نەوزادى موهەندیس: ئێران لەبەردەم دووڕیانێکى زۆر هەستیاردایە/ مانەوە یان نەمان.

کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ململانێکانى ئەمریکا وئێران زۆر لە مێژە سەریان هەڵداوە و دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەى 40 ساڵ لەمەوبەر کاتێک سیستەمى حوکمڕانى لە ئێراندا لە پاشایەتیەوە گۆڕدرا بۆ کۆمارى ئیسلامى بەڕابەرایەتى ئیمام خومیەنى.سیستەمێکى ئیسلامى وەلى فەقیى و شیعە مەزهەب کە لە بڕیار و سیاسەت و تێڕوانینەکانیاندا گەرچى بە ڕووکەشیش بێت توندڕەو و ڕەتکەرەوەى هەموو بەهاکانى دیموکراسى و دونیاى ڕۆژئاوایین، بەڕابەرایەتى ئەمریکا. ئیدى لەو کات و زەمانەوە ئێران و ئەمریکا هیچ کات پەیوەندیەکى توندوتۆڵ و گەرموگوڕیان پێکەوە نەبووە،جگە لەهەندێک قۆناغ نەبێت کە بەرژەوەندى هەردوولا وایخواستوە کە جۆرە نزیکبونەوەیەک یان پەیوەندیەکى ژێربەژێریان هەبێت لەڕێگەى لایەنى سێهەمەوە.
ئەوەتا لە سەرەتاى سەرهەڵدانى جەنگى 8 ساڵەى عێراق ئێرانەوە هەمیشە ئەمریکا پشتیوانى عێراقى کردوە و دواتریش لەدەیەى نەوەدەکانى سەدەى ڕابووردوشدا هەمیشە ئێران و ئەمریکا ناتەبابوون و ئێران ئەمریکا بە دەستێوەردان و هاندانى باڵەکانى ناو سیستەمى حوکمڕانى تاوانبار دەکرد بەنیازى تێکدانى ئارامى ناوخۆى ئێران و باڵى ڕیفۆرخوازەکانى ئێرانیشى بە سازشکار و نەرمى نواندن تۆمەتبار دەکرد بۆ ئەمریکا و ڕۆژئاوا. لەسەدەى بیست و یەکەمیش و هەر لەسەرەتاى ساڵى 2000کانەوە ئەمریکا هەمیشە ئێران و سوریا و کۆریاى باکورى بە پاڵپشت و هاندەرى تیرۆر و تیرۆریستانى دادەنان و ناوى خستبونە لیستى ڕەشەوە. ئیدى لەدواى ڕووداوەکانى سێپتەمبەرى 2001ى ئەمریکا لەلایەن ڕێکخراوى قاعیدەى تیرۆریست و جەنگى ئەفغانستان و ڕووخانى ڕژێمى بەعسى ێدامى ئێران لەلاى ئەمریکا بۆتە دوژمن و نەیارى پلە یەک و سەرسەختى ئەمریکا و هاوپەیمانەکانى و بەرژەوەندیەکانیشى، بۆیە لەو کاتەوە ئەمریکا لەڕووى سیاسى و ئەمنى و ئابورى و فەرهەنگیشەوە لەهەوڵدایە کە ئاشتى و ئارامى ناوخۆى ئێران تێکبدات و هەوڵى گۆڕانکارى و ڕووخاندنى ئەو سیستمە حوکمڕانیەش دەدات. لە بەرامبەریشدا ئێرانیش وەک وڵاتێکى گەورە و خاوەن نفوزى شیعە مەزهەبى و ئابوریەکى بەهێز و زۆرى ژمارەى دانیشتوان و پانوپۆڕى خاکەکەى و بوونى هێزێکى سەربازى و ئەمنى بەهێز و بەتوانا توانیویەتى ململانێکانى لەگەڵ ئەمریکا و تەواوى ئەوروپاشدا درێژە و بەردەوامى پێبدات و زۆر جارانیش لەسەر زەمینەى واقع سەرکەوتنیشى وەدەست هێناوە لە وڵاتانى لوبنان و سوریاو عێراق و یەمەن و… هتد. بەشێوەیەک لەئێستادا ئێران بۆتە هێزى یەکەمى تۆقێنەر و مەترسیدار بۆ سەر بەرژەوەندیەکانى ئەمریکاو هاوپەیمانەکانى لە وڵاتانى سعودیە و بەحرەین و ئیمارات و و ئیسڕائیلیش و دەسەڵاتى گەورەشى لەهەریەکە لە عێراق و سوریا و لوبنان و یەمەن و عومانیشدا هەیە.
بۆیە ئەمریکا گەرەکێتى چیدى ڕێگە بگرێت لەو پاوانخوازى و فراوانبونى هەژموونى ئێران لەناوچەکەدا لەو ڕوانگەیەشەوە گەلێک هەوڵى تێکدان و نانەوەى پشێوى خوڵقاند لەناو ئێران و خۆپیشاندانە چەند ڕۆژ و مانگەکانى ڕابووردووى جەماوەرى شارەکانى ئێرانى دروستکرد، هەموانیشى بە ئامانجى تێکدان و پشێوى نانەوە بۆ حوکمڕانانى ئێران، بەڵام تائێستا کاریگەریەکى گەورە دەرنەکەوتوە لەسەر بەرەى ناوخۆیى ئێران. هەربۆیە ئەمریکا لەیەک کاتدا گەمارۆى ئابورى و جەنگى دەروونى و دارایى و بەرزکردنەوەى تەعریفەى گومرکى لەسەر کاڵا پیشەسازیە گرنگەکانى تورکیا و ئێران و پیلانگێڕى دژى نرخى لیرەو تومەنى ئێرانى، وایانکردوە کە هەردوو وڵات بەشێوەیەکى مەترسیدار بکەونە ژێر کاریگەریەکانى ئەو سیاسەتەى ئەمریکاوە و خەتوخاڵى تێکچوونى بار و دۆخى ئابورى ڕوویکردۆتە ئێران و تورکیا. لە ئێستادا ئێران نرخى دراوەکەى بەڕێژەیەکى بەرچاو دابەزیوە کە بۆ هەر 100 دۆلارێک 1600000 تمەن دەکات کە لەمێژووى تمەندا ئەم نرخەى بەخۆوە نەدیوە،ئابورى ئێران و گرانبوونى نرخەکانى کاڵاو پێداویستیەکان بەڕێژەیەک بەرزبونەوە کە کارى کردۆتە سەر گوزەرانى تەواوى هاوڵاتیان و سێکتەرەکانى ژیان و کار گەیشتە ئەوەى ڕابەرى ئێران خامنەئى دان بنێت بە خراپى دۆخى هاوڵاتیاندا.
هەموو ئەمانەش لەوەوە سەریانهەڵدا کە سەرۆک ترامپ ڕایگەیاند کە ئەمریکا ڕێکەوتنە ئەتۆمیەکەى ساڵى 2015 وڵاتانى ( 5+1 و ئێران) هەڵدەوەشێنێتەوە و بەشێوەیەکى گونجاوتر واژۆى دەکاتەوە و ئێرانیش بەمە ڕازى نەبوو.
لەئێستادا ئەمریکا لەمانگى 5/2018 وە چەند ڕێوشوێنێکى ئابورى گرتۆتە بەر دژى ئێران و کاریگەریەکانى ئەوەیان دەرخستوە کە ئێران ناتوانێت بۆ ماوەیەکى دوورودرێژ بتوانێت خۆڕابگرێت، ئەمریکا بڕیاریشداوە لە 4/11دا گوژمەى دووەمى گەمارۆکانى بۆ سەر ئێران دەستپێبکات و بەمەش هێندەى تر کاریگەرى و مەترسیەکان زیاتر دەبێت بۆ سەر ئێران و کۆمەڵگاى ئێرانى، خۆ ئەگەر ئێران وەکو تورکیاى دراوسێى سازش و نەرمى نەنوێنێت و کڕنۆش نەبات بۆ ئەمریکا و بەمەرجەکانى ڕازى نەبێت ئەوا زۆر نزیکە کە گۆڕانکارى گەورە تەنانەت ڕووخاندنى سیستەمى حوکمڕانیەکەشى لێبکەوێتەوە.
ئەمریکا لەسەر زارى وەزیرى دەرەوەى مایک بۆمبیۆ ڕایگەیاند ( کەچیتر ئێران دەستکراوە نابێت بۆ ئەوەى هەژموونى خۆى بسەپێنێت لە ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا) و کۆمەڵێک مەرجى داناوە بۆ ئێران بۆ ئەوەى لەگەڵیدا ڕێکبکەوێت و گەمارۆکانى لەسەر هەڵبگرێت لەوانەش:
1- ئاشکراکردنى ووردەکارى سەربازى پێشووترى بەرنامە ئەتۆمیەکەى بۆ ئاژانسى نێودەوڵەتى وزەى ئەتۆمى.
2- ڕاوەستاندنى هەموو کارى پیتاندنى یۆڕانیۆم و بەرهەمنەهێنانى بلۆتۆنیۆمیش و داخستنى کارگەى بەرهەمهێنانى ئاوى قورسیش لە((ئاراک)).
3- ڕێگەدانى بێ مەرج بە پشکنەرەکانى ئاژانسى وزى نێودەوڵەتى بۆ چوونیان بۆ هەموو ئەو جێگایانەى کە بەرنامەى ئەتۆمى تیادا جێبەجێدەکرێت لە ئێراندا.
4- ڕاگراتنى ڕۆکێتى بالیستى و ڕۆکێتى هەڵگرى کڵاوەى ئەتۆمى.
5- ئازادکردنى هاوڵاتیانى بەندکراوى ئەمریکى لە ئێران و وڵاتانى هاوپەیمانى ئەمریکا کە لەلایەن ئێرانەوە گیراون.
6- ڕاگرتنى پشتیوانى بۆ گروپە تیرۆریستیەکان لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا لەناویشیاندا حیزبوڵاى لوبنانى و بزوتنەوەى جیهادى ئیسلامى.
7- ڕێزگرتن لەسەروەرى حکومەتى عێراق و ڕێگەدان بە چەکداماڵینى میلیشیا شیعیەکان.
8- ڕاگرتنى هاوکاریەکانى بۆ گروپى حوسیەکان لەیەمەن و چارەسەرى سیاسیانەى کێشەى یەمەن.
9- کشانەوەى هەموو هێزەکانى ئێران لەناو سوریادا.
10- ڕاگرتنى هاوکارى بۆ تاڵیبان و تیرۆریستەکانى تر لە ئەفغانستان و ناوچەکە و ڕێگە نەدان بە قاعیدە بۆ مانەوەیان لە ئێران.
11- ڕاگراتنى هاوکارى و پشتیوانى بۆ فەیلەقى قودسى پەیوەست بە سوپاى پاسدارانى ئێرانەوە لە جیهاندا.
12- ڕاگراتنى هەڕەشەکانى بۆ دراوسێکانى و لەناویشیاندا هەڕەشەى لەناوبردنى ئیسڕائیل و ڕۆکیت گرتنە سعودیە و ئیمارات و هەڕەشەکانى بۆ هاتوچۆى ئاوى جیهانى و هێرشە تێکدەرانەکانى.
بەم شێوەیە گەر ئێران ئەم مەرجانە جێبەجێبکات ئەوا دەبێتە وڵاتێکى بچوکى بێ دەست و پەل وپۆ و نفوزى خۆى لەدەستدەدات لەناوچەکەدا و دەبێتە وڵاتێکى دەستەمۆى سیاسەتەکانى ئەمریکاو، ئەگەریش جێبەجێیان نەکات ئەوا ئەمریکا کۆمەڵێک گەمارۆى ئابورى ترى ئامادەکردوە بۆ سەر ئێران و بۆ سەر هەموو ئەو وڵات و کۆمپانیایانەشى کە مامەڵەى بازرگانى و نەوت و ئابورى لەگەڵ ئێراندا دەکەن و بەمەش ئێران دەچێتە ژێر بارێکى سەختى ئابوریەوە و ناتوانێت بۆ ماوەیەکى دوورودرێژ خۆى ڕابگرێت و تەنها دوو ڕێگەى لەبەردەمدایە یان تەسلیمبون بە سیاست و مەرجەکانى ئەمریکا یانیش ڕووخاندن و لەگۆڕنانى دەسەڵات و سیستەمى حوکمڕانیەکەى کەهەردووکیان وەکو ئەوە وایە کە جامێک ژەهر بخواتەوە بەناچارى هەروەکو چۆن ئیمام خومەینى ئەو پیاڵە ژەهرەى خواردەوە بەناچارى کە بڕیارى شەڕ ڕاگرتنى دا لەگەڵ سەدام حوسێندا لەساڵى 1988دا.
جا ئەمریکا لە ئێستادا لیستێک گەمارۆى ئامادەکردوە بۆ سەر ئێران کە لە 4/11/2018وە جێبەجێیان دەکات و هەر لەئێستاشەوە گەورە وڵاتانى ئەوروپا و چین و کۆریاى باشور و یابان و هندو. گەلێکى تر، پابەندبونى خۆیان ڕاگەیاندوە بەو گەمارۆ و سزا ئابوریانەوە، بۆیە ساڵى داهاتوو ساڵێکى پڕ قەیران و سەخت و دژوار دەبێت بۆ ئێران و ئێرانیەکان ئەگەر سەرسەختى بکات و بوەستێتەوە بەرامبەر ئەمریکا و دواتر بە لەدەستدانى سەرى خۆى تەواو دەبێت هەروەکو ڕژێمەکەى ێدام حسێنى عێراق.

لیستى گەمارۆ نوێکانى ئەمریکا کە لەماوەى 3 مانگى داهاتوودا جێبەجێدەکرێن بریتین لە:
1- دانانى مەرج و کۆتوبەند لەسەر فرۆشتنى دراوى ئەمریکى بە ئێران.
2- دانانى کۆتوبەند لەسەر کڕینى ئاڵتون و کانزاى بەنرخ لە ئێران.
3- دانانى کۆتوبەندى ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەسەر کڕینى ئاسن و ئەلەمنیۆم.
4- دانانى کۆتوبەند لەسەر وەبەرهێنانى سەنەداتى ئێرانى.
5- دانانى کۆتوبەند لەسەر گرێبەستەکان لەگەڵ کۆمپانیا پیشەسازیەکانى ئۆتۆمبێلى ئێرانى.
6- دانانى کۆتوبەند لەسەر مامەڵە گەورەکان بە دراوى ئێرانى (ڕیاڵ).
7- دانانى کۆتوبەند بەسەر بوارى کەرتى ئۆتۆمبێلى ئێرانیدا.
8- دانانى کۆتوبەند بەسەر بازرگانى فەرش و کەلوپەلى خۆراکى ئێرانى.
9- هەروەها هەڵدەستێت بە کێشانەوەى مۆڵەتى هەناردەکردن لە کۆمپانیاکانى بوارى فڕۆکەوانى شارستانیەوە و لەناویشیاندا کۆمپانیاى بۆینگ و ئێرباێ.

دواى 180 ڕۆژیش ئەم گوژمە نوێیەى سزاکانیش دەکەونە بوارى جێبەجێکردنەوە:
1- گەمارۆکان پەلدەکێشن بۆ بوارى بەندەرەکانى ئێران و پاپۆڕ و کارگەى دروستکردنى پاپۆڕەکانیش.
2- سەپاندنى گەمارۆ بۆسەر ئاڵوگۆڕى دارایى لەنێوان دەزگا داراییە بیانى و بانکى مەرکەزى ئێرانیدا.
3- سەپاندنى گەمارۆ بەسەر نوسراو و دڵنیایى و گێڕانەوەى دڵنیایى.
4- سەپاندنى گەمارۆ بۆ سەر مامەڵە پەیوەستەکان بە چالاکیە نەوتیەکانەوە.
لەکۆتاییدا زۆر سەختە کە ئێران و ڕژێمەکەى بتوانن مقاوەمەت و بەرگەى ئەم هەموو گەمارۆیانە بگرن و 80 ملیۆن کەس بتوانن ئیدارە بەدەن و گوزەرانیان بۆ دابین بکەن و بۆ ماوەیەکى دووردرێژ ڕازیان بکەن کە دژى ئەمریکا بجەنگن، چونکە لە بنچینەدا هاوڵاتى و کۆمەڵگاى ئێرانى بە پێکهاتە جیاوازەکانیانەوە ماوەى 39 ساڵە ناڕازین لەم دەسەڵاتەو گەرەکیانە بەزووترین کات لەکۆڵیان ببێتەوە و دەرگاو پەنجەرەکانى ئێران وەکو زەمانى شاى ئێران بەسەر هەموو دونیادا بکرێنەوە و ئەوانیش وەکو دونیاى پێشکەوتوو بە دیموکراسیەت و ئازادیە ڕاستەقینەکان شاد ببن. بۆیە گەر ڕژێمى ئێرانى گەرەکێتى سەرى سەلامەت بێت دەبێت بەنەرمى و لەسەرخۆیانە بکەوێتە گفتوگۆوە لەگەڵ ئەمریکا و بۆئەوەى نەکەوێتە بەر قین و نەفرت و خەشم و لێدانى ئەمریکاوە چونکە تەنها تەقاندنى تۆپەکە ماوە ئەگینا ئێران لەهەموو کات زیاتر تەنهاترە و ڕاستەوخۆ کەۆتۆتە ناو چوارچێوەى نیشانەگرتنەوەى ئەمریکاوە بۆ لێدان و ڕووخاندنیشى. ئەوەش زەمان و ئایندە بۆمان ڕوونتر دەکەنەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت