سەرکۆ یونس: هەنار هێماى کشتوکاڵى پارێزگاى هەڵەبجە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئابوریناس:
بازاڕکاریى بەرهەمە کشتوکاڵیەکان بەیەکێک لەکۆڵەسەرەکیەکانى کەرتى کشتوکاڵ دادەنرێت و، هیچى کەمتر نى یە لە پرۆسەى بەرهەمهێنان. ئاشکرایە بە بازاڕکردن لەسەردەمى ئێستادا بە گرنگترین هۆکاریى سەرەکى ئەژمار ئەکرێت بۆ ناساندن و ساغکردنەوەى بەرهەمە نیشتیمانیەکان، جا لە ناوخۆى وڵات بێ یان دەرەوەى وڵات.
لەئێستادا زۆربەى حکومەتەکان و کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان و ڕێکخراوە ئابورییەکان زیاتر جەخت لەسەر لایەنى بەبازاڕکردن دەکەن و، هەوڵ دەدەن لەم ڕێگەیەوە ئامانجە ئابورییەکانیان بەدەست بهێنن.
ئەوەى ئەمانەوێ قسەى لەسەر بکەین لەم نوسینەیەدا، کردنەوەى چوارەمین ڤیستیڤاڵى هەنارە لەپارێزگاى هەڵەبجەدا. خۆشبەختانە ساڵانە بەپێى داتا نافەرمییەکان ڕێژەى سەردانیکەران و کڕیاران زیاتر دەبن بووەتە بۆنەیەکى کلتورى ساڵانە و، بەجۆرێک لە جۆرەکان چالاکى و جموجوڵى بازرگانى و کۆمەڵایەتى و تەنانەت کلتورى و هونەر گێڕاوەتەوە بۆ شارەکە.
هەنار میوەیەکى وەرزیەو لە پایزدا دێتە بەرهەم و، چەندین سوودى تەندروستى هەیە. کاتێک هەنار دەخۆین تەنیا هەست بە تام و چێژە خۆشەکەی دەکەین، بێ ئاگاین لەو هەموو سوودەی ئەم میوە هەیەتی. هەنار بە شێوەیەکی گشتی سێ جۆری هەیە (ترش و شیرین و مێخۆش) هەموشیان یەک جۆرە سوودیان هەیە، تەنها هەندێک جیاوازی نەبێت و، خۆشبەختانە سەرجەم جۆرەکانى سنورەکەدا بوونى هەیە و نیشتیمانى هەنار لەهەڵەبجەیە.
هەنار لە کۆنەوە بە شەرابی گەنجییەتی ناسراوە، چونکە ناهێڵێت دەم و چاومان چرچ و لۆچی تێکەوێت، هەروەها توێکڵی ناوەوەی هەنار هەرچەندە کەمێک تاڵە بەڵام ئەویش سوودی تایبەتی خۆی هەیە، بەگشتی سوودەکانی هەنار بریتین لە :
1- بۆ دڵ و خوێنبەرەکان زۆر بە سوودە
2- بۆ چارەسەری سکچون
3- بۆ هەرسکردنی خواردەمەنی چەور
4- بۆ نەهیشتنی کرمی کۆئەندامی هەرس
5- بۆ چارەسەرکردنی هەوکردنی جومگەکان
6- چارەسەرکردنی ژانە سەر
7- بۆ چارەسەرکردنی کەم خوێنی
8- بۆ ئەوانەی نەخۆشی ژێرپەنجەیان هەیە
9- بۆ توانەوەی بەردی گورچیلە
10- بۆ چارەسەری کزی چاو
11- بۆ ڕاگرتنی بالانسی فشاری خوێن.
جێگاى ئومێدە ساڵانە لە سنورى پارێزگاى هەڵەبجە نزیکەى (30) هەزار تەن بەرهەمى هەنار هەیە، کە بێ گومان ئەم بڕە لە قەبارەى خواستى دانیشتوانى ناوچەکە زیاترە، بۆیە دەتوانرێت سوودى لێ ببینرێت و بگوازێتەوە بۆ پارێزگاکانى ترى هەرێم و، تەنانەت پارێزگاکانى ناوەڕاست و باشورى عێراق و، ئەگەر هەوڵ بدرێت بەشێکى هەناردەى بازاڕەکانى دەرەوە بکرێت باشترە وم دەتوانرێ بکرێتە جۆرێک لەسەرچاوەکانى داهات بۆ جوتیاران و ببێتە هۆکارێکى گرنگ بۆ هێنانە ناوەوەى پارە بۆ ئابورى هەرێم و فرە سەرچاوەیى بۆ بودجەى هەرێم. ئەنجامدانى ئەم ڤیستیڤاڵە بەکەموکوڕییەکانیەوە جێگاى دەستخۆشى کردنە لەئامادەکاران و جوتیاران و لایەنە پەیوەندارەکان بەگشتى و تۆڕى ڕێکخراوەکانى هەڵەبجە بەتایبەتى.
1- گرنگترین و سەرەکیترین ئامانجەکانى ئەم ڤیستیڤاڵە دوبارە ناساندنەوەى بەرهەمى هەنارە بەپلەى سەرەکى و، بەرهەمەکانى تر و، گەیاندنى ڕاستەوخۆى بەرهەمەکان لەدەستى بەرهەمهێنەرەوە بۆ دەستى کڕیار بەبێ بوونى ناوەند.
2- پێویستە لەم کاتەدا حکومەتى هەرێم باجى گومرگى بەڕێژەى بەرز بسەپێنێت بەسەر میوەى هاوردەدا بەگشتى و هەنار بەتایبەتى بۆئەوەى بەرهەمى ناوخۆ بەنرخێکى گونجاو بگات بەدەستى کڕیاران و، بەجۆرێک بێت کە خاوەن باخەکان قازانج بکەن و داهاتیان دەست بکەوێتەوە و بەردەوام بن.
3- زۆر گرنگە حکومەتى هەرێم لەگەڵ حکومەتى ناوەند ڕێک بکەوێ بەوەى ئەو باجە گومرگەى لەنێوان هەردوولادا هەیە بۆ بەرهەمى خۆماڵى لابدرێت یان هیچ نەبێت کەم بکرێتەوە بۆ ئەوەى بەئاسانى و بەبێ بەربەست بەرهەمى هەنار بگاتە دەستى کڕیارانى لە ناوەڕاست و خوارووى عێراق، چونکە کڕیارانى ئەو ناوچانە خواستێکى زۆریان هەیە لەسەر هەنار.
4- بەردەوام ئەنجامدانى ئەو جۆرە ڤیستڤاڵانە لەماوەى ئەو چەند مانگەى کەئەم بەرهەمانە بەگشتى و بەرهەمى هەنار بەتایبەتى بەرهەم دێت جا ئەگەر بکرێت مانگانە ئەنجام بدرێت باشترە و دەرفەتى بەبازاڕکردن و ساغکردنەوەى بەرهەمەکە فراوانتر دەبێت.
5- هاوکارى کردنى کەناڵەکانى ڕاگەیاندن لەم ڤیستیڤاڵانەدا زۆر گرنگە، چونکە بەشێک لە ئەرک و چالاکییەکان بەهۆکارەکانى ڕاگەیاندن دەکرێت. گەورەترین ئەرک لە زاستى بازاڕکاریدا ڕاگەیاندنەکانن، چونکە لە ئێستادا پروپاگەندەو ڕیکلامەکان بە هۆکارەکانى ڕاگەیاندنى بینراو ئەنجام دەدرێت.
6- بەداخەوە نەبونى شوێن و کۆگاى ساردکەرەوە و هەڵگرتن یەکێکە لە کێشە بەردەوامەکانى بەرهەمە خۆماڵییەکان کە بتوانرێت سوودى لێ ببینرێت، ئەم کێشەیەش بۆ بەرهەمى هەنار هەیە.
7- داوا کارین لایەنە پەیوەندارەکانى حکومەت پاڵپشت بن بۆ جوتیاران و خاوەن باخە هەنارەکانى سنورەکە لەڕێگەى هاوکارى کردنى مادى و مەعنەوى و دابین کردنى دەرمانى مێروو کوژەکان بەتایبەت بەداخەوە لەم ساڵدا دارى هەنار توشى نەخۆشى کرم بووەو، کاریگەرى نێگەتیڤى هەبووە لەسەر بەرهەمەکە.
8- ئەوەى جێگاى سەرنجە و زۆر بەداخەوە لەگەڵ بوونى زانکۆى هەڵەبجە و کۆلێژى کشتوکاڵ و پەیمانگاى تەکنیکى، بەڵام نەتوانراوە توێژینەوەى زانستى دەرچوانیان تایبەت بکەن لەسەر بەرهەمە خۆماڵیەکان بەشگتى و، بەرهەمى هەنار بەتایبەتى. جا چ توێژینەوەى زانستى بۆ بەرهەمهێنانى هەنار بێت یان توێژینەوەى بەبازاڕکردنى ئەو بەرهەمە گرنگە بێت. بۆیە پێویستە هەماهەنگى هەبێ لەنێوان ئەم لایەنانەدا بەمەبەستى پێشخستنى بەرهەمى هەنار لەسنورەکەدا.
8- پێنشیار دەکەین کۆمەڵەیەک یان دەستەیەک دابمەرزێت لە خاوەن باخە هەنارەکان و لایەنە پەیوەندیارەکان بۆ ئەوەى ئامانجەکانى خاوەن باخەکان بەدەست بهێنن لەڕووى نرخ و فرۆشتن و داهاتەوە.
لــــە کۆتایدا هیوادارین لەساڵانى ئایندەدا ئەم ڤیستڤاڵە بەردەوام بێت و فراوانتر بکرێت و، حکومەتى هەرێمیش پاڵپشت بێت بۆ خاوەن باخەکان و، ئەو لایەنانەى کە هەڵدەستن بە ئەنجامدانــــى ئەو جۆرە کارانە. بە ئومێدى سەرکەوتن و فرە ڕەنگى لە سەرچاوەکانى ترى داهاتدا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت