عوسمان عومەر: تێکۆشانى ئەم سەردەمە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کێ تێکۆشەرە یا بەکێ بگوترێ تێکۆشەر؟ تێکۆشەر پێش هەموو شتێ مرۆڤە, چەمکى تێکۆشان زۆر فراوانە و زۆر بواریش دەگرێتەوە تەنها تایبەتمەند نییە بۆ بوارێک.
تێکۆشان بریتیە لە هەستێکى زیندوو لەناخى مرۆڤ, لەبیروهزرى, لەهەلوێستى روون و ئاشکراى دایە, تیکۆشان قوتابخانەیەکە پرنسیبى دایەلۆگ وگوێگرتن و وەڵامدانەوەو پرسیبى بەرژەوەندى گشتى مان فێردەکات.
تیکۆشان بەعەرەبی نضال و بە ئینگلیزى straggle و تێکۆشەر ئەو کەسە یا مرۆڤەیە کە خۆى تەرخان دەکات لەپێناو بیرو باوەرێکدا لە پیناو خزمەتکردن و خۆشى کۆمەڵگا, تێکۆشەر ئەو مرۆڤەیە کە ئاگادارى رەفتارو کارو کردەوەکانیەتى و هەلسوکەوتەکانیەتى, پارێزگارییان لێدەکات ئەوانیش پارێزگارى لێ دەکەن, تیکۆشەر ئەوەیە لەهەر شوێنیک یا کارێک بێ هەولى پێشخستن و گەشەکردنى کۆمەلگاکەى و ئەو فەرمانگەکەى دەدات و بەرژەوەندى گشتى پێش بەرژەوەندیەکانى خۆى دەخات و یەکێک لە سیفەتەکانى تێکۆشەر ئەوەیە لە خۆبوردوویی و سەرکەوتنە بەسەر هەموو کۆسپ و تەگەرەیەکدا بەبەخشینى زیاتر.
پیغەمبەران هەمویان تێکۆشەرن، چونکە لە پێناو بەدیهێنان و جێبەجێ کردنى بیروباوەر و ئامانجەکانیان تێکۆشاون و لەخۆ بوردوو بوون.
هیوادارم هەلبژاردنى ئەو بابەتە ئالۆزو هەستیارە ونوسین دەربارەى نەبێتە هۆى هەلچون لاى هەندێک سەبارەت بە چەمکى تیکۆشان و ووشەى تێکۆشەر لە شوێنى خۆى دا بەکار بهێنرێ و تێکەڵاویەکى تێدا دروست نەبی، چونکە هەندێ کەس بەرگى تێکۆشان و پێشکەوتن خوازی و پاڕیزگارى مافى مرۆڤیان کردۆتە باڵاپۆشیان لەراستى دا لێى بی بەرین, کەواتە تێکۆشان لاى هەندێ کەس لە بیروباوەرێکى قول و راستەقینە هەلنەقولاوە, پیچەوانەکەشى راستە.
تیکۆشان لەجموجولى بەردەوام دایە و زیاد و کەمیش دەکات و چەند جۆرێک لەخۆ دەگرێ بە پێى بارودۆخ و هۆکارەکان و هەرگیز تیکۆشان خۆرى ئاوا نابیت و ناشوەستێ بەهۆى هیچ هۆکارێکەوە.
تێکۆشەرى راستەقینە خۆى لەکۆمەلگاکەى جیاناکاتەوەو دانابڕێ وبەشێکى دانەبڕاوە لەکۆمەڵگا و لەپێناوى ئاوات و ئامانج و پێداویستیەکانیان و مەیسەرکردنى کارەکانیان تێدەکۆشێ, تێکۆشەرنابێ گیرۆدەبێ بەبیروباوەرێکەوە و بیکاتە قەلغانێک بۆخۆى وخۆى بەسەر خەلکدا بسەپێنی و وابزانێ خوداوەند ئەوانى دیارى کردووە کە هەرحوکمڕان بن, هەموو قات لەبەرو بۆینباغ بەستەرێک لەپشتى مێزو کورسیەکەوە دانیشێ مەرج نییە تێکۆشەر بێ, تێکۆشەر ئەوەیە هەست بەئازارەکانى تاک و کۆمەڵگا و چارەسەرى کێشەکانیان بکات و بۆ بەدیهێنانیان تێبکۆشێ.
تێکۆشان چەند جۆرێکە یەکێ لەوانەتیکۆشانە بەچەک هەلگرتن و خەبات کردن لەپێناوى گەل و نیشتیمان و خاک دا تێکۆشانێکى پیرۆزەوئەوانەى لەو رێگایەدا گیان دەبەخشن تێکۆشەرن, ئەوانەى ماونەتەوە لەرێبازە راستەقینەکەى خۆى دەرنەچێ و بەهۆى تێکۆشانەکەیەوە پێ لەسەر ملى خەلک دابنێ پێیان بفرۆشێتەوە.جۆرێکىتر لەتێکۆشان, تیکۆشانە بەگوێرەى ئیمکانیاتى ماددى پارەدارى ئەویش بەوەى لەبەردەستیانە بۆ کۆمەلگاو خەلکانێک تێبکۆشێ بۆنمونە کاتێ بازرگانێ یا پارەدارێ کە کاڵاى باش و خۆراکی باش و بەکوالیتى بهێنێتە ووڵاتەکەى و سودێکى کەميشى دەستکەوێ بەو بازرگانە دەگوترێ تێکۆشەر، بەلام ئەو بازرگانەى کالاى خراپ و بێکوالیتى هاوردەدەکات، بەلام ریکلامێکى باشى بۆدەکات و خۆڵ دەکاتە چاوى تاک و کۆمەلگاکەى ئەوانە بەتێکۆشەر لەقەلەم نادرین. جۆرێکى تری تیکۆشان بەبیرو هزر ئەوانەن کە هۆنراوەى جوان, نوسینى بەسودو جوان, بیروهزرى جوان, خستنە ڕووى کتێبێکى باش, تابلۆى جوان بەقەلەمەکانیان دەکیشن بۆ خزمەتى کۆمەڵگاکەیان, هونەرمەندانی نمایشکار بەپیشکەش کردنى تابلۆیەک یا نمایشێک کەچارەسەرى کێشەیەکى کۆمەلایەتى بکەن بەوانەش دەگوترێ تێکۆشەر, جۆرێکى ترى تیکۆشان پەروەردەیی و فێرکردنە هەموو ئەوانەى لەو بوارەدا کاردەکەن لەپێناوى بەرزکردنەوەى ئاستى رۆشنبیرى و پێشخستنى ئاستى خوێندەوارى و بەرژەوندى کارەکەى لە پیش بەرژەوەندى کەسى و ماددى بێ بەمەرجێ باروگوزەرانى باش بکرێ تێکۆشەرە، بەلام ئەوانەى کەم تەرخەمن و تەنها هەولى بەرژەوەندییە مادیەکانى خۆیان پرۆسەى پەروەردەوفێرکردن دوادەخەن بەچەند بڕوبیانویەک بەکاریگەریەک لەسەریان ئەوانە بەتێکۆشەر لەقەلەم نادرێن.کارکردنى بەرێوەبەرى فەرمانگەیەک کار بۆپێشخستنى کارەکەى بکات و ریکوپێکى لەئەنجامدانى کارەکانیان دیاربێ وبەرژەوەندى فەرمانگەکەى پێش بەرژەوەندى خۆى بخات بەدڵسۆزى و دەستپاکى لەگەل فەرمانبەرانى دا تێکۆشەرن، چونکە بەدەنگ خەلک و جێبەجی کردنى داواکانیانەوە دەچن, پێم وایە هەرکەسێک لەپێناوى بەرژەوەندیەک و دەستکەوتێکى کەسى ئەوە بە تیکۆشەر لەقەلەم نادرێ, کەسێک بەتەمەنێکەوە هەولبدات بۆ دابینکردنى بژێوى ژیانى بەئارەقەى نێوچەوانى ئایا ئەوە تێکۆشەر نییە, ئەوانەى سەرشەقامەکانمان و کۆلانەکانمان بۆ پاک دەکەنەوەو ژێنگەکەمان دەپارێزن تیکۆشەر نین بێگومان تێکۆشەرن.
تێکۆشەران لەسەرئاستى جیهان ولاى خۆشمان زۆرن ئەوتێکۆشەرانە چ لەبوارى سیاسى وەک نیلس ماندیلا وئەبراهام لینکۆلن و گیڤاراو گاندى و زۆرى تر چ لەبوارى ئەدەبى وەک لۆرکاو پاپلۆ نیرۆدا و…هتد و، لاى گەلى کوردیش وەک ئەحمەدى خانى و نالى و مەولەوى و بێکەس و پیرەمێرد و حاجى قادرى کۆیی و شێرکۆ بێکەس و….هتد، ئەوانە تێکۆشەرى بوارى ئەدەب و وێژە بوون کۆمەلێکى ترهەن دواى ئەوان مەشخەلى تێکۆشەرایەتیان هەلگرتووە, ئەوانەى لە پێناوى ئاشتى دا کاردەکەن تێکۆشەرن ئەوانەى لەبوارى پزیشکى دا کاردەکەن هەر تیکۆشەرن کەواتە هەر بوارێکى ژیان کۆمەلێک تێکۆشەرى لەخۆگرتووە ومێژوو ئەوانە لەیاد ناکات. لەکۆتایی دا دەلێم: لەم کات و سەردەمەدا پێویستمان بە تێکۆشەرانێکە کە پزیسکێک بن و ببنە گروبلێسەیەک بۆ هەموو بوارەکانى ژیان و هەولدان بۆ پیشخستنى و ماناى ژیان بزانن ئەو راستیەش بزانن کە ئیمەش مرۆڤین تا وەک گەلانى سەر ڕووى زەوی بژین.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت