محەمەد بەرزی: دەردە کــۆپـــان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە نیوەشەوێکی ئەنگوستە چاوی سارد و سەرمادا، کە کزە با تەزیوەکەی وەک تیخ پێستی دەبڕی، زۆڵە کوردێکی دەمامکداری بەعسی، شان بە شانی مولازم موحسین، بە قاڵدرمە ئاسنینەکاندا بۆ نهۆمی دووەمی کارگەکە سەرکەوتن. تەپە تەپی پۆستاڵی چەکدارەکان، کە تێکەڵ بە هاژە هاژی ئامێرەکان دەبوو، ترسیان لە ڕوخساردا دەڕواند. دەمامکدارەکە ئەوەندە شارەزای کون و قوژبنی کارگەکە بوو، ڕێک بەرەو ڕووی سالار ڕۆیشت و توند قۆڵی گرت. مولازم موحسین بەبێ ئەوەی تەنها قسەیەک بکات، بە هەموو هێز و تین و تاوی خۆیەوە، بۆکسێکی وا بەهێزی سرەواندە دەمووچاوی سالار و بەجۆرێک خڵتانی خوێنیکرد، دەتووت بۆمبایەکی پێدا تەقیوەتەوە. پاشان چەکدارەکان بە بۆکس و شەق و شەقازلـلە و تف و قۆناخە تفەنگ، وەک سەگی هار تێی ئاڵان و کارێکیان پێکرد مەگەر خوا هەر خۆی بزانێ، بەڵام سالار ئەو ساتە وەک بەردە قارەمان، گابەردێک بوو، نە ئاخێکی کرد و نە ئۆفێک. ئنجا بە قاڵدرمەکاندا ڕایانکێشایە خواری خوارەوە و وەک جەستەیەکی بێ گیان، هەڵیاندایە ناو پشتی پیکابێکەوە و لەسەر ورگی کەوتنە هەڵپەڕین و وەک ڕەشەبایەکی شووم لە تاریکیدا ئاوا بوون. وەی چ کسپەی ئازارێک دای لــە هەناوم و چ سامی ترسێکیش زمانی گرتم.
سالار یەکێکبوو لە تێکۆشەرە هەرە ئازا و بوێرەکانی لایەنێکی سیاسی. کەسێکی ڕۆشنبیری ژیری چاکەخواز و لە پێناوی کێشەی ڕەوای میللەتەکەیدا، گیانی خۆی و خێزانەکەی خستبووە سەردەستی و لە ئازایەتییدا کون لە جەرگیدا نەبوو.
پاش نزیکەی ساڵێک و بەبێ ئەوەی چۆک بۆ داگیرکەران دابدات و تەنها نهێنییەک بدرکێنێت، ئازادکرا و هاتەوە سەرکارەکەی خۆی. جگە لە جەبار، کە وەک جرجێکی گەڕی گەورە لە گۆشەیەکدا خۆی متکردبوو، هەموو بە گەڕانەوەی لە خۆشیاندا خەریکبوو باڵبگرین و بە پەرۆشەوە باوەشمان پێداکرد و زۆر بە گەرمی ماچمانکرد. خۆ کاتێک سالار جەباری بینی، هەناوی ئاگری گرت و هەتا توانی تفێکی گرتە ناوچەوانی و وتی: ( ئەمە دەمامکدارە جاسوسەکەیە، کە هەتا ئێستاش ئازاری شەقە قورس و قایمەکانی لە ناولینگم نەبۆتەوە ). بە بیستنی ئەو قسانە هەموو ئەوق بووین.
هێشتا دوو مانگ بەسەر هاتنەوەی سالاردا تێنەپەڕیبوو، دەستە دەستە کارمەندەکانیان لە بەردەمی ژووری بەڕێوەبەردا کۆکردەوە و یەکە یەکە دەکرانە ژوورەوە بۆ بەردەمی چەند لێپرسراوێکی گەورەی بەعسی و لاپەڕەیەکیان دەخستە بەردەمیان، کە تێیدا نووسرابوو ( ئایا بە خواستی خۆت دەبیت بە ئەندامی حیزبی بەعسی عەرەبی ئیشتراکی ؟ ). لە ژێر ئەو ڕستەیەدا دوو وەڵام بە: ( بەڵی و نەخێر) دانرابوو. ئەوەی بەڵێی هەڵبژاردایە، بە بێ کێشە دەهاتە دەرەوە، خۆ ئەوەی نەخێری هەڵبژاردایە، دەبوو لەبەردەمی بەعسییەکاندا ڕابووەستێت و بە دەنگی بەرز بڵێ: ( بۆیە نابم بە بەعسی چونکە شەرەف و نامووسم نییە ). لەم کاتەشدا بەعسییەکان بە چەند قسەیەکی ناشیرینی وا، کە سەگ بۆنیان پێوە نەدەکرد، دەیانکردە دەرەوە.
سالار لە ڕیزەکەدا وەستابوو، هێشتا نەچوو بووە ژوورەوە، خۆ کاتێک بەمەی زانی، لە ڕیزەکە هاتەدەرەوە و وتی: من شەرەف و نامووسم هەیە و ئەگەر دانیان یەک مەتر درێژبێت نابم بە بەعسی، هەر لەوێشدا دەمودەست لە کارگەکە دەرچووە دەرەوە و وازی لە ماڵ و منداڵ و کارەکەی هێنا و وەک هەڵۆیەک بەرز بەرز فریی و بە لوتکە و دوندی شاخە بەرزەکانی نیشتمانەوە نیشتەوە. سالار هەر تەنها پێشمەرگە نەبوو، ئەو کەسێکی خوێندەواری بە ئاگا بوو، کە بە دەیان کتێبی لەسەر ماوتسی تۆنگ و مارکس و لێنین و جیڤارا خوێندبۆوە، تەنها خەباتی بۆ ئازادی نەدەکرد، هەتا داکۆکیشی لە ئاژەڵ و باڵندەکانیش دەکرد، ئاخر ڕۆژە سارد و سەرماکان، پەنجەرە گەورەکانی بۆ کۆترە شینکەکانی سەر سەربانی کارگەکە دەکردەوە،، تا بێنە ژوورەوە و لەسەر شێلمانەکانی بنمێچەکەی بنیشنەوە و لە ڕەقبوونەوە پارێزراوبن. ئەو هەر پێشمەرگە نەبوو، بەڵکو مامۆستایەکی بێ وێنەبوو، خەمی میللەتەکەی لە کۆڵ نابوو، لە هەمان کاتدا گورزی گەورەشی لە داگیرکەر دەوەشاند. هەر بۆیە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر بە دڵ و دەروونی خەڵکییەوە دەنووسا و پلە بە پلەش هەنگاوی بۆ پێشەوە دەنا. لەگەڵ ئەوەشدا چەند جارێک بریندار کرا، بەڵام نە دەلاقەکانی لەشی و نە کیمیاباران و تانک و تۆپ و فرۆکە و هێزی زەبەللاحی جاش و جەیش، نەیانتوانی ورەی ئەم هەڵۆ ئازایە بلەرزێنن. جا لەگەڵ ئەوەشدا بەهۆی باری نالەباری شۆڕشەوە، چەندین پێشمەرگە وازیانهێنا و بەرەو هەندەران کۆچیانکرد، بەڵام سالار وەک دار گۆیژ ڕەگوڕیشەی بە ناخی نیشتماندا ڕۆچوو بوو، ئەو لە پێناوی ئازادی و ژیانێکی پڕ لە کامەرانی میللەتەکەیدا ئەو ڕێگا سەختەی گرتبووە بەر و ئەوەی بیری لیێ نەدەکردەوە وازهێنان بوو. لە ڕاپەڕینیشدا ڕۆڵی کارای خۆی گێڕا و هەقی بەرەو دوای لە بەعسییە فاشیستەکان کردەوە.
هاتنەوەی کەسێکی پاکوبێگەرد و خۆنەویستی وەک سالار بۆ ناو شار، جێگای ئومێدی هەموو کەسێکی ئازادیخوازی بەشەرف بوو. ئاخر ئەو لە بارودۆخێکی پڕ مەترسی وادا چەکی شەرەفی کردە شان و وازی لە ماڵ و منداڵ و کار و بەرژەوەندییەکانی خۆی هێنا و تووشی هەزاران هەزار کێشە و برسێتی و قاتوقڕی و دەردیسەری بوو، تا ژیانێکی شایستە بۆ گەلەکەی دابین بکات. هەربۆیە جێگای ڕێز و خۆشەویستییەکی ئێجگار زۆری هەمووان بوو. بەڵام داخی گرانم، هەر چۆن تا دوێنێ بە ڕابوردوویەکی گەشەوە داکۆکی لە نیشتمان دەکرد، هەر واش زوو بە زوو وەک هاوڕیێ کانی دووچاری دەردە کۆپانی کۆکردنەوەی سەروەت و سامان بوو. ئێستا سیاسییەکی بازرگانە و خاوەنی چەندین کۆمپانیا و کۆشک و تەڵار و باخوباخاتە و بە ئاشکرا پاروو لە دەمی هەژاران دەفرێنێت. ئەوەی بیری لێنەکاتەوە نیشتمان و هاوڵاتییە داماوەکانییەتی، جارێکیان لەسەر شاشەی تەلەفزیۆن، خۆپیشاندەرە سنگ ڕووتە برسییەکانی بە ئاژاوەگێڕ دادەنا. لە هەموو ئەمانەش سەیرتر، لەگەڵ جەباردا، کە تاجێک و دوو نەجمەی حکومەتی هەرێم بەسەر شانییەوە دەبریسکێنەوە، بوونەتە هاوڕێی گیانی بە گیانی و موو بە نێوانیاندا ناچێت، جار جارێکیش بە جووتە بۆ هەوا و هەوەس و کاتبردنەسەر، بە سەرخۆشی بۆ ڕاوکردنی کۆترە شینکەکان، بە تاپڕێکەوە دەچنەوە بۆ ناو ئەو کارگە کاول و وێرانەی لە سەردەمی بەعسی دوابڕاودا سەرچاوەی بــژێــوی هەزاران خێزان بوو.
جا هەرکاتێک لووتم دەبێ بە لووتی کەسانی وەک سالارەوە، لەبەرخۆمەوە دەڵێم: ئیلاهی ئەم سیاسییە زرک و پوتانەی ئێمە چ بەشەرێکن ؟! … ئەو کاتانەی داگیرکەران تەوقی دیلی و ژێردەستی دەکەنە ملمان، تا ئاستی شەهیدبوون بۆ ئازادی خوێن دەڕێژن، خۆ کاتێکیش ئازادین و خۆمان حوکمی خۆمان دەکەین، لە داگیرکەران خراپتر وڵات و میللەتە کڵۆڵەکەمان هەڕاج و تاڵان و وێران و برسی دەکەن و بوونەتە بەڵای سەری کورد و وەک ڕەگی گولی لە کۆڵمان نابنەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت