زکریا تامر​: چیرۆکی دەیەم ڕۆژی پڵنگەکان.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

​وەرگێڕانی: پشکۆ ناکام​


یەکەم ڕۆژ​
پڵنگە دیل کراوەکە زۆر لە دارستانەکان دوور خرابۆوە، بەڵام نەیئەتوانی لە بیریان بکا، بە توڕەییەوە سەیری لە کۆمەڵێک پیاو ئەکرد کە بە بێ ترس چواردەوری قەفەسەکەیان گرتبوو و چاوویشیان پڕ بوو لە گەڕان بە دوای زانیاری زیاتر و یەکێکیان بە دەنگێکی لەسەرخۆی فەرماندار ئاسا قسەی ئەکرد: ​گەر بە راستی ئەتانەوێ ئیشەکەی من فێر بن کە “ماڵی کردنە” نابێ هەرگیز ئەوەتان لەبیر بچێ کە یەکەم ئامانجتان”مەعیدە”ی ڕکابەرەکانتانە،​ بۆ ئەوەی بۆتان دەرکەوێ پیشەیەکی هەم قورس و هەم ئاسانە لە یەک کاتا،​ سەیرێکی ئەم پڵنگە بکەن.
پڵنگێکی دڕندەی لووت بەرزی لەخۆباییە، شانازییەکی زۆر بە ئازادی و هێز و ستەمەکەیەوە ئەکات، بەڵام ئەگۆڕێت و وەک مناڵێکی بچوک ئەبێ بە ڕۆح سووکێکی گوێ ڕایەڵ. سەیرکەن و فێربن لە نێوان ئەوەی خۆراکی هەیە و ئەوەی نیەتی چی ڕوو ئەیات.​
“پیاوەکان ووتیان هەمووان قوتابیەکی دڵسۆزی پیشەی(ماڵی کردن ئەبن)..”​
راهێنەرەکە لە خۆشیا زەردەخەیەک گرتی، ئەنجا ڕووی کردە پڵنگەکە و ووتی: وەزعی میوانە ئازیزەکەمان لە چیایە.!؟ ..​
پڵنگەکە ووتی: كاتی نان خواردنمە، خواردن بێنە. ​
ڕاهێنەرەکە بەسەرسوڕمانێکی دروست کراوەوە ووتی: تۆ دیلی منی و ئەمرم بەسەرا ئەکەیت.! پڵنگێکی هەزەلیت.. ئەبێ درک بەوە بکەیت کە تەنها ​”من” لێرە ئەتوانم فەرمان دەرکەم. ​
پڵنگەکە ووتی: كەس فەرمان بەسەر پڵنگا ناکا.​
ڕاهێنەر ووتی: لە دارستان ئا، بەڵام تۆ ئێستا پڵنگ نیت، کە کەوتویتە قەفەس ئێستا تۆ تەنها کۆیلەیەکی دوای فەرمانەکان ئەکەوی و ئەوە ئەکەیت کە من ئەمەوێ.
پڵنگەکەبە تووڕەییەوە ووتی : نابم بە کۆیلەی کەس! ​
ڕاهێنەرەکە ووتی: لەبەر ئەوەی من خۆراکم هەیە، تۆ ناچار گوێ ڕایەڵیم بکە!​
پڵنگەکە ووتی: خواردنی تۆم ناوێ! ڕاهێنەرەکەش وەڵامی دایەوە: كەواتە با برسیت بێ، زۆرت لێ ناکەم بۆ شتێک کە نەتەوێ.. و ڕووی کردە قوتابیەکانی و ووتی: ئەبینن چۆن ئەگۆڕێت، سەری بەرز مەعیدەیەکی برسی تێر ناکات.​
پڵنگەکە برسی بوو، بەخەفەتەوە ئەو ڕۆژانەی بیر کەوتەوە کە وەک (با)​ بێ هیچ ڕێگرییەک نیچیرەکانی ڕاو ئەنا. ” ​

دووەم ڕۆژ​
ڕاهێنەر و قوتابیاکانی چواردەوەری قەفەسەکەیان گرت….. ڕاهێنەر ووتی:​ برسیت نیە..؟ مسۆگەر لە برسا ئێش و ئازارت هەیە، بڵێ برسیمە تا ئەو گۆشتەی ئەتەوێ دەستت کەوێ.
پڵنگ هیچ وەڵامێکی نەبوو.
ڕاهێنەر​ ووتی: بێ ئەقڵ مەبە و چیت پێ ئەڵێم بیکە، دان بنێ بەوەی برسیتە یەکسەر​ تێرت ئەکەم،
پڵنگەکە ووتی: برسیمە. ڕاهێنەر بە پێکەنینەوە بە قووتابیەکانی ووت: ئەوەتا، کەوتە داوێکەوە لێی دەرباز نابێ” و فەرمانی کرد ​گۆشتێکی زۆر بەن بە پڵنگەکە..​

سێیەم ڕۆژ
ڕاهێنەرەکە بە پڵنگەکەی ووت: گەر ئەتەوێ خواردنی ئەمڕۆت دەست بکەوێ، چیت پێ ئەڵێم وا ئەکەیت، پڵنگەکە ووتی: گوێ ڕایەڵیت ناکەم،​
ڕاهێنەرەکە لە وەڵاما ووتی: پەلەمەکە داواکەم زۆر ئاسانە، تۆ ئێستا لە قەفەسەکەتا ڕاکشاوویت، کە ووتم ڕاوەستە ئەبێ ڕاوەستیت.​
پڵنگەکە لەبەر خۆیەوە ووتی: داوایەکی هیچ و پوچە و ئەوە ناهێنێ کە کەللـەڕەقبم و خۆم برسی بکەم. ڕاهێنەر بەسەر و زمانێکی توڕەوە هاواری کرد: ڕاوەستە، ” پڵنگەکە کەمێک لە شوێنی خۆیەوە ڕاوەستا، تا ڕاهێنەر ووتی: ئافەرم، کاتێ پڵنگ بە شپرزەییەوە کەوتە خواردن، ڕاهێنەرەکە بە قوتابیەکانی ووت: چەن ڕۆژێکی تر ئەبێ بە پڵنگێک لە قاقەز .

چوارەم ڕۆژ​
پڵنگ بە ڕاهێنەرەکەی ووت: برسیمە، داوام لێ بکە ڕاوەستم. ڕاهێنەرەکە بە قوتابیەکانی ووت: ئەوەتا دەستی کردوە بەحەز کردن لە فەرمانەکانم.. و ئەنجا ڕووی کردە پڵنگەکە و پێی ووت: گەر ئەمڕۆ لاسایی پشیلە نەکەیتەوە و نەمیاوێنی خواردن ناخۆی. توڕەییەک لە پڵنگەکە نیشت و لەبەر خۆیەوە ووتی: كات بەسەر بردنە کە لاسایی پشیلە بکەمەوە و دەستی کرد بە میاوین.​
ڕاهێنەرەکە دەم و چاوی یا بە یەکا بەسەر ڕاوەشانەوە ووتی: لاسایی کردنەوەکەت خراپە تۆ قڕەقڕ بە میاوین ئەزانی!؟ پڵنگەکە جارێکی تر لاسایی میاوینی کردەوە، بەڵام ڕاهێنەرەکە بە دەم و چاوێکی غەزەباویی و شێوەزارێکی ئیهانە کردنەوە ووتی: بێ دەنگ بە. بێ دەنگ بە، لاسایی کردنەوەکەت بێ کەڵکە، ئەمڕۆ بەجێت ئەهێڵم کە ڕاهێنان لەسەر میاوینی پشیلە بکەیت و بەیانی تاقیت ئەکەمەوە.. دەرچویت خواردن هەیە دەرنەچویت خواردن نیە.​
ڕاهێنەرەکە بە هەنگاوی لەسەرخۆ لە قەفەسەکە دوورکەوتەوە و قوتابیەکانیش بە چرپەچرپ و پێکنینەوە دوای کەوتن، پڵنگەکەش کەوتە شیڕە شیڕ کردن ڕووەو دارستانەکان، بەڵام کەس گۆێی لەو نەبوو.​

پێنجەم ڕۆژ
ڕاهێنەرەکە بە پڵنگەکەی ووت: دەی، گەر بە سەرکەووتویی لاسایی میاوینی پشیلەت کردەوە یەک پارچەی گەورەی تازەی گۆشت وەرئەگریت.​
پڵنگەکە دەستی کرد بە لاسایی کردنەوەی میاوینی پشیلە، ڕاهێنەر چەپڵەیەکی لێ یا و بە دڵ خۆشییەکەوە ووتی: ئافەرم، تۆ گەورەیت، هەر وەک پشیلەیەک لە (شوبات) ئەمیاوێنی، پارچەیەکی گەورەی گۆشتی​ بۆ فڕێ یا.​

شەشەم ڕۆژ.
لەم ڕۆژەیا، هەر کە ڕاهێنەرەکە لە قەفەسەکە نزیک بۆوە، پڵنگەکە دەستی کرد بە لاسایی کردنەوەی میاوینی پشیلە، بەڵام ڕاهێنەر بە بێ قسە کردن دەم و چاوی یابو بەیەکا، پڵنگەکە ووتی: ئەوەتا لاسایی میاوینی پشیلەم کردەوە، ڕاهێنەرەکە ووتی: لاسایی(زەڕین) ی کەر بکەرەوە، پڵنگ بە نارەزاییەکەوە ووتی: منی، پڵنگ، کە هەرچی ئاژەڵی دارستانە لێم ئەترسێت​ لاسایی کەر بکەمەوە! “بمرم و نەک داواکەت جێ بەجێ بکەم. بێ ئەوەی هیچ بڵێ ڕاهێنەرەکە لە قەفەسەکە دوور کەوەتەوە ​

حەوتەم ڕۆژ​
ڕاهێنەر بە ڕوویەکی کراوەی دەم بەزەردەخەنەوە بەرەو قەفەسەکە ڕۆشت ​بەپڵنگەکەی ووت : خواردنت ناوێ!؟ ئەویش ووتی: با ئەمەوێ. ڕاهێنەرەکە ووتی ” ئەو گۆشتەی ئەیخۆیت باجی هەیە، وەکو کەر بزەڕێنە تا خواردنت​ دەستکەوێ. پڵنگ ویستی دارستانەکانی بێتەوە خەیاڵ بەڵام نەیتوانی، بە​چاوی داخراوەوە کەوتە زەڕین، ڕاهێنەرەکە ووتی: زەڕینەکەت باش نیە، ​بەڵام لەبەر ئەوەی بەزەییم پیاتا یەتەوە پارچەیەک گۆشتت ئەیەمێ.​

هەشتەم ڕۆژ​
ڕاهێنەر بە پڵنگەکەی ووت: سەرەتای خوتبەیەکم دەست پێ ئەکەم، کە تەواو بووم، وەک نیشانەیەکی بە دڵ بوونت چپڵەم بۆ لێ یە، پڵنگەکە ووتی: چەپڵە لێ ئەیەم. ڕاهێنەر دەستی کرد بە خوتبەکەی : هاووڵاتیان،​ پێشتر و لە چەن بۆنەیەکی ترا هەڵوێستی خۆمان لەمەڕ هەموو مەسەلە چارەنووس سازەکانا ڕوون کردۆتەوە، پیلانی لایەنە دوژمنەکان نە ئەم هەڵوێستە نەگۆڕە ئاشکرایەمان و نە بڕوابوونمان بە سەرکەوتن پێ ئەگۆڕێت.. پڵنگەکە ووتی: تێ نەگەیشتم، ووتت چی؟ ڕاهێنەرەکە ووتی: (هەرچییەک ئەڵێم ئەبێ سەرسام بی پێی و چەپڵە لێ بەیت..)
پڵنگەکە​ ووتی : بمبورە، لە دایکمەوە نەخوێنەوارم، و قسەکانت جوان بوون چۆنت ئەوێ وا چەپڵە لێ ئەیەم” و دەستی کرد بە چەپڵە لێ یان.
ڕاهێنەرەکە ووتی: دوو ڕوویی و دووڕووەکانم خۆش ناوێ، لەمڕۆ بەدوا وەک سزایەک​ خواردنت لێ ئەبڕدرێت..​

نۆیەم ڕۆژ​
ڕاهێنەر بە بارێک گژ و گیاوە هات و بۆ پڵنگەکەی فڕێ یا و ووتی: بخۆ…​
پڵنگەکە ووتی: ئەمە چیە!؟ من گۆشت خۆرم، ڕاهێنەرەکە ووتی: ” لەمەو​ دوا هەر گژ و گیا ئەخۆیت. کاتێک پڵنگەکە برسێتی زۆری بۆ هێنا ویستی گژ و گیاکە بخوات، بەڵام بێزی لێ کردەوە و دوورکەوتەوە، بەڵام جارێکی تر گەڕایەوە و ووردە ووردە چێژی لە خواردنەکەی وەرگرت.​

دەیەم ڕۆژ​
ڕاهێنەر و قوتابیەکانی و پڵنگ و قەفەسەکە وون بوون​
پڵنگ بوو بە هاووڵاتی​
و​
قەفەسەکەش بە شار

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت