کاوسێن بابەکر: بەبێ بەشداری یەکێتی حکومەت پێکنایەت.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

هێندێک لەکادیرو نوسەرانی پارتی وابیردەکەنەوەو دەنوسن کە مادام پارتی کورسی زۆری هێناوەو یەکەم بووە، مافی خۆیەتی چۆنی حەزلێیە ئاوا حکومەت پێکبهێنێ و، کام حزب و هێزی پێ باش بوو بەشداری پێبکات یان نەکات!
بەڵام ئەوانە یان خۆیان لەواقعی سیاسی کۆمەڵایەتی سەربازی هەرێمی کوردستان گێل دەکەن یان تای هەڵبژاردنەکان گرتوونی و هێشتا سارد نەبوونەتەوە!
تۆبڵێی ئەو پاڵپشتی و هاوبەشیەی یەکێتیان لە ڕۆژە ڕەشەکاندا لەبیرچوبێتەوە کە ڕەخنەیەکی زۆر لەیەکێتی گیرا لەشەڕی داعش، لە قەیرانی دارایی، سەرەڕای خراپ مامەڵەکردنی پارتی لەگەل کادیرانی یەکێتی لەحکومەتداو، مامەڵەی خراپ لەگەڵ پەرلەمان و پەرلەمانتاران و داخستنی پەرلەمان و دەرکردنی هێندێک لە وەزیران و ناچارکردنی هێندێکی تریان بەوازهێنان؟.
ئایا ئەم برایانە سنوری دەستەڵاتی حزبەکەیان لەسەر جوگرافیای کوردستان نابینن کەکەمترین هەواداریان لەسنوری ناوچەی سەوز هەیە؟ ئەگەر یەکێتی هاوکارنەبی چۆن ئەم ناوچانە بەڕێوەدەبرێن هەروەک لەسنوری زەرد ئەگەر پارتی ڕێگەنەدا هیچ بەڕێوەبەرێک ناتوانێ دەست لەئاوی سارد نێ، هەروەک هیچ بەرپرسێکی ناپارتی دانەنراوە لەوسنورە، لەکاتێکدا بەشێک لەبەرپرسە ئیداریەکانی سنوری سلێمانی و گەرمیان و ڕاپەڕین سەربەگۆڕانن بە پارێزگاری سلێمانیشەوە! تەنها یەک بەرپرسی ئیداری ئەگەر قایمقایمێکیش بێ لەسنوری پارتی لەدەرەوەی پارتی دانرابێ پێمان بڵێن، تا باوەڕبکەین کەکرانەوەیەک هەیە لەلای پارتی.
گرنگ بەشداری و نابەشداری ئەم حزب و ئەو حزب نییە گرنگ ئەوەیە ئەم حکومەتەش هەرلەسەر هەمان نەهجی حوکومەتی پێشخۆی دەڕوات یان دەرس و ئەزمونی لەڕابردو وەرگرتووە و کراوەتر، شەفاف تر، عادلتر ڕەفتار دەکات و ناناوەندێتی دەچەسپێنێ و مووچەی خوراو دەگێڕێتەوەو دامەزراندن ڕێدەخاتەوەو سندوقی وارداتی نەوت دادەنێ و فرۆش و دەرهێنانی نەوت شەفافدەکات و ڕێگەدەدات پەرلەمان ودەزگای چاودێری دارایی بەوپەڕی ئازایی و ئازادی کاری خۆیان بکەن، لەکۆتاییدا دەڵێم: موزایەدەو فوودەخۆکردن دادی کەس ناداو دەبێ هەرچی زووە پارتی وەک بڕیاری داوە لیژنە بنێرێ لەگەڵ ئەو پارتانەی نیازی بەشداریان هەیە گفتوگۆ بکاو بەزووترین کات حکومەتیکی کارای پڕۆفیشناڵ پێکبهێنێ، کەچالاکترو بەتواناتربێ لەوانەی پێشو، یەکێتیش پێویستە شوێنی شیاوی خۆی بگرێ دەستەڵات و ڕۆڵیشی لەڕۆل و دەستەڵاتی پارتی کەمتر نەبێ.