دکتۆر محەمەد ئەمین گەناوی: بۆچی باسی ڕۆژنامەنوسی تیرورکراو خاشقچی بە جیهانی کرا؟

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەر لەهەر شتێک دەبێت بگووترێت، کە تیرۆرکردن پیشەی بێهیزەکانە کاتێک ناتوانن بە ڕێگەی ئاسایی رووبەرووی کەسانی تیرۆرکراو ببنەوە چ لە رووی فکری، مەنتیق، هەتا سەربازیی.
تیرۆریستان بۆشاڕدنەوەی راستی بێ هێزيی و نارەوایی بوونیان پەنا بۆ تیڕۆڕ دەبەن بە هەموو رەهەندەکانیەوە. هەر بۆيە، تیڕۆر بەهەموو پێوەرێک سەرکۆنە (مەحکوم) کراوە. قیزەوەنترین جۆری تیرۆریش ئەم تیرۆرەیە، کە تیایدا نیازباشی کەسی تیرۆركراو بەکاردێ بۆ ئەنجامدانی كارى تیرۆركردنى، وەک لە حاڵەتی خاشقچی، کە بەپێی خۆی چووە بۆ قونسوڵگەری وڵاتەکەی خۆی، بەم نیاز باشیە، کە پێی وابووە هەتا ئەگەر کیشەشی لەگەڵ رژێمی وڵاتەکەی هەبێ، بەم ئاستەنیە بگاتە هەوڵ بۆ کوشتنی (ئەگەر بەتەواویی ئاشکرا بوو، کە بکوژەکانی سەر بە بڕيار بەدەستانى سعودین).
هاوسۆزی زۆری خەڵکانی ئاسایی بۆ خاشقچی هەر لە بەرئەمەیە، کە ئەم وەک قوربانی نیاز باشی ئەیبینن، بۆ ئیمەی کورد، ئەم دۆخەی تیرۆری خاشقچی کە لە سێبەری نیازباشی وخۆش باوەڕییدا روویدا، هەمان دۆخی تیرۆری قاسملومان بیردەخاتەوە.
بۆ وەڵامی پرسیاری سەرەوە لە مەڕ خاشقچی، پیوستە بزانرێ ئەم بەتەنها رۆژنامەنووس نەبووە، لە سەر ئاشکراکردنی هەندێ راستی ماڵی پاشا و شازادەکان، کە بۆیە تیرۆر کرابێ، بەڵکو ئەم هەم پاشخانێکی سیاسی پڕۆئیسلامی ئیخوانی هەبووە، کە هەر لە سەرەتای ساڵانی هەشتاکانی سەدەی رابردوو تیکەڵاو بووە لەگەڵ گروپە ئیسلامییە شەڕکەرەکانی دژ بە سوڤیەت لە ئەفغانستان، کە لەلایەن سعودییە و وڵاتانی تری عەرەبی و رۆژئاواوە هاوکاری ئەکران. ئەمەش وای کردوە، کە لە دەزگا هەواڵگرییەکان و دەزگاکانی بریار و دەسەڵاتی سیاسی نزیک بێت، ئەمجارەش وەک رۆژنامەنووسێکی کارا و دیار، سەرنووسەری رۆژنامەی دیاری سعودی (وەتەن) زیاتر بواری کاری بۆ رەخسا، کە زیاتر نزیکبێتەوە لە لوتکەی هەرەمی دەسەڵات، تا ئەوەی ببێتە راویژکاری کەسە هەرە گرنگەکانی ناو دەسەڵاتی بریاردان. هەڵبەت هەرکەسێک لەم شوین و ژینگەیەدا کار بکات، ئاگاداری هەواڵی نهێنی دەوڵەت و دەزگا هەواڵگرییەکان ئەبێ و لە ئەنجامدا ئەبێتە ئامانجی چاودیریی هەم ئەم دەزگایانەی لێیان نزیکە و کاریان تیا دەکات و، هەم ئەم دەزگایانەی دژی ئەم دەزگایانەن، جا چ لە سەرئاستی ناوخۆیی، يان دەرەوەیی بێت. واتە ئەوەی هەڵگری ڤایرۆزی نهێنی گەورە بێت، ماوەی ژیان و تەندروستی بەندە بە مانەوەی ئەم ڤایرۆزە لەگەڵیدا، بە پێچەوانەی ڤایرۆزی تری نەخۆشی، کە ژیان و تەندروستی بەند دەبێت بە نەمانی ڤایرۆزەکە.
خاشقچی لە پاڵ کاری رۆژنامەگەری هەڵوێستی سیاسی هەبووە بە ئاراستەی ئیسلامی ئیخوانی، نووسینەکانی لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بە ئاشکرا ئەبینرێن کاتێک لە بەڕژەوەندی گروپە ئیسلامییەکان و تورکیا دژی کورد دەینووسی هەروەها لە دەربڕینەکانیدا بەتايبەت لەمەر داگیركردنى عەفرين، وەک لەو ڤیدیۆیەی سەرەوەدا دەبینرێت.
ئاراستەی فکری بەرەو ئیسلامی ئیخوانی بوو، واتە پشتگیری هێڵی ئیسلامی قەتەر و تورکیای ئۆردۆغانی دەکرد، کە ئیستا ئۆردۆغان ڕۆڵی شیخی ئیخوانەکان ئەبینێ لەجیهانی ئیسلام بەتایبەت بۆ ئیسلامی سوننە، کە ئەیەوێ رابەرایەتی جیهانی ئیسلام بگرێتە دەست و هێز و بڕيارى ئیسلامى بۆ تورکیا بگێڕێتەوە وەک میراتگری خەلافەتی عوسمانی، ئەمەش واتە گواستنەوەی رابەرایەتی جیهانی ئیسلام لە سعودیە و میسرەوە بۆ تورکیا.
لە بەرئەمه خاشقچی هەستی پێکردبێ، یان نا، ببوو بە بەشێک لە لایەنی تێوەگلاوی ناوکێشە هەمەرەهەندەكان، کە لەسەر ئاستی ناوچە و جیهان رەهەندی چارەنووسسازی ئابووری، سیاسی و جیۆپۆلیتیک و ستراتیجیان هەیە، کەوا دەکات هەم لایەنگرانی، هەم دژەکانی، بە بەکارهێنانی هەموو ئامرازە تازەکانی پەیوەندی و میدیا سەرسەختانە بکەونە شەڕی میدیاییەوە، بە جۆرێک کە باسی خاشقچی گەیشتۆتە گوێی هەموو کەسێک و بۆتە باسی ڕۆژانەی جیهانی. هەر ئەم ڕەوش و رەهەندە ناوچەیى و جیهانیەیە، وای کردوە تیرۆری خاشقچی لە چاو تیرۆری ڕۆژنامەنووسانی تر ببێتە جیهانی. بۆ نموونە، هاوکات لەگەڵ باسی تیرۆرکردنی خاشقچی هەواڵی تیرۆرکردنی خانمە ڕۆژنامەنووسێکی تەلەفیزیونی بولگاریمان بیست، بەڵام هەرگیز نەک هەر نەبوو بە هەواڵی رۆژانەی جیهانی، بەڵکو هەتا لە سەر ئاستی ئەوروپاش نەبوو بە هەواڵی رۆژانە و دوای یەک رۆژ ئیتر باسی نەما، ئەگەر خاشقچی عێراقی، یەمەنی، یا خەڵکی هەر وڵاتێکی تربوایە، بە دڵنایی ئەم دەنگۆیەی لێ نەدەکەوتەوە، بۆ نمونە هەتا ئەگەر بە بەراورد بە حاڵەتی سەددام كامل، ئەبینین ئەم پاکانەی بۆ تیرۆری كردنى سەددام كامل ئەکرا، ئیستا بۆ خاشقچی قبووڵ نییە.
پاش تێپەڕبونی نزیکی چوار هەفتە بەسەر دیارنەمانی خاشقچی، باسەكەی تا ئیستاش هەرگەرمە لەلایەن میدیاکانی ئیخوانی و چەپەکانی جیهانەوە، بەتایبەت لە ئەوروپا و ئەمریکا بە مەبەستی دەستکەوتی سیاسى و رکەبەرایەتی سیاسی لە سەرئاستى وڵاتانی خۆیان، بۆ نمونە لە ئەمریکا دیموکراتەکان خاشقچی بە چڕی بەکاردێنن دژی ترامپ لە ریگە ی میدیا کانی نزیک خۆیان وەک CNN , Washington post، هەروەها میدیاکانی تورکیا و قەتەر، بۆ دەست کەوتی سیاسی و ئابووری خاشقچی بەکاردێنن بۆ فشارخستنە سەر سعودیە. هەتا ئەم لایەنانەی، کە پاڵپشتی سعودیە ئەکەن تەنها بەوە، کە ئەڵین خیزانی پادشایی بەشدار نەبوون و ئاگادار نیین لە تیرۆری خاشقچی، وەک رووسیا، دیسان مەبەست هەر دەستکەوتی ئابووری و سیاسییە.
ئیستا دەسەڵاتدارانی سعودیە لە رەوشیکی زۆر سەیر و ناجۆران، كە ئامادەن باج بدەن هەم بە یارەکانیان و هەم بەنەیارەکانیان تا لە کابووسی خاشقچی رزگاریان بێت، ئەم رەوشەش تەواو شازە بەقەدەر شازی سعودیە خۆی، واتە رەوشی شاز لەگەڵ خۆیدا حاڵەتی شاز دروست ئەکات. لە ناو هەر شاز و تراجیدیایەکدا کۆمیدیەک هەیە، وەکۆ میدیای ناو تراجیدیای تیرۆری خاشقچی، ئەمەیە، کە هەموو ئەم شوینانەی شیوەن بۆ خاشقچی ئەگێڕن بەرێگای جۆرا و جۆر ڕۆژنامەنووسان و نوسەران و خەڵكانى خاوەن فكر و ماف تيایدا زیندانی ئەکرێن و تیرۆرئەکرێن. ئیستا درامای تراجیدیای خاشقچی لە بابەتێکی مرۆیی، دادپەروەری و یاسایییەوە بۆتە کاڵایەک بە دەست سەوداگەرانی بەرژەوەندی دۆلار و نەوت، کە لە کۆتاییدا دەرئەکەوێ، کە کێ و کوێ لەم سەودایە چەندیان بەر ئەکەوێ!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت