شێرزاد شێخانى: راى كاك نه‌وشيروان له‌سه‌ر چوونه‌ ناو حكومه‌ته‌وه‌.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

له‌سه‌روبه‌ندى دامه‌زراندنى كابينه‌ى حه‌وته‌مى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان دواى هه‌ڵبژاردنه‌كانى ئۆكتۆبه‌رى ساڵى‌ 2013، به‌مه‌به‌ستى سه‌لامكردن سه‌ردانى كاك نه‌وشيروان مسته‌فام كرد له‌گرده‌كه‌. كاتێك سكرتێره‌كه‌ى خه‌به‌رى منى پێگه‌ياند گوتى بابێته‌ ژووره‌وه‌. كه‌ سه‌رمكرد به‌ژووه‌ره‌ بينيم به‌شێك له‌سه‌ركرده‌كانى گۆڕان له‌گه‌ڵى دانيشتون ديار بو باسى مه‌سه‌له‌ى هه‌ڵوێستى گۆڕانيان ئه‌كرد له‌سه‌ر به‌شداريكردن يان نه‌كردن له‌حكومه‌تى هه‌رێمدا.
كاك نه‌وه‌ كه‌ بينيمى يه‌كسه‌ر وتى: باشبو هاتى، وه‌ره‌ دانيشه‌ بابزانم راى تۆ چييه‌ له‌سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌ى گفتوگۆى له‌باره‌وه‌ ئه‌كه‌ين. تۆ وه‌كو رۆشنبيرێك پێت باشه‌ ئێمه‌ى گۆڕان بچينه‌ ناو حكومه‌ته‌وه‌ يان نا “؟.
به‌ به‌رچاوى ئه‌و هاوڕێيانه‌ى له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ دانيشتبون كه‌ به‌شێكيان ئێستاش له‌سه‌ركردايه‌تى گۆڕاندان، ئه‌گه‌ر پێويست بكات ناويشيان ئه‌هێنم، پێموت: كاك نه‌وه‌ ئێوه‌ وه‌كو بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا 24 كورسى په‌رله‌مانتان هێناوه‌. ئه‌گه‌ر به‌شدارى حكومه‌ت بكه‌ن ئه‌وپه‌ڕى چوار يان پێنج وه‌زاره‌تتان به‌ر ئه‌كه‌وێ. ئه‌و به‌رنامه‌يه‌ى له‌هه‌ڵبژاردنه‌كاندا خستوتانه‌ته‌ روو و جه‌ماوه‌ره‌كه‌تان ده‌نگى پێداوه‌ به‌م ژماره‌ى وه‌زاره‌تانه‌وه‌ پێتان جێبه‌جێ ناكرێ. دواى ئه‌وه‌ش سه‌رۆكى حكومه‌ت له‌پارتييه‌، ته‌سه‌ور مه‌كه‌ هاوكارى وه‌زيره‌كانتان بێت بۆ ئه‌وه‌ى له‌كاره‌كانى وه‌زاره‌ته‌كانيان سه‌ركه‌وتوبن و ئه‌م ده‌سكه‌وته‌ بدات به‌ وه‌زيره‌كانتان. به‌ڵكو به‌پێچه‌وانه‌وه‌ كێشه‌يان بۆ دروست ئه‌كات تاكو شكست بێنن و دواتر بڵين فه‌رمو ئه‌وه‌ش وه‌زيره‌كانى گۆڕان هيچيان پێنه‌كرا. بۆيه‌ به‌شداريتان به‌چوار پێنج وه‌زاره‌ته‌وه‌ هيچ له‌وه‌زعه‌كه‌ ناگۆڕێ. ئێوه‌ پێشتر له‌ناو په‌رله‌مان ئۆپۆسزيۆنێكى كارا بوون و گۆڕانكاريه‌كى زۆر گه‌وره‌تان هێنايه‌ ئارا‌وه‌ به‌و رۆڵه‌ى په‌رله‌مانتاره‌كانتان گێڕايان له‌ناو په‌رله‌ماندا، هه‌ستمان به‌ ئه‌كيتيفبونى هێزى ئۆپۆسزيۆن كرد وكاريگه‌رى به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدا، بۆيه‌ مانه‌وه‌تان وه‌كو هێزێكى كاريگه‌رى ئۆپۆسزيۆن بۆ ته‌واوكردنى په‌يامه‌كه‌تان زۆر باشتره‌ له‌وه‌ى بچنه‌ ناو حكومه‌تێكه‌وه‌ كه‌ هيچ ده‌سه‌ڵاتێكتان به‌سه‌ريه‌وه‌ نابێت. بۆيه‌ پێمباشه‌ سه‌رۆكايه‌تى په‌رله‌مان وه‌ربگرن و له‌وێوه‌ كارى خۆتان بكه‌ن بۆ فشار خستنه‌ سه‌ر ده‌ىسه‌ڵات، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى په‌رله‌مان ده‌سه‌ڵاتى ياسادانانيشى هه‌يه‌ به‌مه‌ش رێگرى له‌وه‌ ده‌كه‌ن حكومه‌ت هه‌مو شتێك به‌ كه‌يفى خۆى بكات. جيا له‌وه‌ش ئه‌توانن به‌كارى په‌رله‌مانى چاودێرى كاره‌كانى حكومه‌تيش بكه‌ن بێ ئه‌وه‌ى هيچ كه‌سێك بتوانێ فشارتان بخاته‌سه‌ر .كۆتاييشم به‌وه‌ هێناو وتم: ئێوه‌ ده‌مێكه‌ باس له‌گه‌نده‌ڵى ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ى كوردستان ئه‌كه‌ن، چوونتان بۆ ناو حكومه‌تێكى گه‌نده‌ڵ ئێوه‌ش تۆمه‌تبار ئه‌كات به‌گه‌نده‌ڵى، بۆيه‌ با وێنه‌كه‌تان ناشرين نه‌بێت له‌ناو حكومه‌تێك كه‌ ناتوانن به‌ چه‌ند وه‌زارتيك گۆڕانكارى تێدا بكه‌ن ، باشتره‌ سه‌رۆكايه‌تى په‌رله‌مان وه‌ربگرن، تا ئه‌و كاته‌ى جه‌ماوه‌ر پشتيوانيتان ئه‌كات و به‌رێژه‌ى زياترى كورسيه‌كانى په‌رله‌مان له‌داهاودا ده‌توانن حكومه‌ت بگرنه ‌ده‌ست.
كاك نه‌وشيروان دواى ئه‌م قسانه‌ى من رووى له‌سه‌ركرده‌كانى به‌شداربوو كردو وتى: منيش له‌گه‌ڵ‌ ئه‌و رايه‌ى كاك شێرزادم “. به‌ڵام دواتر بۆم ده‌ركه‌وت كه‌وا فشارى زۆرى سه‌ركرده‌كانو به‌شێك له‌كاديرانى گۆڕان واى له‌كاك نه‌وشيروان كرد وه‌كو هه‌ندێ سه‌ركرده‌ى تر، كاسه‌ ژه‌هره‌كه‌ بخواو به‌شدارى له‌حكومه‌ت بكات. هه‌ڵبه‌ت ئه‌وانه‌ى فشارى زۆريان بۆ هێنا مه‌به‌ستيان بوو به‌شێك له‌كێكى‌ ده‌سه‌ڵات بخۆن، نه‌يانئه‌زانى كێكه‌كه‌‌ش ژه‌هراوييه‌ وه‌كو دواتر بۆمان ده‌ركه‌وت به‌ ده‌ركردنى وه‌زيره‌كانو ته‌نانه‌ت سه‌رۆكى په‌رله‌ما‌نه‌كه‌شيان.
بۆ مێژوو ئه‌يڵێمه‌وه‌، هيچكات هه‌ستم نه‌كردوه‌ به‌درێژايى هاوڕێيه‌تى تايبه‌تيم له‌گه‌ڵ كاك نه‌وه‌دا، چاوى‌ له‌ پله‌و پۆستى ده‌سه‌ڵات بێت، ئه‌و به‌سروشتى شۆڕشگێڕانه‌ى خۆيه‌وه‌ هه‌ميشه‌ خۆى له‌ نادادى ده‌سه‌ڵات دوور گرتوه‌و هه‌ميشه‌ چاوى له‌خزمه‌تى خه‌ڵكه‌ به‌شمه‌ينه‌ته‌كه‌ى كوردستان بوه‌.
ئێواره‌يه‌كيان خۆم و خۆى له‌ماڵه‌كه‌يدا دانيشتبوين. ره‌خنه‌ى ئه‌وه‌م لێگرت كه‌وا زۆر توونده‌ به‌رامبه‌ر به ‌ده‌سه‌ڵات و پێويسته‌ هه‌موو په‌نجه‌ره‌كان به‌سه‌ر خۆيدا دانه‌خات بۆ ئه‌وه‌ى بتوانێ په‌يامه‌كه‌ى بباته‌ سه‌ر. له‌وه‌ڵامدا قسه‌يه‌كى كرد كه ‌تا رۆژى مردن له‌بيرى ناكه‌م له‌گه‌وره‌يى ئه‌م زاته‌، وتى: من خۆم قه‌رزاربارى ئه‌و ماڵه‌ جوتيارانه‌ ئه‌زانم كه‌ له‌سه‌رده‌مى شۆڕشدا نانێكى گه‌رميان له‌به‌رده‌م ئێمه‌ى پێشمه‌رگه‌دا دائه‌ناو، پێخه‌فى گه‌رمى خۆيان به‌سه‌ر ئێمه‌دا ئه‌دا. من قه‌رزارى ئه‌و لادێيانه‌م كه‌ له‌سه‌ر رێگه‌ى مه‌فره‌زكانى پێشمه‌رگه‌دا نانو خورمايان له‌ژێر داره‌كاندا ئه‌شارده‌وه. قه‌رزارى خانه‌واده‌ى ئه‌و ره‌فيقانه‌م كه ‌له‌پێشمه‌رگايه‌تيدا له‌ناو سه‌نگه‌ر به‌ته‌نيشتمه‌وه‌ شه‌هيد ئه‌بون. قه‌رزارى ئه‌و پێشمه‌رگانه‌م كه‌ له‌خه‌باتى شاخدا ده‌ست و قاچيان له‌ده‌ستداوه‌، بۆيه‌ ناتوانم بێده‌سه‌ڵات بوه‌ستم له‌ئاست ئه‌و هه‌مو قوربانيانه‌و موجامه‌له‌ى ده‌سه‌ڵات بكه‌م”.
ئه‌وانه‌ى ئێستا له‌ناو بزوتنه‌وه‌ى گۆڕاندا ئه‌يانه‌وێ بچنه‌ ناو حكومه‌تى داهاتووى هه‌رێمه‌وه‌ به‌بێ گوێدانه‌ ئه‌و سزا قوڕسه‌ى جه‌ماوه‌ره‌كه‌يان له‌هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ى ئه‌مدواييه‌دا، هه‌مان ئه‌و ده‌موچاوانه‌ن كه‌ به‌شێكيانم له‌و كۆبونه‌وه‌يه‌دا بينى كه‌ پێنج ساڵ له‌مه‌وبه‌ر هه‌مان هه‌وڵيان ئه‌دا بۆ بڕينى به‌شێكى زۆر بچووك له‌ كێكى ده‌سه‌ڵات!.