عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا: ئەنجومەنی پاراستنی مافی بەکاربەر دابمەزرێنن باشترە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

حکومەتی هەرێم بڕیاری دروستکردنی دامەزراوەی نشتمانی دەرمانیدا، کەتایبەتە بەکڕین وبەرهەمهێنان وفرۆشتنی دەرمان. بنیادنان ودامەزراندنی دامەزراوەیەکی لەو چەشنەو جێبەجێکردنی بڕیار و ڕاسپاردەکانی تایبەت بەو دامەزراوەیەو نەهێشتنی قۆرخکاری لەوبوارەدا بۆئێستای هەرێم گرنگە، چونکە لەئێستادا لەچەندین وڵاتی جیاجیاوە هێندە دەرمان دێتە هەرێم کەنەک بەشی پێداویستی پێنج ملیۆن هاوڵاتی بەڵکو بەشی زیاتر لەپێنج هێندەی دانیشتوانی ئێستای هەرێم دەکات.
لەئێستادا 283 کۆمپانیای تایبەت بەدەرمان و پێداویستی پزیشکی هەیە لە هەرێمدا ، کەلەنێویاندا 180کۆمپانیایان تەنها تایبەتە بەدەرمان.
حکومەت و بەرپرسەکانی دەڵێن کە ئەم دامەزراوەیە بۆپاراستنی مافی بەکاربەرە، بەڵام حکومەت لەبری ئەم دامەزراوەیە کەبەتەنها تایبەتە بەدەرمان دەیتوانی ئەنجومەنی پاراستنی مافی بەکاربەری دابمەزاندایە کە لەساڵی 2010 وەو لەکابینەی شەشەمدا کە دوکتۆر بەرهەم ئەحمەدساڵح سەرۆکی بوو بەفەرمی بڕیاری دامەزراندنی درا بەڵام لەوساتەوە تاکو ئێستا ئەو دامەزراوەگرنگە نەک بنیاد نەنراوە بەڵکو بیریش چۆتەوە، کەلەڕێگەیەوە دەتوانرا ڕێگە لەهاوردەکردن و بەرهەمهێنانی کاڵاو شمەک و خواردن و خواردنەوەی کوالێتی نزم و ساختەبگیرایە بەدەرمانیشەوە. چونکە پێکهاتەی ئەنجومەنە نوێنەری وەزارەتەکانی ( بازرگانی وپیشەسازی، کشتوکاڵ، تەندروستی ، گواستنەوەوگەیاندن) …..و… هتد، تێدادەبێت.
بۆیە گەر حکومەت و بەرپرسەکانی هەربەڕاست دەیانەوێت کاڵای باش و تەندروست و دوورلەساختەکاری بێتە نێو هەرێم و هاوڵاتیانیش جۆرێک دڵنیاییان لادروست بێت ئەوا باشترین وپێویست ترین کارێک کەبیکات دامەزراندنی ئەو ئەنجومەنەیە کە زیاتر لە هەشت ساڵە بڕیاری لێدراوە.
وە هەر بۆ ئەومەبەستەش لەپەرلەمانی کوردستان یاسای ژمارە (9)ی ساڵی 2010 کە تایبەت بوو بەجێبەجێکردن و بەرکارکردنی یاسای ژمارە ( 1 )ی ساڵی 2010 ی پاراستنی بەکاربەری فیدڕاڵ دەرکرا، و لەبەرواری 16- 08- 2010 وە لەڕۆژنامەی (و قائع کوردستان) بڵاوکرایەوە کەبەپێی یاساکە دەبوایە دوای تێپەڕببونی یەک مانگ بەسەربڵاوکردنەوەی یاساکە لەڕۆژنامەی فەرمی (وقائع کوردستان) دەست بەجێبەجێکردنی بکرێت، وە ئەنجومەنی پاراستنی بەکاربەیش دابمەزرایە.
بەڵام تائێستاشی لەگەڵدا بێت کەهەڵبژاردن بۆخولی پێنجەمی پەرلەمانیشکراوەو خەریکە وادەی کارکردنی کابینەی هەشتەمی حکومەتیش کۆتایی پێ دێت، نەئەنجومەنەکە دامەزراوەو نەکاریش بەو یاسایەی بەکاربەری فیدڕاڵ دەکرێت.
بۆیە یاساو بڕیار کەنەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوەو بەرکارنەکرێت جگەلەنوسراوێکی سەرکاغەز هیچی ترنیە.
وە ئێمە لەم خولی چوارەدا وەک لیژنەی تایبەتمەند واتا لیژنەی بازرگانی و بەکاربەرلەپەرلەمانی کوردستان چەندین جار نوسراومانکردوە بۆ حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار بۆ دامەزراندنی ئەنجومەنەکەو بەرکارکردنی یاساکەی فیدڕاڵ بەڵام بەداخەوە حکومەت و بەرپرسەکانی لەساڵانی ڕابردوودا تابەئێستاش دەگات وەڵامێکی ڕونیان نەداینەوە کەبۆچی لەئاست دامەزراندنی ئەو ئەنجومەنە خۆیان کردۆتە کەڕڕەی شەربەت و فززەیان لەخۆیان بڕیوە.
خوازیارم بنیادنانی دامەزراوەی دەرمان سەرەتای دامەزراندنی ئەنجومەنی پاراستنی بەکاربەربێت لەهەرێمدا، چونکە هەرێمێک بەتەواوی بەکاربێت و چاوەڕوان بێت کاڵاوشمەک و پێداویستیەکانی ژیانی ڕۆژانەی لە دەرەوە بۆ هاوردە بکرێت ئەوا بۆپاراستنی ماف و دڵنییایی لەو کاڵاوشمەکانەی ڕۆژانە بەکاری دێنێت، دامەزراندنی ئەو ئەنجومەنە لەئەنجومەنی نەوت و غاز بۆ پێویسترە، کە سەرۆک و جێگری سەرۆکی حکومەت و وەزیرانی سامانەسروشتیەکان، دارایی و پلان دانان سەرپەرشتی دەکەن و تێیدا ئەندامن.

نوسەر/ بڕیاردەری لیژنەی بازرگانی و بەکاربەری پەرلەمانی کوردستان

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت