كارۆخ عوسمان: ئەوان بۆچی لەئێمە دەترسن؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەوەی ئەوان لێی دەترسن ئەو شێوە خەباتەیە كە ئێمە گرتومانەتەبەر، چونكە ئەوان جگە لەبەكارھێنانی چەك (ئەویش بەدەستی بەكرێگیراوەكانیان) ھیچیتر نازانن، بۆیە دەبێ بەردەوام بین لەسەر ئەم ڕێباوەڕە تا وەدیھێنانی تەواوی ئامانجەكان.
ئەوان لەم وەدیھێنانە دەترسن چونكە بەوەدیھاتنی ئامانجەكانمان كۆمەڵگایەك دێتە وجود كە حكومەت بەفەرمانبەر بزانێت و كاربەدەست بەخزمەتكاری گەل.
ئەم خەباتە مەدەنیە ھێواشە و پشووی درێژی دەوێ بەڵام بەرھەمەكەی بۆ ئایندەیەكی دوورمەودایە، جا ئەگەر قەرار وابێت ستەمكار بەئاسانی وازی ھێنا دیارە كە شەریفەو ستەمكار نیە.
بەردەوام بوون لەسەر بەرەنگاری حوكمی چەوت و ھێنانە كایەی حوكمڕانیەكی حەكیم و شەریف و خزمەتگوزار باشترین چەكی مەدەنیەتەو تاكە وەسیلەی گۆڕانكاریە بەئاراستەی قازانجی خەڵك. قازانجێك كەئایندە لەسەر بناغەی ئاشتی و عەدالەت بچەسپێنێت و بۆ ئەبەد بەریەككەوتنی توندوتیژو سڕینەوەی یەكتری لەگۆڕ بنێت.
بەم ڕێكارە مەدەنیە گشت تاكێكی ئەم كۆمەڵگەیە مەنفەحەت لەدەستەڵاتدارێتی وەرگرێت، ھەموویان خاوەنی ڕاستەقینەی خاك بن، خاوەنی سەروەت و سامان و سیادەی وڵات بن.
گرنگی ئەم خەباتە مەدەنیە ئەوەیە كە ھیچ كامێك لەتاكەكانی كۆمەڵگە لەدەست نادەن، بەڵكو گشتیان بەدەست دەھێنن، ئەوەشی بەناشەرعی بەدەستی ھێناوە بێشك ڕووبەڕووڕی عنف نابێتەوە بەمەرجێ، چونكە ھەمیشە لەوەرچەرخانی حوكمدا لێخۆشبوون ھەبووە بۆ ئەوەی ئاشتبوونەوەی كۆمەڵایەتی بێتەدی.
خۆ ئەگەر ئەو ئاشتبوونەوەیە نەبێت بێشك وڵات ھەردەم لەبەر ھەڕەشەی بەیەكداكێشان دەبێت.
گرنگتر لەھەموو شتێك لەحوكمڕانی تەندروستدا گەلان بێ منەتباربوون دەگەن بە موستەحەقاتی شەرعی.
ھەر وڵاتێك لەوانەی كە لەئێستادا خەڵكانی وڵاتانی نامی ڕووی تێدەكەن بۆ ژیانی ئاسودەیی، بەم قۆناغەی ئێمەدا تێپەڕبووینە، كەچی ئێستێ لەلوتكەی خۆشگوزەرانیدان.
زەروورە ئەو نەھجە نابوتە تڕۆ بكەین كە بەمل كۆمەڵگەكەماندا بڕاوە، ئەویش خودی دەستەڵاتی داسەپاو داینەمۆیەتی، (ئەوەی بەچەك ھات دەبێ بەچەكیش بڕوات.
خەڵكی ئەم وڵاتە دەبێ بیر لەوەبكاتەوە خۆ ئەگەر ئێمەش ئەمانەی كەئێستا لەحوكمدان بەچەك دەربكەین و دەستەڵاتیان لێوەربگرین كەواتە بۆ ئێمەش ڕاستەو دەبێ بەچەك لەحوكمڕانی دەرمان بكەن ئەگینا كورسی حوكم جێناھێڵین.
كەوابێ حوكمی مەدەنیەت و ئەوانەشی كە بەمەدەنی دێنە حوكم لەھەر ساتێك كەكۆمەڵگا سیستەم و سیاسەتی ئیداری بەلاوە پەسەند نەبێت بەئاسانی دەتوانێ لایان بدات و كەسانیتر بێنێتە شوێنیان، ئەوەیە حیكمەتی حوكمی مەدەنی و چاكەی ھێزە مەدەنی خوازەكان.
ئەگینا تەنھا 100 چەكدار بەسە بۆ لەرزاندنی ڕژێم و شێواندنی ناوخۆی وڵات. بەڵام گەر وامان كرد جوداییەكمان نامێنێت لەگەڵ ئەوانیتر.
حوكمڕانە داسەپاوەكانی ئەم وڵاتە لەبەر ئەم بنەمایە لەئێمە دەترسن چونكە دەمانەوێ كۆمەڵگایەك بونیادبنێین ھاوڵاتی تێیدا بێ منەت و شكومەند بێت، ئەوسا ھێزە تۆتالیتارو قیادیە چەنگ گرتووەكان بەكورسی حوكمەوە لەم كۆمەڵگایەدا بەنەھجی پێشوتر جێگەیان نابێتەوە، خێڵگەراییشیان ڕێگەیان نادات لەئاستی ھاوڵاتیدا خۆیان بەفەرمانبەرو خزمەتكاری خەڵك بزانن.
ھەربۆیە بەھەموو توانایانەوە لەمپەڕ دادەنێن لەبەردەم پێگەیشتنی خەڵك بەخواستەكانیان و وەرچەرخانی حوكمڕانی.
بەڵام بەردەوام بوونی ھێزە مەدەنیخوازەكان و تاكی وشیاری كۆمەڵگا لەسەر مەبدەئی گۆڕان لەڕژێمی حوكمدا وەدیھاتنی ئەم خواستە زامن دەكات.
ھێزە حوكمڕانەكانیش ھەتا زووتر دەستبەرداری ئەم سیاسەتی ڕووتانەوەو دزی و گزی و تەزویرو تیرۆری فكریەبن بۆ خۆیان قازانجەو زیاتر دەكەونە بەر ڕەحمەتی بەخشین، وەلێ ئەگەر وایان نەكرد حەتمەن چارەنووسێكی خراپیان دەبێت و لەحوكمی دادگا نەجاتیان نابێت.
ژیانی زیندانیەكی تاھەتاییش ھەزارجار ناخۆشترە لەھەڵواسین.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت