کاوسێن بابەکر: یەکێتی بەئۆپزسیۆن بوون تاقی مەکەنەوە.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

پێکهێنانی حکومەتی نوێ دەبو خاڵی کۆکەرەوەی لایەنەکان بێ و، ببێتە هۆکارێکی سەرەکی بۆ یەکڕیزی کورد لەبەغداو کەرکوکیش. بەڵام بەداخەوە واپێدەچێ پارتی هێشتا ڕقی لەدەستدانی پۆستی سەرۆک کۆماری بەرنەدابێ و، بەوەرگرتنی دوو وەزاڕەت و ڕێگری لەوەرگرتنی وەزاڕەتێک بۆیەکێتی، هێشتا بەس نەبووبن. هەر ئەو ڕقەشە کە دەستی راکانی لەکەرکوک واڵاکردووەو وەک حکومەتێکی سەربەخۆ مامەڵە دەکاو پێشێلی سەرجەم بڕیارو مادەکانی دەستور دەکات و سەر لەنوێ تەعریب دوبارە دەکاتەوە. ناشزانرێ بڕیارەکانی سەرۆکی کۆمار دکتۆر بەرهەم بەڕاگرتنی سەرجەم بڕیارەکانی تاچەند ڕاکان پابەند دەکات و دۆخەکە بۆ پێش 16ی ئۆکتۆبەر دەگێڕێتەوە.
پارتی تاسەر ناتوانێ داواکەی یەکێتی بۆ بەشداری ڕاستەقینە پشتگوێ بخات، بەشداری ڕاستەقینەش بەپۆست ناپێورێ، بەڵکو بەبەشداری بەکردەوە دەبێ لەسەرجەم بڕیارو چالاکیە گرنگ و ستراتیژەکان لەئاستی هەریم و ناوچەکەو جیهان. چونکە یەکێتی بژاردەی تری لەبەردەستە و، هەرگیز سڵی لێناکاتەوە کە بژاردەی ئۆپزسیۆن بوونە. ئەگەر پێتان وابێ ئۆپزسیۆن بوون بۆ یەکیتی زۆر قورسەو ڕەنگە بژاردەی ئەو نەبێ بەهەڵەداچوون و لەو دۆخەدا تەنها تەمەنی حکومەتی ئایندە پڕ لەقەیران دەکەن و کورت دەکەنەوە!
ئەم بژاردەیەی یەکێتی بۆ پارتی زۆر قورس دەکەوێ و، تا ئەو ڕادەیەی حوکمڕانی ئەم حکومەتە نوێیە لەسنوری ناوچەی سەوز کارێکی نەکردەنی دەبێ ئەگەر یەکێتی دەستی نەگرێ و هاوکاری نەکات و، بەڵکو ئۆپزسیۆنیش بێ! بۆیە بۆ پارتی واباشترە یەکێتی نەگەیەنێتە ئەم بژاردەیە! چونکە ناوچە جێنفوسەکان بەئۆپزسیۆن بوون دۆخەکەیان دەگۆڕدرێ و، ئیدارەدانیش بۆ حکومەت لەم دۆخەدا گەلێک قورس دەبێ. بۆ یەکێتیش ڕاستە ئاسان نییە لەناوچەی نفوسی خۆی جەماوەری خۆی هێزو ئیداراتی خۆی ببێ بە ئۆپزسیۆن! بەڵام هێشتا ئەم بژاردەیە باشترو سەربەرزانەترە لەبەشداربوونێکی لاوازانە لەحکومەتەکەی پارتیدا، چونکە هیچ نەبێ لەئۆپزسیۆن بووندا ڕووسوری بەردەم کادیرو جەماوەرو دەنگدەرانی خۆی دەبێ و، لەرووی دی هەڵبژاردنی داهاتوو بچێتەوە بەردەمیان.
ئۆپزسیۆن بوونی یەکێتی کاریگەری لەسەر بەشداری و ئۆپزسیۆن بوونی گۆڕانیش دەبێ چونکە ئەگەر یەکێتی ببێتە ئۆپزسیۆن گۆڕان کە لەناوچەی سەوزدا لەگەڵ یەکێتی نفوسی هەیە زۆر قورس و نەکردەنی دەبێ ببێتە حوکمڕان، بۆیە پێدەچێ گۆڕانیش ئەگەر بە ناچاریش بێ ببێتەوە ئۆپزسیۆن چونکە حوکمڕانی لەناوچەی سەوز بەبێ یەکێتی ئەگەر مەحاڵیش نەبێ زۆر قورس دەبێ.