فەوزی ڕەمزی: گەلێک مێژووی خۆی نەزانێت، بێشک داهاتووی نادیاره!

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئێمەی کورد هەر خۆ بەختکردنێک و گیانفیداییەک بۆ داگیرکەرانمان بکەین هەر بە سووک سەیرکراوین و هەر وەک کۆیلە و ڕەعییەت مامەڵەیان لە تەکدا کردووین کەچی هەر دەست بەخەنجەر بۆ هەرا و گێچەڵ بەرامبەر یەکتر وەستاوین و سەنگەرمان لێکگرتووە….
ئێلی بەڵباس که له چوار هۆزی ” مەنگور، مامەش، پیران، باڵەک ” پێکهاتوون ، توانییان کەڵک له ئاڵۆزی نێوان ئێران و ڕووس و شڵەژانی ئەوکاتی ئازەربایجان وەربگرن و زوربەی ناوچەکانی خۆیان له ژێر دەستی کاربەدەستانی ئێران ( لەناو ئێمەدا زیاتر بە عەجەم ناودەبرێن ) دەربهێنن و تا نزیک قەڵای ورمێ پێشڕەوییان کرد.
عەباس میرزا حاکمی ئەو وەختی ئێران فەرمانی دەرکرد بۆ حاکمی ”ورمێ و مراغە” کە لەشکر کۆبکاتەوە و پەلاماریان بدات و تەمێیان بکات و دەستییان لێنەپارێزێت، هەندێ له کوردە بەکرێگیراوەکانی ( جاش ) زەرزا له شنۆ و شوکاک و شەمزینان خۆبەخشانە هاتنە مەیدان و بوونە پاڵپشت و یارمەتیدەرێکی زۆری لەشکرەی عەجەمیاندا و بوونە جاشێکی موخلیس ، زۆری ژمارەی شەڕکەرەکانی عەجەم و جاشە کوردەکانەوە ، ناچار شەڕکەرانی ئێلی بڵباس کە زۆر نەبەردانە دەجەنگان ، نەیتوانی بەرگەبگرن و تێکشکان( وەک دەڵێن زیاتر جاشە کوردەکان هەڵمەتبەر بوون و سینگیان دەنا بە گولـلەوە بۆ وەرگرتنی ئافەرین و پلەوپایەیەک لە عەجەمەکان).
به قسەی کەسێکی وەک میرزا ڕەشید به فرمانی بیگلەربەگ له بناری چیای قەندیل و له کەلـلەسەری پەڕێنراو و بڕاوی پیاو و لاوە کوژراوەکانی هۆزی بڵباس، له دوو جێگەی جیاجیا ”گردۆلکەیان ” درووست کرد و بانگبێژ له سەر ئەو دوو گردۆلکەیە ڕاوەستا و بانگی ئەڵاهوئەکبەری سەرکەوتنی بۆ هەمووان داوه.
دوای ئەم سەرکەوتنەی عەجەمەکان بەسەر هۆزی بلباسدا، سێ ڕۆژ جەژن و خۆشی له شاری ورمێ ڕادەگەیەنرێت، بیگلەربەگ بۆ دەسخۆشی له سوڵتانی زەرزا که لەم کوشتارە بێ وێنەیەدا هاوکاری عەجەمی کردبوو بۆ شنۆ ڕوێشت.
ئەوجا لە گەڕانەوەی بێگلەربەگدا ، سوڵتان بۆ خواحافیزی تا دەرەوەی شنۆ له گەڵی چووبوو، له و ڕێگەیەدا و لەناکاو گۆڕستانێکی بەرفراوان دەبینن و سەرنجی حسین قولی‌خانی ڕاکێشا که هیچ لە گۆڕستانی خێڵەکوردەکانی ئەو ناوچەیەی نەدەکرد و ڕووی کردە قاسم سوڵتانی و پرسی:
ئەو گۆڕستانه چییه؟ ئەویش هەر زۆر بێئاگا و زمانی سووتا و وتی: قوربان :
ئەوە گۆڕستانی کوژراوەکانی ” ئەفشاره ” که له تێهەڵچوونیان له گەڵ ئێلی زەرزادا له ساڵی( ۱۲۰٦ی ک) کوژراون. حسین قولی خان بەم وەڵامە هەر زۆر تێکدەچێت و دڵگران دەبێت و دەمووچاو بەیەکدا دەدات و یەکسەر فەرمان دەکات کە له سەر ئەم قسەیە بیگرن ( چونکە کەرامەتی عەجەمی شکاندووە ) و تەختەبەندی گرانیان خسته ملی و دەست و پێیان توند شەتەکداو بردیانه شاری ورمێ و ئەوجا بە دارو فەلاقەوە بەسترا و پاش دارکاری و لێدان و ئازار و ئەشکەنجەدانێکی زۆر سەخت، بریاری دا کە دەبێت ( سێ‌هەزار تومان ) جەزایش بدات ئەوجا بەرەڵا دەکرێت کە ئەو بڕە پارەیە لەو کات و سەردەمەدا بە هەموو کەس هەڵنەدەسووڕا. بەڵێ ئەمە نموونەیەکی زیندووە لە جاشایەتی و کە کورد خۆی بەردەوام دەیڵێت ” کە خزمەتکردنی بیگانە مایەی فەوتانە ” کەچی هەر وانەی لێ وەرناگرین و کێبەرکێمانە بۆ چوونە بەردەرگا هەڵتووتان تا لەتە نانێکمان بۆ هەڵدەن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت