بەهرۆز جەعفەر: مجتمع الكراهية.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەریەکە لە نیۆرک تایمز و حوڕییەت و ڕۆیتەرز هەواڵێکیان لە دەیلی سەباح وەرگرتووە (دەیلی سەباح: نزیکە لە ئەردۆگان و لەسەر ئەو حیسابە). گوایە جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆبونەوەیدا لە ئەنقەرە باسی لە بەتیرۆریست ناساندنی سێ سەرکردەی پەکەکە کردووەو، (12) ملیۆن دۆلاریش بۆ دەستگیرکردنی هەر سێکیان تەرخان ئەکات!.
یەکەم: ئەو هەواڵە جارێ سەرچاوەیەکی فەرمی نیە (هەرچەندە باڵوێزخانەی ئەمریکا لە تورکیا ئاماژەیەکیشی پێکردووە).
دووەم: مەینەتباری گەلێکی سەرلێشێواو دەرئەخات، کە سەرقاڵن بە پاسکیلەکەی جەلال پەرێشان و وێنەی خێزانەکەی کاوە گەرمیانییەوە لە پەرلەمان.!.
سێهەم: کورد 27 ساڵە لەدەرەوە یەک ئۆفیسی نییە، یەک کێڵگەی بەیاری نەکێڵاوە. لەگەڵ دوو توێژەری بیانی چوینە لای دوو لە ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم هەردوکیان ئەیانگوت «وامانزانی بارزانی لە دەرەوە هەموو شتێکی بڕاندۆتەوە، ویستمان لە ناوەوە هاوکاری بین، لەسەر ئەو بنەمایەش خەڵک دەنگی پێداین!». لەبەرئەوە لە هەر کاتێکدا لەتوانادا هەیە بە دوو پەرەگراف هەموو سیاسەتێکی ئابوریی و نێوخۆیی گەلی کورد تێکو پێک بشکێنرێ.
چوارەم: لە دونیادا ئەوە ساخ نەبۆتەوە ئایا گروپە نەتەوەییە چەکدارەکان تیرۆریستن؟. ئەمە ئەرگیۆمێنتێکە ئەکرێت کورد بەدەم لۆبی کردنەوە لەدەرەوەی خۆی ئیشی لەسەر بکات، ئەگەر وایە ئایا بزوتنەوەی رزگاریخوازی فەلەستین PLO و بەرەی ڕزگاریخوازی نیشتیمانی جەزائیری و گروپەکانی تر لە ئەمریکای لاتین و ئەوانەی کۆماری مۆز و فەنزەوییللیەکانی سەردەمی شاڤێز، حیزبی شیوعی ڤێتنامی و، یەکێتی نیشتیمانی ئەفریکی لە زیمبابۆی و… هەتادوایی… هەموو ئەمانە تیرۆرستن؟. کام تیۆرە پاڵپشتی ئەمەیە؟. ئایا ئەوەی سۆراخی ناسنامەکەی بکات تیرۆریستە؟. هەموان ئەڵێن نەخێر. ئەی بۆ تورکیا پاڵپشتی خالید مەشعەل ئەکاو لە زارگەلی و ڕۆبۆسکی کورد ئەکوژێت بە بیانوی پەکەکەوە؟. کەواتە لێرەدا تیرۆری دەوڵەت هەیە… ئا ئەمەیە کورد ئەبێت لە ڕێگەی دروستکردنی ئەکتەری نا- دەوڵەتیەوە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا کاری لەسەر بکات.
پێنجەم: خەڵکی کورد سەریلێشێوێندراوە، بەهۆی بونی باکگراوەندێکی عەقائیدی ناوچەیی لە ململانێکاندا، ئەوە لە ئاینی عەلەوییەکاندا هاتووه کە «دوو کوێر» دەرئەکەون لە باکورو باشوری سوریاوە شەڕێکی کاولکاری دروست ئەبێت!. ساڵی (1967) کاتێک «ئەمین حافز» سەرۆکی سوریابو، لە ئیسرائیل «موشیە دایان» وەزیری بەگری بو، کە موشیەدایان پیاوێک بو یەک لە چاوەکانی کوێر بو، یەکسەر سەرۆکی سوریا «جۆلان» ڕادەستی ئیسرائیل ئەکا ئەڵێ بەخوا ئەمە پیاوە کوێرەکەیە کە لە باکورەوە دێت!. ئینجا ئەوکاتانە «سەعد جومعە» سەرۆکوەزیرانی ئەردەن ئەبێت کتێبێکی نوسیوە بەناونیشانی «مجتمع الكراهية» واتە کۆمەڵگای خراپەکار یان پڕ ڕق و کینە، زۆر بە کۆمیدی باسی ئەم کۆمەڵگانەو بڕیارەکەی سەرۆکی سوریا ئەکات.
ئەوجا ئەو میللەتی کوردە سەری لێشێوێنراوە، نازانێ کێ دوژمنیەتی، ڕۆژێ بەغدا دوژمنە، ڕۆژێ داعش، ڕۆژێ حەشدی شەعبی، ڕۆژێ ئەڵێ خۆمانین، ڕۆژێ ئێرانە، ئینجا ئەڵێ دونیاکە خۆی خراپە.
ئێ بێگومان دونیاکە خراپە، ئەفسەرێکی ئاسایش بە لۆری پارە کۆبکاتەوە و خۆی سەربەخۆیانە بۆڕی کون بکاو نەوت بفرۆشێ، پەرلەمان پڕ بکرێ لە هەڕەج و مەڕەج، بێگومان دونیاکە خراپە میللەتێ ئۆقیانوسێک خوێنی ڕشتووە بۆ سەربەخۆیی کەچی کێبڕکێیانە بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە باوەشی دوژمنەکەیان!. هەمویان گەندەڵی ئەکەن و هەموشیان هاوپەیمانی ئەبەستن بۆ بەگژاچوونەوەی گەندەڵی و داوای بنبڕکردنی ئەکەن…هەروا ئەبێت چ نییە.!.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت