Draw

کاوسێن بابەکر: ئاغای پەرلەمانتار.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

باوکی شەهیدێک، تەمەنی 85ساڵە، 230 هەزار دینار وەردەگرێت!
قسە زۆرکرا و هێرشی زۆریش کرایە سەر پەرلەمان و پەرلەمانتاران، پێموایە ڕەگی کێشەکە لەوەدانییە شەش موچە وەردەگرن، بەڵکو کێشەکە لەوەدایە کەبەم پارە وەرگرتنە واژۆی درۆیەکی گەورە دەکەن کە لەڕابردودا گوایە هەوڵیان داوە بەیاسا ئەو جیاوزیە گەورەیەی موچەی فەرمانبەران و خانەنشینان نەهێڵن! دەنا ئەوانیش وەک هەر فەرمانبەرێک کە خانەنشین دەبن، مافی وەرگرتنی شەش مانگ موچەیان هەیە. بەڵام سەیرکەن کە خانەنشینیش دەبن بە80%ی موچەکانیان کە 6ملیۆن دینارە، لەکاتێکدا هەزاران خانەنشین هەن دوای دەپازدە ساڵ خزمەت، کەمتر لە دووسەت و پەنجاهەزار دینار وەردەگرن، باوکی شه هیدێکی قاڕەمان دەناسم کە وەک نمونەی ئەو ناحەقی و جیاوازیە گەورەیە دەیبینم تەمەنی 85 ساڵەو دوای ئەو تەمەنەو جەرگ سوتانەو چەندین ساڵ خزمەت تەنها 230هەزار دینار وەردەگرێ! ئایا ئەم بڕەیە بەشی دەرمان و چارەسەری نەخۆشیەکانی دەکات کە لەم تەمەنەدا توشی دەبن؟ کاکی پەرلەمانتار هەموو هەوڵەکەی، و قارەقاڕەکانی سەرتەلەفزیۆنی بۆئەوە بوو ژیانی ئەمان چاک بکات یان گڕگڕ بابداتەوە بۆلای خەرمانی پارەکە!
ئەو پڕۆژەیەی بۆ چاکسازی موچەو خانەنشینی هێنرایە پەرلەمان و ئازایەتی تێپەڕاندنیان نەبوو و، هەر لەبێنووبوون بۆ ئەوەی سەرنەگرێ و نەبێ بەیاسا، تەسلیمی شەقام بوون کەئێستا دەردەکەوێ کەخۆشیان دەستیان هەبووە لەڕەتکردنەوەی، لەئێستادا یاسایەکی چاک بوو کەلانی کەمی مووچەی 400 هەزار دینار دیاریکرد بوو زۆرترین مووچەش بۆ پەرلەمانتار، 4 ملیۆن بوو ئەویش تەنها ئەو پەرلەمانتارانەی دەگرێتەوە کە تەمەنیان سەروی پەنجاساڵی بوو یان لانی کەم 15 سال خزمەتی هەبووبێ، گەنجەکانیش دەگەڕانەوە سەر پیشەی خۆیان.
سوککردنی پەرلەمان لەسەرکردەی حزبەکانەوە دەستی پێکرد بەوەی خۆیان نایەنە پەرلەمان و لە دەرەوەرا حوکمی دەکەن، دواتر ئەندام پەرلەمانەکان خۆیان بەم کارانەیان پەرلەمانیان کردۆتە پڕۆژەیەک بۆ موزایەدەی سیاسی و خۆ دەوڵەمەندکردن، کە دەبوایە دەزگایەکی دەستەڵاتداری چاودێربێ بەسەر کارەکانی حکومەتەوە کە بەداخەوە نەیتوانی بچوکترین هەنگاو لەو بارەوە بنێ.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت