دکتۆر کەمال میراودەلی: گەڕانەوە بۆ خاڵی سفر لە چوارگۆشەی یەکەمدا: بەشی شازدەیەم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ڕووناکبیران (3)

الناس علی دین ملوکهم – بە تایبەتی تاریکبیران!

 

( 1 )
جارجارە وتارخوێنێکی توندڕەوی ئەم یان ئەو مزگەوت، [کە بە داخەوە هێشتا بە ناهەق هەموو وتارخوێنەکان مەلا-یان پێدەوترێ]، قسەیەکی توندرەو دەکەن، بە ناو رۆشنبیرانیش دەیکەنە هەڵاو جەنگی مەغڵوبە: داوا دەکەن وتارخوێنان قەدەغە بکرێن، مەلاکان لغاو بکرێن.
هەروەکو چۆن یەکێک لەو مەلا بەرێزانە جارێک، لە چاوپێکەوتنێکی ئاوێنە دا، ڕاشکاوانە داوای لغاوکردنی ڕۆشنبیرانی کردبوو، چونکە بە لێکدانەوەی ئەو، کە لە رووی زمانەوانییەوە راست دەکات، وشەی عەقل لە زمانی عەرەبیدا بە مانای لغاو یان پەتک دێت. وشەکانی (عەقل) و (عەقال) واتە ئەو عەگالەی عەرەب لە سەری دەنێ یەک رەگ و چاوگیان هەیە. بەم مانایە عەقڵاندن یانی بەستنەوە و لغاو کردن، عاقڵکردن: یانی شەق تێهەڵدان و کوتەک لێدان و پەتککردن..
لێرەدا زەمینەی هاوبەش لە نێوان: ئەو ڕووناکبیرانە و ئەو گوایە وتارخوێنە توندرەوانە دروست دەبێ: لغاوکردنی زمان و بەستنەوەی بیر و باڵاکردنی دەسەڵات. ئەنجامەکەش گومرایی وجەهالەت و دووبەرەکی نانەوەیە.
نەخێر لە قورئان – دا عەقڵ مانای لغاوکردن نییە. عەقل لە گەڵ وشەکانی (تفکر) و (تدبر) بەکارهاتوون: بە مانای بیرکردنەوەی ئینسان لە ئایات – ی خودا و ئەسراری گەردوون و ژیان و تەنانەت بوونی بایۆلۆجی و دەروونیی واتە نەفسی خۆشی و تەدبیرکردنی ژیانی لە رێگای (عەقڵ) ەوە، هاتووە.

( 2 )
کۆژیریی / کۆمنسێنس
گەر ڕۆشنبیران ئاستی سەرەتایی عەقڵ بەکاربێنن کە بە ئینگلیزی پێێ دوترێت: کۆمن-سێنس واتە کۆژیریی، [واتە هەندێ شت ئەوەندە ئاشکراو دیارە کە لە ئاستی سەرەتایی غەریزەیی بەکارهینانی هۆشیارییدا دەتوانین دەرکی پێ بکەین،] لەم ئاستەدا دەبوو ئەوە بزانن کە وتارخوێنێکی بەرێز هەرچی بلێت: ئەو دەسەڵات نییە، حکومەت نییە، یاسا نییە، ئەو دەزگای نییە، حیزبی نییە، عەشیرەتی نییە، لەشکری نییە، ئەمن و ئیستیخباراتی نییە، دەزگای راگەیاندنی نییە، کۆمەڵێ نووسەر و غەزەلنووس و رۆشنبیر و بێرۆکراتی بەکرێگیراوی نییە، ئەو تەنیا قسەی خۆی دەکات و دەبڕێتەوە، قسەش باش یان خراپ، شل یان توند، سەهۆڵیی یان ئاگراویی، لە ناو هەموو کۆمەلگایەکدا دەکرێ
ئەو مزگەوتەش کە تییدا وتار دەدات دەسەڵات بۆی ئامادەکردووە، دەسەڵات وەک وتارخوێن دایمەزراندووە ، سەدی سەد لەوەش یەقینە کە دەسەڵات بەو قسانەی نەک ناخۆشحال نییە رەنگە ئەجندای ئەو بێت، ئەو خەڵکەش کە گوێ دەگرێ، وەک تاک یان کۆ، لە ئاستی غەریزەیی ئاژەلیی دا بن، یان لە بەرزە لوتکەی عەقڵ وهۆشیاریی ئینسانییدا، ئەوە بەرهەمی 22 ساڵەی ئەم دەسەڵاتەیە.

( 3 )
الناس علی دین ملوکهم
هەموو مرۆڤێک بەرهەمی سیستمی خێزان و قوتابخانە و کۆمەل و دەوروبەر و دەسەڵاتەکەیەتی.
بە گشتی لە رووی بیری باوەوە ئەوە راستە کە دەوترێت: الناس علی دین ملوکهم.
واتە خەڵک لەسەر دینی پادشاکانیانن.
لێرەدا دین بە مانای بیرکردنەوە و بەها و رێباز و رەوشت و خوو دێت.
(ئیبن کەثیر) دەربارەی لێکدانەوەی ئەم وتەیە کە هەندێ سەرچاوە بە حەدیسی دادەنین دەنووسێ:
ئەگەر خەمی حاکم ئاوەدانیی بێت، خەلک لە یەکتر دەپرسن: چت دروستکردووە و چیت ئاوەدان کردۆتەوە.
ئەگەر خەمی دەسەڵات ژن و ژنبازی بێت: خەلک لە یەکتر دەپرسن: چەند ژنت هێناوە.
ئەگەر حاکمەکان لۆتی بن لۆتیباز زۆر دەبێ و گەر ئارەقخۆر بن ئارەقخۆر زۆر دەبێت.
گەر ئازا و بەخشندەو بە کەرامەتێش بن خەلک روو دەکەنە ئازایی و بەخشندەیی و کاری چاک.
http://www.ahlalhdeeth.com/vb/showthread.php?t=313377
لە سەر ئەم لێکدانەوەیەی ئین ئەسیر دەتوانین بڵێین:
گەر پیاوانی دەسەڵات دز بوون، دز زۆر دەبن؛
گەندەڵ بوون، گەندەڵ زۆر دەبن؛
داوینپیس بوون، داوێنپیس زۆر دەبن؛
گەر بە دوای پارە و دەوڵەمەندبوونی خێراو حەرام و نارەوا دا وێڵ بوون، خەڵک خولیای پارەپەرستیی و دەولەمەندبوونی خێرای حەرام، ختووکەیان دەدات.
گەر بێگانەپەرست بوون ، زۆڵەکورد و بێگانەخواز زۆر دەبن؛
گەر گەواد بوون، گەواد و دەڵاڵ و لەشفرۆش زۆر دەبن.
گەر ناحەزی شێرکۆکان و بیرمەندان و بێباکیی زمان و کەلتووری نەتەوەیی بوون، ئەو خەلکانە دروست دەبن کە جوێن بە شێرکۆکان بدەن و پشت لە زمان و ئەدەبی نەتەوەیی خۆیان بکەن.
ئەگەر دەسەڵات دەسەڵاتی ئەنفالکردن و مردن چاندن بوو: ئەوە دوپشک و مار دەڕوێنەوە و خەلک دەکوژن، جاددەکان وەک عەزیا خەلک هەڵدەڵووشن، دەرمان سەرەتان دروست دەکات، دەرزی چاو، چاو کوێر دەکا، خواردنی بەسەرچوو دەبێتە هۆکاری بەسەرچوونی ژیان. مردن دەبارێ و دەسەڵات هەموو چەترەکان دەشارێتەوە، کورد لەو دیو سنوور دەمرێت و دەسەڵات بە درۆی دەخاتەوە و دەروازەکان دادەخات و دەستی خیانەت لەگەڵ داگیرکەارن تێکەڵ دەکات.
گەر دەسەڵاتداران ژنکوژ و داوینپیس بن، ژنکوژیی لە تاکە تاکە رووداوەوە دەبێت بە دیاردە، دەبێت بە پەتا، دەبێت بە ئەنفالێکی بەردەوام.

( 4 )
دیارە ئەمە وەک یاسایەکی گشتی دروستە، مارکس هەر ئەو لێکدانەوەی ئیبن-کەثیر بە شێوەیەکی مۆدێرنتر تیۆریزە دەکات: دەزگاکانی دەسەڵات سەرخانی ئایدیۆلۆجی دەسەڵاتن و بەها و بەرژەوەندییەکانی دەسەڵات دەسەپێنن و بیر و باوەڕ و عادەتەکۆمەلایەتییە باوەکان رەنگدانەوە و درێژکراوەی سەرخانی ئایدیۆلۆجیی دەسەڵاتن.
دیارە ئێستا کە دەسەڵات هەموو بوارێکی سەربازیی، ئەمنیی، ئابووریی، میدیایی، پەروەرەدیی و هەموو دەزگا و سەرچاوە و زەویو زار و سامانێکی لە ژێر دەست دایە، هیچ دیاردەیەک بە بەدەر لە دەوری دەسەڵات ناشێ لێکبدرێتەوەو حوکمی بەسەردا بدرێت
لەم رووەوە، هەراو هوریا و کامپەینی رۆشنبیران بەرامبەر مەلایەک، یان مزگەوتێک، یان داوایەک، لە خۆ‌لخەلەتاندن و خەلک گومڕاکردن زیاتر نییە: ئەوە لە مەسەلە کوردییەکە قەباعەتترە کە دەڵێت: بە کەرێ ناوێرێت بە کورتانێ ڕەپەڕەپ
بەڵکو دەبێ بلێین: بەعەزیا ناوێرێت، لقە لە مەلا دەدات
لە لایەکی ترەوە گەر دەزگای لێکۆلینەوەی زانستیی و ئەکادیمیی هەبایە، دەردەکەوت کە زۆر لە وتارانە لە کاتێکی هەستیاردا دەدرێن بۆ دروستکردنی هەرایەکی بۆش و شاردنەوە و لە بیربردنەوەی پرسی زۆر گرنگترو چارەنووسساز تر. پارتی بە تایبەتی لەمەدا پسپۆرە بۆ شاردنەوەی خیانەتەکانی!.
بەکورتی ئەمە گەمەی دەسەڵاتە بۆ مانەوەی دەسەڵات.

( 5 )
کارەساتی مردنی دایەلۆگ
هەزار و سێصەد رۆشنبیر بەرامبەر بە مەلایەک
وا بزانم هەر وتاری لغاوی ئەو مەلا بەرێزە بوو، یان مەسەلەیەکی تر بوو، کامپیەنێکی بەرامبەر کرا ١٣٠٠ نووسەرو ڕووناکبیر و هتد هتد ئیمزای کردبوو
قەڵەمی تیژ و ئاسمانبڕی 1300 رۆشنبیر دژی مینگەمینگی رۆژێکی جومعەی مەلایەک کە لە مووچەخۆرێکی دەسەڵات زیاتر نییە. بەلام بێدەنگبوون بەرامبەر دەسەڵاتەکە خۆی
شتی ئاوا لە چ شوێنێکی ئەم دنیایەداهەیە؟
بۆ نرخاندنی هەرشت و رووداوێک؛ دەبێت: چوار دامێنی سەرەکی لێکبدەینەوە:
1- رەوشی بوونی: واتە چییەتی و چۆنێتی ئەو رووداوە
چییە، چۆنە؟ لە کوێدا روویداوە؟ چۆن سەری هەڵداوە؟ ورد و درشتی ڕەوشی بوونی چۆنە؟
2- هەلومەرجی یارمەتیدەری بوونی
چین ئەو هۆکارە ماددیی و هەلومەرجییە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ کە بوونە هۆی پەیدابوونی؟ کۆنن یان تازە؟ سروشتیی یان دەستکرد؟ میژوویی یان کەلتووریی؟ سیاسیی یان ئایدیۆلۆجی؟
3- ئەو فەزایەی تێیدا روودەدات
4- ئەرکی بوونی بە پێوەندی بە ئامانجەکان و بەرژەوەندییەکان و یاساکانی دەسەڵاتەوە.
بۆچی لەم کاتەدا ئەم رووداوە سەرهەڵدەدا؟ خزمەتی كی دەکات؟ بەرژەوەندی چ گرۆیەک دەپارێزێت؟ ئایا هەڕەشەیە بۆ سیستم یان هۆکارە بۆ مانەوەی ڕەوسی باو؟ هتد
بیگومان چەشنی پرسیارەکان بە پێی سروشت و کات و شوێنی هەر دیاردە و رووداویک دەگۆڕێت.
ئەم چوار میکانیزمەی لیکۆڵینەوە یارمەتیمان دەدەن یەکسەر و غەریزەیی و سۆزبەندیی و ئایدیۆلۆجیی و عەقیدەیی، شتەکان وەرنەگرین . بەلکو ماوەیەک ڕامان بکەین، بەدوای چرا و ئامرازدا بگەڕیین، هەولی تێگەیشتنی پێشینە و پرۆسە بدەین، و لە وابوویی بوونی خۆیدا، شتەکان، لە دیمەنە گەورەکەدا، واتە لە پێوەندییە چڕ و پڕ و دیار و نهێنییەکانی بوون و مانەوە و هەل و هەڕەشەی بەرەدمیاندا ببینین.

( 6 )
ڕووناکبیران و دەسەڵات
ئایا رووناکبیرێک بیرە تاریەکەکەی بەکارهێنا تا دیاردە و رووداوەکە شی کەنەوە؟
ئایا ئاستی هەرەنزمی کۆژێریی – یا نبەکارهێنا تا لێکی دەنەوە. بۆ لەم کات و سات و ئانەدا، هەرای بۆشی ئاوا دەنرێتەوە؟
ئایا هیچ پریسنیپ و بنەمای چەسپاویان هەن لێیەوە دەستی پی بکەن؟
ئایا پرسییان قودسییەتی وشە لە کوێ دایە و ئازادیی بیر و دەربڕین مانای چییە و بۆ چییە؟
لێرەدا بەشێک لەو وتارە رەخنەیی یە، کە دڵنیام نەتانبینیوە، بلاودەکەمەوە کەوەختی خۆی لە مانگی کانوونی دووەمی 2011 دا، لە سایتی ستاندارد دەربارەی ئەو کامپەینە بلاوم کردەوە بە تایبەتی کە زۆر شت دەربارەی پاشخانی هەندێ کێشەی تری رۆشنبیریی و رۆشنبیری کورد لەم کاتەدا، وەک کتێبسووتاندن، روون دەکاتەوە
بەداخەوە لە ئەرشیفی سایتی ستانداردا نەمبینییەوە، بەلام لە ئیمەیلەکەمدا ماوە کە لە 25- 01- 2011 دا بۆ ستاندارد نێردراوە و هەر ئەو کاتەش بە ناونیشانی درود له‌ خۆشه‌ویستی، نه‌فره‌ت له‌ وشه‌ی زڕ و مردوو بلاوبۆوە. هەرچەند درێژە بەلام زۆر شتتتان بیردێنێتەوە لە ولاتی سەیرو سەمەرەو قەزاو قەدەردا
لە بەشی داهاتوودا تەنیا ناوەکەی دەگۆڕم بۆ ” قودسیەتی وشە یان قودسیەتی ژیان”.
ئەم وتارەش یەکەمجار لە 2012 دا ، بلاکراوەتەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت