دکتۆر کەمال میراودەلی: گەڕانەوە بۆ خالی سفر لە چوارگۆشەی یەکەمدا. بەشی سێزدە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

گەوادۆلۆجی: فەلسەفەی دەسەڵات وەک گەوادیی و خۆفرۆشتن (1)

( 1 )
گەوادۆلۆجی بە مانای گەوادییناسیی یان زانیاریی گەوادیی، لکێکە لە فەلسەفە لە دیاردەی گەوادیی و گەوادبوون و گەوادییکردن وەک سروشت و ڕەوش و پراکتیسێکی تایبەتی بە مرۆڤ و کۆمەڵگاکەی دەکۆلێتەوە و وەک دیاردەیەکی میژوویی چەسپاو و بەردەوام و هەمیشە پەڕەسەندوو، شییدەکاتەوە.
گەوادۆلۆجی سەرنجی دیاردەی گەوادیی وەک پرۆسەی سیاسیی و کۆمەڵیی و مێژوویی لە لایەکەوە و وەک دیمەنە گەورەکە لە لایەکی دیکەوە دەدات.
بە تایبەتی لە پێوەندی نێوان گەوادیی و پێوەندییە کۆمەلییەکان و سێکسچوالیتیی و دەوری گەوهەریی جەستە و سێکس لە کۆەـەلدا و تێکەلبوونی گەوادیی وەک بەشێکی بنیاتیی بنەمایی دین و سیاسەت و بازرگانیی و هەر کار و وەزیفە و کاسبییەک کە پارە و دەسەلات تێیدا بڕیاردەربن، دەکۆڵێتەوە.

( 2 )
لە بنەڕەتا دیاردەی گەوادیی تایبەت بووە بە هەوەسی سیكس و لەشفرٶشیی و بازرگانیکردن بە جەستەوە چ هی ئافرەت چ هی پیاو. بەلام گەوادۆلۆجی ئەم مانا بنەڕەتییە تەنیا وەک سەرەتایەکی تیۆریی بۆ سەرنجدانی گەوادیی لە ئاستێکی گرتگتر و خەتەرناکتر و بەربلاوتردا وەک گەوهەری پێوەندییەکانی دەدسەلات وەردەگرێت. واتە لە دیاردەی گەوادیی مرۆڤ بەرامبەر مرۆڤ وەک نێوەندییترین و کۆنترین و کاریگەرترین و سەختترین و بەربلاوترین و مڕندەترین شێوە و پراکتیسی دەسەلات دەکۆڵێتەوە کە ستراتیج و بابەتەکەی جەستە و کۆنترۆڵ و بەکار‌هێنانی جەستەیە بۆ ئامانجی گەورەتر کە زۆر جار لە پشت یان پاڵ چەمک و تیۆر و حیکایەتی گەورە دا شاردراوەتەوە و پەردەپۆذشکراوە، وەک لێکدانەوەی دەسەلات وەک بەربەرەکانی چینایەتی، نەتەوەیی ، ئایدیۆلۆجیی، ئابووریی، یان بەرگریی و خەباتی نیشتیمانیی ، هتد یان تەنیا بۆ پراکتیسی زەقی سێکسفرۆشتن کەموت [کەم و کورت] کراوەتەوە و ئافرەت و جەستەی ئافرەت کراوەتە هۆکار و ئەنجام و قوربانی بەردەوامیی ئەم دیاردە سۆسیۆسیاسییە خەتەرناکە. لە کاتێکدا گەوادیی ڕاستەوخۆ بێت یان ناڕاستەوخۆ، شێوەیەکی هەرە ستەمگەر و مڕندانەی بازرگانیکردنە بە مرۆڤەوە لە ئاستی جیاواز و هەلومەرجی جۆراوجۆردا بەلام لە هەموو حاڵێکدا مەبەستی سێکوچكەی [ سێکس، پارە، دەسەلات] ناوەڕۆکی جەوهەریی پراکتیسی گەوادییکردنی مرۆڤە بەرامبەر مرۆڤ.

( 3)
هەلومەرجی جەنگ و کوشتار و شەڕی چەکداریی و کارەسات وهەرەسی کۆمەلایەتی ئەو دەمانەن کە دیاردەی گەوادیی و پێوەندی نیوان سیکس و دەسەلات و دەرکەوتنی رادەی بی سنووری مڕندەیی مرۆڤ بەرامبەر مرۆڤ لە هەموو ئاستەکانی پێوەندییەکانی دەسەڵاتدا، بە ئاشکرایی و ىی پەردە خۆی دەردەخات.
ئاسایی، سێکس و پێوەندی سێکسی بە تایبەتترین تایبەتییەکانی مرۆڤ وەرگیراون، لەمەشەوە بە شاراوەترین لە شاراوەکانی ستراتیجی دەسەلات ماونەوە، لە کاتێکدا فراوانترین و زۆرترین حاڵەت و پراکتیسی بازرگانیکردن و گەوادیکردن و زەلیلکردنی مرڤ لە لایەن مرۆڤەوە پێکدێنن و وەک پێوەندی دەسەلات و بەکار‌هێنان و خراپبەکارهێنان لە ناو هەموو شوێنگەیەکی ژیان و پێوەندی مرۆڤییدا هەن هەر لە ناو خێزانەوە تا شوێنی کار، تا قوتابخانە و مزگەوت و کەنیسە و سەربازگە، تا لوتکەی پێوەندییە دەسەلاتییەکانی دەوڵەت و دەزگا نێو دەوڵەتییەکان.

( 4 )
من بە هیچ شێوەیەک و لە هیچ کاتێکدا نەهاتووم وشەی گەواد، وەک جنێو بەکار بهێنم ئەگەرچی لە بەکاربردنی ئاسایی رۆژانەدا دیارە مانا و مەبەست جوێن دانە. گەواد، وەک دواتر زیاتر ڕوونی دەکەمەوە، وشەیەکی فەرهەنگییە، زاراوەیەکی کۆمەلایەتییە و تەنانەت چەمكێکی ئایدیۆلۆجیی و سیاسییشە: فرەیزی ‘گەوادی سیاسیی ‘ لە هەموو زمانێکدا وەک زاراوەیەکی سیاسیی باو و زۆر بەکارهاتوو هەیە. بێگومان دەشێ جنێو بێت و خەڵک وەک جنێو تێیبگات، دیارە وەک جنێویش وشەیەکە بۆیە هەیە تا بەکار بێت و ڕۆژانە بەکاردێت، لە ئاستی نووسێن و لێدوانی سیاسیی و لۆجیک و شیکردنەوەی سایکۆلۆجیی و زانستیشدا بۆ ئەوەیە لە جێی خۆی بەکاربێت بە ئامانجی دەرخستن و دەربڕینی ڕاستیی یان حەقیقەتی داڕزانی ئەخلاقیی دەسەڵات و کۆمەڵ، بە پێی پێویستییە ئەخلاقیی و سیاسیی و زانیارییەککانی کات و شوێن.

(5 )
جوێن و جوێنی سیاسیی یان جنێودان بە سیاسییەکان و دەسەلاتداران ئەو کاتە دەبێتە باو کە بەهای ئەخلاقی سیاسیی نامێنێت، وهەرەسی ئەخلاقیی و کۆمەلایەتیی روو دەدات. بیرمەندان، زانایان، هونەرمەندان، خاوەنانی عەقلی ئازاد و کەرامەتی کەسیی، دڵسۆزان و نیشتمانپەروەران خەمخۆران و خزمەتکارانی راستەقینە ، بەهرەدارا ن و رەنجکیشانی مێشک و دەست، هەموو پەرواێز دەکرێن،. مەیدان بۆ هەلپەرست و خۆفرۆش و جەستەفرۆش ئاواڵە دەبێت، دەستوور نابێت یان دەمردرێندرێت، یاسا دەکەوێت یان پاشەکشە دەکات، هاواری خەلک بە هیچ کوێ ناگات، شەقام خراپ بەکاردەهێنرێت ولە هێزی گۆڕین بەتاڵ دەکرێتەوەو …هتد، لەم هەلومەرجانەدایە کە کەمینەی زۆر کەمی ماوی خۆنەفرۆش دەستەوستان و بێ توانست لە گۆڕینی نەک سیستم بەلکو پاراستن و گێڕانەوەی بەها نەتەوەیی و ئەخلاقییەکانیش، دەکەوێتە گۆڕێ، پەنا دەبەنە بەر جنیودان بۆ دەربڕینی ڕق و هیوابران و فرەسترەیشنی [ ئیحباطی ] خۆیان لە لایەکەوە و نیشاندانی حەقیقەتی ناخ و مۆخی سیاسەتەمادرە گەواد و لەشفرۆشەکانی دەسەلات، لە لایەکی ترەوە. لە کاتێدا باش دەزانن کە ئەم جنێودانەش هەر هیچ ناگۆرێت بەڵام بەلای کەمەوە نیشانە و واژۆی جیاکردنەوەی خۆیانە لە مێگەل و شایەتێکی بەهێزە بۆ مێژوو.

( 6 )
ئەم حالەتە دوای هەرەسی عێراق وەک دەوڵەت و دامودەزگا و رژێم و ژێرخان و سەرخان و هەلگەڕانەوەی هەموو شتێک، بوو بە وابوویەکی ڕۆژانەی ژیاو، لە ناو سکی عەزیای هێزی سەربازیی ئەمریکی یەوە، کۆمەلی تازە بێچووە سیاسیی و کۆنە گەوادی ئینگلیز و ئەمریئکا و ئیسرائیل و ئێران دەرکەوتن .. دینیی و دیمۆکرات، نەتەوەیی و شۆڤێنیی، چەپ و راست: یەک شت کۆی دەکردنەوە؛ [ بینینی پرۆژەی دەسەلات وەک گەوادیی بۆ ئەوی دی] جا ئەو ئەوی دییە ئەمریکا بیت، ئیسرائیل بێت، تورکیا بێت یان ئێران، یان هەر هێزێکی دوور یان نێزیک، کە بشێ ڕەوش و ستاتووی بەدەستهێنراویی گەوادیی پلە بالای ئەوان بپارێزێت، گرنگ نەبوو .. ئەمانە زوو لە سواڵکەرەوە بوون بە ملێۆنەر. بە سەر پەرشتی ئەمریکیی و رازیبوونی ئێرانییەکان، دەستوور و دیمۆکراسیی بەشبەشێنەی، تایەفیی و نەژادییان، دامەزراند ، دەستووری زۆنی سەوز و گەوادنشینەکانی زۆنی سەوزی بەغدا.، [دیمۆکراسییەتی ئەوە بۆ من، ئەوە بۆ تۆ] ، بێ ئەوەی بیربکەنەوە کە لە دەرەوەی کۆبوونەوەکانی سەربەسەرەی ئەواندا شتێک هەیە ناوی گەل، خەلکانێک هەن پێویستییان بە ئەمان و نان و ژیان هەیە، پێویستیان بە کار و دەرفەتی خوێندن و خۆپێگەیاندن و مناڵبەخێوکردن و کۆمەڵپێشخستن هەیە.

( 7 )
دیمۆکراسی وەک لە چەندین وتاری پێشوودا روونم کردەوە، دەبێ ڵە ژێرەوە بۆ سەروەوە بێت، دەبێ کۆمەڵیی بکرێت و بچێتە ناو هەموو جومگەکانی ژیانی خەلکەوە، دەبی تاکی عەقڵ ئازاد و خوێندەوار و هوشیار و ویژداندار دروست کات. هەروەها دەبێ بە توندیی بەرپرسیی و لێپرسینەوە، مەسئولیەت و موحاسەبە، پێکەوە گرێ بدات.
دیمۆکراسی بە دەستوور و دەبابەی داگیرکەر لە زۆنێکی سەزی بە زۆنی سوور و بۆر دەورەدراو، دروست نابیت.
دیمۆکراسی بە سفرکردنی دەوڵەتێک و لە سفر دروستکردنەوەی بە دەستوور و دەزگای گەوادیی دروست نابێت.
ئەمە شتێک نییە ئێستا بیڵێم، هەر لە دووەم سالی دەسەلاتی بڕێمەرەوە یەکەم کەس بووم کە لە دەیان وتاردا بە ئینگلیزیی پرۆژەی برێمەر م بۆ دیمۆکراتیزەکردنی عێراق بە فانتازیا و خەونی کووکو ناو برد. ئینزاری گەوادەکانی خۆشمانم کرد کە سەربەخۆیی بە ڕێکەوتی مێژوو دروستبوو، نەکەنە قوربانی گەوادیبایی شەخسیی و بنەماڵەیی.
ئەو وەختە [2004 – 2005] دوای ئەو هەموو ئەنفال و جێنۆسایدە، کاتێ ئەوان شەڕی دەستووری دروستکردنەوەی عێراقیان دەکرد و میدیاکانیان دنیایان بە هات وهووتی عێراقچێتیی پڕکردبوو: من بزوتنەوەی ڕیفراندۆمم بۆ سەربەخۆیی دروست کرد و ئەم دروشمەم بەرزکردەوە:
بە خۆت دەڵێی عێراقیی، کەوایە بێ ئەخلاقیی.

(8 )
ئێستا چی بۆ رووناکبیرانی ڕاستەقینەی عێراق، خەمخۆرانی مرۆڤایەتی و بەهای ئەخلاقیی ماوەتەوە: جنێو دان!،
چ وشەیەک پڕ ماناتر و بەرىلاوتر و شەعبییتر و راستگۆترە لە وشەی گەواد بۆ جنێودان بە دەسەلاتی گەوادیی و گەوادانی دەسەڵات!!
چەند بەڵگەیەک لە نووسەرانی عێراقیی عارەبەوە!
نووسەرێکی عێراقیی بە ناوی کەریم عەبد لە وتاریکدا بە ناوی [جیاوازیی نێوان پیاوی دەولەت و گەوادی سیاسییدا] دەنووسێت:
[الفرق هو أن السياسي في الدول الديمقراطية يهيئ نفسه كي يكون رجل دولة مسؤولاً عن تقدم وأمن بلاده، أما عندنا فإن رجل الدولة نفسه ولكي يبقى أو يعود لمنصبه يتحول إلى قواد سياسة يقدم مصالح الدول المتنفذة داخل العراق على حساب حقوق العراقيين ومستقبلهم لأن هذه هي إصول اللعبة، ليست اللعبة الديمقراطية بشروطها ومواصفاتها القانونية المعروفة في الغرب، بل لعبة قوادي السياسة وسماسرة الإعلام كما هو حاصل في بلادنا المنكوبة]
جیاوازییەکە ئەوەیە کە سیاسیی لە دەولەتانی دیمۆکراتییدا خۆی بۆ ئەوە ئامادە دەکات ببێتە پیاوی دەوڵەتی بەرپرسیار لە پێشکەوتن و ئاسایشی ولاتەکەی. بەڵام لای ئێمە ئەوە پیاوی دەوڵەت خۆی، بۆ ئەوەی لە دەسەلاتدا بمێنێتەوە و بۆ پۆستەکەی بگەریتەوە دەبێتە [ گەوادی سیاسەت] بەرژەوەندی دەوڵەتە دەسەڵاتدارەکان لە ناو عێراقدا لە سەر حیسابی مافەکان و ئایندەی عێراقییەکان پێشدەخات، چونکە ئەمە ئەسڵی یارییەکەیە. ئەمە گەمەی دیمۆکراسی نییە بە پێی مەرج و پیناسە یاسایی یە ناسراوەکانی رۆژاوا، بەڵکو گەمەی [گەوادەکانی سیاسەت و بازرگانەکانی ڕاگەیاندن] ە وەک لە ولاتی نەگبەتی ئێمەدا ڕوو دەدات.
[بۆ ئەسڵی وتارەکە بە عارەبیی بروانە kitabat.com
وەک دەبینین کەریم عەبد بە ڕوالەت وشەکانی گەواد و گەوادی سیاسیی وەک جنێو بەکاردێنێت، بەلام راستیی ئەو وەک زاراوەیەکی سیاسیی و فیکرییش بەکاری دێنێت. لای ئەو سیاسەت و دەوڵەتمەداری لە عێراقدا [گەمەیەکی بوون بە گەوادیی سیاسییە] بۆ خزمەتی [ئەوی دی] لە بەر ئەمە هیچ مەرجێکی یاسایی و ناسینەوەی دیمۆکراسی باوی شیوە رۆژاوایی تێدا نییە. بە مانایەکی تر سسسیتمی گەوادیی سیاسیی بە دژ و پێچەوانەی سسیتمی دیمۆکراسیی پەرلەمانیی دەستووریی رۆژاوایی دادەنێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت