره‌دا خۆی هەڵقورتاند وەک من نییە و خزمایەتییشی وەک خزمایەتیی من نییە، زانینیشی وەک زانیاریی من نییە و ڕابردوویشی وەک ڕابردووی من نییە، من لەو حەقترم، واتە مەبەستی موعاویەیە.
حه‌قانیترین خەڵک لەم مەسەلەیە، حەسەن موسەنا کوڕی حەسەنی سه‌بته‌ کە هەواڵەکەی پێدرا “هەر کەس من مەولای بم، عەلی مەولایەتی.” دەقێکە بۆ ئیمامەتیی عەلی. گوتی: بەڵام وەڵاهی، ئەگەر پەیامبەر مەبەستی لەوەدا ئیمامه‌ت و سوڵتان بوایە، ئاشکرایدەکرد، پێی دەگوتن ئەی خەڵکینە، ئەمە والیی پاش منە، کاروباری ئێوە بەڕێوەدەبات، گوێڕایەڵی بن و گوێی لێبگرن، بە وەڵاهی ئەگەر پەیامبەر ئەو پەیمانەی پێدابێت و خۆی دواتر وازی لێهێنابێت، گەورەترین گوناحە”.
بە باوەڕێکی عەجیبی شیعە،کۆتایی بەم توێژینەوەیەمان دەهێنین:
تیمێک لە شیعە هەن بەناوی دوانزە ئیمامی وەک شیعەکانی عێراق، ئەوانە لەباوەڕی خۆیاندا وایان فەرزکردوە کە ئیمامەت لە دوانزە ئیمامدا دیاری و قەتیسبکەن، یەکەمیان عەلیی کوڕیئەبووتالیب و کۆتایییەکەی محەمەدی مەهدییە. ئەمەیش زۆرسەرسوڕهێنەرە، لەبەر ئەوەی ئەمری ئیمامەت تا ئاخری زەمان بەردەوامە، کە بەشی ئەوەندە ئیمام دەکات لەژماردن نەیەن، به‌ڵام لە ئەوەندە ئیمامدا قەتیسی بکەیت شیاو نییە.
ئەم کەلێنەیان وا پڕکردوەتەوە، کە دوا ئیمام محەمەدی مەهدییەو زیندووی هەتاهەتایییە، دەڵێن خۆی ونکردوە و دیار نییە، له‌وانه‌یه‌ خۆی لە سەردابی سامەڕادا حەشاردابێت، دەبێت ڕۆژێک دەربکەوێت، بۆیە بەپێوه‌ وه‌ستاوی چاوەڕوانکراوی لە قەڵەمدەدەن. بەو پێیە تەنها چاوەڕوانکراو نییە، بەڵکوو دیمەنیشی هەیە لەبەر ئەوەی زیندووی مه‌ودای ژیانەو لە غەیبەتدا دەژێت. چاوەڕوانکراوە، لەبەر ئەوەی کە دەرکەوێت زەوی پڕدەکات لە عەدالەت، وەک چۆن پڕبوە لە ناحەقی. ئەوەی لەم عەقیدە سەرسوڕهێنەرەدا بۆمان دەردەکەوێت، کە لە لایەن موجتەهیدانی زانایانی مەزهەبی شیعەوه‌ دانراوە، بۆ ئەوە دایانناوە تا بگەنە ئەوەی کە خەڵک بە گشتی باوەڕیان پێ بکەن و بە ڕێگەیاندا بڕۆنو پاشکۆی ئەوان بن و لەژێر سایەیحکومیئەواندابن، لەبەر ئەوەی لای ئەوان ئەرکە له ‌سه‌ر هەر کەسێکی ئەهلی ئەو مەزهەبە، به‌ نه‌ریتی موجتەهیدەکەیان بکات. هەروەها موجتەهیدەکەیان بە جێگری ئیمامی چاوەڕوانکراو لە قەڵەمدەدەن… باوەڕیان بەوەیە کە لە پێوەندیدایە لەگەڵیداو لەوەوە فەرمان وەردەگرێت. پێویستە ئەوەی لە سەر ئەوانە بۆ ئیمامی چاوەڕوانکراو، بیدەن بە موجتەهید، وەک زەکات و پارەی حەقی زوڵمکاری و پێنجیەک و هیی تر. موجتەهید جێگری ئیمامی چاوەڕوانکراوە (المنتظر). بەم عەقیدەیە وایلێهاتوە، کە موجتەهید بۆ خۆی ئیمامە نەک بەڕاستەوخۆیی، بەڵام بەو ڕێگەیە ژیان ئاوا لە ئایین دەکات.

مەسەلەی حیرس کوڕی نوعمانی ئه‌لفەهری
مەسەلەیەک ماوە، نابێت لەم توێژینەوە دەربچین، بێئەوەی خوێنەری لێ ئاگاداربکەینەوە، لەبەر ئەوەی پێوەندیی بە كرۆك و متمانەی فەلسەفییه‌وه‌ هه‌یه‌، لە سەر ئەوەی گوتراوه‌ “جگە لە خودا هیچ بوونێکی تر نییە” بەو شێوەیەی کە محەمەد لەوەی لە سەر خوداگوتوویەتی بە ڕاستگۆ بزانین، ئەو مەسەلەیەیش؛ مەسەلەی حیرس کوڕی نوعمانی فەهرییە، لەبەر ئەوەی کاتێک ئەو وتەیەی محەمەد بڵاوبوە کەگوتوویەتی: “من مەولای هەر کەسێک بم، عەلی مەولایەتی.” ئەمە گەییشتە حیرس کوڕی نوعمانی فەهری، هات بۆمەدینە و حوشترەکەی لە دەرگای مزگەوتەکەدا بەستەوە، کە چوە ژوورەوە، پەیامبەر دانیشتبوو، هاوەڵانیش لە دەوری بوون، کەوتە سەردەستی و گوتی: ئەیمحەمەد، تۆ فەرمانت پێ کردین، کە شایەتمان بە (لا اله الا الله) و تۆیش بە (رسوله الله) بهێنین. ئەوەمان لێ قبوڵکردیت، فەرمانت پێ کردین لە ڕۆژێکدا پێنج جار نوێژ بکەین و مانگی ڕەمەزان ڕۆژووبگرین و زەکاتی پارەکانمان بدەین و حەجی ماڵی خودا بکەین و ڕازیبووین، به‌ڵام بەمە ڕازی نەبووین كه‌ عەلیی کوڕی مامت بەسەرماندا بەرزبکەیتەوە و فه‌ڕزی بكه‌یت ولەئێمە بەچاکتری دابنێیت؟ گوتووتە: مەولای هەر کەسێک بم، عەلی مەولایەتی، ئەمە لە خوداوەیە یان لە لایەن خۆتەوەیە؟ چاوی محەمەد سوورهەڵگەرا “لە کاتی تووڕەبوون و گوتارداندا چاوانی سوور دەبوونەوە” سەرەڕای ئەوەی سووریی چاوانی بەردەوام بوو، بەڵام لە کاتی تووڕەبووندا سوورییه‌كه‌یان تۆختتر دەبوونەوە، هەروەها لە كاتی گوتاردانیشدا وابوو. بە حیرسی گوت: خودایە هیچ ئیلاهێك جگه‌ له‌ تۆ نییه‌، ئه‌مه‌ له‌ خودایه‌ و له‌منه‌وه‌ نییه‌، سێجار دووباره‌ی كردوەته‌وه‌،ئەگەر ئەم حەقە لای تۆوەیە، لە گێڕانەوەیەکی تردا دەڵێنگوتوویەتی: خودایە ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی محەمەد دەیڵێت حەقە، له‌ ئاسمانه‌وه‌ بەردبارانمان بكه‌، یان ئازارێکی کوشندەمان بده‌. گێڕەوان دەڵێن، بەخودا نەگەییشتە دەرچەی مزگەوته‌کە، تا خودا بەردێکی لە ئاسمانەوە بۆ نارد و لەسەری دا و لە کۆمییەوە دەرچوو و مرد، خودا ئەم ئایەتەی دابەزاند ({سأل سائل بعذاب واقیع (1) للكافرین لیس له دافع} [المعارج: 1، 2]. به‌ واتای: یه‌ك داوای كرد ئازاری بێت، بۆله‌ خودا دووره‌كان هیچ له‌مپه‌رێك نه‌یه‌ته‌ به‌ر.
لە پێشەوە باسی یەکبوونی هەبوونمان کرد، کە محەمەد لە قورئانەکەیدا باسیکردوە، دەڵێت: {هو الأول والآخر و الظاهر و الباطن} [الحدید: 3] واته‌: پیشووی ئه‌وه‌ و دوایی ئه‌وه‌و له‌به‌رچاوه‌ و نادیاره‌ و له‌ هه‌موو شت ئاگاداره‌. واته‌: تۆ لە کاتێکدا و لەفیکری خۆتدا بتوانیت لەگەڵ بوونی گشتیی ڕەهادا وا تێکەڵ بیت و بتوێیتەوە و بوونی خۆت وه‌ك به‌شێك لە بیربچێت و هیچ وێنایەکی دیاریکراوی خۆت لەبیرنەمێنێت. دەشێت لە بوونی گشتیدا وا دەربکەویت و لەجیاتیی خودا قسە و ڕەفتار بکەیت. پێمان گوتن کە محەمەد بگاتە ئەم پێگە باڵایە لە درککردن بەوەی هیچ بوونێک نییە جگە لەخودا، بە قودرەتی لە ڕادەبەدەری خۆی، توانیویەتی لەگەڵ بوونی حەقی گشتیی ڕەهای ناکۆتاییدا تێكه‌ڵ بێت، واته‌ دەمج بێت و خۆی نەهێڵێت و پەرشوبڵاو ببێتەوە تێیدا، وەک بەشەبوونێک خۆی لە بیر خۆی بچێتەوە، بۆیە دەشێت ئەوەی لە سەر خودی خودابێت،بۆ‌ خۆی بیڵێت و لەجیاتیی ئەو هەر کارێکبوێت بیکات، لەوەدا لەگەڵ حیرس کوڕی نوعمان فەهری ڕاستگۆ بوە‌ کەگوتوویەتی، ئەوە لە خوداوەیە نەک لە منەوە، بەڵام وتەی گێڕەوان، کە نەگەییشتوەتە دەرگای مزگەوتەکە و خودا بەردێکی بۆ ناردوە تا کۆتایییەکەی، ئەمە درۆیه‌كی شاخداره‌ و خستنەسەر و پێوه‌نانێكی حیكایه‌تخوان و گێڕەوانە. ڕاستییەکەی ئەوەیە ئه‌م ئایه‌ته‌ لە سەر پرسیارەکە هاتوەتە خوارەوە {سأل سائل بعذاب واقیع} [المعارج: 1].واته‌: یه‌كێك پرسیاری له‌سه‌ر ئازاری رووداوه‌كه‌ی كرد. ئەوەی شیکەرەوان لە سەر زاری ئیبن عەباس دەیگێڕنەوە، حیرسی کوڕی نەزر، کە لە پاش ئەسیربوونی لە شەڕی بەدردا، محەمەد کوشتی، حیرس گوتوویەتی ئەگەر ئەم حەقە لای تۆیە، بەردبارانمان بکە لە ئاسمانەوە و ئازارێکی توندمان بۆ بنێرە. مەیلی حیزبایەتی لە لای گێڕەوان وای لێکردوون، باسەکە زلبکەن و بیگێڕنەوە بۆ حیرس کوڕی نوعمانی فەهری نەک حیرس کوڕی نەزر، ئەوەیشیان بۆ زیادکردوە “بەخودا نەگەییشتوەتە دەرگای مزگەوتەکە خودا بەردێکی بۆ ناردوە‌ و لەسەری داوه‌ و لە کۆمییەوە دەرچوە‌ و مردوە‌”. درۆیەکی تریان خستە سەر درۆکانی تر و دەڵێن، ئه‌م كاره‌ لە ڕۆژی هەژدەیەمی مانگی زولحیجەدا ڕوویداوە، فەرموودەیەکیشیان بەدەم پەیامبەرەوە ناوە، کە گوایەگوتوویەتی، خودا ڕۆژووی ڕۆژی هەژدەهەمی زولحیجە بەقەد شەست مانگ ڕۆژوو دەنووسێته‌وه‌، تەنانەت شیعە ئەم ڕۆژە بە جەژن لە قەڵەم دەدەن و لە بەغدا تەپڵ لێدەدرا، لە دەوروبەری سه‌ده‌ی چواره‌م لە دەوڵەتی بەنی بوه‌یهی فارسیدا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت