سامانـی وەستا بەکر: تویتێک بە تامـی بۆمب.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەگەڵ تویتەکەی سەرۆکـی ویلایەتە یەکگتـرووەکانـی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ ئاشکـرا بوو، گـڕ لە خەرمانـی کورد بەربوو لەچەندین سەرچاوەو مێدیای جیاوازەو لێکدانەوەی جیاوازی بۆ کرا تا ئاستـی هێرش کردنە سەر ئەو وڵاتە سەرۆکەکەی و دابەزاندنـی لە دۆستەوە بۆ دوژمن و خائن!
ئـایـا ئەمریکا خائنە یان کورد بە هەڵە پشتـی پـێ بەستووە؟
لە دنیای سیاسەتا دوژمن و دۆست تا سەر نیە ئەکرێ دوژمـنـی ئەمڕۆ دۆسـتـی سبەی بـێ و پێچەوانەکەشـی ڕاستە، بەڵام شتێک هەیە پـێـی ئەوترێ بەرژەوەندی ستراتیـژی کە ئەکرێ بۆ چەندین دەیە بەردەوامـێ هەبـێ کە کورد هەندێ جار لە یەکەمیانا سەرکەوتوو بووە، بەڵام هەرگـیز بە درێژای مێـژوو لە دووەمیانا سەرکەوتوو نەبووە.
کورد توانیویەتـی لە قۆناغێکا دۆسـتـی ئەمریکابـێ ئەگەرچـی خوێنێکـی زۆریش بەرامبەر ئەو دۆستایەتییە لەجەستەی ڕژابـێ، بەڵام لەپای ئەو هەموو قوربانـی گوێڕایەڵـییە تا ئاستـی خۆ چەمانەوە نەیتوانیووە بەرژەوەندی ستراتیـژی لەگەڵ ئەمریکا گرێبدا.
ئەوانەی گلەیـی لە ئەمریکا ئەکەن بە مەنتقـی خێزان بیـرەکەنەوە کە هەمیشە خێـزان ئەبـێ یەکگرتوو هاوسۆزبـێ کە ئەمە لە سیاسەتا بوونـی نیە بەڵکو لەبری گلەیـی گرنگە بەدوای ئەو کۆدانەیا بگەڕێـی، کە درگا بەڕووی گرێدانـی بەرژەوەندی ستراتیژیدا لەگەڵ ئەمریکا یان هەر هێزێکـی تردا ئەکاتەوە کە لەو ڕێگەیەوە بتوانـی کارێک بکەی بەشێک لە بەرژەوەندییەکانـی ئەو هێزانە بە بەردەوامـی بەدرێژەپێدانـی دۆستایەتـی کردنتدا هەڵبواسـرێ.
گومانـی تیانیە سەرۆکـی ئێستای ئەمریکا کۆی تەمەنـی پیاوێکـی بازرگان بووە ئێستاش بۆ زۆربەی پرسە گرنگە جیهانییەکان و لە ناویشیانا پرسـی جەنگ بەزمانـی ژمارە قسەئەکات کە هەمیشە بۆ هەر پرسێک باس لە تێچوون و دەستکەوتەکانـی ئەکات، ئەوەی ئەم سەرۆکەی زۆر سەرقاڵ کردووە ئەو بەڵێنانەیە کە بۆ چاککردنـی باری ئابوریە لاوازەکەی ئەو وڵاتە بە بەراورد بە پێشـووتر یاویەتـی بە خەڵک کە باشکردن و تۆکمەکردنـی ئابوری ئەو وڵاتە کلیل و گرەنتـی هەڵبـژاردنەوەیەتـی بۆ خولێکـی دیکەی سەرۆکایەتـی وڵاتەکەی.
ئەو وڵاتە لە کاتێکا گەورەترین زل هێـزی جیهانـی بوو کە وەک ئیمبراتۆری گۆی زەمین خۆی ناساندبوو بەهۆی ئابوریە بەهێزەکەیەوە، بەڵام ئێستا چەندین قەرزی جۆراو جۆر بەردرگای پێگرتوەو لەماوەی سالانـی رابردووا چەند جارێک ڕووبەڕووی کورتهێنانـی بودجە بۆتەوە هەر ئەوەش وای کردووە کە ئەم سەرۆکە نوێیە چاو بە چەندین ڕێکەوتن مۆرکراوی جیهانیا بخشێنێتەوە کە خودی ئەمریکا کۆڵەکەی ڕاگرتنـی بووە بۆ نمونە “ڕێکەوتنـی دابەزاندنـی پلەی گەرمـی جیهان کە بەشێوەیەکـێ بەرچاو ساڵانە بەرزئەبێتەوە، ڕێکەوتنـی بازرگانـی بێ سنور و دانانـی باج لەسەر هەناردەی زۆرترین وڵاتانـی جیهان بۆ ئەو وڵاتە، چاوخشانەوە بەو بڕە پارەیەی ساڵانە ئەمریکا تەرخانـی ئەکات بۆ ناتۆ و… هتد”
لە دواترین تویتـی سەرۆکـی ولاتە یەکگرتووەکانـی ئەمریکادا نوسیوویەتـی “ئێمه‌ پۆلیسی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست نین تا ژیانی به‌نرخمان له‌پێناویدا ببه‌خشین، “ئاخۆ ئه‌مریكا بێ ئه‌وه‌ی هیچی ده‌ستبكه‌وێت ده‌یه‌وێت ببێته‌ پۆلیسی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست؟ كه‌ ژیانی به‌نرخی خۆی ببه‌خشێ ‌و چه‌ندین ملیار دۆلار به‌خه‌رجكردن بدات، كه‌چی ئه‌وانی تر كه‌ ژیانیان ده‌پارێزین پێی نازانن، ئێستاش كاتی ئه‌وه‌یه‌ ئه‌وانی دیكه‌ شه‌ڕ بكه‌ن”، ئەمە دووبارە جەخت کردنەوەی ئەو سەرۆکەیە لەسەر دەست گرتنەوەو تێچووی جەنگ کە ئەو پێـی وایە هەر وڵاتێک پێویستـی بە هاوکاری ئەوانبـێ ئەبـێ هاوکاری تێچووی جەنگیان لەگەڵدا بکات.
لێرەوە ئەگەینە ئەو دەرەنجامەی کە دوور نیە ئەمریکا بە بەشداری کردنـی لە شەڕی سوریادا بڕی تێچووی زیاتر بووبێ لە دەستکەوت و کوردیش نەیتوانیووە هیچ بەرژەوەندییەکـی ستراتیژی ئەمریکا گرێبدات بە خۆیەوە و لەبەرامبەریشدا ئەو وڵاتە ناتوانـێ دوستبەرداری یەکێک لە گەورەترین دۆستە دێرینەکانـی بێت کە ساڵانێکە زۆرترین بەرژەوەندی ستراتیژی ئەو دوو وڵاتەی پێکەوە گرێیاوە، هەربۆیە ئەکرێ کشانەوەی ئەمریکا کشانەوەیەکـی کاتـی و تەکتیکـی بێت تا ئەو کاتەی تورکیا ئامانجەکانـی خۆی لە ڕۆژئاوای کوردستان ئەپێکـێ و پاشان ئەمریکیەکان بگەڕێنەوە شوێنـی خۆیان. بەو شێوەیە ئەمریکا دوو دەستکەوتـی ئەبێت:
یەکەم/ دڵـی دۆستە دێرینەکەی ڕازی ئەکا و بەرژەوەندییەکانـی خۆی لەگەڵ تورکیایا ئەپارێزێ کە خاکـی ئەو وڵاتە ناوچەیەکـی ستراتیژی گرنگرە بۆی هەروەک چۆن ڕێگە ئەگرێت تورکیا ببـێ بە دۆستـی ڕوسیا کە ئەمەیان گەورەترین هەڕەشەیە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانـی ئەمریکا لەو ناوچەیە.
دووەم/ بەو کشانەوە تاکتیکیە پەستانێک ئەخاتە سەر ئەو وڵاتانەی کە بەرژەوەندییەکانیان گرێدراوی ئەمریکایەو لەژێر چەتری ئەواندا پارێزراون لە هەڕەشەی ئێـران، تورکیا و ڕوسیا کە گیـرفانیان زیاتر بکەنەوە بۆ تێچووی ئەو شەڕەی کە چەند ساڵێکە لە سوریا بەردەوامـی هەیە تێچووەکەی پشـکـی شێـری بەر ئەمریکا کەوتووە.
سوپایەک کە لە 177 وڵاتا بە زیاتر لە 300 هەزار سەرباز بوونـی هەبـێ و بە شێـرپەنجە ناوببرێت کە بچێتە هەر شوێنێک هەرگێـز پاشەکشەی لێناکات ئاسان نیە هەر وا بەئاسانـی دەستبەرداری ئەو ناوچەیە بێت، کە بۆتە چەقـی ململانێـی نێوان ئەمریکا و دووژمنە مێـژووی و دێرینەکەیان ڕوسیا کە ئەگەر بەرژەوەندییەکـی ئابوری و ستـراتیـژی گەورەتـر لە پشت ئەم کشانەوە کت و پرەوە نەبێت کە بەندە پێم وایە کاتـی و تەکتیکیە کە ئەبوو کورد حسابـی بۆ ئەم ئەگەرە بکردایەو لەبری ئەم ڕاچڵەکانە زەمین لەرزێنە بۆ کورد تەنها وەک هەواڵێکـی بێزارکەر وەرگیرایە.
لە ئێستایا کاریگەرترین وەڵامـی هەنووکەی هێـزە کوردیەکان وە بەتایبەت هەسەدە بۆ ئەمریکا بەجێهێشتنـی بەرەکانـی شەڕی داعشە بۆ هێـزەکانـی ئەمریکا تا ئەو وڵاتە پێداچوونەوە بۆ ئەو کشانەوە کت و پڕە بۆ کورد و داڕێژراوە پێش وەختە لە بەرژەوەندی تورکیادا بکات وە هێـزە کوردییەکان بە تایبەتـی هێـزەکانـی سوریای دیموکرات لە هەوڵـی توندوتۆڵکردنـی سنورەکانیانبن بەڕووی داگیـرکارییە چاوەڕوانکراوەکەی تورکیادا.
ئەوەی کە ئەمێنێتەوە ئەوەیە کە کورد ڕووبەڕووی شەڕێکـی نەخوازراو ئەبێتەوە کە گرنگە زۆر بە وریای مامەڵەی لەگەڵ بکات چونکە دوور نیە تورکیا تەنها شەڕی سنورەکان بکات هەر کە گەشتە ئامانجەکەی خۆی کە پشتێنەیەکـی ئەمنیـیە بە قوڵای 40 کیلۆمەتر و درێژای کۆی سنوری ئەو وڵاتە بە هێـزە کوردیەکانەوە ئیـتر لەوەودوا ئەو شەڕە بە ئەنەکەسە و پارتە دژەکانـی پەکەکە یان پەیەدە بسپێرێ، بەڵام ئەوەی گرنگە کورد خۆی لە شەڕی کورد دژ بە کورد بپارێزێ چونکە سۆزی جیهانـی بۆ مەسەلەی کورد کەم ئەکاتەوە دوورنیە دواتر تورکیا لەبری داگیرکەر بکات بە فریاد ڕەس.
گرنگە کوردانـی هەر چورا پارچە لەوە دڵنیابن کە چیتـر کەیسـی کورد نە لە ڕۆژئاوا و نە لە باشور ناچێتەوە چوارگۆشەی یەکەم و دۆزی کورد چەندین قۆناغی سەختـی تێپەڕانووە و تاکـی کورد وورە لە تواناکانـی خۆی وەرگرێت و لە ئەگەری هەر ڕوداوێکدا خۆی ڕادەستـی هەرەس نەکات.
گرنگە ئەم ڕووداوانەی توزخورماتوو، کەرکوک، عەفرین و ئەوەشـی کە لە منبج و بەشێکـی خاکـی ڕۆژئاوی کوردستانا ڕووئەیەن ببێتە هۆکارێک کە چیتـر کورد لەبری گەڕان بەدوای دۆستێک و پارێزەرێک لە چنگـی داگیرکەرانـی کوردستان بەدوای بەرژەوەندیەکـی ستراتیـژی، ئابوری یان جیۆپۆلیتیکـی بەهێزدا بگەڕێن کە زلهێزەکان ناچاربکات لەبری دۆستایەتیەکـی کاتـی دڵبەستێکـی هەمیشەیت لەگەڵدا بکەن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت