لوقمان مصطفی: فەتوای قەدەغەکردنی یاری پەبجی و یاسای قەدەغەکردنی جگەرە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە مەملەکەتێکدا دەژین هیچ شتێکمان لەخەڵکیترناچێ، لەبەرزترین دامەزراوەی ووڵاتەوە بگرە تادەگاتە نزمترین ئاستی ڕێکخراوەیی. ئەگەر بەشداری بکەین لە پێش بڕکێ بۆچوونە ناو کتێبی گینس دا بە دڵنیایەوە بێ ڕکابەر دەبین، ڕەنگە بەوەشەوەنەوەستین پسپۆڕانی بوارەکانی کۆمەڵناسی و یاساناسان و… هتد، چەندین توێژینەوەمان لەسەربکەن.!
بڕواناکەم هیچ ووڵاتێک و هەرێمێکی ترهەبێت لە گەورەترین قەیرانی سیاسی و دارایی و کۆمەڵایەتیدا نغرۆبووبێت، پەرلەمانەکەی دەست بەرێت بۆ یاسایەک کەلە ئەولەویەتی کارنامەکەیداسەرەکیترین کاریبێت و هیچ زەروورەتێکی ئێستای قۆناغە کەنەبێت، لەچاو دەیان یاسای ترکەهی کاتی ڕژێمی بەعسەو پێویستی بە هەموارکردنەوەبێت، کەچی یاسای قەدەغەکردنی جگەرە لەسەرووی هەموو یاساکانی کەوە داناو زۆریش بەحماسەتەوە کرا بەیاسا و ئێستا لەسەر ڕەفەکان تۆز لێی نیشتوە.!
یاسای قەدە‌غەکردنی جگەرەکێشان یاسای ژمارە 31 ساڵی 2007 لەپەرلەمانی کوردستان دەرچووە. لە کۆتایی یاساکەدا زۆر بە گرنگی زانیوە ئاماژەی بە زەروورەتەکەشی کردووە.!
ھۆیە پێویستیەکانی دەرچواندنی ئەم یاسایە : لە پێناو بەرژەوەندی گشتی و پاراستنی ھاووڵاتیان لەو مەترسییانەی کە لە ئەنجامی جگەرە کێشان تووشیان دەبێ و لە پێناوی کۆمەڵگایەکی تەندروستی بێ جگەرە کێشان و ژینگەیەکی پاک و دروست بۆ ھاووڵاتیان و بە مەبەستی دانانی بەرزەفتی بۆ نەھێشتنی جگەرەکێشان و قەدەغەکردنی لە شوێنە گشتییە داخراوەکان و قەدەغەکردنی ڕیکلام و پڕوپاگەندە کردن بۆ تووتن و پێکھاتەکانی، ئەم یاسایە دەرچوێنرا.
گریمان یاساکە بۆ تەندرووستی تاکەکانی کۆمەڵگا یاسایەکی گرنگە و لە پێش گرنگی یاساکانی کەوەیە،ئەی باشە بۆ کاری پێناکرێ.!؟ بۆلێژنەیەک بۆ چاودێری بۆ بەڕێوەچوونی سزاکەی جێبەجێ ناکرێ.!
بەهەمان شێوە لەسەر ئاستەکانی خوارەوەیتری کۆمەڵگا هەمان دیاردەو کارەسات دەبینی، بۆ نموونە لە سەر ئاستی مامۆستایانی ئاینی ڕۆژانە دەیان کاری قێزەوەن دەبینن لەسەرجەم ئاستەکان،خۆیانی لێ دەکەن بە کەڕەی شەربەت، کەچی بۆ یاریەکی ئەلیکترۆنی فەتوای حەرامکردنی دەدەن.! بێگومان ڕەنگە زۆر بەمان تێبینیمان هەبێت لەسەر یاریە ئەلیکترۆنیەکان، بەڵام گرنگ و گرنگتر هەیە، کەفەتوای لەسەر بدرێ.
دکتۆر عیرفان رەشید، سەرۆکی لیژنەی فەتوای سلێمانی لەلێدوانێکیدا بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاند ووتی: لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا (چوارشەممە 24-10-2018) کە لە سلێمانی بەڕێوەچوو، بڕیاردرا کە کارکردن بە یاری پەبجی حەرام بکرێت، ئەمەش لەبەرئەوەی ئەم یارییە بووەتە هۆی ئەوەی خەڵکانێکی زۆر بە تایبەت گەنجان بەمکارەوە سەرقاڵبن و کاتەکانی خۆیان بەفیڕۆبدەن”. هەروەها دەڵێت: لە ئایینی ئیسلامیشدا هاتووە هەر کەسێک کاتەکانی خۆی بەبێ هیچ هۆکارێک بەفیڕۆبدات حەرامە، ئەمەش لەبەرئەوەیە کە ئەم یارییە دەچێتە ئەو چوارچێوەیە و خەڵکانێکی زۆریش لە کوردستان ئاڵوودەی ئەو یارییە بوون بەبێ ئەوەی هیچ سوودێک بە خۆیان یان دەوروبەریان بگەیێنن………. ئەوەی شایەنی باسە ئەم فەتوایە ئەوەندەی بووە ڕیکلام بۆ یاریە ئەلیکترۆنیەکە (پەبجی) سوود گەیاندن بە خوودی کۆمپانیاکە (bluehole) ئەوەندە قورسایی و کاریگەری لەسەر بەکار هێنەرانی دانەنا.!
لە کۆتاییدا دەڵێین چەند یاسای قەدەغەکردنی جگەرە لەسەر هاووڵاتیان جێبەجێکرا هەر ئەوەندەش داوی لیژنەی فەتوای زانایانی ئاینی لەسەر حرام کردن بۆ قەدەغەکردنی یاری پەبجی جێبەجێ دەکرێت، بۆیە باشتر وایە قسە و باس لەسەر کێشەسەرەکیەکانی تری کۆمەڵگا بکرێت یاساو فەتوای بۆ دەرکرێ نەک کێشەلاوەکیەکان.
ئەوەی جێی داخە ئێمە بەبەردەوامی باس لە پەرەپێدان و بەرزکردنەوەی ئاستی ڕۆشنبیری یاسایی و ئاینی و بوارەکانیتری ژیانی تاکەکانی نێو کۆمەڵگا دەکەین، کەچی لەسەر ئاستە باڵاکاندا وێرانیین.! کەواتە پێویستیەکی هەنوکەییە دەبێت لیژنەیەکی پسپۆڕی پێکبهێنرێت بۆ دووبارە داڕشتنەوەی سیستەمێکی نوێی مۆدێرن کە شایستەبێت بە ژیان ئاستی ڕۆشنبیری مرۆڤەکان بەبێ جیاوازی ڕەگەز و ئاین و نەتەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت