بەختیار نامیق: ئەگەری سیناریۆکانی پێکهێنانی حکومەت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەوەی گرنگە سەرەتا وەک پێوەر بیبینین ئەوەیە کە هیچ هێزێک ئەگەر بشتوانی (56) زیاتری کورسی هەبێت, هەر ناتوانێت بە پێ ی واقعی دەستەڵاتی هەبو حکومەت پێکبهێنێت، چونکە پێشتر دوو ئیدارەیی هەبوە کابینەی هەشتەمیش نەیتوانی یەک ئیدارەیی تەواو بچەسپێنێ و بە هۆی پاشکۆیەتی دو هێزی سەرەکیەوە بۆ وڵاتانی ناوچەیی بە تەواوی دۆسیەی یەک حکومەتی سەتاسەری بوە خەون، وە کۆمەڵێک کێشەی تر وەک ئەنجامەکانی ڕیفراندۆم و 16 ی ئۆکتۆبەر و سەرۆکی کۆماری عێراق و کەرکوک ئەوەنەی تر ئەرکی ئەم پەرلەمانە و پێکهێنانی حکومەتی قورس تر کردوە، بە ڕای من قورستیرین کابینە دەبێت، کەواتە بە پێ ی بونی دەستەڵاتی حیزبەکان و واقع بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی تا ڕادەیەک باش دەبێت شەراکەتی نیشتمانی پەیڕەو بکرێت، وەئەگەر ئەنجامەکان دوای ڕاگەیاندنی کۆمیسۆن گۆڕانی تری بەسەردا نەیەت چونکە ئەگەری سوتاندنی دەنگێکی زۆر هەیە، بە پێ ی ئەنجامە بەراییەکان دەکرێت خوێندنەوە و ئەگەرەکان دەستنیشان بکەین.
بەپێی بڕگەی سێیەمی ماددەی 10 لە یاسای سەرۆکایەتیی هەرێم، لە ماوەی 10 ڕۆژدا دوای پەسەندکردنی ئەنجامەکانی کۆتایی هەڵبژاردن لەلایەن ئەنجومەنی دادوەرییەوە، سەرۆکی هەرێم بانگهێشتی پەرلەمان دەکات بۆ ئەنجامدانی یەکەمین کۆبوونەوەی خولی نوێ، بەڵام دوای دەستلەکارکێشانەوەی مەسعود بارزانی و نەمانی سەرۆکی هەرێم لە ڕۆژی 29ی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو، پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێمی دابەشکرد بەسەر پەرلەمان و حکومەت و ئەنجومەنی دادوەریی، ئەرکی بانگهێشتکردنی دانیشتنی یەکەمی خولی نوێی پەرلەمان، سپێردراوەتە ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان.
هەر بەگوێرەی بڕگەی سێیەمی ماددەی 10، لە حاڵێکدا ئەگەر بانگهێشت بۆ یەکەمین دانیشتنی پەرلەمان نەکرا لەلایەن سەرۆکایەتیی هەرێم یان ئەنجومەنی دادوەریی، ئەوە پەرلەمان دەتوانێت بەبێ بانگهێشت لە ڕۆژی دوای ئەو وادەیەی، کە دیارییکراوە دانیشتنی خۆی پێکبهێنێت.
لە یەکەمین دانیشتنی خولی نوێی پەرلەماندا، کە بەسەرۆکایەتیی بەتەمەنترین پەرلەمانتار بەڕێوەدەچێت، دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان هەڵدەبژێردرێت و لەلایەن سەرۆکی دانیشتنەکەوە داوا لە دەستەی سەرۆکایەتیی دەکرێت، کە بچنە شوێنی دیایکراوی خۆیان.
دواتر لە دانیشتنێکی دیکەدا پەرلەمان ناوی کاندیدەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت وەردەگرێت، هەر کاندیدێکی متمانەی زۆرینەی پەرلەمانتارانی بەدەستهێنا، پەرلەمان بەگوێرەی بڕگەی سێیەمی ماددەی 56 یاسای هەڵبژاردن، ناوی سەرۆک وەزیرانی لێدەنات و لەلایەن ئەنجومەنی دادوەرییەوە ڕادەسپێردرێت بۆ پێکهێنانی کابینەی حکومەت، مەرجیش نییە ئەو کەسە لە حزبێک بێت، کە زۆرترین کورسی پەرلەمانیی بەدەستهێنابێت، بەڵام دەبێت متمانەی لەسەدا 50+1ی ئەندامانی پەرلەمان بەدەستبهێنێت.
دوای ڕاسپاردنی کەسەکە، ئەنجومەنی دادوەریی، ماوەی 30ی ڕۆژی بۆ دادەنێت تاوەکو کابینەی حکومەتەکەی دروستبکات.
بۆ پێکهێنانی کابینەی نۆیەم کۆمەڵێک سیناریۆ هەیە، کە دەکرێت مشت و مڕی کوتلەکان دەست پێ بکات، کە دەکرێت:
لە دەرەوەی پارتی و کەمایەتیەکان هەمو هێزەکان ناتوانن حکومەت پێکبهێنن ( یەکێتی 22+گۆڕان12+نەوەی نوێ9+کۆمەڵ7+یەکگرتو5=55 کورسی) کە ئەگەر هاوپەیمانیەتیەکیش پێک بهێنن هێشتا ناتوانن حکومەت پێکبهێنن، مەگەر لە کەمایەتیەکان یان (حسک ) وەک یەک کورسی بچێتە ناو ئەم هاوپەیمانیەوە ئەمەش زۆر زەحمەتە.

1- سیناریۆی یەکەم:
پارتی و کەمایەتیەکان و هاوپەیمانی سەردەم(حسک و ئەوانی دیکە ): لەم حاڵەتەدا کە دەکاتە 56 کورسی (پارتی 44 ، کەمایەتیەکان 11 ، حسک 1) کە ئەگەر شەراکەتی نیشتمانی نەبێت ئەوا دەتوانن حکومەت پێکبهێنن و سەرۆکی حکومەت و جێگر بۆ پارتی بێت و وەزارەتێکی سیادی بدرێت بە کەمایەتیەکان وەزارەتەکانی تریش دابەش بکەن، بەڵام حکومەتێکی لاواز دەبێت و بگرە لە زۆنی سەوزدا هیچ دەستەڵاتێکی نابێت، بۆیە ئەم ئەگەر و سیناریۆیە زۆر لاوازە.
2- سیناریوی دووەم:
یەکێتی و پارتی: لەم حاڵەتەدا دەتوانن حکومەت پێکبهێنن (پارتی 44+یەکێتی 22=66 کورسی ) لەم حاڵەتەدا سەرۆکی حکومەت بۆ پارتی و جێگرەکەی بۆ یەکێتی لە بەرامبەر سەرۆکی پەرلەمان بۆ یەکێتی و جێگرەکەی و وەزارەتەکان ( دارای و پێشمەرگە و ناوخۆ و داد و سامانە سروستیەکان ) سێ دانەیان بۆ پارتی و جێگرەکانیان بۆ یەکێتی، لەم سیناریۆیەدا ئەگەری ئەوە هەیە پارتی بەس وەزارەتی داد بدات بە یەکێتی، بۆ کوتلەکانی تریش وەک ئۆپۆزسیۆن دەمێننەوە ، ئەم سیناریویە وەک هەمان سیانریۆی یەکەم ئەگەری بونی تەواو لاوازە.

3. سیناریۆی سێیەم:
حکومەتی شەراکەتی نیشتمانی:
لەم حاڵەتەدا هەمو کوتلەکان بەشدار دەبن لە نێوان پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەتدا ئەگەر خواستی کوتلەکانی لەسەر بێت، کۆمەڵک ئەگەر هەیە، لەوانە:
A- سەرۆکی پەلەرمان بۆ یەکێتی و جێگری سەرۆکی پەرلەمان بۆ گۆڕان و لە بەرامبەردا سەرۆکی حکومەت بۆ پارتی جێگرەکەی بۆ یەکێتی و وەزرەتەکانی پێشمەرگە و ناوخۆ و دارای بۆ پارتی و یەک جێگر بۆ گۆڕان ویەک جێگر بۆ یەکێتی یەک جێگر بۆ کۆمەڵ و سامانە سروشتیەکان بۆ پارتی و جێگرەکەی بۆ نەوەی نوێ دو وزراەت بۆ یەکگرتو، بەپێی ڕازی بونیان لە وەزراتەکانی تردا (18 وەزارەت) پشکیان هەبێت ( کەمایەتیەکان و یەکگرتو حسک )
B- سەرۆکایەتی پەرلەمان بۆ یەکێتی و جێگرەکەی بۆ پارتی و سەرۆکی حکومەت بە پارتی و جێگرەکەی بۆ یەکێتی لەگەڵ دو وزارەتی سیادیدا (دارایی و سامانە سروشتیەکان ) وەزارەتی ناوخۆ و داد بۆ گۆڕان و جێگرێکی بۆ کۆمەڵ و جێگرێکی بۆ نەوەی نوێ و جێگرێکی بۆ یەکگرتو وەزارەتی پێسمەرگەش بۆ پارتی و جێگرەکەی لە کەمایەتیەکان بێت.
C- دواین بۆچون بۆ سیناریۆ، سەرۆکی حکومەت بۆ پارتی و جێگرەکەی لە گۆڕان سەرۆکی پەرلەمان بۆ پارتی و جێگرەکەی لە نەوەی نوێ و لە 5 وەزارەتە گرنگەکان دو بۆ پارتی و یەک بۆ گۆڕان و یەک بۆ یەکێتی و جێگرەکانیان لە نەوەی نوێ و کۆمەڵ و یەکگرتو بێت لە 18 وەزارەتەکەی تر ( 1 وەزارەت بۆ کەمایەتیەکان و ٥بۆ پارتی و 3 بۆ یەکێتی و 3 بۆ گۆڕان و 2 بۆ نەوەی نوێ 2 بۆ کۆمەڵ 2 بۆ یەکگرتو )
دوا جار بە هۆی ناکۆکیەکانەوە دەکرێت زۆر ئالۆز بێت و دنیایەک سیناریۆی تر و ئەگەری تر هەبن و گفتوگۆدەست پێ دەکات و کوتلەکان سیناریۆی خۆیان دەخەنە ڕو تا لە خاڵیکدا هەمویان کۆک دەبن، ئەمەش زۆر زەحمەتە، هەندێ نوسەر و چاودێر پێیان وایە کە پێ دەچێت حکومەت بە هۆی کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتی کە زۆرینەن، نەتوانرێت تا شەش مانگی تریش حکومەت پێکبهێنرێت، حکومەتەکەی نێچرەڤان و کابینەی هەشتەم هەر بە کار بەڕێکەری بمێنێتەوە و پەرلەمانیش نەتوانێت پڕۆژەی حکومەتی ڕزگاری نیشتمانی بسەپێنێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت