نەوزادى موهەندیس: ئاڵنگاریەکانى بەردەم حکومەتى ئایندەى عێراق.
لە ئێستادا کە تەنها 15 ڕۆژ لەبەردەم پێکهێنانى کابینەى پێنجەمى حکومەتى ئایندەى عێراقدا ماوە، پڕۆسەى پێکهێنانى حکومەتى ئایندەى عێراق گەرمترین باسوخواسى لەبارەوە دەکرێت و هەموانى سەرقاڵکردوە و هەموانیش لەهەوڵدان بۆ ئەوەى گەورەترین پشک و زۆرترین پلەو پۆستى تیادا بەدەستبهێنن، زۆربەشیان ئەوەندەى لەخەمى دەستخستن و جێگە و پێگە قایمکردنى خۆیان و حیزبەکانیاندان نیوهێندە لەخەمى سەرکەوتنى بەڕێز عادل عبدالمهدى ڕاسپێردراودا نین و نیوهێندەى تریش لەخەمى ئایندەى عێراق و گەلەکەشیدا نین، بەداخەوە لە عێراقى بەناو نوێدا هیچ جۆرە ئینتیمایەک و دڵسۆزیەک و ڕاستگۆییەک نەماوە و هەموان لەململانێیەکى شاراوەى ئاشکرادان بۆ زاڵکردن و خۆسەپاندن و بەهێزکردنى خۆیان بەسەر ئەوانى تردا.عێراقى نوێ پێویستى بە کەسانى بەهێز و دیپلۆماتکار و خاوەن بیروڕاو بۆچونى نیشتیمانیانە هەیە نەک بیربۆچونى حیزبى و ئاینى و تایەفى تەسک و بچوک. چونکە عێراقى نوێ و لانى کەم بۆ 4 ساڵى ئایندە لەبەردەم گۆڕانکارى ناوخۆیى و ناوچەیى گەورەدایە و گەلێک ئاڵنگارى ڕووبەڕووى دەبێتەوە کە واپێویست دەکات هەموان پێکەوە ڕووبەڕووى ببنەوە و هەوڵبدەن عێراق لە گێژاوى مەترسیەکان ڕزگار بکەن و بیپەڕێننەوە بۆ کەنارى ئارامى ،ئاشکراشە هەرێمى کوردستانیش هەموو ئەم ئەگەر و گۆڕانکارى و ئاڵنگاریانە دەیگرێتەوە، بۆیە پێویستە لەسەر کوردیش هەوڵ و هیمەتى گەورەتر و باشتر بدات بۆ ئەوەى جێگە و پێگەى خۆى قایمتر و بەهێزتر بکات و ڕێگەنەدات کەنارگیر و پەراوێز بخرێت.
حکومەتى ئایندەى عێراق بەم دۆخە سیاسى و ئابورى و ئەمنى و کۆمەڵایەتیە زۆر خراپەیەوە ڕووبەڕووى گەلێک ئاڵنگارى دەبێتەوە کە هەموانیان پێکەوە دەبنە ڕێگر و مەترسى بۆ سەرى و بۆ سەرکەوتنیشى لەئایندەدا،چونکە ئەو ئاڵنگاریانە کێشە و گرفتى بچوک نین، بەڵکو هەریەکەیان بۆخۆى کێشەیەکى گەورە و لە چارەسەر نەهاتوون، نا لەبەرئەوەى ناتوانرێت ڕێگە چارەیان بۆ بدۆزرێتەوە بەشێوەیەکى زانستى و واقعى، بەڵکو لەبەر نەبوون و کاڵبونەوەى متمانە و ڕاستگۆیى و نەبونى نیەتێکى هەقیقى بۆ چارەسەرکردنیان چونکە زۆربە بەرژەوەندیە حیزبى و کەسى و بنەماڵەییەکانیان خستۆتە سەروو بەرژەوەندیەکانى عێراق و گەلانى عێراقەوە.
لەو ئاڵنگاریانەى کە ڕووبەڕووى بەڕێز عادل عبدالمهدى سەرۆک وەزیرانى ڕاسپێردراو و حکوتى نوێش دەبێتەوە لە ئایندەدا بریتین لە:
1- ململانێ سیاسى و ئاینى و مەزهەبى و نەتەوەییەکان.
2- نەبونى متمانەى تەواو لەلایەن جەماوەرەوە بە دەسەڵاتداران و بەڵێن و کردارەکانى حکومەت.
3- بوونى ڕق و کین و بێزاریەکى گەورە لەنێو جەماوەردا بەرامبەر بەحکومەت بەهۆى نەبووونى خزمەتگوزاریە سەرەکیەکان بۆ هاوڵاتیان لە تەواوى ناوچەکانى عێراقدا.
4- بوونى گەندەڵیەکى تا سەر ئێسقان لەناو سەرجەم دامودەزگا و ئۆرگانەکانى حکومەتدا کە ئاسان نیە لەماوەیەکى کەمدا بنبەڕبکرێت.
5- بوونى ژمارەیەکى زۆر میلیشیاى چەکدارى جۆراوجۆر کە هەموانیان خۆیان بە جێگرەوەى سوپاى نیزامى و هێزە ئەمنیەکان دادەنێن و بەو هۆیەشەوە چەک و تەقەمەنیەکى زۆر بڵاوبۆتەوە دوور لە دەستى حکومەت و کۆنتڕۆڵکردنیشى هەروا ئاسان نیە، چونکە هەریەکە لەو میلیشیایانە لەلایەن هێز و دەوڵەتانى ناوچەییەوە پشتیوانیان لێدەکرێت.
6- بەردەوامبوونى تارمایى جەنگى داعش و تیرۆریستان و بنەبڕنەکردنیان.
7- کێشە و گرفتى سیاسى و ئابورى و سنورى و ئەمنى و ئاوى لەنێوان عێراق و وڵاتانى دەرودراوسێ لەلایەک وەک ئێران و تورکیا و سوریا و سعودیە و… هتد.
8- لەلایەکى تریشەوە بوونى کێشە و گرفت لەگەڵ وڵاتانى زلهێز و خاوەنى بەرژەوەندى لەعێراق و ناوچەکەدا.
9- کێشەى ڕاگرتنى هاوسەنگى لەنێوان بەرژەوەندیە تێکچڕژاوەکانى وڵاتانى ناوچەیى و زلهێزەکان کە هەموانیان عێراقیان کردۆتە گۆڕەپانى یەکلاکردنەوەى ململانێکانیان و لەسەر حسابى خاک و گەلانى عێراق درێژە بە ململانێکانیان دەدەن.
هەربۆیە بەڕێز عادل عبدالمهدى و کابینە حکومیەکەى لە ئایندەدا ڕووبەڕووى هەموو ئەم ئاڵنگاریانە دەبنەوەو ساناش نیە کە بتوانن هەموانیان چارەسەر بکەن، هەربۆیە پێویست دەکات لەسەر هەموان ڕاستگۆیانە و هیەمتێکى دڵسۆزانە بنوێنن بۆ پشتیوانى حکومەتى ئایندەى عێراق و تەنها هەڵپەى پلەو و پۆستیان نەبێت و نەکەونە داونانەوە و پیلانگیڕى دژى حکومەت وەک چۆن لە ڕابووردودا کاریان کردوە و عێراق و گەلانى عێراقیان بەم ڕۆژگارە سەخت و دژوار و پڕ نائومێدیە گەیاندوە.
حکومەتى ئایندە دەبێت حکومەتێکى گشتگیرو بەهێز و بەتوانا بێت، حکومەتى کەمینە و زۆرینە نەبێت،حکومەتى ئاینى و مەزهەب و نەتەوەیەکى دیاریکرا نەبێت، حکومەتى هەموان و بۆ هەموانیش بێت، حکومەتێک بێت ڕێز لە بنەماکانى هاوڵاتیبوون و توانا و لێوەشاوەیىو کەسى و ومافەکانى مرۆڤ بگرێت، حکومەتێک بێت دوور لە ملانێ ناڕەوا سیاسی و مەزهەبیەکان بێت، حکومەتى سەرتاسەرى عێراق بێت، حکومەتێکى دەستورى بێت و ڕێز لە مادە و بڕگە دەستوریەکان بگرێت، حکومەتێک بێت یاسا تیایدا سەروەربێت بە کردارەکى نەک تەنها وەک دروشم بەرزبکرێتەوە.
بەم شێوەیە کاتێک حکومەتى ئایندەى عێراق بە یەکسانى و دادپەوەرى ڕوانیە تەواوى پێکهاتەو هاوڵاتیانى عێراق ئەو کات هەموان هەست بە ئارامى و ڕۆشنى ئایندەى خۆیان و نەوەکانیشیان دەکەن و ڕاستەوخۆ دەبنە پاڵپشت و پشتیوانى حکومەتەکەیان و دەبنە پارێزەرى و قوربانیشى لەپێناودا دەدەن، هاوڵاتیانى و جەماوەرى عێراق هەرکات هەستیان بە خەمخوۆرى حکومەتەکەیان کرد ئەوکات ئەوانیش متمانەى پێدەکەن وهاوکار و پشتیوانى دەبن نەک وەک ناحەز ونەیار و گەندەڵکار لێى بڕوانن، بۆیە گرنگە حکومەتى ئایندەى عێراق پەند لەساڵانى ڕابووردوو وەربگرێت و هەڵەکانى پێش خۆى دووبارە نەکاتەوە، گەر وانەکات زۆر نزیکە تەمەنى کورت و بێ خزمەت بێت و بەرەو هەڵدێر و هەڵوەشانەوە و ڕووخانیش هەنگاو بنێت.
لەکۆتاییدا کار و ئەرکى حکومەتى نوێى عێراق سانا و سووک نین، بەڵکو ڕووبەڕووى کێشە کەڵەکەبوەکانى 15 ساڵى ڕابووردوو دەبێتەوە بەباش و خراپیانەوە لە ناوخۆى عێراق لەنێوان ناوچە جیاوازەکانى باشور و ناوەڕاستدا و لەگەڵ هەرێمى کوردستان و لەگەڵ دەردوراسێکان و… هتد. بۆیە وادەخوازێت کە بەڕێز عادل عبدالمهدى وەک سەرۆکى حکومەت و تەواوى کابینە حکومیەکەشى پشوودرێژو بەئارام و خۆڕاگربن و سەرسەختانەش ڕووبەڕووى هەموو ئاڵنگاریەکانیش ببنەوە و تەنها ڕێگەى سەرکەوتن و پشتیوانى لێکردنیشیان بریتیە لەدەستگرتنیان بە جێبەجێکردنى مادە دەستوریەکان و بنەماکانى دیموکراسى و تەوافوقى سیاسى و سیستەمى پەڕلەمانى و فیدڕاڵیەتە و ئەرکیشیانە کە هەوڵى جدیانە بدەن بۆ چەسپاندن و پتەوکردنى زیاترى ئۆرگانەکانى دەوڵەت بۆ هێنانە کایەى سیستەمى حوکمڕانیەکى ساغڵەم و ڕەشید و سەرکەوتوو کە ببێتە نمونەیەکى گەش بۆ ئایندە و هەموانیش لە ژێر سایەیدا هەست بەمان و شکۆ و کەرامەتى مرۆڤانەى خۆیان بکەن و تیایدا بحەسێنەوە.