بەختیار شارەزوری و سەرکەوتی جیهاز: ئەگەری بەرکەوتەی حیزبەکان لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هێشتا گفتوگۆی پێکهێنانی کابینەی نۆیەم دەستی پێ نەکردوە و پەرلەمان یەکەم دانیشتنی نەکردوە و سەرۆک و جێگر و لیژنەکان دروست نەکراوە، بەڵام ئەوەی هەیە تەنها چەند پەیوەندییەکی تەلەفونی و ڕای هەندێ سیاسی حیزبی بوە، وەک ئەوەی دەبینرێت لە گشتدا جۆرێک لە پێشبینی دەکرێت و کۆمەڵێک ئەگەر لە ئارادا دەبن، بەڵام ئەوەی هەیە دۆسیەکان هەموی پەیوەندی بە تەوافقی حیزبەکانەوە هەیە لەسەر دابەشکردنی پۆستە وەزارییەکان و شۆڕ بونەوە بۆ پۆستەکانی تر کە دەتوانین بڵێین (3) فایل لەم پێکهێنانی کابینەی نۆیەمەدا ڕۆڵی دەبێت ( پۆستە پەرلەمانیەکانی هەرێم ، پۆستەکانی حکومەتی عێراق، پۆستەکانی حکومەتی هەرێم )، ئەگەر بە پێ ی دابەشکاری و بەرکەوتەی حیزبەکان بێت ئەوا بەدەرلە وەزارتەکان کە (21) وەزارەت و (4) فەرمانگە و (2) دەستە لە خۆ دەگرێت، ئەوەی جێگەی سەرەنجە هەر لە سەرەتای گەمەی پێکهێنانی کابینەی نۆیەمەوە قسە لەسەر کەمکردنەوەی وەزرەتەکان هەیە، کە ئەمەش جۆرێکی ترە لە یاری حیزبەکان بۆ بەرکەوتەی زیاتری جومگەکانی حکومەت ( بۆ نمونە وەزارەتی کارەبا و سامانە سروشتیەکان لە یەک بدرێت و… هتد) تا ئەو ڕادەیەی کابینە ببێت بە (15) وەزارەت، کە ئەمەش لە قازنجی حیزبی زۆرینەدا دەبێت و پارتی جارێکی تر دەکاتەوە خاوەنی زۆرینەی جومگەکان، ئەوەی هەیە و سەرەتاکانی دەرکەوتوە یەکێتی پێوانەی (خەبات و دەستەڵات ) دەخاتە ناو ساحەکەوە و کە هەموشمان دەزانین هیچ یەکێک نە لە پارتی و نە لە یەکێتی ناتوانن حکومەت پێکبهێنن ئەگەر بشتوانن بێ یەک (50+ 1) دەنگی پەرلەمانیش بە دەست بهێنن ، وە بە بێ یەکێتی حکومەت ناتوانرێت دروست بێیت و پێچەوانەکەشی ڕاستە ، وە سەرەتای بەشداری یەکێتی دەرکەوتوە کە دەوترێت ( دەبێت شەریک بین نەک بەشدار ) کە دەکاتە ئەوەی بڵێن ئەگەر پارتی حکومەتمان بێ تەواو بکات وەک حیزبێکی خاوەن خەبات و دەستەڵاتی زۆنی سەوز ئەوە قبوڵی ناکەن، ئەمە ڕای سەرەتایی هەندێک لە سیاسیەکانی ناو یەکێتیە، خۆ ئەگەر ڕێککەوتنی ستراتیژی و ئەو ئەمرە واقعیە نەبوایە ئەوا پارتی لەگەڵ کەمینەکاندا (11 کورسی) دەیتوانی حکومەت بێ ئەو حیزبانەی تر دروست بکات بە یەکێتیەشەوە، بەڵام ئێستە پارتی دەیەوێت بڵێت ( فیفتی بە فیفتی) کۆتای هاتوە و دەبێت ڕێگایەکی تر هەبێت، کە ڕێگای حکومەتی بنکە فراوانە، بژاردەیەکی تریش لەبەردەستە ئەویش حکومەتی شەراکەتی نیشتمانی یە، هەرچەند پارتی وەک کارت جار و بار ئەوە دەڵی کە لەگەڵ گۆڕان و کۆمەڵ حکومەت پێکبهێنێت وەک بەدیلی یەکێتی لە زۆنی سەوزدا، هەموشمان دەزانین زۆرینەی دەستەڵاتە ئیداریەکانی زۆنی سەوز لای یەکێتیە و کە ئەمەش بوە بە باوێکی سازان (تەوافق) و دەچێتەوە سەر دابەشکاری ڕێککەوتنە بەدناوەکەی ستراتیژی، کە ئەمەش تەواو زەرەری لە پرۆسەی دیموکراسی زۆرینە داوە و دەستاو دەستکردنی دەستەڵاتی کردوە بە شتێکی نەبوی حەتمی کە بزوتنەوەی گۆڕان لە ستراتیژی درێژ خایەنیدا دەستکاری کردنی ئەم نەخشەیە، کەواتە بۆ پێکهێنانی کابینەی نۆیەم وەک لەسەرتاوە دەردەکەوێت ( پارتی و یەکێتی و گۆڕان و کۆمەڵ) بەشدار دەبن و ( نەوەی نوێ و یەکگرتو) دەبنە ئۆپۆزسیونێکی پەرلەمانی، خۆ ئەگەر گۆڕانی بەسەردا نەیەت کە ئەگەری گۆڕانی هەیە، ئەوا لە پۆستە گەورەکانەوە دەست پی دەکات کە سەرۆکی حکومەت بۆ پارتی دەبێت و سەرۆکی پەرلەمان بۆ یەکێتی لەگەڵ جێگری سەرۆکی حکومەت، هەرچەندە پارتی دەلێت دەبێت سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی حکومەت بۆ ئێمە بێت، لەم حاڵەتەدا هەردو جێگر بۆ یەکێتی دەبێت و جێگری دوەمی سەرۆکی حکومەت کە ئەگەر تەوافقی لەسەر بکرێت بۆ گۆڕان دەبێت ، هەمو ئەمانەش بەستراوە بە تەوافقی پۆستەکانی ناو بەغدادیشەوە، کە ئەگەر کۆچ وکۆچبەران نەدرێت بە یەکێتی ئەوا لێرەش گۆڕانی بەسەردا دێت کە لە کۆی (3) وەزارەتی بەغداد پارتی (2) وەزارەتی بردوە، لەم حاڵەتدا بۆ ئەوەی ڕێکبکەون دەچەنە سەر دابەشکاری لە وەزارەتە سیادیەکاندا ( دارایی ، ناوخۆ ، سامانە سروشتیەکان ، پێشمەرگە) وەک سەرەتا و بەرکەوتە ئەگەری هەیە بەم شێوەیە بێت و دوایی بە پێ ی ڕێککەوتن گۆڕانی بەسەردا بێت کە ئەگەر لە کۆی (21) وەزارەت (4) وەزارەتی سیادی لێدەرکەین ئەوا (17 ) وەزارەتی دەمێنێتەوە، خۆ ئەگەر وەزارەتێک بدرێت بە کەمایەتیەکان ( کە ئەم ئەگەرە دورە ) ئەوا ئەمەی خوراەوە گۆڕانکاری تێ دەکەوێت:
1- پارتی (45) کورسی دەکاتە (9) وەزارەت لەگەڵ (2) سیادیدا کە ئەگەری هەیە دارایی و سامانە سروشتیەکان بێت، کە دەکاتە (١١) وەزارەت.
2- یەکێتی (4) وەزارەت و (1) سیادی کە ئەگەری هەیە ناوخۆ بێت، کە دەکاتە (5) وەزارەت.
3- گۆڕان (12) کورسی (3) وەزارەت و (1) سیادی کە ئەگەری هەیە پێشمەرگە بێت، کە دەکاتە (4) وەزارەت.
4- کۆمەڵ (1) وەزراەت و لە بەرامبەر نەبونی پشکی لە وەزارەتەکانی سیادیدا ئەگەری هەیە دەزگای مینی پێ بدرێت.
وە لە بەرامبەر دەستە و فەرمانگەکانیشدا کە هەندێکیان وەزارەت نین و سەرۆکەکەی سیفەتی وەزیریان هەیە، دیسانەوە لەبەرامبەر پۆستەکانی تردا ئاڵوگۆڕی پێ بکرێت.
خۆ ئەگەر ساڵی 2019 ساڵی نەمانی پاشەکەوت بێت و هەناردەی نەوتی هەرێم بگاتە زیاتر لە (400)هەزار بەرمیل و نرخی هەر بەرمیلێک 67 دۆلار بێت و ئەو بڕە پارەییەی (365 ملیۆن دۆلار بۆ ساڵیک) کە ئەمریکا دەیدات بە پێشمەرگە، ئەوا دەبێتە ساڵێک تەواو جیاواز لە ساڵانی قەیرانی دارایی، ئەمەش وا دەکات ئاستی بەرپرسیاریەتی لە ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی و بەهەدەردان قورستر بێت، بە تایبەت یەکێتی و پارتی کە ئێستە و لە ڕابردوشدا دو هاوبەرژەوەندی و دو هاوگەندەڵی سەرەکی کۆی داهاتی هەرێم بون و جارێکی تر دەبنەوە شەریکە بەش، کە هەمومان دەزانین لەم هەڵبژاردنانەدا ڕێژەی بەشدار بون تا ئاستی 40% بوە، واتا ئەم حکومەتە نابێتە جێ ی ڕەزامەندی زۆرینەی خەڵک، بۆیە هەر حیزب و لایەنێک بەشدار بێت دەکەوێتە بەر بەرپرسیاریەتیەکی مێژویی قورسەوە، بەدەر لەمە پێکهێنانی حکومەتی هەرێم حیزبی دەبێت، هیچ ڕوانگەیەک نیە بۆ ئەوەی هیچ نەبێت وەک بەغداد خەڵکانی تەکنۆکرات بەشداریان بکردایە 30%، بەڵام تا ئێستا هیچ باسێک لەو بارەوە نی یە، ئەوەش دەزانین کە پارتی و یەکێتی دوو بازرگانی هاوبەشی سیاسین و بەرژەوەندییەکانیان وەک تەونی جاڵجاڵۆکە پێکەوە گرێدراوە، لە حاڵەتی ڕێکنەکەوتن یان قوڵبونەوەی زیاتری گەندڵی ڕوبەڕوی کارەساتی گەورە دەبینەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت