کاوسین بابەکر: خزمەتگوزاری، کارتی پەڕینەوەی مەسرور بارزانی بۆ دەستەڵاتی بێ ڕکابەر.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەناو هەموو حزبێکدا ململانێ ئاساییە، هەیە زۆر ئاشکرایەو هەشە داپۆشراوە، ململانێیەکی گرانیش لەنێو پارتیدا بەڕێوە دەچێ، ئەوەی پارتی لەکەس شاراوە نییە هەرچەند خۆیان نایخەنەبەر ڕۆشنایی و ناشهێڵن کەمترین زانیاری لەوبارەوە دزە بکات، بەڵکو لەهەڵسوکەوت و بڕیارەکانیان دەربارەی کەس و دام و دەزگاکاندا دەردەکەوێ کەبەردەوام کادیرەکانیان ئاڵ و گۆڕ دەکەن. ئەوەی زیاتریش بۆ ئەم کارانە دەستی ئاوەلا ترە مەسرور بارزانیە. ململانێی ئامۆزاکان دەستەڵاتداری مەسعودو ئیدریسی برای لەگەڵ براکانی تریاندا وەبیر دێنێتەوە (لوقمان، عوبەیدوڵڵا، ساڵح)کە بارزانی باوک پشتیوانی مەسعودو ئیدریس و لەکۆتاییدا ئەوانی تری ناچار کرد تەسلیم بەڕژێمی بەعس ببن، بەمەش بونیان لەمەیدانەکەدا کۆتایی هات و دوبراکە دەستەڵاتیان کەوتەدەست بەڕاستیش توانیان بەپشودرێژیەوە ڕیبازی باوکیان بەرنەدەن. هەرچەند ئیدریس بارزانی براگەورەبوو، بەڵام دەستەڵاتی مەسعود بارزانیش لەو کەمتر نەبوو لەکۆنگرەی 9 شدا، کە ساڵی 1979 بەسترادوای تێکشکانی شۆڕشی ئەیلول بەزۆربەی دەنگی کۆنگرەکە هەڵبژێرا بەسەرۆکی پارتی، تالەکۆتاییدا بەمردنی ئیدریس لە 31- 1- 1987دەستەڵاتی ڕەهای پارتی کەوتە دەست. مەسرور بارزانی دەستەڵاتەکانی خۆی بەتەواوی بەڕێکخستنەکاندا شۆڕکردۆتەوە بەتایبەت لقەکان و لێپراساوی لقەکان، لەهەڵبژاردنی ئەم دواییەی پەرلەمانی کوردستانیش زۆربەی هەرەزۆری 45 کورسیەکەی پڕکردۆتەوە. با ئەوەشمان لەبیر نەچێ مەسرور بارزانی بەحوکمی لێپرسراوی دەزگای ئاسایش و زانیاری توانیویەتی زانیاری وورد لەسەر کەسو دام و دەزگاکان و کارکردنی ناحەزانی کۆکاتەوەو لەکاتی خۆیداسنوریان بۆدابنێ.
ئێستا کەکاندیدکراوە بۆ سەرۆکی حکومەت وای بۆدەچم حکومەتی ڕابردو تێپەڕێنێ بەچەندین هۆکار؛ ناوبراو مادام چاوی لەدەستەڵاتی یەکەمی حزبەکەیەتی و دەیەوێ جێگەی باوکی بگرێتەوە هەروەک لەسەفەرەکەی ئەم دواییەی مەسعود بارزانی بۆ بەغدا مەسروری هێنا بەر ڕوناکایی و بەناڕاستەوخۆ بە پارت و کوتلە عەرەبی و کوردیەکانی گوت ئەوە جێگرەوەی منە! بۆیە هەوڵی جدی دەبێ بدات بۆ ئەوەی حوکمڕانی ئەو جیاوازبێ لەئامۆزاکەی دەبێ ئەم کارانە بکات:
1- ستافێکی بەهێز و دەستپاک و شارەزا دیاری بکات بۆ حکومەتەکەی و دەستەڵاتی تەوایان پێبدات بێ جیاوازی.
2- هەوڵی جدی بدات بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندی بەغدا- هەولیرو هەموو ئەو مافە دەستوریانە، لەبودجە، یاسای نەوت و گاز، مافەکانی پێشمەرگە، مادەی 140، کێشەی نەوت.
3- کۆتایی هێنان بەم پاشاگەردانیەی حکومەت و بەسیستەمکردنی دام و دەزگاکان.
4- ڕێکخستنەوەی وەزاڕەتی سامانە سروشتیەکان و دروستکردنی کۆمپانیای بەبازاڕکردن و فرۆشتن و دانانی سندوقی دراوی نەوت.
5- موچە ئاسایی بێتەوەو موچەی خوراویش بەپێی میکانیزمێکی گونجاو بگێڕدرێتەوە بۆ موچەخۆران.
6- هێزی پێشمەرگە ڕێکبخرێتەوەو پۆشتەو پەرداخ بکرێن و موچەکانیان زیادو چاکبکرێ.
7- پەرلەمان و دەزگا چاودێریەکان کارا بکاتەوەو دەستەڵاتیان پێ بدات و ڕێگریەکانی بەردەمیان هەڵبگرێ.
8- هەموو ئەو گەندەڵ و تاوانبارانەی تائێستا مێش میوانیان نییە بداتە دادگا.
9- دانانی پلانی ئاوەدانکردنەوەی کەمخایەن و درێژخایەن.
هەموو ئەم کارانەش نەک هەر وەک کەسێکی خزمەتگوزارو پیاوی دەوڵەتی دەناسێنێ، بەڵکو دەبنە کارتی پەڕینەوەشی بۆدەستەڵاتداری بێ ڕکابەری پارتی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت