عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا: بەهانە هێنانەوە بۆ بەشداری لەکابینەی نوێدا، داخستنی ناڕاستەوخۆی دەرگاکەیە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دوای ئەوەی ئەندامانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان لە 06- 11- 2018 سوێندی یاساییان خواردو دەستبەکاربوون، لەئێستادا چ بەنهێنی وچ بە ئاشکرا باس و خواسی پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانە. و لەو نێوەندەشدا لێرەولەوێ گوێمان لەوتەو لێدوانی پڕپڕ لە سەیروسەمەرە دەبێت لەلایەن بەرپرسانی باڵای ئەوپارتانەی زۆرینەی کورسی پەرلەمانیان بەدەستهێناوە بۆپێکهێنانی حکومەتی نوێ، ئەو وتانەش زیاتر ئاڕاستەکراون بۆ ئەو پارتانەی تر کە گەربەنیازبن بەشداری حکومەت وکابینەی تازەبکەن، لەو لێدوانەسەیرانە ئەوەیە کە دەوترێت هەرحیزبێک بیەوێت بەشداربێت لەکابینەی حکومەت دەبێت گرەنتی ئەوەبدات کە کابینەکە جێنەهێڵێت تاکو کۆتایی بەکارەکانی دێت، واتا لەنیوەدا پاشەکشەنەکەن لەکابینەکەدا، بەڵام باسلەوە نەکراوە گەر وەزیرەکانی ئەو حیزبە ملیان نەدا بۆهەموو داواکارییەکی نابەجێ ئەوا ڕێگیرییان لێنەکرێت و لەکارەکانیان دوور نەخرێنەوە تاکۆتایی بەکارەکانی کابینەکە دێت.
یاخود دەیانەوێت گەر هەرپارتێکی سیاسی کەبەشدارە لەحکومەتدا نابێت وەک ئۆپۆزسیۆن بیربکاتەوە و ڕەخنە لەکابینەی حکومەت بگرێت، کەئەمەیان کورت و پوخت مەبەستیانە هەر پارتێک بەشداربێت لەکابینەی حکومەتدا دەبێت لەپەرلەمانیشدا بێدەنگ بێت، چونکە بەبڕوای ئەوان کەلەکابینەی حکومەت بەشداربویت ئیتر نابێت فراکسیۆنە پەرلەمانیەکە ڕەخنەو سەرنج و تێبینی هەبێت لەسەر ئەدائی کاری حکومەت و دامەزراوەکانی، کەئەمە هەم بیرکردنەوەیەکی زۆر نالۆژیکی و ناسیاسی و بێ بەهایە، هەمیش بێ هەیبەتکردنی زیاتری دامەزراوەی پەرلەمان و فراکسیۆن و خودی ئەندامانی پەرلەمانیشەو نابێت تەنانەت ئەندامانی فراکسیۆنەکانی پارتی و یەکێتیش ئەوەقبوڵبکەن چونکە ئەوان بەدەنگی خەڵک بونەتە پەرلەمانتار کەچی لەئاستی قەیرانەکانیشدا کە ڕووبەڕووی خەڵک دەبنەوە بێدەنگی هەڵبژێرن، وە بیرکردنەوەیەکی نادروستەو کوشتنی هەوڵەکانی چاودێریکردن و بانگهێشتکردن و تەنانەت لێپرسینەوەو متمانە لێوەرگرتنەوەشە لەکابینەکەو وەزیرە بەشداربوەکانیشی، کەیەکێکە لەکارە سەرەکیەکانی پەرلەمانی کوردستان لەوسێ ئەرکەی لەسەرشانیەتی.
لێدوانەکانی بەرپرسانی پارتی بەتایبەت زیاتر بۆنی ئەوەیان لێدێ کەبیانەوێت لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان حکومەتی نوێ پێکبهێنن بەڵام لەجیاتی (50 بە 50) کەی جاران پێدەچێت( 60 بە 40) یان (65 بە 35) بێت.
بۆیە ئەو جۆرە لێدوانانە دەرگا داخستنێکی ناڕاستەوخۆیە بەسەر هێزو پارتەسیاسیەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی، قبوڵکردنی هەرهێزێکیش بەهەربیانوو مەرجێکی پێشوەختە، و سەپاندنیان بەسەریدا ئەوا خۆکوشتنێکی گەورەی سیاسی پارتەکەیەو لادانیشە لەو پرەنسیپ و دروشمانەی کەهەڵیگرتوەو لەپێناویدا دامەزراوە.
چونکە ئاماژەکان پێماندەڵێن کەپارتی بەپلەی یەکەم و دواتریش یەکێتی نیشتمانی گەرەکیانە یان کابینەیەکی دوو قۆڵی پێکبهێنن یان کابینەیەکی فراوان و گشتگیرو هەمەلایەنە، بەڵام بەمەرجی بێدەنگبون و قڕوقەپکردن لەئاست هەموو قەیران، ڕوداو، پێشهات و گۆڕانکارییەکاندا لەناو حکومەت و پەرلەمانیشدا.
بۆیە بیانوو بەهانەی پێشوەختە بۆ بەشداریکردن لەحکومەت داخستنی دەرگاکانە تاکو بەشداری کابینەت پێنەکرێت، ئیتر نابێت جارێکی تر لە پەنجەرەو کڵاوڕۆژنەوە هەوڵی چونە ژوورەوە بدەیتەوە بۆ ناو کابینەیەکی لەوشێوەیە، لەبەرئەوە بژاردەی سەغلەم و سەرکەوتوو بوون بەئۆپۆزسیۆنێکی کاریگەرە بەدروستکردنی بەرەیەکی تۆکمەو بەهێز لەگەڵ ئەولایەنانەی کەبڕیاری بون بەئۆپۆزسیۆنی دەدەن لەدواجاردا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت