سەلاح خدر: کۆدەکانی بڕیارەکەی ئەمەریکا دژ بە سێ سەرکردەی پەکەکە.

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دیلگرتنی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان و تەسلیمکردنەوەی بەتورکیا لەلایەن ئەمەریکا و ئیسرائیلەوە شتێکی نهێنی نییە، مادلین ئەلبرایت وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی ئەمەریکا پاش سەرهەڵدانی گەلی کورد دژ بە دیلگرتنی ئۆجالان دانی بەوەدانا کە ئەوان چاوەڕێی سەرهەڵدانێکی جەماوەری لەو شێوەیە نەبوون.
بوڵەند ئەجەویدی سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی تورکیا لە دیدارێکدا گوتبووی “تائێستاش نازانم ئەمەریکا بۆچی ئۆجالانی تەسلیمی ئێمە کرد؟”.
ڕۆژنامەنوسی کۆچکردوی تورکیا محەمەد عەلی بیراند لە پەڕتووکی “دواین کوتەدا 28ی شوبات” نوسیویەتی: بەرلەبەدیلگرتنی ئۆجالان بەرپرسی لقی تورکیای دەزگای هەواڵگری ئەمەریکا (سی ئای ئەی) دانیشتنێک لەگەڵ ڕاوێژکاری دەزگای هەواڵگری میتی تورک “شەنۆل ئاتاساگیون” دەکات و لەوێدا پێی دەڵێت: کە (ئۆجالان تەسلیمی ئەوان دەکەنەوە بەو مەرجەی سزای لەسێدارەدانی لەسەر جێبەجێ نەکەن).
مەبەستمە بڵێم کە دیلگرتنی ڕێبەر ئۆجالان پیلانگێڕیەکی نێودەوڵەتی بووە و ئەمەریکا ڕۆڵی سەرەکی لەو ئۆپەراسیۆنەدا بینیووە، ئەو پیلانگێڕیە هێشتا لە گۆشەگیرکردنی ئۆجالان و داخستنی دەرگاکانی ئیمراڵی و هاوکاری دەوڵەتی تورک بۆ لەناوبردنی بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی کورد بەردەوامی هەیە.
تا ئێستاش تورکیا بەهاوکاری ئەمەریکا لە چوارچێوەی پەیماننامەی ناتۆدا شەڕی پەکەکە دەکات، لە شەهیدکردنی چەندین سەرکردەی سەربازی و مەیدانی پەکەکەدا کە دواین یان زەکی شەنگالی بووە، ئەمەریکا هاوکاری تورکیا بووە.
بڕیارەکەی دوێنێ سێشەممەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بەتەرخانکردنی 12 ملیۆن دۆلار بۆ ئاشکراکردنی جێگەی 3 سەرکردەی باڵای پەکەکە نوێ نیە، چونکە واشنتۆن ساڵانێکە ئەو بزوتنەوە ئازادیخوازە وەک تیرۆریست بەناو دەکات.
ئەمەریکا لە تیرۆرکردنی شۆڕشگێڕ و ئازادیخوازەکانی جیهاندا مێژوویەکی ڕەش و پۆخڵی هەیە، چەندین سەرکردەی ڕادیکاڵی بزوتنەوە فەڵەستینیەکان و چەپەکانی تیرۆر کردووە، هەمیشە هەوڵی تەسفیە یاخود پارچەکردنی شۆڕشەکانی داوە، بەهەمان شێوە لەڕێی کەسانێکی وەک عوسمان ئۆجالان و بۆتان و کانی یڵماز هەوڵی پارچەکردنی پەکەکەشی داوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی پەکەکە یەک هێڵێ تێکۆشان و ئایدۆلۆژی و یەک ناوەندی بڕیاری هەیە، لەو هەوڵانەدا سەرکەوتوو نەبوون، لەو چوارچێوەیەدا نابێت بڕیارەکەی دوێنێی ئەمەریکاش نامۆ وەربگرین.
ئەمەریکا دەیهەوێت بەو بڕیارەی بە تورکیا بڵێت، ئێوە چی لەگەڵ پەکەکە و باکوری کوردستان دەکەن بیکەن سەربەستن، بەڵام دەست بۆ ڕۆژئاوای کوردستان مەهێنن، بەم شێوەیە دەیهەوێت دەستی تورکیا لە ڕۆژئاوا دووربخاتەوە، ئەمەش لە تەنها تەکتیکێک زیاتر لەگەڵ ئەنقەرە بۆ مانەوەی خۆی هیچی دیکە نیە.
دەوڵەتی تورکیاش لە ناوخۆیدا ڕوبەڕووی کێشە و گرفتی جیدی بووەتەوە، حکومەتەکەی ئەردۆغان لەلایەن پارتی نەژادپەرستی مەهەپە و نەژادپەرستی سێوە سوورەکان، ڕووبەڕووی گوشارێکی توند بووەتەوە، لە بەهاری داهاتووشدا هەڵبژاردنی شارەوانیەکانی لەپێشە بۆیە هەوڵ دەدات بەم شێوازانە نەژارپەرستەکان ڕازی بکات و دەنگی زیاتر کۆبکاتەوە.
بۆ ئەمەریکا ئاسان نابێت هەر هەنگاوێکی کرداری نەرێنی دژ بە پەکەکە بنێت، چونکە ئێستا خۆی لە ڕۆژئاوای کوردستان لەگەڵ ئەو ڕێکخستنەدا تەعامول دەکات، ڕۆژی دووی ئەم مانگە پەیمانگای سیاسەتی جیهانی ئەمەریکی لە واشنتۆن کۆنفرانسێکی بۆ بەرپرسانی ئەنجومەنی سوریای دیموکراتی سازکرد، بەیانی دوێنی سێ شەممە لەگەڵ پەیەدە لە ڕۆژئاوای کوردستان کۆبوونەوە و ئێوارەکەشی لێدوانێکی بەو شێوەیە دژی پەکەکە دەدەن، وەک هەمیشە ئەمە سیاسەتێکی دوو ستاندارتی ئەمەریکایە.
هەڵکردنی وێنەی ڕێبەر ئۆجالان لەناوەندی ڕەققە لەبەرچاوە، ئەوە پێمان دەڵێت ئەو سیستمەی لە ڕۆژئاوای کوردستان و باکووری سوریا جێگەی گرتووە، پارادایمەکانی ئۆجالان و پەکەکەیە و واشنتۆنیش مامەڵەی لەگەڵ دەکات، ئەمەریکا لەژێر وێنەی ئۆجالان دا هاوپەیمانی لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکراتی دا واژۆ کردووە، لەهەر بنکە و بارەگایەکی ڕۆژئاوای کوردستان و باکووری سوریا لەژێر وێنەی ئۆجالان دا لەگەڵیان کۆدەبێتەوە، ئەمەریکا زۆر هەوڵی دا وێنە و ڕەمزەکانی ئۆجالان و پەکەکە لە ڕۆژئاوای کوردستان دا نەمێنن، بەڵام کاربەدەستانی ڕۆژئاوا ئاشکرا پێیانگوتبوون (ئەگەر پێداگری لە شتێکی لەو شێوەیە بکەن، ئەوا خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان بەردباران و شاربەدەرتان دەکەن، چونکە ئەو دەستکەوتەی لێرە هەیە دەستکەوتی ئەوانە و خەڵکەکەش هەر خەڵکی ئەوانە).
کاتێک ئەجەندای ئەمەریکا لە سوریا بەهۆی دژایەی تورکیاوە کەوتە مەترسیەوە، واشنتۆن هیچ دۆستێکی نەما و ئەو هێزانەشی هاوکاریان دەکردن، پێچەوانەی پڕۆژەکانی ئەوان جوڵانەوە، تایبەتتر دوای ئەوەی ڕووسیا بەهێز هاتە ناوەوە، واشنتۆن ناچار بوو بۆ مانەوە و درێژەدان بە بەسیاسەتی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین دا، پەنا بباتە بەر هێزەکانی ڕۆژئاوای کوردستان “ئەوانەی لەسەر هێڵی ئاپۆیی و پەکەکە تێکۆشان دەکەن” چونکە ئەوانن دەتوانن هاوکێشەکە یەکلا بکەنەوە کە زۆرێک لە خاکی سوریایان لەژێردەستدایە و ئەمەریکا لەوان زیاتر هیچ شانس و دەروازەیەکی تری نەماوە، لەوانەیە هێشتا زووبێت هەندێک شت لێرەدا بنوسم بەڵام دەبێت خەڵک ئەو ڕاستیە بزانن کە (زۆرێک لە خاڵە ئەساسی و ستراتیژیەکان لەدەرەوەی جوغرافیای ڕۆژئاوای کوردستان ڕێکەوتنی لەسەر کراوە).
ئەنجام دەگەینە ئەوەی کە ئەم بڕیارەی ئەمەریکا دژ بە سێ سەرکردەی باڵای پەکەکە، بۆ ئەوەیە تورکیا بەتەواوی نەکەوێتە ژێردەستی ڕووسیا، چونکە ناتۆ و جیۆپۆڵەتیکی و جیۆستراتیژی تورکیا بۆ ئەوان گرنگە.
بەشێکی دیکەی ئەو بڕیارە پەیوەندی بەو هەوڵە جدییە جیهانی و نێونەتەوەییەوە هەیە کە بۆ دەرهێنانی ناوی پەکەکە لە لیستی تیرۆر دەدرێت، لەناو ئەو کەمپینەدا ژمارەیەکی زۆر لە سیاسەتمەدار، نوسەر و ئەکادمیسیانی ناسراوی جیهانی جێگە دەگرن، ئەمەش تورکیا و هاوپەیمانەکانی ترساندووە و هەوڵ دەدەن بەشێوازی جودا شکست بەو کەمپینە بهێنن، بۆیە من تیرۆرکردن یاخود دیلگرتنی ئەو سێ سەرکردە باڵایەی پەکەکە بە دوور دەبینم، بەڵام پێویستە پەکەکە لە ڕووی ئەمنیەوە ڕێوشوێنی جدی بگرێتەبەر چونکە پێدەچێت لە ناو پێنج مانگی داهاتوودا هاوکاریەکانی ئەمەریکا بۆ تورکیا لە شەڕی پەکەکەدا فراوانتربێت.
هەڵوێست و پشتیوانی خەڵکی کورد لە دوێنێوە تا ئەمڕۆ لەبەرامبەر ئەو بڕیارەی ئەمەریکا دژی پەکەکە ئەو ڕاستیەی دەرخست کە پەکەکە هەموو سنورەکانی شکاندووە و بزوتنەوەیەکی ڕزگاری نەتەوەیی کوردستان و مرۆڤایەتییە، خاوەنداری خەڵک لە پەکەکە زلەیەکی قایم بوو بەڕووی سیاسەتی بێڕووی ئەمەریکا و پێگوت کە پەکەکە ئێمەین، بایک و قەرەیڵان و کاڵکان ئێمەین، ئەو سەردەمە بەسەرچوو وابەئاسانی مامەڵە بە شۆڕشی نەتەوەکەمانەوە بکەن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت