بەختیار شارەزوری: ئایا پاڤێڵ تاڵەبانی دەتوانی زۆنی سەوز ڕێک بخاتەوە.!؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەگەر ڕێککەوتنی ستراتیژی دابەشکاری بێت لە نێوان زۆنی سەوز و زەردا و درێژکراوەی دو دەوڵەتی زل هێزی ناوچەکە بوبێت و ڕێککەوتنێک بە نەخشەی ڕێککەوتنی ستراتیژی هەبوبێت لەم هەرێمە و هاوسەنگیان پاراستبێت، ئەوا دوای چونە عێراقی مام جەلال بە جۆرێ لە جۆرەکان ئەم هاوسەنگیە تێک چو، پارتی توانی سود لە دووری مام جەلال وەربگرێت و قۆرخی تەواوی دەستەڵاتەکان بکات، دوای نەمانی مام جەلال بە تەواوەتی ئەم نەخشەیە بۆ پارتی چوە سەر و توانی یەکێتی بکاتە دارشەقی خۆی، بە هۆی ناکۆکی ناو باڵەکانی یەکێتی و بون بە پاشکۆی پارتی بۆ دژایەتی یەکتر کە سودی گەورەی بە پارتی گەیاند.
دوای مام جەلال کاک نەوشیروان کە تەواوی ئەم ڕێککەوتنەی ڕەت دەکردەوە و دەویست لە ڕێگەی بزوتنەوەی گۆڕانەوە دەستکاری ئەم نەخشەیە بکات و شەڕی گەورەی کاک نەوشیروان شەر نەبو لەگەڵ پارتی یان یەکێتی، بەڵکو دەیویست کۆێ نەخشەی ڕێکەوتنی وڵاتان لە هەرێمی کوردستاندا هەڵ بوەشێنێتەوە، پارتی و یەکێتی لە بەشێکی لاوەکیدا شەڕی دەکردن، کە شەڕی کاک نەوشیروان لەگەڵ پارتی و یەکێتیدا شەڕێکی نەرم بو تەنها بۆ گوشار بو تا لە وەکیلی دو وڵاتی هەرێمی دەریان بهێنێت.
دوای نەمانی مام جەلال کە یەکێتی هێز و دەەستەڵات و پارەی لابو تەواو تێک چو، بزوتنەوەی گۆڕان تا ئاستێکی زۆر باش توانی ڕێگە لە فراوان خوازیەکانی پارتی بگرێت بە تایبەت لە زۆنی سەوزدا، بەڵام دوای نەمانی مام جەلال و کاک نەوشیروان هەم یەکێتی و هەم گۆڕان بە تەواوەتی توشی نەخۆشکەوتنێکی گەورە بون دیسانەوە لە بەرژەوەندی پارتی بو ، دوای مام جەلال کەسێکی نەیتوانی ببێتە چەتری کۆکەرەوەی هەمو باڵە ناکۆکەکان کە ئەمەش بۆ گۆڕان هەر ڕاستە، بەڵام دوای دەرکەوتنی پاڤێل تاڵەبانی کە وەک سەرەتا و دوای شکستی ڕیفراندۆم و 16 ئۆکتۆبەر کە پێش داعش بڕیار درا بو کورد بگەڕێتەوە سنورەکەی جارانی، پارتی بردەوە ناو چوارگۆشەی یەکەم.
لە پلانی (A) پاڤێڵدا توانی ڕۆڵ بداتەوە بەرهەم ساڵح کە بە دڵی دایکی نەبو وە تا ئاستێک وەک سەرپەرشتیاری گروپی (سێ ئامۆزاکە ) توانی ناکۆکیەکانی ناو یەکێتی کپ بکاتەوە و خەتی کۆسرەت ڕەسوڵیش ببیاتە ژێر دەستی خۆی، ئەوەی پرسیارەکە دروست دەکات ئایا دەرکەوتنی پاڤێل بێ پاڵپشتی ئەمریکیەکان و ئێڕانیەکانە یان سروشتی خۆیەتی ، کە دەکرێت وا ببینرێت کە وەک مام جەلال ئێران و ئەمریکا لەسەر سفرەیەک کۆدەکاتەوە، کە سەرەتای یاریەکانی دەرکەوتوە و دەکرێت لە پێکهاتنی حکومەتی هەرێمدا تەواوتر ڕەنگ بداتەوە، بە تایبەت دوای مردنی کاک نەوشیروان کە پێش مردنی و دوای نەمانی مام جەلال یەکێتی بە ناڕاستەوخۆ هیوایان بە کاک نەوشیروان هەبو کە نەیدەهێشت هاوسەنگی نێوان هەردو زۆنەکە تێک بچێت بەڵام دوای نەمانی ( مام و کاک ) بەتەواوەتی بێ سەرکردەیی بە زۆنی سەوزەوە دیار بو.
ئەگەر پاڤێل بەم جۆرە بەردەوامی هەبێت ئەوا دور نیەو مۆدێلی پارتی و یەکێتی لە غیابی کاک نەوشیرواندا بۆ ماوەیەکی تر درێژە بە تەمەنی خۆی بداتەوە و گۆڕانیش بەم نەخۆشییەی ئێستاوە نەک ناتوانی بە دیلی پارتی و یەکێتی بێت و مۆدێلێکی جیاواز بێت، ناتوانێ چارەسەری کێشەی باڵەکانی ناوخۆی بکات و تا ئێشتاش کارئەکتەرێکی واش دەرنەکەوتوە بتوانێت ببێت بە چەتری کۆکەرەوەی هەمو باڵە ناکۆکەکان، ئەوەی دوا پرسیارە بونی پاڤێڵە بە یارچی ناو ساحەکە و جارێکی تر لەگەڵ پارتی هاوسەنگی بگێڕێتەوە و هەمان مۆدێل و هەمان تاس و حەمام درێژەی هەبێت و پرۆسەی دەستاو دەستکردن و هەڵبژاردن تەواو دەبێتە کۆمیدیایەکی قێزەون، هەمو شتەکان بە سازانی نیشتمانی دەبێت و پارتیش لەبەردەم گوشاری هێزە هەرێمایەتیەکان و ئەو بەرژەوەندیە ئابورییە ئاڵۆزەی لەگەڵ یەکێتی هەیەتی بە هاوسەنگی ڕازی ببێت، وەک دەڵێن پارتی و یەکێتی لە کویا زۆر دژی یەکن لەویا پارەی دزی برایەتیان دابەش دەکەن، وە پارتی دوا جار مەرجەکانی یەکێتی قبوڵ بکات تا جارێکی تر فایلێکی تر نەچیتە سەر فایلەکانی وەک سەرۆکی کۆمار، 16 ئۆکتۆبەر ، پارێزگای کەرکوک ، ڕیفراندۆم کە هەموی لە قازانجی پاڤێڵ تاڵەبانی بو، بۆ ئەم خولەی دابەشکردنی دەستەڵاتەکان لە پەرلەمان و حکومەت وەک یەکێتی خۆیان دەڵین ئێمە بە کورسی نابێت حسابمان بۆ بکرێت و ناشمانەوێ بەشدار بین، بەڵکو دەبێ شەریک بین حسابی هێزی گەورەتر لە کورسیەکانمان بۆ بکرێت، کە دەکڕێت ڕۆڵی پاڤێڵ و سێ ئامۆزاکە وەک هاوسەنگکردنەوەی زۆنی سەوز بە زۆنی زەرد زیاتر ببینرێت، بە تایبەت لە غیابی بزوتنەوەی گۆڕاندا کە بزوتنەوەی گۆڕان نەخۆشێکی بێ دکتۆرە و لەم کاتەدا بەم گوتارەوە نە لە ناو دەستەڵات نە لە ئۆپۆزسێون ناتوانی ببێتەوە بە گۆڕانەکەی سەردەمی کاک نەوشیروان کە هەڵگری دەستکاری کردنی ئەم نەخشەی ڕێککەوتنی ستراتیژەیەی پارتی و یەکێتیە کە ئێستا بەرەو نۆژەنکردنەویەکی خێرا دەچێت، دواجار هەمان کوڕانی شاخ و پارتی و یەکێتی لە غیابی حەرەکەتێکی چالاکی ڕادیکالدا دیسانەوە نۆژەنی پێشمەرگەی کۆن و کادر و شەرعیەتی شۆڕشگێڕی شاخ دەکەنەوە و تا دەرکەوتنی سەرکردەیەکی تری وەک کاک نەوشیروان کە بچێت بە گژ ئەم مۆدێلەی پارتی و یەکێتیدا دەبێت بڵێین (تا شۆڕشێکی تر خواتان لەگەڵ) .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت