سەرکۆ یونس: کارگەکان، وەک هیوایەک بۆ بوژاندنەوەى ئابورى هەرێمى کوردستان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە مێژوى ئابوریدا کارگەکان (وەک بەشێک لە پرۆسەکانى ئابورى) هەمیشە ڕۆڵى بوژاندنەوەى کەرتە ئابورییەکانیان لە ئەستۆگرتوە. بەڵام لە شۆڕشى پیشەسازیدا (بەهۆى گۆڕانى هاوکێشەکانى بەرهەمهێنان و خێراکردنى پرۆسەکانى بەرهەمهێنانەوە) ئیدى کارگەکان بەتەواوى وەک فاکتەرێکى سەرەکى گەشەسەندنى ئابورى دەرکەوتن. ئیدى ئەو شۆڕشە بوو بە دەستپێکى چەندین وەرچەرخانى ئابورى گرنگ، دواى سەردەمێکى درێژ پرۆسەکە چەندید گۆرڕنکارى دیکەى بەدواى خۆیدا هێنا، هەروەها خوڵقێنەرى جیهانگیریش بوو. لەم پرۆسانەدا ئابورى سەنتەرى کارەکان بو، بەمانایەکى دیکە خواستە ئابوریەکان بون بە بنەماى بەشێکى گرنگ لەو داهێنانە، ئەویش لە پێناو پڕکردنەوەى خواستى ناوخۆیی و کەمکردنەوەى تێچونى بەرهەمهێنان، بەکارهێنانى دەرامەتە ئابورییە دەگمەنەکان بوو بەشێوەیەک کە بەشى پێداویستە بێکۆتاییەکانى مرۆڤ بکات. لە هەرێمى کوردستان تائێستا ناوە ناوە گوێبیستى کردنەوەى کارگەکان دەبین لە کەرتە جیاوازەکانى ئابوریدا، رڕستى بۆ ئابورییەکى وەک هەرێمى کوردستان دەکرێـت بکرێتە بنەماى بوژاندنەوەیەکى فرە ڕەهەندى ئابورى. ئابورى هەرێمى کوردستان تا ئێستا ئابورییەکە کە لەسەر بنەماى بەکاربردن کاردەکات، واتا ڕەگەزى بەرهەمهێنان تێیدا زۆر لاوازە، کردنەوەى ئەم کارگانە دەکرێت فریادڕەسى ڕزگارکردنى ئابورى هەرێمى کوردستان لە نەخۆشى بەکاربردن. کردنەوەى کارگەى زەیتى زەیتون لەسنورى پارێزگاى هەڵەبجە، دەکرێـت وەک یەکێک لە هەواڵە ئابوریە گرنگەکان خوێندنەوەى بۆ بکەین، ئەم پرۆژەیە پرٍۆژەى بەپیشەسازیکردنى بەرهەمە کشتوکاڵییەکانە، بەگوێرەى ئامارەکانى وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەئاوییەکانى حکومەت لەهەرێمى کوردستاندا (10) هەزار دۆنم زەوى چێنراو بەزەیتون هەیە و کەنزیکەى دوو ملیۆن دارى زەیتونیان لەخۆگرتوە شایانى باسە تەنها لەسنورى پارێزگاى هەڵەبجەدا زیاتر لە(300) دۆنم زەوى چێنراو بەزەیتون هەیە و ئەم ڕێژەیەش لەزیاد بووندایە باشترین بژاردە بۆ حکومەتى هەرێم پاڵپشتیکردنى کەرتى تایبەتە بۆ دروستکردن چەندین کارگەى ترە لە بوارە جیاوازەکاندا. بۆ ئەم بابەتە پێویستە سیاسەتى پاراستنى بەرهەمى پیشەسازییەکانى ناوخۆ پەیڕەو بکات، وەک بەخشینى کارگەکان لە باج و دانانى گومورگ لەسەر ئەو بەرهەمە هاوشێوانەى کە هاوردەدەکرێـت بەشێوەیەکى گشتى دەکرێت دورستکردنى کارگەى زەیتى زەیتون ئەم چەند سودە بە ئابورى هەرێم و ناوچەکە بگەیەنێت:
1- بوژاندنەوەى کەرتى پیشەسازى و گەشەسەندى ئابورى هەرێمى کوردستان و ناوچەکە، هەروەها بەهێزبونى کەرتى تایبەت لە بوارى پیشەسازى و کشتوکاڵ دا، بەم شێوەیە دەکرێت لە ئایندەدا چەندیدن گۆڕڕنکارى گەورەتر بەدەستبهێنرێـت لەو بوارە جیاوازانەدا.
2- لەڕیگەى ئەم کارگەوە دەکرێـت بەرهەمە ناوخۆییەکان ساغبکرێـتەوە، بەمەش جوتیاران دەپارێزێن لە نزمبونەوەى نرخى بەرهەمەکانیان، هەروەها گەرەنتییەکە بۆ زیادبونى بەرهەمى زەیتون لە ناوچەکەدا.
3- بەهۆى ئەو تایبەتمەندیانەوە کە بەرهەمى زەیتون هەیەتى لە ئێستادا لە هەرێمى کوردستاندا بە ڕێژەیەکى زۆر خواستى لەسەر هەیە، بۆ پڕکردنەوەى ئەم خواستەش هەرێمى کوردستان لەدەرەوە ئەم بەرهەمەى هاوردە دەکرد. بەکردنەوەى ئەم کارگەیە ڕێگا لە چونە دەرەوەى پارەى ناوخۆى هەرێم دەگیرێـت بۆ دەرەوە.
4- هەڵبەت کردنەوەى ئەم کارگەیە بەشێوەیەکى ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ هەلى کارکردن بۆ ژمارەیەک لە دانیشتوان دەڕەخسێنت، بەمەش دەبێـتە هۆى کەمکردنەوەى ئەو رێژەى بێکارییەى کە لە ئێستادا لەسەرو لەسەدا بیستەوەیە.
5- لە ئەگەرى سەرکەوتنى کارگەکەدا، دەکرێت کە ساڵانە ڕوبەرێکى فراوانى زەوییەکان ببێـت بەم بەرهەمە. هەمدیس ئەمە سەرکەوتنە وەها دەکات کە ڕەنگە ساڵانى داهاتو چەندین کارگەى جیاوازترى لە بوارەکانى دیکەدا لێبکرێتـەوە بۆنمونە لە بوراى پیشەسازى هەنار و هەنجیر یاخود بەرهەمە ئاژەڵییەکانى دیکە.
6- سەربارى ڕەهەندە ئابوریەکانی، بەهۆى گۆڕینى ناوچەکە بۆ سەوزایی و زیادکردنى ڕوبەرى سەوزاى لە ئەم پارێزگایەدا زیاد دەکات و لە ڕوى گەشتیاریشەوە کاریگەرى هەیە لەسەر ناوچەیەکە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت