دکتۆر کەمال میراودەلی: گەوادۆلۆجی، فەلسەفەی دەسەڵات وەک گەوادیی و خۆفرۆشتن. بەشی دووەم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

( 6 )
لە بەشی یەکەمی سەرەتایی گەوادۆلۆجییدا، ئەوەم روون کردەوە کە:
1- وەسفناوی گەواد گەرچی لە مەودای مانای بازاڕییدا تەنیا وەک جنێو سەیر دەکرێت. بەلام وەک چەمک/کۆزان هەلگڕی مانای مێژوویی و سایکۆلۆجیی و سیاسیی و تەنانەت فەلسەفییشە
2- گەوادیی بە پلەی یەکەم، چەمک [کۆزان/ کۆنسێپتێکی] دەسەڵاتیی و دەسەڵاتە و کرۆک و ناوەرۆکی پێوەندییەکانی دەسەلات لە هەموو ئاستەکانی ژیانی خێزانیی، کۆمەڵیی، ڕیکخراوەیی، سیاسیی، دەوڵەتیی و نیودەوڵەتییدا روون دەکاتەوە.
3- ئەم خراپناوە لە سەرەتای ساڵەکانی سەدەی بیست و یەکەمەوە لە عێراق و دوایی لە ولاتانی تردا بەکارهێنانیکی بەربلاوی هەیە. بۆ نیشاندانی ئەمە دەستمکرد بە نموونەهێنانەوە لە شێوەی بەکارهێنانی وشەکانی گەواد و گەوادییی سیاسیی لە لایەن نووسەرانی عێراقیی عارەبەوە. لەم بەشەدا نموونەی زیاتر دێنمەوە و لێکیان دەدەمەوە.
4- ئاماژەم بەوەدا کە فراوانبوونی ئەم بەکارهێنانە یان بەروەزیفەکردنی [تو‌ظیف] ی چەمکی گەوادی سیاسیی لە وتاری سیاسییدا و تەنانەت لە شیعر و ئەدەبیشدا، پێوەندی بە نەمانی بنەما و مانای دەوڵەت و ژێرخان و سەرخان و بەهاکان لە عێراق و هەرەسی کۆمەلایەتیی و ئەخلاقیی فراوانەوە هەیە.
5- هۆکاری ئەم هەرەسە دەرکەوتنی توێژێکی دەسەلاتدارانی عێراقیی کورد و عەرەب لە ناو سکی عەزیای داگیرکاریی سەربازیی ئەمریکییەوە بووە، کە ئایدیۆلۆژیی و ستراتیج و بەرنامەی یەکەم و ئاخریان بریتییبووە لە [ پرۆژەی گەوادیی بۆ ئەوی دی] لە پێناو گەیشتن بە دەسەلات و هێشتنەوە و پاراستنی دەسەلاتی کەسیی و خێزانیی و قەبیلەیی و بنەماڵەیی یان بێ گوێدانە ئەوەی [ئەوی دی] ئەمریکا دەبێ، ئێران، بەریتانیا، تورکیا، ئیسرائیل تەنانەت داعش و گروپەکانی ئیرهاب، و بێگوێدانە ئەوەی ئەو [گەوادییکردنە بۆ ئەوی دی] چ کارەسات و ماڵوێرانیی و تراژیدیایەکی بۆ نیشتیمان و خەڵک و نەوەکان هەیە.
6- هەروەها ئەوەم ڕوون کردەوە کە ئەوانەی وشە و چەمکی گەواد و گەوادیی سیاسیی بەرامبەر ئەو جۆرە دەسەلاتدارانە بەکار دەهێنن تەنیا زۆربەی خەڵکی ناڕازیی نین بەڵکو نووسەرە ئازا و ئازاد و خاوەن ویژدان و کەرامەتدارەکانن کە ئامادە نەبوون و نین خۆیان بە دەسەڵاتی گەوادیی بفرۆشن و بە نووسینەکانیان کە نیشانەی هیوابران و تووڕەیی سایکۆلۆجی پێوەیە دەیانەوێ خۆیان لە زۆربەی خٶشداکەن جیاکەنەوە و ببنە دەنگێکی زیندووی ویژدان و شایەتیکی مەزنی مێژوو.
7- ئەم پرۆژەنووسینە [گەوادۆلۆجی] هەوڵێکە بۆ گەڵاڵەکردنی ڕوانگەیەکی فەلسەفیی بۆ تێگەیشتنی حەقیقەتی گەوادیی و گەوادیی سیاسیی وەک بنەترین و بنسازترین و بەربلاوترین و خەتەرناکترین پرینسیپ و پراکتیسی پێوەندییەکانی دەسەلات لە هەموو ئاستەکانی ژیانی کۆمەلایەتیی و سیاسیی و ڕێکخراوەیی و دەوڵەتیی و نیودەوڵەتییدا.

( 7 )
نووسەرێكی تر بە ناوی مهدي الصافي بە وردیی و مێژوویی پیناسەی گەوادی سیاسیی دەکات. ئەمە هەندێ لە بۆچوونەکانێتیی: عبارة القواد تشتهر في المجتمعات وكذلك في تعريفات المعاجم العربية بأنها كلمة سيئة للاشخاص الذين يتاجرون بشرفهم اي اعراضهم او بشرف الاخرين،……….…
نعتقد ان السياسي الفاسد الذي يبيع شرفة لاسباب شخصية او مادية هو لايختلف لقبه عن من يوصف في عرف بائعي الهوى بالقواد…
اول قواد في هذا العالم ممن ينتسب للعرب هو المقبور صدام ،الذي دفع لمحاربة ايران عام 1980، وتسبب بمجيء الاساطيل والبوارج الحربية الامريكية والبريطانية الى منطقة الخليج، وانتهت في عهده الحرب الباردة 1990، ثم توالت مهنة القوادة لبعض السياسيين والحكام في المنطقة العربية، الذين تاجروا في الدين والارض والعرض، بأيجادهم الارهاب الوهابي الداعشي بغية تدمير العراق وسوريا واليمن ولبنان وليبيا ، واستباحة الاعراض حتى في دولهم نفسها، فالابله والمعتوه الذي يقرب النار الى بيته لايكترث للنتاىج (للعلم ان العديد من الفتيات العربيات هاجرن من بلدانهن الى مناطق داعش للدعارة الجهادية).
هناك قواد سياسي دولي، واقليمي، وعربي ومحلي،
فالقواد السياسي الدولي: هو الذي يتطوع بالذهاب ذليلا الى القوى العظمى عارضا خدماته في سبيل حماية نفسه وامواله او كرسي حكمه، غير مكترث لاحتمالية سقوط عائلته وعشيرته في شباك دعارته تلك…
واما القواد الاقليمي: فمعروف من هم هؤلاء المنحطين، ومن بين الامثلة الجلية الوضوح عليهم زمرة القوادين من داعمي وممولي داعش، المبادرين بتقديم فروض الطاعة لاسيادهم، فهم لايعيرون اي اهتمام للنتائج والانتكاسات وكثرة الضحايا، بما فيهم الذين يسقطون في ارضهم جراء سمسرتهم القبيحة تلك، بل يساهمون في دفع ابناءهم ورعيتهم الى دعارة الارهاب الوسخ، بتشجيع حالات الفسق والفجور في جهاد النكاح الجماعي، وذهابهم في التحالف مع من يغتصب ارضهم منذ عقود لمحاربة شرفاء الامة العربية والاسلامية.]
[بۆ ئەسلی تێکستەکە بڕوانە: https://kitabat.com

وەرگێڕانەکەی [ بۆ خۆم خاڵی بۆ دادەنێم]:
1- زاراوەی القواد [گەواد] لە هەموو کۆمەڵگاکاندا زۆر باوە، هەروەها لە پێناسەی فەرهەنگەکانی زمانی عارەبیدا وەک وشەیەکی خراپ بۆ ئەو کەسانە بەکارهاتووە کە بازرگانی بە شەرەفی خۆیان و اتە لەش و جەستەیان و شەرەفی کەسانی دیکەوە دەکەن. باوەڕمان وایە ئەو سیاسییە گەندەڵەی شەرەفی خۆی بۆ بەرژەوەندیی شەخسیی و ماددیی دەفرۆشێ وەسفناوەکەی جیا نییە لەو کەسانەی کە لە عورفی لەزەتفرۆشیدا بە گەواد ناو دەبردرێن.
2- یەکەم گەوادی [ئەم سەردەمەی] عەرەب سەددام بوو.. کە ساڵی 1980 پاڵیان پێوە نا شەڕ لەگەڵ ئێران هەڵگیرسێنێت ئەمەش بووە هۆی هاتنی ئەستۆل و ئەبراجی سەربازیی ئەمریکا بۆ ناوچەی خەلیج. لە سەردەمی سەددامدا شەڕی سارد کۆتایی هات، بە دوای ئەودا پیشەی گەوادیی هەندی سیاسەتمەدار و حاکمی عەرەب تەشەنەی کرد، بازرگانیان بە خاک و نامووسەوە کرد، بەوەی ئیرهابی وەهابیی داعشییان دروستکرد بۆ خاپوورکردنی عێراق و سوریا و یەمەن و لوبنان و لیبیا و دەستدرێژی بۆ سەر نامووس تەنانەت لە ناو ولاتەکانی خۆیاندا، خۆ کەسانی گەمژە و داوەشاو کە ئاگر لە ماڵەکەی خۆی نزیک دەخاتەوە باکی بە ئەنجامەکان نییە ( بۆ زانین زۆر لە کچانی عەرەب بە ئارەزۆی خۆیان لە ولاتانی خۆیانەوە بۆ لەشفرۆشیی جیهادیی سەفەریان بۆ ناو ناوچەی داعش کرد.)
3- گەوادی سیاسیی نێودەوڵەتیی و گەوادیی ئیقلیمیی و گەوادی عەرەبیی و لۆکالی هەیە.
گەوادی سیاسیی نێودەوڵەتیی ئەوەیە خۆبەخشیی دەکات کە دەبێتە ڕێنیشاندەری زلهێزەکان و خزمەتی خۆی پیشکەش دەکات لە پێناوی پاراستنی خۆی و سەروەت و سامانی یان دەسەڵاتەکەی. گوێناداتە ئەوەی کە دەشیێ خۆی و خێزانەکەی بکەونە ناو تەڵەو تۆڕی ئەو لەشفرۆشییەی دەیکات.
گەوادی ئیقلیمیی/ ناوچەیی زانراوە ئەو داڕزاوانە کێن، نمووونەی روون و ئاشکرای ئەوانە ئەو کۆمەڵە گەوادەی کە پشتیوانیی و پاڵپشتی دارایی داعشیان کرد، دەستپێشخەری فەرزی تاعەتکردنیان بۆ ئاغاکانیان کرد، ئەوانە گوێ نادەنە ئەوەی چ پێشهات و کارەسات و لافاوی قوربانیی لە کارەکانیان دەکەوێتەوە، بەوانەشەوە کە لە ولاتەکەی ئەواندا بەهۆی گەوادیی دزیویی ئەوانەوە دەبنە قوربانیی. بەلکو بەشداری دەکەن لە پاڵثیوەنانی ڕۆڵەکانیان و هاوولاتانیان بۆ ناو باوەسی لەشفرۆشیی ئیرهاب. بە هاندان و بلاوکردنەوەی فوق و فجور بە ناوی جیهادی نیکاحی بەکۆمەڵەوە و هاپەیمانییکردنیان لەگەڵ ئەوانەی کە چەندەها دەیەیە خاک ولاتیان داگیرکردوون ]
[کۆتایی وەرگێڕدراوەکە]

( 8 )
پێناسەکانی نووسەری عەرەب مهدي الصافي واژۆ و نیشانەی مێژوو هەڵگرن. پەرچدانەوەی وابوویەکی سەخت و کارەساتاویی قۆناغیی گەوادیی و لەشفرۆشیی جەماعی و جیماعی نوخبەی حاکیمە و دینیی عەرەبن لە سەدەی بیستویەکەمدا. بۆیە پێویستە زیاتر لە سەریان بوەستین و لێکدانەوەیەکی بابەتییتر و لۆجیکییتریان بۆ بکەین
ئەو زیاتر گەوادیی وەک کردەوەی ئاشکرا و روونی گەوادەکان پێناسە دەکات:
1- سەددام بە کارەساتی شەڕەکانی
2- گەوادەکانی ئالی سەعود و میرەکانی خەلیج بە گەوادیی و لەشفرۆشیی ئاشکراو خۆبەخشانەیان بۆ ئەمریکا
3- ئەو رژیم و حیزب و ڕێکخراو و گرۆ و هێزە سیاسییانەی بە ناوی دین و ئیخوانی موسلیمین وەهابییەتەوە کەلتووری گەوادیی دینیی و جیهادی نیکاح و لەشفرۆشیی جیهادیان بلاوکردەوە تا ئەو رادەیەی گەنجانی ناوخۆیان ئامادەکرد بۆ خۆ تەقانادنەوە، یان کچانی عەرەب بۆ لەشفرۆشیی جیهادیی بچنە ناو داعش.
لێرەدا الصافی گەوادیی وەک جنێو بەکارناهێنێت بەلکو وەک وەسفێکی کۆمەلناسی سیاسیی میژوویی بۆ حاکمەکانی عەرەب و تویژی ئیسلامی داعشیی کۆمەلگای عەرەبیی.
بەلام لە ئاستی شەخسیی گەوادییدا وەک وەسفناوی گەوادە سیاسییەکان، مهدی الصافی [گەوادی سیاسیی] ئاوا پێناسە دەکات:
[ ئەو سیاسییە گەندەڵەی شەرەفی خۆی بۆ بەرژەوەندی شەخسیی و ماددیی دەفرۆشێ] و سێ ناسکاری گرنگی ئەم جۆرە گەوادی سیاسیی یە مانانیشان دەکات:
1- دەستپێشخەریی گەوادەکان خۆیان دەستپێشخەرن لە گەڕان بە دوای [ئەوی دی] دا بۆ خۆفرۆشتن و لەشفرۆشتن
2- خۆبەخشیی تەواوی ئەوان: واتە گەوادیی لە ڕێی خود دا و نەبوونی هیچ مەرج و پەیمان و ڕیکەوتنێکی نووسراو بە پێی یاسای نێو دەوڵەتیی و بە چاودێریی و زامنی نەتەوە یەکگرتۆکان بۆ خزمەتەکانیان بە [ئەوی دی].
3- ئامانجی یەکەم و ئاخر تەنیا پاراستنی دەسەلاتی شەخسیی و قەبیلەیی خۆیان و پارە و سامانیانە
4- خۆپەرستیی و بێویژدانیی و بێباکیی لەوەی کە ئەم گەوادییە دەبیتە مایەی کارەسات و تراژیدی بەردەوام بۆ گەلەکەیان و شارستانییەکەیان و ولاتەکەیان و بلاوبوونەوەی فسق و فەساد و لەشفرۆشیی بە ناوی دینەوە یان لە ئەنجانی هەرەسی ئابووریی و کۆمەلایەتییەوە.
ئەمە لێکدانەوەی راستەوخۆی مانادیارخستنەکانی الصافی یە بۆ چەمکی گەوادی سیاسیی. بەلام هەندێ لە بۆچوونەکانی مهدي الصافي ئەو کاتە زیاتر روون دەبنەوە و یارمەتیدەر دەبن لە پێناسەی گەوادیی لە دەرکەوتە عەرەبییەکەیدا گەر وەک دیمەنە گەورەکە لێکیان دەینەوە.

( 9 )
گەوادی بەشەرەف: کەیسی سەددام.
الصافی سەددام وەک یەکەم گەواد ناو دەبا. ئایا سەددام گەواد بوو؟
ڕاستیی سەددام پێچەوانەی هەموو ئەو پێناسە و وەسفناوانە یە کە نووسەر بۆ گەوادیی ئیقلیمیی و نێودەوڵەتییان دێنێتەوە. بەلام لە سەرەتاوە سەددام بە یەکەم گەواد ناو دەبات. پاکانەکەی ئەوەیە کە کارەکانی سەددام بووە هۆی هاتنی ئەمریکا و هیزە هاوپەیمانەکانی بۆ خەلیج. واتە خالێکی هاوبەش لە نێوان سەددام و گەوادی ئیقلیمیی- نێودەوڵەتیی [میرەکانی خەلیج و گەوادەکانی ئالی سەعود و حیزبەکانی ئێستای عێراق] ئەوەیە کە ئەمانەی دوایی گەوادی بە ئارەزوو، دەستپێشخەر، خۆبەخشیین [ سەددام ئەمانە ی نەبوو] ، کەچی ئەنجامەکە یەک بوو: خزمەتی زلهێزەکان و ڕاکێشانی ئەمریکا بۆ خۆرهەلاتی نێوەند.
دیارە الصافی هەڵەیەکی گەورە دەکات کە شەڕی ئێران و عێراق بە بەڵگەی گەوادبوونی سەددام ناو دەبات.
شەڕی دژ بە ئێران لەلایەن سەددامەوە شەرێکی دیفاعیی ناچاریی بوو.
نەوەی هاوتەمەنی من گەر هۆشیاربووبن و ئاگاداریی سیاسییان هەبووبێت و بیرەوەریان لاواز نەبێت، دەبێ هەموو ڕووداوەکانیان لە یاد ىێت.
هەر کە شای ئێران کەوت و خومەینی کۆماری ئیسلامی شیعەیی راگەیاند، هەر لە یەکەم حەفتەوە ئایدیۆلۆجیی و سیاسەتی هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامی بۆ [ولاتانی تاغووتیی] راگەیاند.
یەکەم ولاتی تاغووتیش کە بووە ئامانجی یەکەمی شۆڕشە هەناردەکراوەکەی خومەینی عێراقی بەعسیی سەددام بوو.
ئێزگەکانی رادیۆ و بانگاشە و پروپاگاندەی ئێرانیی هەمووی هاندانی خەلكی عێراق بوو بە تایبەتی شیعە و کورد بۆ راپەڕین دژی سەددام و لەناوبردنی.
بۆیە ڕاستیی شەڕی سەددام دژی ئێران ناچاریی بوو، شەڕێک بوو پێی فرۆشرا، شەرێک دەبوو بیکات بۆ مانەوەی خۆی و رژێمەکەی.
لەم شەڕە سەختە هەشت ساڵییەشدا بە ئیرادەیەکی بەهیزەوە سەرکەوت، ژەهری بە خومەینی خوارد.
گەوادبوونی سەددام لە غروری خۆی و قەیرانی ئابووری دارایی دوای سەرکەوتنەکەی و کەوتنە ناو تەڵەی ئەمریکییەوە سەری هەڵدا.
لە شکستی لە تێگەیشتنی دیمەنە گەورەکەی سیاسەتی جیهانییدا و و بڕیاری سیاسیی هەڵەدا بەرجەستە بوو.
ئەمە چۆن روویدا؟

( 10 )
راستی سەددام نموونەیەکی باشە بۆ روونکردنەوەی پێناسە و گرێبەندیی و ئالۆزیی پرینسپ و پرۆسە و پراکتیسی گەوادیی و شێوەی گەوادییکردن و گەواد-دروستکردن لە ناو دیمەنە گەورەکەی دەسەلاتی سیاسیی و سیاسەتی نێودەوڵەتییدا.
بە پێچەوانەی سیاسییەکانی ئێستای عێراق و گەوادە موخەزرەمەکانی خەلیج، سەددام لە ئاستی شەخسییدا سەرکردەیەکی بە شەرەف و سەربەست و خاوەن ئیرادەی سەربەخۆی لەقنەبوو و نەفرۆشراو بوو. بەڵام گەوادیی تەنیا سیفەتی شەخسی نییە، دەتوانی هەموو ئەو سیفاتانەی سەددام ت هەبێ و هێشتا وەک سەددام لە لەحزەیەکی خەتەرناکی مێژوودا لەوە دەرباز نەبێت کە بتکەنە ئامرازێكی گەوادیی دژی خۆت و بنەما و بەها و ئامانجە بەرزەکانی خۆت!
ئەمە تەنیا بەوە ڕوون دەبێتەوە کە لە هەموو لەحزەیەک و هەلومەرجێکی مێژووییدا هەموو رووداو و رەفتارێک وەک بەشێک لە دیمەنە گەورەکە ببینین.
بەلام بینین و تێگەیشیتن ودیاریکردنی شوێنی خود/ خۆت لە ناو دیمەنە گەورەکەدا کارێکی یەکجار قورسە، پێویستیی بە تێڕوانینێكی فەلسەفیی سیاسیی ستراتیجیی جیۆپۆلیتکی جیهانیی وتێگەیشتنی ڕەوتی ئباووری جیهانیی و بەرهەم و بازاڕی نەوت و کێشە و بەرژەوەندییە ئیقلیمییەکان و بەربەرەکانی زلهیزەکان و هەوڵی بەردەوامی ئەوان بۆ گەوادییکردن و بەکارهێنانی گەوادە ئاسان و نائاسانەکان لە پێناوی سەپاندن و پاراستنی هەژموونی جیهانگیریی خۆیان.

( 11 )
ئەمریکا چۆن گەوادیی بە سەددام کرد؟
لە پێشەوە دەبێ ئەوە بڵێین کە لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە ئەمەریکا وەک گەورەترین هێزی سەربازیی و ئابووریی دنیا دەرکەوت. پاش هەرەسی یەکێتی سۆڤیەت و سیستمی سۆسیالیستی ئەم دەورە گەورەتر و دنیاگرتر بوو. بۆیە دەستبەسەرداگرتنی تەواوی رۆژهەلاتی ناوەراست وەک نەوت و جیۆپۆلیتیک و دەوری ئیسلام، بووە ئامانجێکی ستراتیجی سیاسەتی ئەمریکیی. بۆ ئەم مەبەستەش ئەمریکا دەبوو بنکەی سەربازی زەبەلاح بە تازەترین چەکی نوێ و هێزی سەربازیی گەورەوە لە خەلیج دامەزرێنێت و ڕێگە بۆ ئەمە ئاسان بکات.
سیاسەتی نهێنیی ئەمریکا لە جیهاندا بۆ جێبەجیکردنی نەخشەکانی خۆی دروستکردن و بەهێزکردنی دیکتاتۆرەکانی سەربەخۆی یان گەوادەکانی خۆی بوو.

( 12 )
[ دەشێ کوڕی قاحبە بێت، بەڵام کوڕە قاحبەی خۆمانە ]
ئەمە وتەیەکی ئاستی پەندی پێشینانی کوردییە لە ئەدەبیاتی سیاسەتی جیهانیی ئەمریکییدا جێی خۆی گرتووە.
پێوەندی سەرۆکەکانی ئەمریکا و دەزگاکانی سی ئای ئەی بە دیکتاتۆر و دەسەلاتدارانی دنیاوە بە تایبەتی جیهانی سێیەمەوە [وەک پێشوو دەوترا] دەردەبڕێت.
روون نەبۆتەوە یەکەم جار کێ ئەم قسەیەی وتووە، دراوەتە پاڵ ترومان کە گوایە بە سۆمۆزای نیگاراگوای وتووە.
یان ڕۆزفلت کە بە دیکتاتۆری ئەسپانیا فرانکۆ ی وتووە.
یان سەرۆکی ئەمریکی نیکسن بە ئۆرتیگا ی وتووە،
یان دەوترێ کە چەرچل و دیگۆلیش ئەم وتەیان بۆ پێناسەی گەوادەکانی خۆیان بەکار‌هێناوە.
[ىروانە: https://washingtonmonthly.com

گرنگ نییە کێ و بە كێی تایبەت وتراوە.
گرنگ ئەوەیە ئەوە بینینی ڕاستەقینەی ئەمریکایە بۆ ئەو ڕژیم و حاکم وکەسانەی بۆ خزمەتی ئامانجەکانیان بە کرێیان دەگرن. ئەوانە نرخی کەسیی و سیاسییان لای سی-ئای-ئەی و ئەمریکییەکان لە کوڕی قاحبە زیاتر نییە.
ئەوە قسەی من نییە ئەوەتا کۆمێنتنووسێک [بروس فەین] لە ڕۆژنامەی بەناوبانگی واشنتۆن پۆستی ئەمریکییدا ئەمە ئاوا ڕوون دەکاتەوە:
[[ ئاوازی سیاسەتی دەرەوەی ئێمە بۆ سەدەیەک ئەوە بووە:]]
[ڕەنگە ئەو کوڕی قاحبە بێت، بەڵام کوڕە قاحبەی ئێمەیە]
لەو کوڕەقاحبانە بیر لە [ئەناستاسیۆ سۆمۆزا] ی نیکاراگوا بکەوە،
لە [ فەلگینکیۆ باتیستا] ی کووبی،
لە [ئۆگۆستۆ پینۆشیتی] ی چیلی،
لە [فێردیناند مارکۆس] ی فلیپینی،
لە [سینگمان ریی] کۆریای باشوور،
لە [شیان کای-شینگ] ی چین،
لە [سۆهارتۆ] ی ئیندۆنیسیا،
لە [محممەد ڕەزا پەهلەویی] ئێران،
لە [سەددام حوسێن] ی عێراق [ لە شەڕەکەی لەگەڵ ئێراندا]،
لە [مۆبوتۆ سێسی سێکۆ] ی زائیر.
ئێمە پشتیوانی سەعودی عەرەبیا دەکەین لەگەڵ ئەوەشدا ژننەیار، بۆش وفشەڵەک و ستەمگەرن چونکە پارەیەکی خەیاڵیی لە کڕینی چەک و بەرهەمی ئەمریکییدا خەرج دەکەن و ڕۆژانە 10 ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنن.
لە سەروبەری کۆتایی جەنگی جیهانیی دووەم ئەمریکا زیاتر لە 1500 زانای ئەڵمانی پاش-نازیی بەکرێگرتن تا لە جەنگی سارد دژی سۆڤیەت یارمەتی ئەمریکا بدەن.
ئێمە زۆر بە بەخشندەیی پاداشتی [ئەرثەر رودۆلف] و[ وێرنەر ڤۆن براون] – کە دوو مێشکی دروستکەری [سارۆخی ڤی- 2 ] ی ئەدۆلف هیتلەر بوون، مان دایەوە و خەڵاتمان کردن، بۆ یارمەتییدانمان لە دروستکردنی [مووشەکی پێرشینگ] و سەرکەوتن بە سەر سۆڤیەتدا لە پێشبرکێی گەیشتن بە سەر مانگ.]
کتێبەکانی ئینجیل پێمان دەڵین ئەوەی بووە دەبێ و ئەوەی وابووە هەر وا دەبێ. ئەوەی کراوە دووبارە دەکرێتەوە و هیچ شتێ لە بن تیشکی خۆردا تازە نییە.]
دیارە زۆر لەو گەواد یان کوڕەقاحبانە ئەمریکا کاتی خۆی بە دیمۆکرات و دژ بە ستەمگەریی وەسفی کردوون و ئێستا ناوی خۆیان لە لیستی گەوادەکانی ئەمریکا دا تۆمارکراوە.
ئەم کۆمێنتە روونی دەکاتەوە کە گەوادەکان دەشێ: دیکتاتۆر یان حاکم بن، وەک لیستی ناوەکان، یان بنەماڵە بن وەک بنەمالەی مەلەکی سەعودیی، یان کەسان وەک زانا و شارەزایان. یان گەوادی بە رێکەوت و بە دەرفەت-گەوادکراوبن وەک سەددام.
[بۆ دەقی ئینگلیزییەکە بڕوانە: https://www.washingtonpost.com/

لە بەشی داهاتوودا روونی دەکەمەوە چۆن ئەمریکا تاقە سەرۆکیكی عەرەب سەددام کە تەحەددای ئەمریکا ی دەکرد و ئیرادەی سەربەخۆی هەبوو ، گەواد کرد و چۆن ئەوە بوو بە سەرەتای لافاوی گەوادکردنی ئالی سەعود و میرەکانی خەلیچ و دروستکردنی بزوتنەوەی گەوادیی ئیسلامیی داعشیی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت